کورد و سوننە بەرگەی فشارەکانی ئێران دەگرن ؟

ساتە یەکلاکەرەوەکانی پێش پێکهێنانی گەورەترین کوتلە

کورد و سوننە بەرگەی فشارەکانی ئێران دەگرن ؟

2638 خوێندراوەتەوە

شارى به‌غداد له‌ كاتژمێره‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كانی پێش دانیشتنی  پارله‌مانی تازه‌دایه‌، له‌ نێوان گریمانه‌ی كرانه‌وه‌یه‌كی سیاسیی یاخود تێكچوونی باری ئه‌منی و سیاسیی كه‌ عیڕاق به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بات، خوێندنه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی بۆ دۆخی ئێستا بریتییه‌ له‌ فشاری ئاشكرای ئێران له‌سه‌ر كورد و سوننه‌ بۆ دانه‌ پاڵ به‌ره‌ی مالیكی و هادی عامری و ئاماژه‌دان به‌ داهاتوو‌یه‌كی نادیار و تێكچوونی باری ئه‌منی عێراق له‌ حاڵه‌تی سه‌ركه‌وتنی هاوپه‌یمانیی سه‌در و عه‌بادیی له‌ پێكهێنانی حكومه‌تدا.

به‌ پێی زانیارییه‌ دزه‌ پێكراوه‌كان، قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران وتویه‌تی دوورخستنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌ رۆڵگێڕان له‌ حكومه‌تی داهاتووی عێراقدا، ئه‌نجامی قورسی ده‌بێت له‌سه‌ر عێراق و داهاتووه‌كه‌ی.

 ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوو ڕوونی ده‌كاته‌وه‌، یان كرانه‌وه‌یه‌كی سیاسیی چاوه‌ڕوانكراو رووده‌دات و كوتله‌ی گه‌وره‌ی په‌رله‌مانیی دروست ده‌كرێت، كه‌ پاشتر به‌ پێی ده‌ستوور مافی دروستكردنی حكومه‌تی نوێی هه‌یه‌، یاخود پشێوییه‌ك كه‌ دۆخه‌ سیاسییه‌كه‌ زیاتر ئاڵۆز ده‌كات، له‌گه‌ڵ مه‌ترسی تێكچوونی باری ئه‌منی له‌ ناوه‌ڕاست و باكور و رۆژئاوای عێراق، له‌ حاڵه‌تی روودانی هه‌ر كێشمه ‌كێشمێكی سیاسیی له‌ نێوان پارته‌كاندا.

  

  سوله‌یمانی لێره‌یه‌

 ئەم چه‌ند كاتژمێره‌ی دوایی، جوڵه‌ی فراوانی هه‌ردوو لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی بە سەرپەرشتی برێت مه‌كگۆرگ، كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌وه‌ له‌ عێراقدایه‌، لایه‌نی ئێرانی بە سەرپەرشتی قاسم سوله‌یمانی و سێ هاوكاره‌كه‌ی (ئیره‌ج مه‌سجدی و كه‌ریم ره‌زایی و مه‌حمود ئه‌كبه‌رزاده‌) به‌ خۆوه‌ دەبینی، به‌ مه‌به‌ستی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێك له‌ دوو به‌ره‌كه‌ی شیعه‌. 

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ سه‌رۆك فواد مه‌عسوم، داوای له‌ په‌رله‌مانی نوێ كرد كه‌ یه‌كه‌م دانیشتنی خۆی له‌ 3ی ئه‌یلولدا ببه‌ستێت، له‌ كاتێكدا به‌رپرسان جه‌ختیان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك فشار و هه‌وڵه‌كانی دواخستنی دانیشتنی په‌رله‌مانی ره‌تكردۆته‌وه‌، تاكو دانیشتنی په‌رله‌مان به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندامی په‌رله‌مان ببه‌سترێت.  

DFC
قاسم سولەیمانی

  له‌ كاتێكدا ئێران پشتگیریی هه‌ریه‌ك له‌ نوری مالكی (هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا) و سه‌رۆكی رێكخراوی به‌در هادی عامری ده‌كات (كه‌ سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانی فه‌تح ده‌كات)، له‌ به‌رانبه‌ردا واشنتۆن به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ پشتگیری به‌ره‌ی دووه‌می شیعه‌ ده‌كات، كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، عه‌ممار حه‌كیم، موقته‌دا سه‌در و ئه‌یاد عه‌لاوی دیارترین كه‌سایه‌تییه‌كانی ئه‌م به‌ره‌یه‌ن. 

  تاكو ئێستا، به‌ره‌ی یه‌كه‌م (مالیكی و عامری) توانیویانه‌ كه‌متر له‌ 100 كورسی په‌رله‌مانیی كۆبكه‌نه‌وه‌، هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ سه‌رۆكایه‌تی نوری مالكی (26 كورسی)، هاوپه‌یمانی فه‌تح به‌سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری (48 كورسی)، ئیراده‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌نان فه‌تلاوی ( ٣ كورسی)، كه‌فائات به‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌یسه‌م جبوری (٢كورسی)، له‌گه‌ڵ چه‌ند لیستێكی بچوك كه‌ كورسیه‌ك یان دوانیان به‌ده‌ست هێناوه‌ له‌ باشووری عێراق، وێرای ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی ئه‌م به‌ره‌یه‌ ده‌ڵێن: چه‌ندین پارله‌مانتار له‌ به‌ره‌كه‌ی عه‌بادی و حه‌كیم، پاشگه‌ز بونه‌ته‌وه‌ و به‌ڵنیان داوه‌ پشتگیری ئه‌وان بكه‌ن.  

  له‌ به‌رانبه‌ردا، به‌ره‌ی دووه‌م سه‌ركه‌وتوبووه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی نزیكه‌ی 130 كورسی، سائیرون به‌ سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در (54 كورسی)، وه‌ته‌نییه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی (21 كورسی)، ره‌وتی حیكمه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌ممار حه‌كیم (19 كورسی)، هاوپه‌یمانی نه‌سر به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌ببادی (42 كورسی)، له‌گه‌ڵ لیسته‌كانی كه‌مینه‌ی توركمان و مه‌سیحییه‌كان، كه‌ به‌رپرسانی ئه‌م به‌ره‌یه‌ ده‌ڵێن: به‌ڵێنی زاره‌كییان لێ وه‌رگرتوون بۆ هاتنه‌ نێو هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كه‌، چونكه‌ ئه‌م به‌ره‌یه‌ له‌و به‌ره‌ی یه‌كه‌م عێراقیتره‌ن.

 

كورد و سوننە

  فراكسوێنه‌ سووننه‌كان، كه‌ دیارترینیان "المحور الوطنی" یە (53 كورسی)، كوردییه‌كان كه‌ دیارترینیان پارتی دیموكرات و یه‌كێتی نیشتمیانیین (40 كورسی)، رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بینن له‌ دۆخه‌كه‌دا چونكه‌ قایلبوونی ئه‌م فراكسوێنانه‌ به‌ دانه‌پاڵ یه‌كێك له‌ دوو به‌ره‌ شیعیه‌كه‌، كێبڕكێكه‌ یه‌كلا ده‌كاته‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كیان دژی ئه‌وی تر، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا كاری له‌سه‌ر ده‌كات، له‌ رێگه‌ی نوێنه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه‌ بۆ جوڵاندنی سه‌ركرده‌كانی كورد و سوننه بۆ ئەم بەرەیە.

 

 

FGV
مەسعود بارزانی و خەمیس خەنجەر

ئێران هه‌ڵوێستی لاواز ده‌رده‌كه‌وێت له‌ قایلكردنی كورد و سوننه‌دا، ئێران ده‌یه‌وێت یاری له‌سه‌ر په‌تی پاراستنی نێوماڵی شیعە بكات، له‌گه‌ڵ ئاگاداركردنه‌وه‌ له‌ مه‌ترسی دابه‌شبوونی هێزه‌ شیعیه‌كان له‌سه‌ر سه‌قامگیری عێراق، به‌تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌یه‌ك له‌ هاوپه‌یمانی نه‌سر، جه‌ختی له‌وه‌ كردووەتەوە كه‌ قاسم سوله‌یمانی رایگه‌یاندووه‌ "دوورخستنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی فه‌تح (باڵی سیاسیی حه‌شدی شه‌عبی) له‌ رۆڵگێڕان له‌ حكومه‌تی نوێی عێراقدا سه‌رئه‌كێشێت بۆ چه‌ندین كێشه‌ی گه‌وره‌ له‌ داهاتووی عێراقدا". 

  چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك پێیانوایه‌، لایه‌نی ئێرانی به‌شێوه‌یه‌كی فراوان ده‌ستی كردووه‌ به‌ جووڵه‌ بۆ راكێشانی ئه‌ندام یاخود لیسته‌كانی نێو هاوپه‌یمانی نه‌سر و حیكمه‌، پاش ئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی یه‌كخستنی ماڵی شیعه‌ به‌ ته‌واوی شكستیهێنا. 

ئه‌وه‌شی روونكردۆته‌وه‌، كه‌ "ئه‌مه‌ یه‌كه‌م حكومه‌تی عێراقیه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌مشێوه‌یه‌ گرنگی به‌ پێكهێنانی بدات، كه‌ قسه‌ له‌سه‌ر چوار ساڵی گرنگ ده‌كرێت له‌ ناوچه‌كه‌دا، ده‌كرێت سووربوونی ئه‌مه‌ریكا بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌تی نوێی عێراق كه‌مترین لایه‌نگری بۆ ئێران هه‌بێت"، به‌پێی گوته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌. 

  به‌پێی ده‌ستور، په‌رله‌مانی نوێ سه‌رۆك كۆمارێكی نوێ هه‌ڵده‌بژێرێت به‌ زۆرینه‌ی دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامان، له‌ ماوه‌ی 30 رۆژدا له‌پاش دانیشتنی یه‌كه‌م، ئه‌ویش پاش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی له‌ دانیشتنی یه‌كه‌مدا، پاشان سه‌رۆك كۆماری نوێ كاندیدی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانیی راده‌سپێرێت بۆ‌ پێكهێنانی حكومه‌ت، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو 30 رۆژی له‌به‌رده‌ستدا ده‌بێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و پێشكه‌شكردنی به‌ په‌رله‌مان بۆ په‌سه‌ندكردنی.

FGC
کۆبوونەوەی سەدر و هاوپەیمانەکانی ـ هۆتێل بابل ـ بەغداد 

 

  له‌م سه‌روبه‌نده‌دا، په‌رله‌مانتاری پێشووی ره‌وتی حیكمه‌ محه‌ممه‌د له‌كاش، جه‌ختی له‌وه‌ كردۆته‌وه‌، كه‌ "پارته‌ شیعییه‌كان به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش بوون، فه‌تح و ده‌وڵه‌تی یاسا، له‌گه‌ڵ سائیرون و حیكمه‌ و نه‌سر، هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ تێڕوانینی سیاسیی دژ به‌یه‌كیان هه‌یه‌، مالیكی ده‌یه‌وێت حكومه‌تی زۆرینه‌ی سیاسیی پێك بهێنێت، موقته‌دا سه‌دریش ئه‌مه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌". 

  سه‌ركرده‌ی دیار له‌ هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقییه‌كان ره‌عد ده‌هلەكی، ده‌ڵێت: " هه‌ڵوێستی پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ره‌یه‌دا ده‌بێت، كه‌ مه‌رجه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كات". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ "به‌ره‌ی نزیك له‌ پارته‌ سووننەکان له‌ ئێستادا، ئه‌و به‌ره‌یه‌ی شیعه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌هێزیان له‌گه‌ل ئێراندا نییه‌ و نیشتیمانیین و له‌ هه‌ناوی عێراقه‌وه‌ دروست بوون". 

له‌ باره‌ی داواكارییه‌كانی سووننه‌وه‌ وتی: "بریتیه‌ له‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی به‌هێز، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكاریی خۆپیشانده‌ران، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئاواره‌كان بۆ جێگه‌كانی خۆیان، ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان، دابینكردنی مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیان بۆیان،و ده‌ست به‌سه‌رداگرتن و كۆنترۆڵكردنی چه‌ك به‌جۆرێك ته‌نها له‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا بێت، تا ئەم ساتەش سوننەکان هیچ داواكارییه‌كی تایبه‌تیان په‌یوه‌ست به‌ پۆست و به‌ركه‌وته‌كانی هه‌ڵبژاردن نه‌خستۆته‌ ڕوو".

FGV
هادی عامری و نوری مالیکی 

  له‌ چه‌ند كاتژمێری دواییدا، گه‌وره‌ترین گۆڕانكاریی ڕوویدا، كاتێك حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سر، هه‌ڵوێستی توندی خۆی به‌رانبه‌ر بابه‌تی كه‌ركوك راگه‌یاند و وتی "كه‌ركوك له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر گفتوگۆیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ كورده‌كان"، ئه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سازش له‌سه‌ر كه‌ركوك ناكات، ئه‌مه‌ش به‌ بۆچوونی چاودێران ئه‌و كوته‌كه‌یه‌، كه‌ پشتی هاوپه‌یمانییه‌ته‌كه‌ی ده‌شكێنێت. 

  چاودێران پێیانوایه‌، سیناریۆكانی دۆخی سیاسیی عێراق له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا به‌مشێوه‌یه‌ ده‌بێت: 

ئێران به‌ هه‌موو جۆرێك گه‌ڕانه‌وه‌ی عه‌بادی بۆ حوكم و وه‌رگرتنی خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی ره‌تده‌كاته‌وه‌

 هه‌روه‌ها دژی دوورخستنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی فه‌تحی هادی عامرییە لە حکومەتی نوێ و به‌هیچ جۆرێك سازش له‌سه‌ر ئه‌م دوو داواكارییه‌ ناكات.

ئه‌گه‌ر سائیرون به‌سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ رابگه‌یه‌نن، ئه‌وه‌ ئاماژه‌یه‌ك ده‌بێت له‌سه‌ر پشێویی و كێشمه‌كێشمی فراوان كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا له‌ عێراقدا رووده‌ده‌ن.

سەرچاوە: ابراهیم العبیدی ـ بغداد بوست

و: عەلی شێخ وەهاب

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك