دیپلۆماتیك، ووردەكاری گیانلەدەستدانی چوار گەنجەكەی مەریوان ئاشكرا دەكات

ئایا رووداوێكی رێكەوت بووە یان پلان بۆدانراو ؟

دیپلۆماتیك، ووردەكاری گیانلەدەستدانی چوار گەنجەكەی مەریوان ئاشكرا دەكات

936 خوێندراوەتەوە

 گیانلەدەستدانی چوار گەنجە ژینگە پارێزەكەی مەریوان، كە لەرووداوێكی گوماناویدا سووتان و گیانیان لەدەستدا، بووەتە هۆی توڕەیی هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی كوردستان و گومان لەوە دەكەن دەسەڵات لەپشتی رووداوەكەوە بێت، ئەوان بە درووشمی "هێزی پەت و سێدارە..تاوانبارە لەم شارە" تەرمەكانیان بەرەو گۆرستان بەرێكرد.

 

ئاگرەكە چۆن كەوتەوە.؟
بە وتەی هاوڵاتیانی شاری مەریوان، زۆربەی كات دارستان و پوش و پەڵاشی ناوچەكانی نزیك شارەكە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە ئاگریان تێ بەردەدرێت كە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە دارو درەخت و لەناوچوونی گیانلەبەرانی ناوچەكە.

ئەو كێوەی ئاگرەكەی لێ كەوتەوە

 

،،

هاوڵاتیانی مەریوان هەروەك چۆن گومانیان هەیە لە كەوتنەوەی ئاگرەكان لە ناوچەكەیان، گومانیشیان هەیە لە سوتان و گیان لە دەستدانی ژینگەپارێزەكان و پێیانوایە ئەو چوار گەنجە نەسوتاون بەڵكو لەرێگەی تەقەمەنی یاخود بۆردومانەوە كوژراون.

 

هەر ئەم هۆكاری زۆری ئاگركەوتنەوەیە رەنگە پاڵنەرێكی سەرەكی بووبێت كە ئەنجوومەنێك بەناوی ((ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان)) پێكهێنرابێت تاكو بەرگری بكەن لە ژینگەی ناوچەكە، و ئەم گەنجانەش ببنە ئەندام تیایدا.


كۆتا ئاگر كە لە رۆژی شەممە (25/8/2018) لە سنوری نێوان مەریوان و پێنجوێن كەوتەوە، تەنها نەبووە هۆی سوتانی دارودرەخت لە ناوچەكەدا بەڵكو سوتان و شەهیدبوونی چوار لاوی كوردی ژینگە پارێزی بەدوای خۆیدا هێنا،دواتر گومان لە رووداوەكە وایكرد هەزاران كەس برژێتە سەر شەقەمەكانی مەریوان.

 

هاوڵاتیانی مەریوان گومان لەچی دەكەن؟


هاوڵاتیانی مەریوان هەروەك چۆن گومانیان هەیە لە كەوتنەوەی ئاگرەكان لە ناوچەكەیان، گومانیشیان هەیە لە سوتان و گیان لە دەستدانی ژینگەپارێزەكان و پێیانوایە ئەو چوار گەنجە نەسوتاون بەڵكو لەرێگەی تەقەمەنی یاخود بۆردومانەوە كوژراون.

 

سیناریۆكان زۆرن كە لەنێو بازارو كوچە و كۆڵانەكانی شاردا رووداوەكەی پێ دەخوێننەوە، حەسرەت هەڵدەكێشن بۆ چوار گەنجی شارەكەیان كە خەمخۆری ژینگە بوون بەتایبەت ناوی شەریف باجور پێش ناوەكانی دیكە دێت بە هۆی ئەو چالاكیە مەدەنیانەی كە لە ماوەی رابردوودا ئەنجامی داون.

شەریف باجوور، لەكاتی كوژانەوەی یەكێكی دیكە لە ئاگرەكان

 

 

،،

لەگەڵ هەڵگیرسانی ئاگرەكە، تەقەمەنی دانراوە وەك تەڵەیەك بۆ ئەم گەنجانە بەتایبەت شەریف باجور تاكو لەكاتی رۆیشتنیان بۆ شوێنەكە بتەقێتەوە پیایانداو گیان لەدەست بدەن.

 

 

سیناریۆكان چین ؟


شەریف باجوەر، ئۆمید كۆنەپۆشی، محەمەد پەژوهی و ڕەحمەت حەكیمی‌نیا، ئەو چوار گەنجەن لە رووداوەكەدا گیانیان لەدەستدا، بەڵام گیانلەدەستدانەكەیان گوماناوی بوو بۆیە ئەم سیناریۆیانەی خوارەوە بووەتە ویردی سەر زمانی هاونیشتمانیانی مەریوان، ئەوانیش:

 

یەكەم: دەسەڵاتدارانی ناوچەكە بۆردومانی چیاكەیان كردووە تاكو ئاگرێكی بەهێز بكەوێتەوە و ئەو گەنجانەش بە سەرپەرشتی شەریف باجور بۆ كوژانەوەی ئاگرەكە بچنە شوێنەكە و بسوتێن، چونكە هەموو ئاگرێك كە كەوتۆتەوە ئەم گەنجانە خۆیان گەیاندووەتە شوێنەكە بە مەبەستی پاراستنی ژینگە.

دووەم: لەگەڵ هەڵگیرسانی ئاگرەكە، تەقەمەنی دانراوە وەك تەڵەیەك بۆ ئەم گەنجانە بەتایبەت شەریف باجور تاكو لەكاتی رۆیشتنیان بۆ شوێنەكە بتەقێتەوە پیایانداو گیان لەدەست بدەن.

سێیەم: دوای ئەوە ئاگرەكە هەڵگیرساوە ئەم گەنجانەش بەرەو ئاگرەكە رۆشتوون، لەوێ بۆردومانكرابن و كوژرابن.

 

بەڵگەی هاوڵاتیان و هاورێكانی شەریف باجور چییە.؟

هاورێكانی شەریف باجور بەڵگە بۆ سیناریۆكانیان دەهێننەوە بەوەی شەریف باجور هاورێكانی چەندین جار لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هەرەشەیان لێكراوە و دەست بەسەر كراون و داوایان لێكراوە چالاكی مەدەنی نەكەن بەڵام ئەمان هەر بەردەوام بوون.

،،

دەسەڵات پێی وابووە شەریف باجوور و هاورێكانی لە ژێر پەردەی ژینگەدۆستیدا كاری سیاسیان كردووە.

 

 

 

 باس لەوەش دەكەن كە هاورێكانیان بەتایبەت شەریف باجور زۆر جێگەی ئامانجی هێزە ئەمنییەكان بووە چونكە كەسێكی چالاك و دیار بووە، بۆیە كاتێك باجور لە چالاكییەكی مەدەنیشدا بەرێ دەكەوێـت بۆ سەلاسی باوەجان تا نارازیبوونی خۆی دەربرێت بۆ ئەو چەند بێچوە سەگەی كە ئازاردراون و كوژراون، هێزە ئەمنییەكان لەرێگەدا رێی لێ دەگرن و هەرەشەی لێ دەكەن.

 

ئاماژە بەوەش دەكرێت، دەسەڵات پێی وابووە شەریف باجور و هاورێكانی لە ژێر پەردەی ژینگەدۆستیدا كاری سیاسیان كردووە.
شەریف باجور ساڵی 1971 لە مەریوان لەدایك بووە و خاوەنی هاوسەرە بەڵام منداڵی نییە، لای خەڵكی كەسایەتییەكی خۆشەویست و دیار بووە.

ساتی بەرێكردنی تەرمی شەریف باجوورو هاورێكانی لە مەریوان

 

 

،،

تەنانەت لەكاتی بەرێكردنی تەرمەكان بۆ گۆرستان توندوتیژی كەوتە نێوان هاوڵاتیانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەكان، چونكە دروشمی بەرێكەرانی شەریف باجوور هاورێكانی زۆر توند بوو.

 

 

هەزاران كەس بۆ هاتنە سەرشەقام ؟

رۆژێ دوای رووداوەكە شەقامەكانی مەریوان خرۆشان، كە تەنها هاوڵاتیانی مەریوانی نەبوون هاتنە سەر شەقام بۆ بەرێكردنی تەرمی هاورێكانیان بەڵكو لە شارەكانی سنەو سەقزو بۆكان و كرماشان و سەلاسی باوەجان و چەند شوێنێكی دیكەشەوە خۆیان گەیاندبوویە تەرمەكان و بەدەنگی بەرز هاواریان دەكرد و دروشمی "شەهید نامرێ" و"كێوەكان بێ تۆ هەتیون" شاری داپۆشی بوو.

 

تەنانەت لەكاتی بەرێكردنی تەرمەكان بۆ گۆرستان توندوتیژی كەوتە نێوان هاوڵاتیانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەكان، چونكە دروشمی بەرێكەرانی شەریف باجوور هاورێكانی زۆر توند بوو.

هاورێكانی شەریف باجور لە ئەنجوومەنی چیای سەوزی مەریوان هاوشان لەگەڵ رێپێوانەكەی شار، لە بەیاننامەیەكی توندا نیگەرانی خۆیان دەربری و گوتیان:
"تاریكپەرەستان و دوژمنانی ژینگە و ئاوەدانی هیچ ڕێگایەك نەماوە نەیگرنە بەر بۆ كاولكاری و خاپوركردنی ئەم نیشتمانە و بنەڕەتەكانی مرۆڤایەتییان كردوەتە ئامانج، بێ ئاگا لەوەی كە سروشتی ژیانەوەی ئەم دەڤەرە پڕاوپڕە لە سەرهەڵدانی قەقنەس ئاسا و لە هەمان ساتدا كە خەیاڵی خاویان نایگاتێ لە خۆڵەمێش گڕمان سەر هەڵدەداتەوە و كەڵەسوارانێكی تری وەك "شەریف" و "ئومێد" بەدی دێنێتەوە، نازانن ئێرە لانكەی قارەمانان و كەڵەسوارانە، مەكۆی هەڵقوڵینی هزر و هەڵوێستی شێرانەیە، ئەوان قەد بە خەیاڵیشیان نایەت كە تەرمی بەجێماوی ئەو دوو فەرماندەیەی بەرگری لە ژینگە تا چەندە گڕكانی دڵی ئاشقانی ژینگە و ژیان ئەبووژێتەوە و ڕووناكی ئەداتە ڕێگای پڕ لە شەرەفی ڕەوتی ماندوویی ‌نەناسانەی خێڵی بەرگران. خۆڵەمێشی بەجێماویان ئەبێت بە سورمەی چاوی گلایەك و شەقەی هزریان باڵ ئەكێشێت بەسەر هەموو چەمكەكانی گەشەدا".

 

شەریف باجوورو هاورێكانی لەیەك لە چالاكییەكانیاندا

 

 
گیان لەدەستدانی ئەم چوار گەنجەی بەم شێوەی باسمانكرد، بەرای هەندێ لە هاوڵاتیان و دۆستانیان پێ دەچێت ببێتە سەرەتایەكی تورە و نیگەرانییەكی زۆر، لە زۆرێك لە شارو شارۆچكەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان