رۆیتەرز: ئێران کارگەیەکی دروستکردنی موشەکی لە هەرێمی کوردستان داناوە

ئیسرائیل: ئاگاداری گواستنەوەی موشەکەکانی ئێرانین بۆ عێراق

رۆیتەرز: ئێران کارگەیەکی دروستکردنی موشەکی لە هەرێمی کوردستان داناوە

3443 خوێندراوەتەوە

و: عەلی شێخ وەهاب

چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی ئێرانی و عێراقی و رۆژئاوایی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئێران چه‌ندین موشه‌كی بالیستیی پێشكه‌ش به‌و گروپه‌ شیعیانه‌ كردووه‌، كه‌ له‌ بری ئه‌و له‌ عێراقدا شه‌ڕ ده‌كه‌ن، هەروەها هه‌وڵی پێشخستنی تواناكانی ده‌دات له‌ دروستكردنی موشه‌كی زیاتردا، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر مه‌ترسیه‌ك له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و به‌ده‌ستخستنی هۆكارێك كه‌ بتوانێت له‌ رێیه‌وه‌ له‌ نه‌یاره‌كانی بدات له‌ ناوچه‌كه‌دا.

 

  بێگومان هه‌ر نیشانه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئێران سیاسه‌تی موشه‌كی به‌هێز له‌ عێراقدا په‌یڕه‌و ده‌كات، ده‌بێته‌ هۆی زیاد بوونی گرژیی نێوان تاران و واشنتۆن، كه‌ به‌ كرداریی له‌ پاش بڕیاری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دۆناڵد تره‌مپ به‌ پاشه‌كشه‌ كردن له‌ رێكه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان، گرژیی نێوانیان رووی له‌ زیادبوون كرد.

 

  هه‌روه‌ها ئه‌م رووداوه‌ ده‌بێته‌ هۆی رووگیریی زیاتری فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا، ئه‌و سێ ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپیه‌یی واژۆیان له‌سه‌ر رێكه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی كردووه‌ و هه‌وڵی رزگاركردنی رێكه‌وتننامه‌كه‌ ده‌ده‌ن، سه‌ره‌ڕای تازه‌بوونه‌وه‌ی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئێران.

 

  سێ به‌رپرسی ئێرانی، دوو سه‌رچاوه‌ له‌ هه‌واڵگریی عێراقیی و دوو سه‌رچاوه‌ له‌ هه‌واڵگریی رۆژئاوا، ئه‌وه‌یان راگه‌یاندووه‌: ئێران چه‌ندین موشه‌كی بالیستیی كورت مه‌ودای گواستۆته‌وه‌ بۆ هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ عێراق له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی كه‌می رابردوودا، پێنج له‌و به‌رپرسان وتویانه‌: ئێران هاوكاری ئه‌و گروپانه‌ ده‌كات له‌سه‌ر ده‌ستپێكردن به‌ دروستكردنی موشه‌ك.

 

  به‌رپرسێكی دیاری ئێرانی به‌ رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه‌ "ژیریی ئه‌وه‌یه‌ ئێران نه‌خشه‌یه‌كی جێگره‌وه‌ی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر هێرشی كرایه‌ سه‌ر". ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه‌ "ژماره‌ی موشه‌كه‌كان هێنده‌ زۆر نین ... ته‌نها چه‌ند ده‌ دانەیەکە‌، به‌ڵام ده‌كرێت ژماره‌كه‌ زیاد بكرێت ئه‌گه‌ر پێویست بكات".

 

  پێشتر ئێران رایگه‌یاندبوو، كه‌ چالاكیه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ موشه‌كی بالیستییه‌وه‌، ته‌نها چه‌ند چالاكییه‌كی به‌رگریی رووتن، به‌رپرسه‌ ئێرانییه‌كان ئاماده‌ نه‌بوون وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌ له‌ باره‌ی تازه‌ترین هه‌نگاوه‌كانی ئێران له‌و باره‌یه‌وه‌.

 

  حكومه‌ت و سوپای عێراقیش بێده‌نگن

 

  موشه‌كه‌كان، كه‌ موشه‌كی زلزال و فاتح 110 و زولفەقارن،  مه‌وداكه‌یان له‌ نێوان 200 بۆ 700 كیلۆمه‌تردایه‌، به‌مه‌ش سعودیه‌ و ته‌ل ئه‌بیب له‌ ئیسڕائیل له‌ ئه‌ندازه‌یه‌كدا ده‌بن، كه‌ ده‌گونجێت به‌و موشه‌كانه‌ هێرشیان بكرێته‌ سه‌ر، ئه‌گه‌ر موشه‌كه‌كان له‌ باشوور یاخود رۆژئاوای عێراق دابنرێن.

 

  فه‌یله‌قی قودس، باڵی ئۆپه‌راسیۆنه‌ ده‌ره‌كییه‌كان له‌ سوپای پاسدارانی ئێرانیی، چه‌ندین بنكه‌ی له‌و دوو ناوچه‌دا هه‌یه‌، دیسان ‌ سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس قاسم سوله‌یمانی خۆی سه‌رپه‌رشتی به‌رنامه‌كه‌ ده‌كات.‌

 

fgv
مانۆری پیشاندانی موشەکە دوورهاوێژەکان ـ تاران

 

  وڵاتانی رۆژئاوا، ئێران به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، كه‌ موشه‌ك و ته‌كنه‌لۆژیای سه‌ربازیی ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ سوریا و هاوپه‌یمانه‌كانی تری، وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی حوسیه‌كان له‌ یه‌مه‌ن و حیزبوڵڵای لوبنانی.

 

  هاوكات وڵاته‌ سوننیه‌كانی دراوسێی ئێران له‌ کەنداوی عه‌ره‌بی و هه‌روه‌ها ئیسڕائیل، نیگه‌رانیی خۆیان نه‌شاردۆته‌وه‌ له‌ چالاكییه‌كانی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ و وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر ئاسایشیی خۆیان ده‌یبینن.

 

  تا ئێستا به‌رپرسانی ئیسڕائیلیی، هیچ وه‌ڵامێكی ئه‌و پرسیارانه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ باره‌ی بابه‌تی گواستنه‌وه‌ی موشه‌كه‌كانه‌وه‌ ئاڕاسته‌یان كراوه‌،  سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتەنیاهو، رۆژی چوارشه‌ممه‌ وتی: "ئه‌وانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی سڕینه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌كه‌ن، خۆیان ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م هه‌مان مه‌ترسی، به‌ هیچ جۆرێك ناتوانن مه‌به‌سته‌كه‌یان بهێننەدی ".

 

   نه‌خشه‌ی دروستكردنی موشه‌ك

  سه‌رچاوه‌ رۆژئاواییه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌: ژماره‌ی موشه‌كه‌كان له‌ چه‌ند ده‌ دانه‌یه‌ك تێپه‌ڕ ناكات،  مه‌به‌ست له‌م كاره‌ ناردنی په‌یامه‌ بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئیسڕائیل، به‌ تایبه‌ت له‌ پاش هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان بۆ سه‌ر هێزه‌ ئێرانییه‌كان له‌ سوریا، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بوونێكی سه‌ربازیی ئاشكرای له‌ عێراقدا هه‌یه‌، سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه‌ "وا ده‌رده‌كه‌وێت ئێران، عێراقی كردووه‌ به‌ بنكه‌یه‌كی موشه‌كیی له‌ پێشه‌وه‌ی خۆیدا".

 

  سه‌رچاوه‌ ئێرانییه‌كان و سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ هه‌واڵگریی عێراقیه‌وه‌ باسیان له‌وه‌ كردووه‌، كه‌ پێش 18 مانگ بڕیار دراوه‌ سود له‌ یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كان ببینرێت بۆ دروستكردنی موشه‌ك له‌ عێراقدا، به‌ڵام چالاكییه‌كان له‌م چه‌ند مانگه‌ كه‌مه‌ی پێشوودا زیادی كردووه‌.

 

  فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران، كه‌ له‌ شه‌ڕی ئێران-عێراقدا له‌ هه‌شتاكاندا خزمه‌تی كردووه‌، گوتویه‌تی "چه‌ند بنكه‌ی موشه‌كیی هاوشێوه‌مان له‌ چه‌ندین ناوچه‌ هه‌یه‌، له‌وانه‌ عێراق، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا هێرش بكاته‌ سه‌رمان دۆسته‌كانمان هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌دا".

 

  سه‌رچاوه‌ رۆژئاوا و عێراقییه‌كه‌ ده‌ڵێن: ئه‌و كارگانه‌ی كه‌ بۆ دروستكردنی موشه‌ك له‌ عێراق به‌كار ده‌هێنرێن، له‌ ناوچه‌ی زه‌عفه‌رانییه‌ی رۆژهه‌ڵاتی به‌غداد و جورف سه‌خری باكووری كه‌ربه‌لا هه‌ن، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئێرانیش ده‌لێت: یه‌كێك له‌و كارگانه‌ له‌ كوردستانی عێراقدا هه‌یه‌.

 

45t
موشەکی ئێرانی جۆری زولفەقار

  ئه‌م ناوچانه‌ش له‌ لایه‌ن گروپه‌ شیعییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌، له‌وانه‌ یه‌كه‌كانی حزبوڵڵای عێراق، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ نزیكترین گروپه‌كان له‌ ئێرانه‌وه‌، سیان له‌ سه‌رچاوه‌كان باسیان له‌وه‌ كردووه‌، كه‌ چه‌ندین چه‌كداری عێراقیی ناو ئه‌و گروپانه‌، له‌ ئێران مه‌شقیان پێكراوه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی موشه‌ك.

 

  سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ هه‌واڵگریی عێراقی رایگه‌یاندووه‌، كارگه‌ی زه‌عفه‌رانییه‌ی به‌غداد، له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكی پێشوو سه‌دام حسیندا، چه‌ند كه‌ره‌سته‌ی جه‌نگی و مادده‌ی سیرامیك، كه‌ له‌ دروستكردنی موشه‌كدا به‌كاردێت، به‌رهه‌م هێناوه‌، گروپه‌ شیعییه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ ساڵی 2016 چالاكییه‌كانی كارگه‌كه‌یان ده‌ست پێكردۆته‌وه‌ به‌ هاوكاریی ئێران.

 

  سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی وتووه‌: بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی كارگه‌كه‌، سوود له‌ ده‌سته‌یه‌ك ئه‌ندازیاری شیعه‌ وه‌رگیراوه‌، كه‌ له‌ سه‌رده‌می سه‌دامدا له‌ كارگه‌كه‌دا كاریان كردووه‌ و گوتویه‌تی: موشه‌كه‌كان له‌ نزیك جورف سه‌خر له‌ كه‌ربه‌لا تاقی كراونه‌ته‌وه‌.

 

  ئاژانسی هه‌واڵگریی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكیی و وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا (پنتاگۆن) ئاماده‌ نه‌بوون هیچ قسه‌یه‌ك له‌و باره‌یه‌وه‌ بكه‌ن.

 

  به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكی، كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی خۆی ئاشكرا بكات، جه‌ختی له‌وه‌ كردۆته‌وه‌، كه‌ تاران له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا چه‌ندین موشه‌كی بۆ چه‌ند گروپێك له‌ عێراق ناردووه‌، به‌ڵام نه‌یتوانییه‌وه‌ دڵنیایی بدات، كه‌ ئایا ده‌توانرێت ئه‌و موشه‌كانه‌ له‌ جێگه‌ی ئێستایاندا به‌كار بهێنرێن.

 

  واشتنتۆن هانی هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌دات، كه‌ سیاسه‌تی توند دژی ئێران بگرنه‌به‌ر، له‌ پاش زیاد كردنی سزاكانی بۆ سه‌ر ئێران له‌م مانگه‌دا.

 

وڵاتانی ئه‌وروپی نێو رێكه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی تا ئێستا ملكه‌چی فشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا نه‌بوون له‌و باره‌یه‌وه‌، به‌ڵام ئارامگرییان نزیكه‌ ته‌واو بێت، به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ به‌رنامه‌ی موشه‌كی بالیستیی ئێرانییه‌وه‌.

 

  له‌و نێوه‌نده‌دا، فه‌ڕه‌نسا نیگه‌رانیی خۆی ده‌ربڕیوه‌ له‌ گه‌وجێتی ئێران به‌ په‌ره‌پێدان و دروستكردنی موشه‌كه‌كان، داوای له‌ تاران كردووه‌ ده‌ست بكات به‌ دانوستان له‌باره‌ی چه‌كه‌ بالیستییه‌كانیه‌وه‌.

 

  جۆن ئێف لۆدریان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا رۆژی پێنج شه‌ممه‌ رایگه‌یاند: ئێران هاوپه‌یمانه‌كانی به‌ موشه‌ك پڕچه‌ك ده‌كات و رێگه‌ به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی موشه‌كی بالیستیی ده‌دات، ده‌ڵێت: "پێویسته‌ ئێران خاوبێته‌وه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتن و زاڵبوونی هه‌رێمیی".

 

  له‌ مانگی ئازاردا، هه‌ر سێ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ پێشنیارێكیان بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا كرد، تا سزای نوێ به‌سه‌ر ئێراندا بسه‌پێنێت به‌ هۆی چالاكییه‌ موشه‌كییه‌كانیه‌وه‌، به‌ڵام نه‌یتوانی بڕیاره‌كه‌ بدات به‌ هۆی به‌رهه‌ڵستكاری چه‌ند وڵاتێكی ئه‌ندام له‌ یه‌كێتیه‌كه‌دا.

 

  له‌و ساته‌وه‌خته‌دا، هه‌ر سێ لایه‌نی ئه‌وروپی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایانگه‌یاند: "ئه‌م جۆره‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی توانا موشه‌كییه‌ ئێرانییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا، جێگه‌ی مه‌ترسیی و نیگه‌رانییه‌".

 

  په‌یامێك بۆ دوژمنان

  سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ هه‌واڵگریی ناوچه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌:  ئێران چه‌ندین موشه‌كی بالیستیی له‌و ناوچه‌ عێراقییانه‌ داناوه‌، كه‌ له‌ژێر هه‌ژموونی كرداریی شیعه‌دان و ده‌توانرێت به‌كار بهێنرێن، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كه‌ نه‌یتوانیه‌وه‌ جه‌خت له‌وه‌ بكاته‌وه‌، ئێران ده‌توانێت موشه‌ك له‌ عێراقدا به‌رهه‌م بهێنێت.

 

  به‌رپرسێكی تر له‌ هه‌واڵگریی عێراقیدا وتویه‌تی: به‌غداد ئاگاداری دزه‌كردنی موشه‌كی ئێرانییه‌ بۆ گروپه‌ چه‌كدارییه‌ شیعه‌كان، به‌ مه‌به‌ستی هاوكاریكردن له‌ جه‌نگی دژ به‌ تیرۆرستانی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی، به‌ڵام له‌ پاش شكستی هێزه‌ تیرۆرستیه‌كان، هێشتا كاروانه‌كانی هاتنی موشه‌كه‌كان به‌رده‌وامن!.

 

  به‌رپرسه‌كه‌ پێی وایه‌ "مه‌به‌سته‌كه‌ بۆ ده‌زگاكانی هه‌واڵگریی عێراق روونن، كه‌ ئه‌و هاوكارییه‌ سه‌ربازییانه‌ی ئێران بۆ شه‌ڕی دژی داعش نه‌بووه‌، به‌ڵكو ئێران وه‌ك كارتێكی فشار به‌كاریده‌هێنێت له‌ ئه‌گه‌ری چوونه‌ نێو هه‌ر ململانێیه‌كی هه‌رێمییه‌وه‌".

 

fgc
موشەکی فاتیح ١١٠ی ئێرانی

 

  ئه‌وه‌شی وتووه‌ "ناتوانین رێگه‌ له‌ هه‌ڵدانی موشه‌كه‌ ئێرانییه‌كان بگرین له‌ لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌، چونكه‌ زۆر به‌ سانایی: كلیكی كارپێكردنیان به‌ ده‌ست ئێمه‌ نیه  به‌ڵكو به‌ده‌ست ئه‌و ئێرانییانه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵدانیان هه‌یه‌".

 

  هه‌روه‌ها وتویه‌تی: "ئێران به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و موشه‌كانه‌ی كه‌ بۆ میلیشیاكانی ناردووه‌ به‌كاریده‌هێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامێك بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و نه‌یارانی تری له‌ ناوچه‌كه‌ بنێرێت، كه‌ ئه‌و ده‌توانێت زه‌وی عێراق وه‌كو سه‌كۆیه‌ك به‌كار بهێنێت، بۆ هه‌ڵدانی موشه‌كه‌كانی له‌و كات و شوێنه‌دا كه‌ هه‌ڵیده‌بژێرێت".

 

   په‌رله‌مانی عێراق له‌ ساڵی 2016 یاسایه‌كی ده‌ركرد، كه‌ تێیدا سیفه‌تێكی فه‌رمیی به‌خشی به‌ حه‌شدی شه‌عبی و كردی به‌ به‌شێك له‌ ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت، و له‌ژێر فه‌رمانی سه‌رۆك وه‌زیراندا بێت به‌ڵام ئێران تا ئێستاش نفوزێكی ئاشكرای هه‌یه‌ له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی كۆده‌بنه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی راوێژگۆڕینه‌وه‌.

 

 

ئیسرائیل: چاودێری ووردی پرۆسەکە دەکەین

 

هاوکات کەناڵی دەیەمی تەلەفزیۆنی ئیسرائیلی لە زاری ئەفسەرێکی باڵای سوپای ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، کە تەلئەبیب لە چری چاودێری پرۆسەی گواستنەوەی ساروخەکانی ئێران دەکات بۆ عێراق و ماوەی چەند هەفتەیەکیشە بەمە دەزانێت.

دەشڵێت: بەپێی خەمڵاندنی ئەوان ئەو کارەی ئێران وەک وەڵامدانەوەیە بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی ئێران لەسەر خاکی سوریا.

ئەفسەرە ئیسرائیلیەکە ئاماژەی بەوە کردووە، چالاکی بەهێز و جدیەتی ئیسرائیل دژی جێگیربوونی هێزەکانی ئێران لە سوریا و  نەیارێتی ئەمریکا بۆ ئەو کارە، وایکردووە کە ئێران هەندێک لە موشەکەکانی بگوازێتەوە بۆ عێراق.

سەرچاوە: راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی بەریتانی

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك