رۆشنكردنه‌وه‌ی تونێله‌ تاریكه‌كانی 31ی ئاب له‌ زاری وه‌رگێره‌ تایبه‌ته‌كه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵه‌وه‌

" سەرەتای ئابى ١٩٩٦ ئەحمەد چەلەبی یەکێتی لە رێکەوتنی پارتی لەگەڵ سەدام بۆ گرتنى هەولێر ئاگادارکردەوە"

رۆشنكردنه‌وه‌ی تونێله‌ تاریكه‌كانی 31ی ئاب له‌ زاری وه‌رگێره‌ تایبه‌ته‌كه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵه‌وه‌

3806 خوێندراوەتەوە

و: بەهمەن کەریم

بۆ من و زۆرینه‌ى كوردو عه‌ره‌به‌كانیش 31ى ئاب وه‌ك خاڵى وه‌رچه‌رخان له‌ ژیانیاندا داده‌نێن ، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و رۆژه‌ قورسایى مێژوویى و سیاسى به‌سه‌ر سیاسه‌ت له‌ ئیستادا به‌جێهێشتووه‌، من ده‌مه‌وێت هه‌ندێك راستى مێژوویى به‌دوور له‌ لایه‌نگیرى و هاوسۆزى سیاسى باس بكه‌م.

 

له‌ ساڵى 1993 هه‌تا 31ى ئابى 1996من وه‌كو وه‌رگێڕى تایبه‌تى كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى دووه‌مین سه‌رۆك وه‌زیران له‌ مێژووى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا كارم ده‌كرد، له‌ ساڵى 1993 به‌سه‌رپه‌رشتى رۆبه‌رت بۆب بایه‌ر ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئه‌مریكا CIA بنكه‌یه‌كى له‌ هه‌رێمى كوردستان دامه‌زراند من ئه‌و كاته‌ خاڵى په‌یوه‌ندى نێوان كۆسره‌ت ره‌سوڵ و ئه‌و بنكه‌یه‌ى ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئه‌مریكا بووم .

ئه‌و كاته‌ په‌رله‌مانى كوردستان په‌نجا به‌ په‌نجا بوو، ده‌سه‌ڵات به‌وشێوه‌یه‌ له‌ نێوان پارتى و یه‌كێتى دابه‌شكرابوو، سه‌رۆكى په‌رله‌مان پارتى و جێگره‌كه‌ى یه‌كێتى بوو ، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران یه‌كێتى و جێگره‌كه‌ى پارتى بوو.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌ته‌كانیش به‌ یه‌كسانى دابه‌شكرابوون، یه‌كێك له‌و شته‌ سه‌ره‌كیانه‌ى تر كه‌ دابه‌شكرابوو داهاتى باج و خاڵه‌ سنوریه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بوو به‌ تایبه‌ت خاڵى سنورى نێوان عێراق ـ توركیا و عێراق ـ ئێران، به‌پێى دابه‌شبوونى جوگرافیی و نفوزى حزبیی پارتى له‌ ناوچه‌ى سنورى عێراق ـ توركیا باڵاده‌ست بوو.


له‌ لایه‌كى تره‌وه‌، یه‌كێتى كاریگه‌رى له‌و ناوچانه‌ هه‌بوو كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنورى عێراق ـ ئێران، به‌ڵام داهاتى خاڵى سنورى توركیا زۆر زیاتر بوو له‌ خاڵى سنورى ئێران، ئه‌مه‌ وایكردبوو كه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌م داهاته‌دا بگرێت و رێگرى له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ داهاته‌كه‌ بچێته‌وه‌ گه‌نجینه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

،،

سه‌ره‌تاى مانگى ئابى 1996، ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى سه‌رۆكى كۆنگره‌ى نیشتمانى عێراق (INC) هۆشدارى به‌ سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستاندا له‌وه‌ى كه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ دانوستاندایه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق تا هاوكارى سه‌ربازى بكات له‌ گرتنه‌وه‌ى هه‌ولێر

 

ئه‌وكاته‌ به‌هۆى داگیركردنى كوه‌یته‌وه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستانیش له‌ ژێر ئابڵوقه‌ى ئابورى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیدا بوو، به‌هۆى راپه‌ڕینه‌كه‌ى به‌هارى ساڵى 1991 كوردستان له‌ لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ ئابڵوقه‌یه‌كى ترى ئابوریی به‌سه‌ردا سه‌پێنرابوو، كوردستان له‌ژێر بارى ئه‌م دوو ئابڵوقه‌یه‌دا ده‌یناڵاند، هه‌موو ئه‌و داواكاریانه‌ى كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانى ده‌كرد بۆ سوكردنى سزاكانى سه‌ر هه‌رێمی كوردستان پشتگوێ خرابوون.

 

fttg
کۆسرەت رەسوڵ، عیماد فەرهادی، دۆگلاس سلیمان

 

به‌هۆى ئه‌وه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان داهاتى (ئیبراهیم خلیل)ى راده‌ستى حكومه‌ت نه‌ده‌كرد بارودۆخه‌كه‌ زۆر قورستربوو،یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان به‌شێوه‌ى راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى ده‌دا، یه‌كێتى داواى له‌ ده‌زگاى هه‌واَڵگرى ئه‌مریكا و نوێنه‌رانى زۆرێك له‌ وڵاتانى ئه‌وروپى كرد كه‌ فشاربخه‌نه‌ سه‌ر پارتى به‌ڵام سوودى نه‌بوو.

گرژییه‌كان روویان له‌ زیادبوون كرد و شه‌ڕ له‌ نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه‌ هه‌ڵگیرسا، هێزه‌كانى یه‌كێتى توانیان پارتى له‌ هه‌ولێر هه‌ڵبكه‌نن،پارتى به‌ ته‌نها پارێزگاى دهۆك و خاڵى سنورى ئیبراهیم خه‌لیل و شارۆچكه‌ى پیرمام كه‌ باره‌گاى سه‌ره‌كى پارتى و شوێنى نیشته‌جێبوونى مه‌سعود بارزانى و خانه‌واده‌كه‌ى بوو به‌ده‌سته‌وه‌ مابوو.

شه‌ڕى ناوخۆ یان( شه‌ڕى براكوژیی) ته‌نها له‌ نێوان پارتى و یه‌كێتى نه‌مایه‌وه‌ به‌ڵكو پارته‌ سیاسیه‌ بچوكه‌كانیش تێوه‌گلان و هه‌ریه‌كه‌ و لایه‌نگرى لایه‌كیان ده‌كرد و ژماره‌یه‌كى زۆر خه‌ڵك كوژران، پارتى هه‌ندێ هه‌وڵى سه‌ربازیی نا سه‌ركه‌وتوى بۆ گرتنه‌وه‌ى هه‌ولێردا،به‌ڵام هێزه‌كانى یه‌كێتى توانیان به‌رگرى له‌ هه‌ولێر بكه‌ن.

سه‌ره‌تاى مانگى ئابى 1996، ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى سه‌رۆكى كۆنگره‌ى نیشتمانى عێراق (INC) هۆشدارى به‌ سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستاندا له‌وه‌ى كه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ دانوستاندایه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق تا هاوكارى سه‌ربازى بكات له‌ گرتنه‌وه‌ى هه‌ولێر، چه‌له‌بى سه‌رۆكى هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانى عێراق بوو كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ هاوكارى دارایى ده‌كرا.

 

fgv
عیماد فەرهادی لە کۆنفرانسی سۆسیال ئینتەرناسیۆنال وتار دەدات ـ جنێف ـ سویسرا ـ ٢٠١٨


له‌سه‌ره‌تادا باره‌گاى سه‌ره‌كى (INC)له‌ پیرمام بوو دواتر له‌به‌رئه‌وه‌ى پارتى خۆشى به‌ ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى نه‌ده‌هات باره‌گاكه‌یان گواسته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر،چه‌له‌بى نیگه‌ران بوو له‌وه‌ى كه‌ ئه‌گه‌ر به‌راِستى پارتى رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق بۆ گرتنه‌وه‌ى هه‌ولێر ئیمزا بكات ئه‌وا باره‌گاى (INC) و ئه‌ندامه‌كانى رووبه‌ڕووى مه‌ترسیی و ده‌ستدرێژى ده‌بنه‌وه‌.

من له‌ زۆرێك له‌و كۆبوونه‌وانه‌ى یه‌كێتى له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تى و دیپلۆماتكار و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان بۆ ئاڵوگۆڕى زانیارى له‌سه‌ر هاوكارى عێراق له‌گه‌ڵ پارتى بۆ دووباره‌ گرتنه‌وه‌ى هه‌ولێر به‌شداربووم، وه‌ڵامى ئه‌وان ئه‌وه‌بوو كه‌ یه‌كێتى رێگه‌ى به‌ ئێرانیه‌كان داوه‌ بێنه‌ ناو هه‌رێمى كوردستان،CIA زۆر راشكاوانه‌ به‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵیان ده‌وت كه‌ واشنتۆن له‌ په‌یوه‌ندى به‌هێزى نێوان ئێران و یه‌كێتى نیگه‌رانه‌ و هه‌مان په‌یامیشیان به‌ مام جه‌لال و چه‌له‌بى گه‌یاندبوو.

له‌ كۆتایى مانگی ئابى 1996 هه‌واڵگرییه‌كان له‌ باشورى عێراقه‌وه‌ ئاماژه‌یان به‌ جوڵه‌ى یه‌كه‌ سه‌ربازیه‌كانى عێراق به‌ره‌و باكور ده‌دا، له‌ موسڵه‌وه‌ به‌ره‌و دهۆك و دوروبه‌رى هه‌ولێر له‌ رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ به‌ره‌و پیرمام، یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان له‌گه‌ڵ دیپلۆماتكار و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانى رۆژئاوا له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یوه‌ندیدا بوون، مام جه‌لال بۆ خۆى له‌و بڕوایه‌دا نه‌بوو كه‌ هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان كه‌ پارێزگاریان له‌ ناوچه‌ى ئارام له‌ هێڵى 36 ده‌كرد رێگه‌ به‌به‌زاندنى ئه‌و هێڵه‌ بده‌ن.

له‌ ئێواره‌ى 31ى ئابی 1996، هیچ گومانێك له‌وه‌دا نه‌ما كه‌ زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كان ووردو دروستن و هێزه‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌گه‌ڵ هێزى پیاده‌ى عێراق له‌ رۆژئاواى هه‌ولێر و پیرمام خۆیان كۆكردۆته‌وه‌.

 

fgv
برێت ماکگۆرک، عیماد فەرهادی، کۆیرەت رەسوڵ

 

ئه‌و شه‌وه‌ من بۆ خۆم له‌ په‌یوه‌ندیدا بووم و زانیاریه‌كانم له‌ به‌ره‌ى پێشه‌وه‌ى شه‌ر سه‌عات به‌ سه‌عات و خوله‌ك به‌ خوله‌ك به‌ بنكه‌ى CIA له‌ پیرمام ده‌گه‌یاند، هیوایه‌ك هه‌بوو كه‌ واشنتۆن هه‌ندێ رێوشوێن بۆ رێگه‌گرتن له‌ هێرشى پارتى به‌ پاڵپشتى هێزه‌كانى عێراق به‌ره‌و هه‌ولێر بگرێته‌به‌ر،ئه‌و وه‌ڵامانه‌ى كه‌ له‌ CIA وه‌ بۆمان ده‌هات ئه‌وه‌ بوو كه‌ واشنتۆن ئاگادارى بارودوخه‌كه‌یه‌.

،،

به‌ره‌به‌یان كۆسره‌ت ره‌سوڵ داواى لێكردم كه‌ پرسیار له‌ بنكه‌ى CIA بكه‌م كه‌ ئایا فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانى ئه‌مریكا ریگرى ده‌كه‌ن له‌ به‌زاندنى ناوچه‌ى ئارام ؟ وه‌ڵامه‌كه‌ گۆڕا بۆ "چاوه‌ڕوانى وه‌ڵامى واشنتۆنین"ئه‌وه‌ كۆتا په‌یوه‌ندى من بوو له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى هه‌واڵگریی ئه‌مریكا، نه‌ ئه‌مریكا و نه‌ هاوپه‌یمانان هیچ به‌ڵێنێكیان به‌ ئێمه‌ نه‌دا،

 

من ئه‌و شه‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌نوستم، به‌ره‌به‌یان كۆسره‌ت ره‌سوڵ داواى لێكردم كه‌ پرسیار له‌ بنكه‌ى CIA بكه‌م كه‌ ئایا فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانى ئه‌مریكا ریگرى ده‌كه‌ن له‌ به‌زاندنى ناوچه‌ى ئارام ؟ وه‌ڵامه‌كه‌ گۆڕا بۆ "چاوه‌ڕوانى وه‌ڵامى واشنتۆنین"ئه‌وه‌ كۆتا په‌یوه‌ندى من بوو له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى هه‌واڵگریی ئه‌مریكا، نه‌ ئه‌مریكا و نه‌ هاوپه‌یمانان هیچ به‌ڵێنێكیان به‌ ئێمه‌ نه‌دا، كۆسره‌ت ره‌سوڵ بۆ به‌رگریكردن له‌ هه‌ولێر خۆى ئاماده‌ كرد.

له‌دواى كاتژمێر 7ى به‌یانى تۆپهاوێژه‌كانى عێراق ده‌ستیان به‌ تۆپبارانى ده‌وروبه‌رى هه‌ولێر كرد، دواتر باره‌گاكانى یه‌كێتى و په‌رله‌مانیان تۆپباران كرد، من پێشمه‌رگه‌ نه‌بووم بۆیه‌ ده‌ستبه‌ردارى من بوون و له‌ ترسى گیانى خۆم رۆشتمه‌وه‌ بۆ ماڵى باوكم، هێزه‌كانى پارتى گه‌یشتنه‌ چه‌ند شوێنێكى هه‌ولێر،ئیتر زانیم كه‌ سه‌رده‌مێكى نوێ باڵ به‌سه‌ر كوردستاندا ده‌كێشێت.

له‌ ئه‌نجامى رووداوه‌كانى 31ى ئابى 1996 پارتى ده‌ستی به‌سه‌ر ته‌واوى هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ریدا گرت، هه‌زاران هه‌وادار و لایه‌نگرى یه‌كێتى یان كوژران یانیش ده‌ستگیر كران و ماڵ و حاڵیان تاڵانكران یاخود هه‌ڵهاتن و خۆیان حه‌شاردا.


من سه‌ره‌تا له‌ هه‌ولێر خۆم حه‌شاردا و دواتر توانیم به‌ره‌و توركیا هه‌ڵبێم و له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌مریكا، (INC) گورزێكى توندى به‌ركه‌وت و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامه‌كانى له‌ لایه‌ن هێزه‌كانى عێراقه‌وه‌ ده‌ستگیركران، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا له‌ رێگه‌ى دروستكردنى پردێكى هه‌وایى بۆ دوورگه‌ى گوام ژماره‌یه‌كى زۆر له‌و كه‌سانه‌ى كه‌ كاریان بۆ (INC) و رێكخراوه‌ نا حكومییه‌كان ده‌كرد له‌ ترسى ئه‌وه‌ى له‌ لایه‌ن هێزه‌ عێراقیه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیر نه‌كرێن گواسته‌وه‌ و پاشان وه‌كو په‌نابه‌ر ره‌وانه‌ى شاره‌ جیاوازه‌كانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كران.


ن: عیماد فه‌رهادى ـ وەرگێری تایبەتی کۆسرەت رەسوڵ

لینکی بابەتەکە لە ماڵپەری wordpress 

 (https://menainformer.wordpress.com/2016/08/30/august-31st-1996-historical-facts/)