به‌رهه‌م ساڵح : نابێت هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ هه‌ره‌شه‌ بۆ ئێران

"نابێت ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ببێته‌ هۆی ئاڵوزیی زیاتر له‌ نێوان لایه‌نه‌كاندا"

به‌رهه‌م ساڵح : نابێت هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ هه‌ره‌شه‌ بۆ ئێران

1056 خوێندراوەتەوە

وه‌رگێرانی له‌ فارسیه‌وه‌: دانا ساڵح

له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی كۆماری ئیسلامی ئێران (ئیرنا) به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌یی ده‌ڵێت سنوره‌كانی ئێران له‌گه‌ڵ عێراق پێویسته‌ ئاسایشی تێدا به‌رقه‌رار بێت و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان و عێراقه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو دراوسێكان به‌ تایبه‌ت ئێران ئه‌منیه‌تی سنوره‌كانی پارێزراو بێت، هه‌روه‌ها وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی داوه‌ته‌وه‌ ده‌رباره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی ئاینده‌ی عێراق و هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق


ئیرنا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، به‌رهه‌م ساڵح دوای جیابوونه‌وه‌ی له‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، حزبێكی سیاسیی به‌ ناوی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ریی راگه‌یاند و یه‌كه‌مین ئه‌زموونی سیاسیی خۆشی له‌ هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری په‌رله‌مانی عێراق بوو، كه‌ له‌ كۆی 329 كورسی په‌رله‌مان 2 كورسی به‌ده‌ستهێنا.

 

" ئاسایشی ناوچه‌كه‌ هاوبه‌شه‌"

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێك وه‌ك په‌یامنێره‌كه‌ی ئیرنا ده‌ڵێت ده‌رباره‌ی ئه‌و هێرش و هه‌ره‌شانه‌ی له‌مدواییه‌دا له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دژی ئێران ئه‌نجام دراون، به‌رهه‌م ساڵح ده‌ڵێت ئێمه‌ دژی ئه‌و كارانه‌ بووین و دڵنیام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ هاوكاری به‌غداد بۆ رێگرتن له‌م جۆره‌ كرده‌وانه‌ دژی ئاسایش و سه‌قامگیریی هه‌نگاوی پێویست ده‌گرێته‌به‌ر.

،،

به‌رهه‌م ساڵح:  ئێمه‌ دژی ئه‌و كارانه‌ بووین و دڵنیام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ هاوكاری به‌غداد بۆ رێگرتن له‌م جۆره‌ كرده‌وانه‌ دژی ئاسایش و سه‌قامگیریی هه‌نگاوی پێویست ده‌گرێته‌به‌ر.


به‌رهه‌م ساڵح جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌ ئه‌م "كرده‌وه‌ تیرۆریستیانه‌" ته‌نها ئاسایشی دراوسێكان ناخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ به‌ڵكو ئاسایشی عێراق له‌وانه‌ش هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، چونكه‌ ئاسایشی ناوچه‌كه‌ یه‌ك ئاسایشی هاوبه‌شه‌ و ده‌بێت هه‌مووان پێكه‌وه‌ رێگری بكه‌ن له‌م جۆره‌ كرده‌وانه‌ دژی ئاسایش و ئۆقره‌یی چونكه‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌و دراوسێكانمانه‌.


 ریفۆرم له‌ حكومه‌تی هه‌رێم

به‌رهه‌م ساڵح باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌ ئامانج له‌ دروستكردنی حزبه‌كه‌ی بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازیی بنه‌ره‌تییه‌ له‌ ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ش لایه‌نێكی كه‌ تازه‌ خۆمان راگه‌یاندووه‌ و به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ش كاتێكی زۆر ده‌خایه‌نێت.

 

ERD
چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح له‌گه‌ڵ ئیرنا


ده‌شڵێت: یه‌كێك له‌ كێشه‌ بنه‌ره‌تیه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان نه‌بوونی شه‌فافیه‌ت و نه‌زاهه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌، ئه‌م هۆیه‌ش وایكردووه‌ خه‌ڵكی به‌ دیموكراسی و ئاڵوگۆری ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات باوه‌ریان نه‌مێنێ و به‌شداریی كه‌می خه‌ڵكیش له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی عێراق باشتری به‌ڵگه‌یه‌.


به‌رهه‌م ساڵح ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، بارودۆخی كوردستان له‌ رووی خۆشگوزه‌رانیی و ئاسایشه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی راسته‌وخۆی هه‌یه‌ به‌ ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی به‌غداد و باشوری عێراق و پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش راسته‌، بۆیه‌ ده‌بێت درك بكه‌ین ئه‌گه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك پرۆژه‌ی نیشتیمانی له‌گه‌ڵ یه‌كتر كارنه‌كه‌ین به‌دیهێنانی خواستی عێراقییه‌كان زۆر قورس و سه‌خت ده‌بێت.

،،

به‌رهه‌م ساڵح: یه‌كێك له‌ كێشه‌ بنه‌ره‌تیه‌كانی هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمی كوردستان نه‌بوونی شه‌فافیه‌ت و نه‌زاهه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌، ئه‌م هۆیه‌ش وایكردووه‌ خه‌ڵكی به‌ دیموكراسی و ئاڵوگۆری ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات باوه‌ریان نه‌مێنێ و به‌شداریی كه‌می خه‌ڵكیش له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی عێراق باشتری به‌ڵگه‌یه‌.

 


رۆڵی مه‌رجه‌عیه‌تی نه‌جه‌ف 

ده‌رباره‌ی رۆڵی مه‌رجه‌عیه‌تی ئاینیی نه‌جه‌ف، به‌رهه‌م ساڵح وتویه‌تی: مه‌رجه‌عیه‌تی نه‌جه‌ف له‌ مێژووی عێراقدا ناوه‌ندی لێبورده‌یی و میانره‌ویی بووه‌ بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ له‌ نێوان خه‌ڵكی عێراق.


ده‌شڵێن: خه‌ڵكی كوردستان رێزێكی تایبه‌تیان بۆ پێگه‌ی مه‌رجه‌عیه‌ت هه‌یه‌ چونكه‌ له‌ ساته‌وه‌خته‌ ناخۆشه‌كانی مێژووی كوردستان، مه‌رجه‌عیه‌تی نه‌جه‌ف به‌رگریی له‌ مافه‌كانی خه‌ڵكی كورد كردووه‌.


قه‌یرانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد

ده‌رباره‌ی قه‌یرانه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد، به‌رهه‌م ساڵح رایگه‌یاندووه‌، دوای ئه‌و هه‌موو ناكۆكیانه‌ پێویسته‌ ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ببێته‌ كۆڵه‌كه‌ی بنه‌ره‌تی حكومه‌تی نوێی عێراق، ئه‌م قه‌یرانانه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتنی مافی هاوڵاتیان و رێزگرتنی ده‌ستور چاره‌سه‌ر و یه‌كلا بكرێته‌وه‌.


په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غداشی به‌وه‌ وه‌سف كردووه‌ كه‌ به‌ره‌و باشبوون ده‌چێت و به‌رژه‌وه‌ندی كوردستان له‌وه‌دایه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ به‌غداد هه‌بێت له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عێراق.

 

DFX
به‌رهه‌م ساڵح له‌ كاتی ده‌نگداندا ـ 12.5.2018

 


هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كورستان
به‌رهه‌م ساڵح ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ به‌ بروای ئه‌وان ده‌بێت هه‌ڵبژاردنێكی پاكوبێگه‌رد به‌رێوه‌بچێت و كات و زه‌مینه‌سازیی گونجاوی بۆ بكرێت تاوه‌كو خه‌ڵكی كوردستان به‌شداری تێدا بكه‌ن و باوه‌ر به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ده‌نگه‌كانی ئه‌وان پارێزراوه‌ و رێزی لێ ده‌گیرێت.

،،

به‌رهه‌م ساڵح: نابێت رێگه‌ بدرێت ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ببێته‌ مایه‌ی ئاڵوزیی و گرژیی زیاتر له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كاندا.


به‌رهه‌م ساڵح وتویه‌تی نابێت رێگه‌ بدرێت ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ببێته‌ مایه‌ی ئاڵوزیی و گرژیی زیاتر له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كاندا.

 


پۆستی سه‌رۆك كۆمار پێویستی به‌ ته‌وافوقه‌

سه‌باره‌ت به‌ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراقیش كه‌ سێ خوله‌ به‌ ده‌ست یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه‌یه‌ و ناوهێنانی ئه‌و وه‌ك یه‌كێك له‌ كاندیده‌كان بۆ ئه‌و پۆسته‌ له‌ لایه‌ن هه‌ندێك له‌ میدیاكانه‌وه‌، به‌رهه‌م ساڵح وتویه‌تی سه‌رۆك كۆماری داهاتووی عێراق پێویستی به‌ ته‌وافوقی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و ده‌نگی ناو په‌رله‌مانه‌.

 

ده‌ستور مه‌رجه‌عی چاره‌سه‌ری ناكۆكیه‌كانه‌

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ریی جه‌ختی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ درێژه‌كێشانی قه‌یرانه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر بارودۆخی سیاسیی عێراق و كوردستان و ناوچه‌كه‌ ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌بێت كه‌سانی خه‌مخۆر هه‌وڵ بده‌ن تاوه‌كو ئه‌م ناكۆكیانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عێراق چاره‌سه‌ر بكه‌ن.