كورد له‌ كوێی "گه‌وره‌ترین لیست" دایه‌

كورد له‌ كوێی "گه‌وره‌ترین لیست" دایه‌

713 خوێندراوەتەوە

ئێواره‌ی پێش عه‌ره‌فه‌ پارتى و یەکێتى و لیستە سوننەکان "المحور الوطني"، بەئەنقەست نه‌چوون به‌ده‌م بانگه‌وازی درەوستكردنی گەورەترین لیست لەناو پەرلەمانى عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌در، عه‌بادی، حه‌كیم، عه‌لاوی له‌ ئوتێل بابلی پایته‌خت. ئه‌وانیش بەناچارى پلانه‌كه‌یان گۆڕی و سه‌ره‌تایه‌كیان راگەیاند بەهیواى ئەوەى لەم رۆژانەدا بتوانن ته‌واوی بكه‌ن.

 
هەندێ زانیاری باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، برێت مەکگۆرک گوشاری زۆری كردوه‌و فڕۆکەیەکى تایبەتى دابین کردبوو بۆ سەرکردە سوننەکان كه‌ میوانی بارزانی بوون تا بچنەوە بەغداو لەو راگەیەنراوەدا بەشداربن، بەڵام به‌ قسه‌ی سه‌رچاوه‌ شیعییه‌كان بوونی ڤیتۆیه‌ك لەسەر بەشداریکردنى خەمیس خەنجەر، پاڵى ناوە بەسوننەکانەوە کە پێکەوە هەموو بایکۆتى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بكه‌ن. هه‌ندێ سه‌رچاوه‌یتر باسی كاریگەریی قەتەر ده‌كه‌ن له‌ پەشیمان کردنەوەى سوننەکان، ئه‌مه‌ش رێگه‌ی تێده‌جێت چونكه‌ زۆربەى لایەنە سوننەکان بەتایبەت ئەوانەى لەچوارچێوەى میحوەرى نیشتمانیدا کۆبوونەتەوە بەجۆرێک لەجۆرەکان لەسەر بەرەى قەتەر _ تورکیا ئەژمارن.


سەبارەت بەپارتى و یەکێتى ئەلحەیاتی چاپی له‌نده‌ن و هه‌ندێك سه‌رچاوه‌یتر ئەوەىان خستۆتەڕوو کە لەژێر کاریگەریی گفته‌كانی قاسم سولێمانی و به‌ره‌ی مالیكیدا ناچن به‌ده‌م به‌ره‌كه‌ی سه‌در و عه‌بادییه‌وه‌ كه‌ نه‌وه‌ی نوێ نزیكه‌ لێوه‌ی، بەتایبەت پاش ئەوەى قاسم سلێمانی له‌م رۆژانه‌دا لەنەجەفەوە بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ڕوویکردۆته‌ هەولێر، له‌م میانه‌یه‌شدا باسی كه‌ركوك هه‌یه‌.

'

،،

هەندێ زانیاری باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، برێت مەکگۆرک گوشاری زۆری كردوه‌و فڕۆکەیەکى تایبەتى دابین کردبوو بۆ سەرکردە سوننەکان كه‌ میوانی بارزانی بوون تا بچنەوە بەغداو لەو راگەیەنراوەدا بەشداربن،

  


هه‌رچه‌نده‌ چاران زیاتر یه‌كێتی تۆمه‌تبار ده‌كرا به‌ شوێنکەوتنى پلانه‌كانی سوپاى پاسدارانى ئێران، بەڵام لەپاش ڕیفراندۆمى 25 ئەیلولى پاره‌وه‌، جۆرێك له‌ بێ باكی و ساردی لای پارتییه‌وه‌ هه‌یه‌ سه‌باره‌ت پرۆژه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، به‌رانبه‌ر به‌مه‌ش ده‌رگاكانی به‌ ڕووی ئێراندا ئاسایی كردۆته‌وه‌، ته‌نانه‌ت زانیارییه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن خودى بارزانى خۆى هاتۆته‌ سه‌ر خه‌ت بۆ رێگەدان بەنیشتنەوەى فڕۆکەى قاسم سلێمانى لەهەولێر، پاش ئەوەى دەسەڵاتى فڕۆکەوانى عێراقى بەفەرمانى عەبادى مۆڵەتى پێنەداوە بەهۆى داڕمانی پەیوەندییەکانى نێوانیان له‌ ئێستادا.


ئه‌م نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی و ئێران كه‌ له‌پرسه‌نامه‌ شه‌خسییه‌كه‌ی بارزانییه‌وه‌ بۆ سلێمانی ده‌ستی پێكرد و له‌ ده‌ربڕینی بێهیواییدا له‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ لافیته‌كانی ناو بازاڕی هه‌ولێر زیاتر ڕه‌نگی دایه‌وه‌ و له‌ سه‌ردانه‌ تایبه‌ته‌كانی به‌رپرسانی ئێران بۆ ماڵ ئه‌دهه‌م بارزانی زیاتر قووڵ بوویه‌وه‌، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ توڕه‌یی و بێزاری هه‌ردوولا له‌ عه‌بادی. ئه‌گه‌ر ئێران له‌به‌ر پابه‌ندیی به‌ گه‌مارۆی ئه‌مه‌ریكا به‌ عه‌بادی رازیی نه‌بێت، ئه‌وه‌ پارتی له‌به‌ر یه‌ك كۆمه‌ڵ هۆكار له‌ عه‌بادی قه‌ڵسه‌ كه‌ گرنگترینیان به‌كارهێنانی هاوكاری و پاڵپشتی هه‌ولێر بوو بۆ گرتنه‌وه‌ی موسڵ له‌لایه‌ن ناوبراوه‌وه‌و دواتر یه‌كسانكردنی له‌گه‌ڵ تیرۆر و مه‌ترسی داعش ته‌نها به‌هۆی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌وه‌.


هەرچەندە پارتى ئەم ڤیتۆیەى خۆى لەسەر عەبادى به‌ فه‌ڕمی ئاشکرا ناکات و هه‌میشه‌ ده‌لێت ڤیتۆی له‌سه‌ر هیچ پاڵێوراوێك نییه‌، بەڵام سەرکردەکانى ئەو حیزبە هیچ دەرفەتێک لەکیس نادەن بۆ دژایەتیکردنی ناواخنی هەوڵەکانى دووبارە دانانەوەى عه‌بادی بەسەرۆک وەزیران و جارجاریش به‌ شه‌خسی ئاشكرای ده‌كه‌ن (تویته‌كانی زێباری به‌ نمونه‌). لەبەر ئەوەى ناوبراویش پاڵپشتییەکى ئەمەریکى بێسنورى هەیە، گومانى زۆر هەیە وەک جاران هیچ لایه‌نێكی كوردی بتوانێت ڤیتۆی ئاشكرای له‌سه‌ری هه‌بێت، وه‌ك چۆن له‌سه‌ر جه‌عفه‌ری و مالیكی ده‌كراو ئاكامیشی هه‌بوو.

،،


هەرچەندە پارتى ئەم ڤیتۆیەى خۆى لەسەر عەبادى به‌ فه‌ڕمی ئاشکرا ناکات و هه‌میشه‌ ده‌لێت ڤیتۆی له‌سه‌ر هیچ پاڵێوراوێك نییه‌، بەڵام سەرکردەکانى ئەو حیزبە هیچ دەرفەتێک لەکیس نادەن بۆ دژایەتیکردنی ناواخنی هەوڵەکانى دووبارە دانانەوەى عه‌بادی بەسەرۆک وەزیران

 
بۆ ده‌رچوون له‌م كه‌ین و به‌ینه‌ ئێرانی و ئه‌مه‌ریكییه‌ش، بارزانی پێشنیازی كردوه‌ بۆ سوننه‌كان كه‌ پارتی و یه‌كێتی و ئه‌وان كه‌ 100 كورسییان هه‌یه‌، چاوه‌رێی مشتومڕی ناو به‌ره‌ی شیعه‌ بكه‌ن و له‌ گه‌مه‌ی زۆركردنی ژماره‌ی هیچ لایه‌كیاندا به‌شدار نه‌بن ، هه‌ركات ئه‌وان كه‌وتن به‌ لایه‌كدا ئه‌وجا ئه‌مان مه‌رجی خۆیان ته‌رح بكه‌ن بۆ هاوبه‌شی و شه‌راكه‌ت، به‌ڵام ڕوون نییه‌ سوننه‌كان و كورد تا كه‌ی ده‌توانن به‌رگه‌ی گوشاری ئه‌مه‌ریكییه‌كان بگرن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ مه‌ترسی ئینشیقاقی سوننی كه‌ حاڵه‌تێكی نۆرماڵه‌ بۆ ئه‌م پێكهاته‌یه‌.

 

author photo

نوسەر و ڕۆژنامەنوس