جانتاكەی سكرتێری پەرلەمان، پرۆژەی دواخستنی هەڵبژاردنی تێدایە ؟

دواخستنی هەڵبژاردن، گرێكوێرەیەكی دیكەیە یەخەی پەرلەمان دەگرێت

جانتاكەی سكرتێری پەرلەمان، پرۆژەی دواخستنی هەڵبژاردنی تێدایە ؟

1793 خوێندراوەتەوە

 

 ترسی زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان لە هەڵوەرینی دەنگەكانیان لە سەرەتای ئەم وەرزی پایزەدا و بەشدارینەكردنی هاوڵاتیان لە پرۆسەی دەنگدان، تا دێـت حەزی دواخستنی هەڵبژاردن لە لایان زیاد دەكات و پێدەچێت ئەم بابەتەش وەك ریفراندۆم ببێتە گرێكوێرەیەكی دیكەی نێوان لایەنەكان و دواتریش ناو هۆڵی پەرلەمان و بەئاسانی نەكرێتەوە. ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیش دەڵێت:" كاتەكە زۆر درەنگە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و دەبێت لایەنەكان رێك بكەون".

 

سەبارەت بەم بابەتە بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی سەركردایەتی یەكێـتی نیشتمانی بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین دەدوێت و پێی وایە لایەنەكان ناتوانن بە ئاسانی رێك بكەون بۆ دواخستنی هەڵبژاردن چونكە هیچ لایەنێك ناتوانێ ئەمە بۆ رایگشتی ئاشكرا بكات.

 

 

 
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە كۆبوونەوەی لایەنەكان لەمەڕ دواخستنی هەڵبژاردن ئەوە ناشارێتەوە كە ئەم پرسە بابەتێكی جدییە و كۆبوونەوەیان بۆ كردووە، دەشڵێـت: " لایەنەكان كۆبوونەتەوە و قسەی جدیان كردووە لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردن و هیچ لایەنێك نییە دژی ئەمە بوەستێتەوە".
دەشڵێت: "بابەتی دواخستنی هەڵبژاردن دەبێت لە پەرلەمانی كوردستانەوە گفتوگۆی لەسەر بكرێت و لایەنەكان لەرێگەی پرۆژە یاسایەكەوە داوای دواخستنی هەڵبژاردن بكەن".

،،

 ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی دان بەوەدا نانێت كە یەكێتی پرۆژەی هەبێت، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە كە پێ دەچێت پرۆژەیەك لەنێوان لایەنەكاندا هەبێت بۆ ئەم بابەتە بەڵام هیچ لایەنێك نایەوێ ئەمە ئاشكرا بكات.

 

 

"یەكێتی دژی دواخستن نییە"

ئەو ئەندامەی یەكێـتی سەبارەت بە رای حزبەكەی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە ئەوە ئاشكرا دەكات كە یەكێتی دژی پرۆژەیەك ناوەستێتەوە كە بێتە پەرلەمان و داوای دواخستنی هەڵبژاردن بكات.
سەبارەت بە بوونی پرۆژەیەك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی دان بەوەدا نانێت كە یەكێتی پرۆژەی هەبێت، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە كە پێ دەچێت پرۆژەیەك لەنێوان لایەنەكاندا هەبێت بۆ ئەم بابەتە بەڵام هیچ لایەنێك نایەوێ ئەمە ئاشكرا بكات.

 

 

كاتەكە درەنگە.!


بێگەرد تاڵەبانی پێی وایە كاتەكە زۆر درەنگە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن چونكە چەند رۆژێكی كەم ماوە بۆ ئەوەی بچنە نێو بانگەشەی هەڵبژاردن، بۆیە ئەو پێ باشە ئەگەر لایەنەكان دەیانەوێت هەڵبژاردن دوا بكەوێت با بەخێرای كاری بۆ بكرێت و بە چەند رۆژێك لە پەرلەمان بابەتەكە یەكلای بكرێتەوە.

 

ئەو ترسەی بێگەر تاڵەبانی، پێدەچێت لەوەوە بێت كە وەك بابەتی سەرۆكایەتی هەرێم ببێتە گرێكوێرەیەك بۆ پەرلەمانی كوردستان، كە قسەو باسی زۆری لەبارەوە كراو رێكەوتنی سیاسی بۆ ئەنجام نەدرا لە دەرەوەی پەرلەمان و سەرئەنجامیش بووە هۆی پەكخستنی كاری پەرلەمان بۆماوەی نزیكەی دوو ساڵ.

 

،،

 جانتاكەی من تەنها پێداویستییەكانی خۆمی تێدایە و پرۆژەی لەو شێوەیە لای من نییە، بەڵام دەكرێت پرۆژەیەك بدرێت بە من وەك سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.

 

 

جانتاكەی سكرتێری پەرلەمان چی تێدایە ؟


دەوترێت، پرۆژەی دواخستنی هەڵبژاردن لەنێو جانتاكەی سكرتێری پەرلەمانی كوردستانە كە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیشە، بەڵام ئەو خۆی بێ بەری دەكات لەم پرۆژەیەو دەڵێت:" جانتاكەی من تەنها پێداویستییەكانی خۆمی تێدایە و پرۆژەی لەو شێوەیە لای من نییە، بەڵام دەكرێت پرۆژەیەك بدرێت بە من وەك سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن".


رۆژ بە رۆژ لە وادەی ئەنجامدانی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی خولی پێجەمی پەرلەمانی كوردستان نزیك دەبینەوە، هەرچەندە لایەنەكان وا خۆیان دەردەخەن كە ئامادەكاری دەكەن بۆ دەنگدان بەڵام پێ دەچێت لەلایەكی دیكەوە لەنێوان یەكدیدا كاری جدی بكەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن كە رەنگە نزیكەی دوو ساڵ بخایەنێت.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان