مەلەوانگەی کۆشکی فەرەح چاوەروانی رۆحانی دەکات

ئایا رۆحانی هەمان چارەنووسی رەفسنجانی بۆ نوسراوە ؟

مەلەوانگەی کۆشکی فەرەح چاوەروانی رۆحانی دەکات

615 خوێندراوەتەوە

و: عەلی شێخ وەهاب

هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی نوێ له‌ سه‌رۆكی ئێران حه‌سه‌ن رۆحانیی به‌ كوشتن، له‌ لایه‌ن كه‌سێكی نزیك له‌ رێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئێرانیه‌وه‌ عه‌لی خامنه‌ئیی، بۆته‌ هۆی دووباره‌ قسه‌كردن له‌ باره‌ی هۆكاری مردنی سه‌رۆك كۆماری پێشووی ئێران و سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجومه‌نی دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران هاشمی ره‌فسنجانی.

 

مه‌نصور ئه‌رزی، سروودبێژی دیاری ئێرانیی، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ رۆحانیی كردووه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌ مه‌له‌وانگه‌دا ده‌مرێت، هاوشێوه‌ی ره‌فسنجانی، و هه‌ردوو سه‌رۆكی ئێستا و پێشووی ئێرانی به‌ ناپاك ناوزه‌ند كرد.
ئه‌م هه‌ڕه‌شانی ئه‌رزی له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی میللیدا كراوه‌ كه‌ به‌بۆنه‌ی رۆژی عه‌ره‌فه‌وه‌ له‌ تاران سازكرابوو.

گێڕانه‌وه‌ی فه‌رمیی ئێرانی باس له‌وه‌ ده‌كات ره‌فسنجانی، كه‌ له‌ مانگی یه‌كی 2017دا كۆچی دوایی كرد‌ به‌ هۆی په‌ستان و سه‌كته‌ی دڵه‌وه بووه‌، پاشتر گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی تارانی پایته‌خت، به‌ڵام لێره‌دا گێڕانه‌وه‌یه‌كی نافه‌رمی بڵاونه‌كراوه‌ش هه‌یه‌، كه‌ پێی وایه‌ ره‌فسنجانی له‌ناو مه‌له‌وانگه‌ی كۆشكی "فه‌ره‌ح" له‌ تارانی پایته‌ختدا تیرۆر كراوه‌.‌

،،

رۆژنامه‌ی ئێرانی "جمهوری ئیسلامی" نزیك له‌ رۆحانی له‌ سه‌روتاری خۆیدا، كه‌ له 27ی ئابدا بڵاوبۆته‌وه‌، ره‌خنه‌ی گرتووه‌ له‌وانه‌ی كه‌ به‌دیار و گه‌وره‌ ناوی بردوون، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی له‌ سه‌رۆكی وڵات كردووه كه‌سێكی نزیكه‌ له‌ خامنه‌یی.

كۆشكی فه‌ره‌ح پێش هه‌ڵایسانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، یه‌كێك بووه‌ له‌ خانوبه‌ره‌ و ساختمانه‌كانی هاوسه‌ری شای ئێران فه‌ره‌ح په‌هله‌وی، پاشتر ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی به‌رپرسه‌ گه‌وره‌كانی ئێران.

چه‌ند پێگه‌یه‌كی ڕاگه‌یاندن ئه‌وه‌یان بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌رزی له‌ وته‌كه‌یدا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ رۆحانی كردووه‌ و وتویه‌تی:"ئه‌و (ره‌فسنجانی) له‌ مه‌له‌وانگه‌دا مرد، ئه‌میش (رۆحانی) له‌ كۆتاییدا هه‌ر له‌ مه‌له‌وانگه‌دا ده‌مرێت".

رۆژنامه‌ی ئێرانی "جمهوری ئیسلامی" نزیك له‌ رۆحانی له‌ سه‌روتاری خۆیدا، كه‌ له 27ی ئابدا بڵاوبۆته‌وه‌، ره‌خنه‌ی گرتووه‌ له‌وانه‌ی كه‌ به‌دیار و گه‌وره‌ ناوی بردوون، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی له‌ سه‌رۆكی وڵات كردووه كه‌سێكی نزیكه‌ له‌ خامنه‌یی.

له‌ سه‌روتاری رۆژنامه‌كه‌دا هاتووه‌: "ئه‌و گه‌ورانه‌ی كه‌ له‌ پشت ئه‌رزیه‌وه‌ ده‌وه‌ستن، پێویسته‌ درك به‌و بارودۆخه‌ هه‌ستیاره‌ بكه‌ن، كه‌ ئێستا‌ وڵات پێیدا تێده‌په‌ڕێت، مه‌ترسیی له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی نیزامی ئێران هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ریان كه‌ رێگه‌ نه‌ده‌ن توندڕه‌وان قسه‌ بكه‌ن‌".‌‌

ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران

 

 یه‌كه‌م هه‌ڕه‌شه‌ نییه


پێش ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ به‌ ده‌ رۆژ، پیاوانی ئاینی له‌ حه‌وزه‌ی زانستی شاری قوم خۆپیشاندانێكیان ئه‌نجامدا دژی گه‌نده‌ڵیی ئابووریی له‌ شاره‌كه‌یاندا، به‌ڵام خۆپیشاندانه‌كه‌ روویه‌كی تری وه‌رگرت به‌هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی لافیته‌یه‌كی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز له‌ رۆحانی، كه‌ له‌سه‌ری نوسرابوو:"ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی دروشمی دانوستانه‌كان به‌رز ده‌كه‌یته‌وه‌... مه‌له‌وانگه‌ی فه‌ره‌ح له‌ چاوه‌ڕوانیتدایه‌"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و ده‌نگۆیه‌ی كه‌ ده‌ڵێت ره‌فسنجانی له‌ مه‌له‌وانگه‌ی كۆشكی فه‌ره‌حدا تیرۆر كراوه‌.

خۆپیشانده‌ران رێبازی حوكمڕانی حكومه‌تی حه‌سه‌ن رۆحانیان چواندووه‌ به‌و رێبازه‌ی كه‌ حكومه‌تی ره‌فسنجانی كاری له‌سه‌ر ده‌كرد.

كرانه‌وه‌ی خێرای رۆحانی به‌رووی دانوستاندا له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و رۆژئاوادا، بووه‌ هۆی ته‌وژمێكی توندی دژایه‌تی كردنی خۆی و سیاسه‌ته‌كانی، له‌لایه‌ن سوپای پاسه‌وانی شۆڕشی ئێران و پیاوانی ئاینی توندڕه‌و و سیاسییه‌ خۆپارێزه‌كانه‌وه‌.

،،

خۆپیشانده‌ران رێبازی حوكمڕانی حكومه‌تی حه‌سه‌ن رۆحانیان چواندووه‌ به‌و رێبازه‌ی كه‌ حكومه‌تی ره‌فسنجانی كاری له‌سه‌ر ده‌كرد.

عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی( ١٩٣٤_٢٠١٧)، ساڵی (١٩٨٩-١٩٩٧). و بۆماوەی دوو خول سەرۆککۆماری ئێران بووە 

  

مردنی ئاڵۆز و په‌نهانی ره‌فسنجانی


له‌ مانگی دووی 2017دا، فاتمه‌ی كچی ره‌فسنجانی، كه‌ باوكی له‌ ته‌مه‌نی 83 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، هۆكاره‌كانی مردنی باوكی به‌ ئاڵۆز و نادیار وێنا كرد، ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كه‌ ئه‌و به‌ڵگانه‌ی هه‌ندێك له‌ پزیشكه‌كان له‌ باره‌ی هۆكاره‌كانی مردنیه‌وه‌ پێشكه‌شیان كردووه‌ "قایلكه‌ر نین و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ڕاستیانه‌ن، كه‌ لای خۆمان هه‌یه‌".

فاتمه‌ پێی وایه‌، كه‌ باوكی له‌ دۆخێكی ته‌ندروستیی باشدا بووه‌ پێش مردنی، و له‌لایه‌ن پزیشكێكی ئێرانی لێهاتووی دانیشتووی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ پشكنینی پزیشكیی بۆ كرابوو.

به‌پێی لێدوانی ئه‌و، نوسینگه‌ی ره‌فسنجانی له‌ شوێنی كاره‌كه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌نی دیاركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی شۆڕش، روبه‌ڕووی گه‌ڕان و پشكنین بۆته‌وه‌ و سه‌رجه‌م كه‌لوپه‌ل و كه‌ره‌سته‌ گرنگه‌كانی نێو گه‌نجینه‌ی تایبه‌تی نوسینگه‌كه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌.

له‌پاش هه‌ڕه‌شه‌ نوێكانی كه‌ له‌ رۆحانی ده‌كرێت، فاتمه‌ ره‌فسنجانی بابه‌تی مردنی باوكی بیری خه‌ڵك هێنایه‌وه‌، وتی: به‌ وردبوونه‌وه‌ له‌ دروشمی لافیته‌كان ئاڵۆزیی و نادیاری مردنی باوكی روون ده‌بێته‌وه، كه‌ تا ئێستاش بنه‌ماڵه‌كه‌ی وه‌ڵامی كۆتاییان له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌، به‌ پێی گوته‌ی ئه‌و.‌

،،

هه‌روه‌ها هه‌ندێك له‌ پشتیوانانی بزوتنه‌وه‌ی سه‌وزی به‌رهه‌ڵستكار له‌ ناو ئێراندا، باس له‌ گریمانه‌ی تیرۆركردنی ره‌فسنجانی ده‌كه‌ن، ئه‌ویش به‌هۆی زیادبوونی جیاوازییه‌كانی نێوان ئه‌و و خامنه‌یی له‌مدواییانه‌دا و نزیككه‌وتنه‌وه‌ی له‌ ریفۆرمخوازان.

هه‌روه‌ها هه‌ندێك له‌ پشتیوانانی بزوتنه‌وه‌ی سه‌وزی به‌رهه‌ڵستكار له‌ ناو ئێراندا، باس له‌ گریمانه‌ی تیرۆركردنی ره‌فسنجانی ده‌كه‌ن، ئه‌ویش به‌هۆی زیادبوونی جیاوازییه‌كانی نێوان ئه‌و و خامنه‌یی له‌مدواییانه‌دا و نزیككه‌وتنه‌وه‌ی له‌ ریفۆرمخوازان.
ئه‌وه‌ی كه‌ قسه‌كردن له‌باره‌ی تیرۆركردنی ره‌فسنجانییه‌وه‌ به‌هێز ده‌كات، هه‌ندێك گه‌واهییه‌، له‌وانه‌ گه‌واهیدانی رۆژنامه‌نووس روحوڵا زم، نزیك له‌ رێبه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز، كاتێك به‌ به‌شی فارسی رادیۆی ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای راگه‌یاندووه‌: ره‌فسنجانی له‌ ژێر ئاودا له‌ مه‌له‌وانگه‌ی فه‌ره‌ح خنكێندراوه‌، به‌ڵام به‌ڵگه‌ی بۆ بانگه‌شه‌كه‌ی نه‌هێناوه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها مه‌هدی خه‌زعلی، كوڕی پێشه‌وای كۆچكردووی شیعه‌ ئه‌بولقاسم خەزعلی، ئه‌وه‌ی راگه‌یاندووه‌ كه‌ گه‌واهی دانی مردنی ره‌فسنجانی به‌ناچاركردن و زۆری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی كراوه‌، له‌ پزیشكی دادوه‌ری ده‌رنه‌چووه‌ وه‌ك حاڵه‌تی ئاسایی، ئه‌وه‌شی گوتووه‌: كه‌ بنه‌ماڵه‌ی ره‌فسنجانی له‌ ئێستادا له‌ژێر چاودێریی توندی ئه‌منیدان و رێگه‌یان پێنادرێت چاوپێكه‌وتن ئه‌نجام بده‌ن و ورده‌كاری مردنی باوكیان ئاشكرا بكه‌ن.

عەلی خامنەیی، ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران

 

خۆپیشاندانه‌كان به‌رده‌وامن


ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ی روو له‌ رۆحانی ده‌كه‌ن، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانی به‌رده‌وام له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاوازی ئێراندا، كه‌ بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌هۆی به‌رده‌وامی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كان، و داته‌پینی نرخی دراوی ئێرانی.

چاودێران پێیان وایه‌، كه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ ئێراندا رووده‌دات ناكرێت جیابكرێته‌وه‌ له‌و جه‌نگه‌ ئابوورییه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دۆناڵد تره‌مپ له‌م دوایه‌دا دژی تاران رایگه‌یاندووه‌.

،،


ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ی روو له‌ رۆحانی ده‌كه‌ن، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانی به‌رده‌وام له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاوازی ئێراندا، كه‌ بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌هۆی به‌رده‌وامی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كان، و داته‌پینی نرخی دراوی ئێرانی.

رۆژی 14ی مانگی پێنجی رابردوو، تره‌مپ هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌ند قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی له‌ ئێران كرد ئه‌گه‌ر ده‌ست بكاته‌وه‌ به‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی، كه‌ له‌ ساڵی 2015 له‌ رێكه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌‌كه‌دا ره‌زامه‌ند بووه‌ له‌سه‌ر وه‌ستاندنی.

له‌ پاش ئه‌و لێدوانه‌ به‌ چه‌ند رۆژێكی كه‌م، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ رێكه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی كشایه‌وه، كۆمه‌ڵێك سزای ئابووری گه‌وره‌ی نوێی دژی ئێران په‌سه‌ند كرد.‌

خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئێران له‌ بازاڕێكی فرۆشتنی مۆبایله‌وه‌ له‌ تارانی پایته‌خت له‌ رۆژی 24ی ته‌موزی رابردوو ده‌ستی پێكرد، پێش ئه‌وه‌ی كه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ بازاڕی گه‌وره‌ی شار له‌ رۆژی دووه‌مدا، پاشان بۆ شار و ناوچه‌كانی تر.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك