نەوەیەكی شێخ مەحمودی حەفید لەژێر عەبای ئال حەكیمدا

رەوتی حیكمە دەیەوێت بەهۆی شاڵی سەوزی ساداتی بەرزنجەوە بێتە كوردستان

نەوەیەكی شێخ مەحمودی حەفید لەژێر عەبای ئال حەكیمدا

5377 خوێندراوەتەوە


لەبارەگای رەوتی حیكمە لە سلێمانی گەنجێكی باڵا مام ناوەندی پێشوازی لە میوانەكانی دەكات، سەرە رای ئەوەی هەموو ئەوانەی لەوێن بەتەمەن لەو گەورەترن بەڵام هەموان ڕێزی دەگرن و وەك براگەورەی خۆیان سەیری دەكەن.


مستەفا شێخ كاوە حەفید زادە، نەوەی شێخ مەحمودی حەفید، كەسی یەكەمی رەوتی حیكمەی عەمار حەكیمە لە شاری سلێمانی و جێگری ئەمینداری گشتی رەوتەكەشە لە هەرێمی كوردستان.


لە دوو هەفتەی رابردودا رەوتی حیكمە لە كوردستان لە یەكێك لە هۆتێلەكانی شاری سلێمانیدا ئاهەنگی كردنەوەی لقی سلێمانی رەوتەكەیان ئەنجامدا. بەدوای ئەوەشدا بارەگایان كردەوە و دەرگای وەرگرتنی ئەندامی نوێیان لە هەرێمی كوردستان راگەیاند.


رەوتی حیكمە، یەكەمین حیزبی عێراقییە كە بەشێوەیەكی فەرمی ئاڵاكەی لە هەرێمی كوردستان هەڵكرد و دەرگای بارەگاكانی كردۆتەوە بۆ وەرگرتنی خەڵكی كوردستان لە ڕیزەكانیدا.


ڕەوتی حیكمەی عێراقی بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم دوای جیابونەوەی لە مەجلیسی ئەعلا و بەستنی كۆنگرەی دامەزراندنی رەوتەكە لە بەغداد دەیەوێت بەهۆی شاڵی سەوزی شێخەكانی بەرزنجەوە خۆی بگەیەنێتە كوردستان.


بونی یەكێك لە نەوەكانی شێخ مەحمودی حەفید، یەكەمین مەلیكی كوردستان، لە هەرەمی لقی سلێمانی حێزبێكی عێراقیدا كە سەرۆكەكەی پیاوێكی ئاینی شیعە مەزهەبە پرسیاری زۆر دەوروژێنێت بەدوای خۆیدا.

،،

پەیوەندیەكانی نیوان بنەماڵەی حەكیم و شێخ مەحمود مێژوەكی كۆنە، باس لە بونی جۆرێك پەیوەندی دەكرێت لە نێوانی شێخ مەحمود و بنەماڵەی حەكیم، تەنانەت باس لەبونی ئاڵوگۆڕی نامەش دەكرێت لە نێوانیاندا.

 

ئەو پەیوەندییە چییە كە بنەماڵەی حەكیم و شێخ مەحمود دەبەستێتەوە بە یەكەوە؟

پەیوەندیەكانی نیوان بنەماڵەی حەكیم و شێخ مەحمود مێژوەكی كۆنە، باس لە بونی جۆرێك پەیوەندی دەكرێت لە نێوانی شێخ مەحمود و بنەماڵەی حەكیم، تەنانەت باس لەبونی ئاڵوگۆڕی نامەش دەكرێت لە نێوانیاندا.


بەڵام سەردەمی بەهێزی ئەم پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شێخ لەتیف و موحسین ئەلحەكیم ی باپیری عەمار حەكیم، ئەوكاتەی ئایەتوڵا خومەینی میوانی شیعەكانی عێراق بوە لە نەجەف، هەوڵدراوە بەپێی ڕێكەوتنی دولایەنەی عێراق و ئێران تەسلیم بكرێتەوە بە ئێران بۆ لەسێدارەدانی، لەم كاتەدا موحسین ئەلحەكیم نامەیەك بۆ شێخ لەتیف دەنوسێت و دوای لێ‌ دەكات پێگەی اینی و كۆمەڵایەتیان بەكاربهێنن بۆ ڕێگرتن لەو كارە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، شێخ لەتیف نامەیەك بۆ حكومەتی عێراق دەنوسێت و پێی دەڵێت ئەگەر عێراق ئەو كارە بكات ئەوا بنەماڵەكەیان عێراق جێدەهێڵن و تیایدا دانانیشن.


ئێستا عەمار حەكیم دەیەوێت ئەو پەیوەندییەی نێوان بنەماڵەی ئال حەكیم و بەرزنجیەكان زیندوبكاتەوە، تاوەكو لەڕێگەی ئەو پەیوەندییەوە پێ‌ بخاتە كوردستانەوە و خشتی دامەزراندنی یەكەمین حیزبی سەرتاسەری بدات لە هەرێمی كوردستان.


بابەتەكە بە نیسبەتی مستەفای حەفید زادەشەوە بە هەمان شێوەیە، چاوی لەوەیە بەهۆی پێگەی ئال حەكیمەوە لە عێراقدا نفوزی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەدەستدراوی بنەماڵەكەیان بۆ خۆی بگێڕێتەوە.

،،

مستەفای حەفید زادە، نەوەی راستەقینەی شێخ مەحمودە، بەڵام هیچ سیمایەكی ئاینی یان شێخایەتی لە ڕواڵەتیدا دەرناكەوێت،ئەو چاكەت و پانتۆڵ لەبەردەكات و جگەرەش دەكێشێت.

شاڵی سەوز، خاڵی هاوبەشی ئال حەكیم و بەرزنجیەكان

ئەوەی كە لەناو هەمواندا بنەماڵەی حەكیم و بەرزنجیەكان لەیەكتری نزیك دەكاتەوە بریتییە لە رەچەڵەك و مەسەلەی سادات لەنیوان ئال حەكیم و بەرزنجیەكاندا.
حەكیم سەیدەكانی بەرزنجە بە خزم و پشتی خۆی دەزانێت و هەردوكیان سەر بە هەمان چینی ئاینین لەناو دونیای ئیسلامدا، بەڵام لەڕوی مەزهەبیەوە یەكێكیان شیعە و ئەوی دیكە سونەیە.


حەكیم و رەوتەكەی بە ئاشكرا ختوكەی هەستی خزمایەتی و نەسەبی سەیدەكانی كوردستان دەدەن و دەیەوێت ئەو خاڵە هاوبەشە بكات بە هۆكاری پەڕینەوەی بۆ كوردستان.


لەناو سەیدەكانی كوردستانیشدا یەكێك لەنەوەكانی شێخ مەحمودی دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی وەك سیمبولی ئاینی و نەتەوەیی سودی لێوەربگرێت.


بەڵام واپێدەچێت لەناو بنەماڵەكەی شێخ مەحموددا، شێخ مستەفا تەنها كەسی ئەو بنەماڵەیە بێت كە شوێنی ئەم رەوتە سیاسیییە كەوتبێت.


هەرچی شێخ مەحمودی براگەورەیەتی تائێستا لەناو پارتیدا كاردەكات و پێ‌ ناچێت تێوەگلانی برا بچوكەكەشی لەم كارە پێ‌ خۆش بێت، لەكاتێكدا شێخ ناسر كوردستانی بەجێهێشتوە و لە دەرەوەی وڵات دەژی.


هەرچەندە رەوتی حیكمە نایانەوێت رەوتەكەیان وەك بزوتنەوەیەكی ئاینی تایبەت بە شێخ و سەیدەكان بناسرێت،بەڵام لەناو دەستەی بەڕێوەبردنی رەوتەكە لە سلێمانی زۆرینەیان سەیدزادەكانن و هەوڵدەدەن لەڕێگەی خزمایەتییەوە پەرە بە كارەكانیان بدەن.


مستەفای حەفید زادە، نەوەی راستەقینەی شێخ مەحمودە، بەڵام هیچ سیمایەكی ئاینی یان شێخایەتی لە ڕواڵەتیدا دەرناكەوێت،ئەو چاكەت و پانتۆڵ لەبەردەكات و جگەرەش دەكێشێت.


ئەوەی دەتوانێت ڕۆڵە ئاینیەكە بە باشی بگێڕێت لەناو رەتەكەدا كەسێكی دیكەیە بەناوی سەید عیسای بەرزنجی، كە خۆی بە نەوەی شێخ ئیسماعیلی ولیانی دەزانێت و شاڵی سەوز و جبەی رەش لەبەر دەكات و وەك فیگەرێكی تەواو ئاینی قیتوقۆڵ دەردەكەوێت.

،،

پەیوەندیەكانی نیوان بنەماڵەی حەكیم و شێخ مەحمود مێژوەكی كۆنە، باس لە بونی جۆرێك پەیوەندی دەكرێت لە نێوانی شێخ مەحمود و بنەماڵەی حەكیم، تەنانەت باس لەبونی ئاڵوگۆڕی نامەش دەكرێت لە نێوانیاندا.

 
ترسی شیعەگەرایی و هەژمونی عیراقچێتی

ماوەی چەند ساڵێكە هەوڵێك لە ئارادایە بۆ بزواندنی هەستی شیعەگەرایی لە هەرێمی كوردستاندا لە ڕێگەی بنەماڵەی ساداتەكانی كوردستانەوە. گوایە ئەوان لە هەموو كەس نزیكترن بە ئیمامەكانی شیعە و دەبێت بگەڕێنەوە سەر ڕێبازی راستەقینەی خۆیان.


لەپشتی ئەم كارەوە هەم پارە و ئیغراكردن هەیە هەم دامەزراوەی تەبلیغاتی جۆرجۆر، لەهەندێگ جیگا كاریگەری داناوە و سەردان و هامشۆی قوم و مەشهەد و نەجەف بونی هەیە.


لە هەرێمی كوردستاندا كەمنین ئەو لایەنانەی كە هەستیارییان هەیە بەرامبەر ئەم ڕەوتەو بە درێژەی ئەو سیناریۆیەی دەزانن بۆ بەهێزكردنی پێگەی شیعەگەری لە كوردستان. بەتایبەت كە وەك ئەوان دەڵێن لەناو ستافەكانیاندا كەسانی ئەو تۆهەیە كە مەیلی ئم بابەتەیان هەبێت.


لە هەموان هەستیارتر لەم بابەتەدا پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە وێڕای بانگهێشتكردنیان بەشداری مەراسیمەكەشیان نەكرد.


پارتی كردنەوەی ئەم بارەگایە لە هەرێمی كوردستان بە هەوڵێكی پان عێراقی دەزانن بۆ لێدان لە ئینتیمای نەتەوەیی خەڵكی كوردستان.


تائێستا رەوتی حیكمە تەنیا لە سلێمانی بارەگای هەیە،بەڵام بەنیازە لە ئایندەیەكی نزیكدا لە كەلاریش بارەگا بكانەوە و لە هەولێریش بەنیازن بارەگای مەجلیسی ئەعلای پێشوو بگۆڕن بۆ بارەگای رەوتی حیكمە.


هەرچەندە تۆمەتی شیعەگەری و عێراقچێتی بەشوێن رەوتەكەوەن، بەڵام خودی شێخ مستەفای حەفید زادە ئەم بابەتە رەتدەكاتەوە و رایدەگەیەنێت " ئەگەر ئەم رەوتە هەڵبدات بۆ ئەوەی خەڵك بكاتە شیعە ئەوا من یەكەم كەسم وازی لێدەهێنم"

،،

 مستەفای حەفید زادە: 

من كوردم و مسوڵمانم و هەزهەبم سونەیە و تەریقەتم قادری و نەقشبەندییە، اەڕێگەی رەوتی حیكمەوە ئەمەوێت خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەم


ئەو دەڵێت" من كوردم و مسوڵمانم و هەزهەبم سونەیە و تەریقەتم قادری و نەقشبەندییە، اەڕێگەی رەوتی حیكمەوە ئەمەوێت خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەم"
لە چاوەكانی مستەفای حەفید زادە، نیگەرانیم ئەبینی لە بێوەفایی حیزبەكان بەرامبەر بنەماڵەكەیان.


ئەو دەڵێت" هەم خۆمان وەكو بنەماڵە هەم حیزبە سیاسیەكانی دیكەش بە تایبەت یەكێتی و پارتی ڕۆڵیان هەبو لەوەی كە بنەماڵەی شێخ مەحمود ئاوا پەرتەوازە و بێ‌ كاریگەری ببن".


لەدوای شێخ مەحمودی حەفید، شێخ لەتیفی حەفید یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەدوای ئەویش شێخ كاوەی شێخ لەتیف بەنیازی دروستكردنەوەی شۆڕشەكەی باپیری پەیوەندی لەگەڵ هەریەكە لە ئایەتوڵا خومەینی ڕێبەری شۆڕشی ئێران و موعەمەر قەزافی سەرۆكی لیبیا و حافز ئەسەدی سەرۆكی سوریا بەست بۆ یارمەتیدانی شۆڕشەكەی، بەڵام تیاچونی خۆی و مەفرەزەكەی لە هەرسی بەفردا لە قەندیل خەونەكەی بردە ژێرگڵ.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری