قادر عەزیز نیگەرانە و مانگێکە لە یەکێتی دوورکەوتوەتەوە

لابردنی لە بەرپرسی مەکتەبی راگەیاندن قادر عەزیزى نیگەران کردووە

 قادر عەزیز نیگەرانە و مانگێکە لە یەکێتی دوورکەوتوەتەوە

3061 خوێندراوەتەوە

قادر عەزیز ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە حزبەکەی نیگەران و ماوەی مانگێکە لەماڵەوە دانیشتووەو بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نەکردووە.

 

 بەپێی زانیارییەکانی دیپلۆماتیک مەگەزین، قادر عەزیز ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە حزبەکەی نیگەرانە و لەئێستادا لەماڵەوە دانیشتووە، جگە لەوەش بریاری داوە تا ماوەیەک ئەرکەکانی خۆی لەناو حزبدا بەجێبهێڵێت.

 دیپلۆماتیک مەگەزین ئەوەی زانیووە کە قادر عەزیز بۆ دوورکەوتنەوە لە کاروباری حزب، ماوەی سێ هەفتە لە بولگاریا بووە تا پشوو بدات و لەجەنجاڵی کاروباری حزب و کێشە و ململانێکان دووربکەوێتەوە.

 سەعدی ئەحمەد پیڕە وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەدیپلۆماتیک مەگەزینی وت: "راستە کاک قادر لەبولگاریا بووە، بەڵام ئاگادار نیم کە نیگەران بێت، لەو ماوەیەشدا بەشداری یەک کۆبوونەوەی کردووە".

 

ER
مەراسیمی یەکگرتنی حزبی ئایندە و یەکێتی ـ سلێمانی ـ  ٢٠١٦

 

 قادر عەزیز، لە پێشوودا سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بووە، لە ساڵی ۲۰۰۹ زۆرینەی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی دووریانخستەوە، بۆیە دواتر حزبێکی نوێی پێکهێنا بە ناوی حزبی ئایندەی کوردستان.

،،

سەعدی ئەحمەد پیڕە وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ دیپلۆماتیک مەگەزین: راستە کاک قادر لەبولگاریا بووە، بەڵام ئاگادار نیم کە نیگەران بێت، لەو ماوەیەشدا بەشداری یەک کۆبوونەوەی کردووە.

 

 بەهۆی ئەوەی ئەم حزبە نەیتوانی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان خۆی بسەلمێنێت، بەناچاری خۆیدایە پاڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

لەئێستادا کێشەو ناکۆکی لە نێو یەکێتیدا بەردەوامی هەیە، ئەمەش کاریگەری لەسەر پێگەو پۆستی قادر عەزیز دروستکردووە، هەربۆیە ناوبراو بریاریداوە تا کاتێکی نادیار دووربکەوێتەوە.

 

DFCD
قادر عەزیز و مام جەلال

  دیپلۆماتیک مەگەزین، پەیوەندی پێوەکرد و لە وەڵامدا قادر عەزیز وتی: "لە ئێستادا نامەوێت هیچ شتێک لەوبارەوە بڵێم و قسەم نییە بۆ ئەو بابەتە".

قادر عەزیز دوای ئەوەی خۆی و حزبی ئایندە هاتنە ناو یەکێتی، خۆی وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسیی دانرا و دواتر کرایە بەرپرسی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیش.

،،

رۆژی ٢٥ی تەموزی ٢٠١٨ قادر عەزیز لە پۆستی بەرپرسی مەکتەبی راگەیاندن دوورخرایەوە و رەهبەر سەید ئیبراهیم ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی کۆیە لە جێگەی دانرا.

 

GG
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێـتی ـ سلێمانی ـ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧

 

رۆژی ٢٥ی تەموزی ٢٠١٨ قادر عەزیز لە پۆستی بەرپرسی مەکتەبی راگەیاندن دوورخرایەوە و ، رەهبەر سەید ئیبراهیم ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی کۆیە لە جێگەی دانرا، بورهان سەعید سۆفیش وەک بەرپرسی مەڵبەندی کۆیە دیاریکرا بەپێی زانیارییەکانی دیپلۆماتیک ئەو ئاڵوگۆر لەسەر داوای کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی بووە.

کێشەو ناکۆکییەکانی یەکێتی، جگە لەوەی قادر عەزیزی نیگەران کردووە، دۆخێکی جیاوازی لەناو ئەو حزبەدا دروستکردووە، ئەویش ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەو دوورکەوتنەوەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتییە لەیەکتری.

فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە دیپلۆماتیک مەگەزینی وت: "هیچ ئاگایەکم لەقادر عەزیز نییە، نازانم چییەتی و بەتەمای چییە، لە دورونزیکەوە هیچی لەبارەوە نازانم".

 

author photo

ڕۆژنامەنووس