حزبە بچوکەکان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندان لە وادەی خۆیدا

حزبە بچوکەکان له ‌پرسی دواخستنی هه‌ڵبژاردندا پرسیان پێناکرێت

حزبە بچوکەکان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندان لە وادەی خۆیدا

950 خوێندراوەتەوە

 حزبه‌ بچوكه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، له‌هه‌ڵوێستی حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كان ده‌رباره‌ی پرسی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان نیگه‌رانن و پێیان وایه‌ له‌ چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا بریار ده‌ده‌ن و وه‌ك پێویسته‌ ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ رای حزبه‌كانی تر.

 

 پرسی گفتوگۆكان له‌باره‌ی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، جگه‌له‌وه‌ی كێشه ‌و گرفتی خستووه‌ته‌ نێوان لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌، ده‌نگی ناڕه‌زاییشی لای حزبه‌ بچوكه‌كان دروستكردووه‌، به‌وپێیه‌ی گفتوگۆكان له‌باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه‌، ته‌نها لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی گرتووه‌ته‌وه ‌و بچوكه‌كان قه‌تیس و گۆشه‌گیر كراون.

 

شوان محه‌مه‌د، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان به ‌دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینی وت: " مه‌سه‌له‌ی راوێژنه‌كردن به‌ حزبه‌ بچوكه‌كان له ‌كوردستان وه‌كو نه‌ریتێكی لێهاتووه‌، لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له ‌پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كاندا ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ رای خه‌ڵك و ته‌واوی لایه‌نه‌كانی تر، واته‌ خۆیان بریار ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش شتێكی خراپه‌".

،،

شوان محه‌مه‌د، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی زه‌حمه‌تكێشان: راوێژنه‌كردن به‌ حزبه‌ بچوكه‌كان له ‌كوردستان وه‌كو نه‌ریتێكی لێهاتووه‌، لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له ‌پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كاندا ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ رای خه‌ڵك و ته‌واوی لایه‌نه‌كانی تر و  خۆیان بریار ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش شتێكی خراپه‌.

 

 دەشڵێت: "ئێمه‌ پێمان وایه‌ له‌م پرسه‌ گرنگانه‌ ده‌بێت تێكڕای لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌شداری بكه‌ن و بریاری خۆیان هه‌بێت، نه‌ك به‌و جۆره‌ هه‌ندێك قه‌تیس بكرێن". 

 له‌ئێستادا هه‌رێمی كوردستان، دابه‌شی دوو به‌ره‌ بووه‌، به‌ره‌یه‌ك كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ره‌كیترین لایه‌نه‌ تێیدا له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌ له‌واده‌ی خۆیدا، به‌ره‌كه‌ی تر كه‌ گۆڕان سه‌رپه‌رشتی ده‌كات و لایه‌نه‌كاتی تری ئۆپۆزسیۆن له‌گفتوگۆدان له‌گه‌ڵی و رایان جیاوازە لەسەری.

 

dfc
بارەگای سەرەکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ـ هەولێر

 

 

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی گفتوگۆكان له ‌باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه‌ له‌ بازنه‌ی لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كاندا ده‌سوڕێته‌وه‌، به‌و پێیه‌ش حزبه‌ بچوكه‌كان هیچ رۆڵێكیان نییه‌ و له‌و پرسه‌ گرنگه‌دا ونن، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی لای ئه‌وان دروست كردووه‌.

 

به‌ختیار كه‌ریم وته‌بێژی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان به‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینی وت: " ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ عه‌قڵیه‌تی ئه‌و حزبانه‌ی كه‌ له‌ كوردستاندان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌شێوازێكی پراكتیكی مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، له‌ ئێستادا جیاوازی نێوان حزبی گه‌وره‌ و بچوك نه‌ماوه‌ به‌تایبه‌ت پاش هه‌ڵبژاردنی ١٢ی ئایاری، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌وان به‌ شێواز و لۆژیكێكی تر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حزبه‌كاندا بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له ‌رووی كورسیه‌كانیشه‌وه‌ كه‌مبین، ئه‌وا پێویسته‌ ده‌نگه‌كانمان به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت و له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌ی كاره‌ی دایانناوه‌ مامه‌ڵه‌ بكرێت".

،،

وتەبێژی حزبی سۆسیالیست: پێموایه‌ هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردن، جۆرێكه‌ له‌تاكتیك، بۆیه‌ پێمان وایه‌ هه‌ڵبژاردن له‌كات و ساتی خۆیدا به‌رێوه‌ده‌چێت.

 

 به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، حزبه‌ بچوكه‌كان له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنن له‌كاتی خۆیداو دژی هه‌ر دواخستنێكن بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كامیل مه‌حمود وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ده‌ڵێت: " ئێستا كات نه‌ماوه‌ له‌به‌رده‌م دواخستنی هه‌ڵبژاردن، پێمان وایه‌ هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا به‌رێوه‌ده‌چێت و هیچ پاساوێكیش نییه‌ بۆ دواخستنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌، پێشمان وایه‌ نه‌بوونی پاساو وای له‌و لایه‌نانه‌ كردووه‌ كار له‌سه‌ر دواخستنی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و روویان نه‌یه‌ت یان شه‌رم بكه‌ن له‌وه‌ی هه‌ڵوێستی روونی خۆیان رابگه‌یه‌نن".

 

fgv
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست ـ سلێمانی ـ ٢٠١٨.٩.٢

 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حزبه‌ بچوكه‌كان له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردندا نین و رای جیاوازیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كان، به‌ڵام تائێستا ده‌نگی خۆیان كۆنه‌كردووته‌وه‌ و هه‌وڵیان نه‌داوه‌ له‌چوارچێوه‌ی به‌ره‌یەكدا قسه‌ی جیاوازی خۆیان به‌یان بكه‌ن.

،،

وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی: كات نه‌ماوه‌ له‌به‌رده‌م دواخستنی هه‌ڵبژاردن، پێمان وایه‌ هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا به‌رێوه‌ده‌چێت و هیچ پاساوێكیش نییه‌ بۆ دواخستنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌.

 

شوان محه‌مه‌د دەشڵێت: " ئه‌و حزبانه‌ی باسی ده‌كه‌یت، هه‌میشه‌ رای خۆیان هه‌بووه‌، به‌ڵام ئالیه‌تێك نه‌بووه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی راكان، ئه‌م پرسه‌ش پێویستی به‌وه‌ نییه‌ جەبهە بگرین له‌ لایه‌نه‌كان، به‌ڵام پێویسته‌ لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات دەستوەردان نه‌كه‌ن و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان مامه‌ڵه‌ نه‌كه‌ن".

 

cv
کامیل مەحمود، وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامیی

 

هه‌روه‌ها وتەبێژی حزبی سۆسیالیست دەشڵێت:" ئێمه‌ وه‌ك حزبی سۆسیالیست بۆ هه‌ڵبژاردن، به‌ره‌یه‌كمان پێكهێناوه‌، به‌ڵام پەیوەست بە پرسی دواخستنی هه‌ڵبژاردن، من پێموایه‌ ئه‌وه‌ ده‌نگۆیه‌، پێموایه‌ هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردن، جۆرێكه‌ له‌تاكتیك، بۆیه‌ پێمان وایه‌ هه‌ڵبژاردن له‌كات و ساتی خۆیدا به‌رێوه‌ده‌چێت".

رۆژی 30ی ئه‌م مانگه‌ وەک وادەی هەڵبژاردن بۆ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان دیاریکراوە و رۆژی چوارشەممەش بە فەرمی وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنە، به‌ڵام چه‌ند لایه‌نێك له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان له‌رێی گفتوگۆ و دانوستان، واده‌ی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌ دوابخه‌ن، ئه‌مه‌ش رای جیاوازی له‌نێو شه‌قام و لایه‌نه‌كاندا دروستكردووه‌و ئه‌و پرسه‌ بووه‌ته‌ بابه‌تێكی گرنگی رۆژ و تاراده‌یه‌كی زۆر كێشه‌ و قه‌یرانه‌ گه‌وره‌كانی شاردوه‌ته‌وه‌.

 

author photo

ڕۆژنامەنووس