سلێمانی ...... دۆڵی حیزبەكان

سلێمانی ...... دۆڵی حیزبەكان

2154 خوێندراوەتەوە

بۆچی هەموو حیزبەكان لە سلێمانی لەدایك دەبن؟ ئایا لەدایكبونی حیزبەكان لە سلێمانی و جیابونەوەیان لە یەكترو زیادبونی ژمارەیان لە سلێمانیدا لەخزمەتی گەشەی سیاسی و ڕۆشنبیری شارەكەیە یان فرەكویخایی لە سلێمانی زیاتر دەكات؟ ئایا سلێمانی بەرگەی ئەم هەموو دابەشبونە دەگرێت؟ كاریگەریەكانی ئەم دیاردەیە لەسەر سلێمانی چی دەبێت لەكاتێكدا لە هەولێر و دهۆك ئەم دیاردەیە نابینرێن.

تاوەكو دێت لەهەناوی سلێمانیدا هێزگەلی سیاسی نوێ‌ لەدایك دەبن، لەدایك بونی دووهێزی سیاسی نوێ‌ تەنها لەمساڵدا دەكرێت خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بكرێت كە پەیوەندیدارە بە دۆخی ئێستای سیاسەت لەم ناوچەیە.

لە ساڵی 2018 دوو هێزی سیاسی نوێ‌ لەسلێمانیەوە لەدایك بون و كۆنگرەی دامەزراندنیان بەست، كە یەكەمیان هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەریە بەسەرۆكایەتی د. بەرهەم ساڵح و دوەمیان جوڵانەوەی نەوەی نوێیە بەسەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید، كە گەنجێكی بازرگانە و لە كایەی سیاسیدا روخسارێكی نوێیە، بەپێچەوانەی بەرهەم ساڵحەوە كە بەشێكی زۆری تەمەنی لەكاری سیاسی لەناو ریزەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا بەسەر بردوە و تا پۆستی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی رۆیشتوە و دواجار بێئومێد دەبێت لەكاركردن لەو حیزبەدا و بڕیار دەدات حیزبێكی نوێ‌ دروست بكات.

،،

پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ململانێی ئەم هێزە سیاسیانەی لەسلێمانین و لەم ناوچەیەوە لەدایكبون، ململانێ‌ لەسەر دەسەڵات دەكەن لە سلێمانی یان كوردستان؟،

دۆخی یەكێتی هۆكاری لەپێشینە
ئەگەر لە ساڵانی پێش نەوەدەكانەوە تا راپەرین، یەكێتی ئەو هێزە بووبێت، كە زۆرێك لە حیزب و باڵە جیاوازەكانی كۆكردبێتەوە، ئەوا لەئێستادا پێچەوانە بۆتەوە و یەكێتی وەك پێكهاتەیەكی فرە توخم خەریكە شی دەبێتەوە و توخمە سەرەكیەكانی لەیەكتری جیادەبنەوە
ساڵی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان بەسەرۆكایەتی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری كۆچكردوی بزوتنەوەكە لەیەكێتی جیابویەوە و حیزبێكی نوێی دروستكرد، ئەمساڵیش بەرهەم ساڵح لە پۆستی جێگری سكرتێری گشتیەوە، دوای نزیكەی نیو سەدە لەكاركردن ئەو حیزبە جێدەهێڵێت و قەوارەیەكی سیاسی نوێ‌ بەناوی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی یو دادپەروەری رادەگەیەنێت.

هێزە نوێكان و كاریگەرییان
لەدایكبونی هێزە سیاسیە نوێكان لە سلێمانی لە ئێستادا لە دوو خوێندنەوە زیاتر هەڵناگرێت، یەكەمیان پەیوەندی بەدۆخی ناویەكێتیەوە هەیە كە ماڵی ئەو حیزبە ماڵێكی پەرتەوازەیە و تادێت زیاتر و زیاتر هەڵدەوەرێت و هێزی نوێ‌ لەهەناویدا لەدایك دەبێت، خوێندنەوەی دووەم پەیوەندی بە سروشتی سلێمانی و مێژوی سیاسی ئەم ناوچەیەوە هەیە.كە شارێكە وەك دڵی زیندوی كوردستان مەڵبەندی دروستبون و سەرهەڵدانی هەموو هێزێكی نوێ‌ بووە.

سلێمانی مەڵبەندی سیایەت
لەدایكبونی حیزبی سیاسی لە باشوری كوردستان مێژویەكی درێژی نیە و دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سیەكانی سەدەی رابردوو، بەدرێژایی ئەو مێژوە تا ئەمڕۆ ئەگەر هێزەكان لەم شارەش لەدایك نەبوبن، ئەوا كارەكتەرە سەرەكیەكانی بەتایبەت لەدوای رێكەوتن نامەی جەزائیر و هەڵوەشاندنەوەی شۆڕشی كورد لە باشوری كوردستان لەساڵی 1975 دا، خەڵكی سلێمانی و دەوروبەری بون، لە ئێستاشدا ئەوانەی سەركردایەتی هێزە سەرەكیەكانی كوردستان دەكەن جگە لە پارتی ( یەكێتی نیشتیمانی، بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی) خەڵكی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەرین، تەنانەت ئەو دوو هێزە نوێیەش كە ئەمساڵ لەدایك بون بەسەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح و شاسوار عەبدولواحید هەردوكیان خەڵكی سلێمانین.

دەسەڵات لە هەولێر و حیزبەكان لە سلێمانی
ئەگەرچی بەژمارە هێزەكان لە سلێمانی زۆرن، بەڵام باڵانسی هێز تائێستاش بەلای پارتی دیموكراتی كوردستاندا شكاوەتەوە و هێزی یەكەمە لەكوردستان و زۆرینەی جومگە سیاسیەكانی كوردستان لەدەستی ئەم هێزەدایە، لەكاتێكدا ئەو هێزانەی ئێستا لەسلێمانین و زۆرینەی دەنگەكانیان لەم سنورەدایە و 20 كورسی پەرلەمانیان لە پارتی دیموكراتی كوردستان زیاترە.

ململانێ‌ لەسەر سلێمانی یان كوردستان
پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ململانێی ئەم هێزە سیاسیانەی لەسلێمانین و لەم ناوچەیەوە لەدایكبون، ململانێ‌ لەسەر دەسەڵات دەكەن لە سلێمانی یان كوردستان؟، ئەگەرچی هەموو ئەم هێزانە بانگەشەی گرتنە دەستی لوتكەی دەسەڵات دەكەن، بەڵام هێشتا وادەبینرێت ململانێكانیان لەسەر فەرمانرەوایی سلێمانیە.

هەڵبژاردنەكانی 2018 تاقیكردنەوە گەورەكە
چاوەڕواندەكرێت لەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی پارێزگاكان بكرێت، ئەمەش یەكەم تاقیكردنەوەیە بۆ ئەو هێزانەی یەكەم بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، هەروەك تاقیكردنەوەیەكی ترە بۆ ئەو هێزانەی هەوڵدەدەن زیاتر شوێن پێیان بەهێز بكەن.

هەربۆیە چاوەڕواندەكرێت ئەمساڵ سلێمانی ململانێیەكی توند بەخۆیەوە ببینێت و زۆرێك لە چاوەكانیش لەسەر یەكێتی دەبن كە ئەم هێزە دەسەڵاتی زیاتر لەدەست دەدات یاخود دەتوانێت پارێزگاری لە هەژمونی خۆی بكات.

 

author photo

بەكالۆریۆس لە ڕاگەیاندن 

ئەزمونی ١٢ ساڵ كاركردن لە میدیای نوسراو، بینراو و بیسراو