كورد دڵى لاى مالیكیه‌ و ترسیشی له‌ ئه‌مریكا هه‌یه‌

کورد نایەوێت لەسەر حسابی ئەو یاری نێوان دوو بلۆکەکەی شیعە یەکلابێتەوە

كورد دڵى لاى مالیكیه‌ و ترسیشی له‌ ئه‌مریكا هه‌یه‌

2443 خوێندراوەتەوە

كورد هێشتا به‌ ته‌واوى خۆى یه‌كلا نه‌كردووه‌ته‌وه‌ له‌ نێوان ئه‌و دوو بلۆكه‌ شیعیه‌ى كه‌ له‌ئێستادا له‌ به‌غدا دروست بووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ دڵه‌وه‌ یه‌كێك له‌و دوو بلۆكه‌ى لاپه‌سه‌ند نه‌بێت بۆ هاوپه‌یمانى كردن.

 

له‌ نێوان بلۆكه‌ ئێرانى و بلۆكه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ى شیعه‌كاندا سه‌ركردایه‌تى سیاسى كورد زیاتر مه‌یلى به‌لاى بلۆكه‌ ئێرانیه‌كه‌دایه‌ و نزیكن له‌ مالیكیه‌وه‌ تاوه‌كو عه‌بادیی، له‌مه‌شدا چه‌ند فاكته‌رێكى گرنگ رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى هه‌یه‌:

 

یه‌كه‌م:
ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن مالیكى و بلۆكه‌ ئێرانییه‌كه‌وه‌ به‌ كورد دراون زۆر زیاترن له‌و به‌ڵێنانه‌ى كه‌ عه‌بادیی و هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ى بۆ كوردیان خستووه‌ته‌ڕوو، هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ى مالیكى ئاماده‌یى هه‌یه‌ كه‌ به‌شه‌ بودجه‌ى 17% بۆ كوردستان جێگیر بكات و پێشمه‌رگه‌ش بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌ڵام عه‌بادى له‌سه‌ر هیچكام له‌و پرسانه‌ له‌ كورد نه‌هاتۆته‌ پێشه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ چه‌ند رۆژی رابردووشدا وتی "له‌سه‌ر پرسی كه‌ركوك هیچ سازشێك بۆ كورد ناكات".

 

دووه‌م:
ڕۆڵى لایه‌نى ئێرانى له‌ ڕێگه‌ى به‌ڵێن و فشاره‌وه‌ بۆ سه‌ر سه‌ركردایه‌تى سیاسى كورد، ئێرانییه‌كان به‌ چه‌ندین ڕێگه‌ ئه‌وه‌یان ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ كورد له‌ قازانجیانه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ى مالیكى بن، ئه‌مه‌ش به‌ زمانى دیپلۆماسى واته‌ هه‌ڕه‌شه‌.

،،

ئێرانییه‌كان به‌ چه‌ندین ڕێگه‌ ئه‌وه‌یان ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ كورد له‌ قازانجیانه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ى مالیكى بن، ئه‌مه‌ش به‌ زمانى دیپلۆماسى واته‌ هه‌ڕه‌شه‌.

 

سێیه‌م:
دڕدۆنگى بارزانى له‌ عه‌بادى و حه‌زى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ لێى كه‌ له‌ سه‌روبه‌ندى ڕووداوه‌كانى مانگى ئۆكتۆبه‌رى ساڵی رابردوو به‌ هێزى سه‌ربازى په‌لامارى كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانى داو ڕووه‌ و هه‌ولێر و هه‌رێمى كوردستانیش هات.

 

ghfg
کۆبوونەوەی وەفدی پارتی و یەکێتی لەگەڵ هادی عامری ـ بەغداد ـ ٢٠١٨.٩.٢


چواره‌م:
حه‌زى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ى بارزانى و دڕدۆنگى به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و بۆچوونه‌ى، كه‌ ئه‌مریكییه‌كان ته‌نها كاریان سازشكردنه‌ به‌ كورد و فشاركردنیانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ كورد بچێته‌ ناو هاوكێشه‌كانیانه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى دواتر له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵێنانه‌ سوربن كه‌ به‌كوردیان داوه‌.

 
به‌نمونه‌ له‌ پێكهێنانى حكومه‌تى پێشووى عێراقدا برێت ماكگۆرك به‌ڵێن گه‌لێكى زۆرى به‌ كورددا به‌ڵام كه‌ عه‌بادیی حكومه‌تى دروستكرد ئه‌مریكییه‌كان هیچ فشارێكیان نه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ عه‌بادیی ناچاربێت مامه‌ڵه‌یه‌كى ته‌ندروست له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان بكات.

 

له‌ پرسه‌ هه‌ستیاره‌كانى عێراقدا له‌ ساڵانى رابردوودا كاتێك كێشه‌ ده‌كه‌وته‌ نێوان ئه‌مریكا و ئێران هه‌میشه‌ سیاسه‌تى كوردیش دووبه‌ش بوو به‌ جۆرێك سیاسه‌تى یه‌كێتى له‌ بلۆكى ئێرانى و سیاسه‌تى پارتیش له‌ بلۆكى ئه‌مریكیه‌وه‌ نزیك بوو، به‌ڵام هه‌ڵوێستى نه‌رێنى ئه‌مریكییه‌كان له‌سه‌ر ڕیفراندۆم و ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر و ڕۆژانى دوایى، كه‌ ئه‌مریكییه‌كان پاڵشتى عه‌بادیان كرد و دژى بارزانی و ڕیفراندۆم وه‌ستانه‌وه‌ به‌ ته‌واوه‌تى پارتى له‌ بلۆكى ئێرانى نزیك كرده‌وه‌ و پارتى برده‌ سه‌ر هێڵى ئێران.

 

ئێستا به‌ ته‌نها یه‌كێتى نییه‌ كه‌ له‌ بلۆكى ئێرانییه‌وه‌ نزیكه‌، به‌ڵكو پارتى دیموكراتى كوردستان و خودى بارزانیش به‌م دواییانه‌ له‌سه‌ر ئاستى باڵا له‌ ئێرانیه‌كان نزیكبوونه‌ته‌وه‌ و هێڵه‌ سارده‌كانى جارانی نێوانیان گه‌رم كردوه‌ته‌وه‌.
ته‌نانه‌ت له‌ ساڵی رابردووه‌وه‌ تائێستا چه‌ندین جار قاسمى سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران سه‌ردانى بارزانى كردووه‌ له‌ سه‌رى ره‌ش.

 

jk
فواد حسێن، برێت ماکگۆرک، مەلا بەختیار ـ بەغداد ـ ٢٠١٨.٩.٣

  
ئه‌مریكا له‌ ڕێگه‌ى نوێنه‌ری سه‌رۆكه‌كه‌یه‌وه‌ ( برێت ماكگۆرك) چه‌ندین جار سه‌ردانى بارزانى و سه‌ركردایه‌تى سیاسى كوردى كردووه‌ و دواى لێكردوون یه‌كهه‌ڵوێست بن و پێكه‌وه‌ به‌شدارى پرۆسه‌ى سیاسى بكه‌ن، پشتگیرى هاوپه‌یمانێتى سه‌در و عه‌بادى و عه‌لاویش بكه‌ن و له‌گه‌ڵ دووباره‌ كاندیدكردنه‌وه‌ى عه‌بادیش بن بۆ سه‌رۆك وه‌زیران.

هه‌روه‌ها هه‌فته‌ى رابردوو خودى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا مایك پۆمپیۆ په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى به‌ بارزانییه‌وه‌ كرد و هه‌مان دواكارى له‌ بارزانى هه‌بووه‌ كه‌ پشتگیرى له‌ عه‌بادى بكه‌ن بۆ ویلایه‌تى دووه‌م.

،،

له‌وانه‌یه‌ سه‌ركردایه‌تى سیاسى كورد نه‌یه‌وێت له‌سه‌ر حسابى كورد یاریه‌كه‌ یه‌كلابێته‌وه‌، چونكه‌ بڕیاردانى ئه‌و به‌ ماناى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى یاریه‌كه‌ دێت له‌ قازانجى تاران یان واشنتۆن، له‌ حاڵێكى وه‌هاشدا كورد ده‌زانێت به‌رگه‌ى ڕق و توڕه‌یى هیچ كام له‌و دوو وڵاته‌ ناگرێت.

 

fgcv
کۆبوونەوەی وەفدی پارتی و یەکێتی لەگەڵ عەممار حەکیم ـ بەغداد ـ ٢٠١٨.٩.٢

 

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و فشارانه‌ى له‌ لایه‌ن تاران و واشنتۆنه‌وه‌ له‌سه‌ر كورد هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى له‌سه‌ر یه‌كێك له‌و دوو به‌ره‌ سیاسیه‌ خۆى یه‌كلابكاته‌وه‌، كورد خۆى گرتووه‌ و بێلایه‌نى سلبى هه‌ڵبژاردووه‌ له‌ چاوه‌ڕوانى پێكهاتنى ئه‌مریكا و ئێران له‌سه‌ر كاندیدێكى ته‌وافوقى یان به‌زینى یه‌كێك له‌و بلۆكانه‌ و چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ى له‌ یاریه‌كه‌


له‌وانه‌یه‌ سه‌ركردایه‌تى سیاسى كورد نه‌یه‌وێت له‌سه‌ر حسابى كورد یاریه‌كه‌ یه‌كلابێته‌وه‌، چونكه‌ بڕیاردانى ئه‌و به‌ ماناى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى یاریه‌كه‌ دێت له‌ قازانجى تاران یان واشنتۆن، له‌ حاڵێكى وه‌هاشدا كورد ده‌زانێت به‌رگه‌ى ڕق و توڕه‌یى هیچ كام له‌و دوو وڵاته‌ ناگرێت.

 

هه‌رچه‌نده‌ به‌ ئاشكرا ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ كورد حه‌زیان به‌ هاوپه‌یمانیه‌ له‌گه‌ڵ مالیكى و له‌ نێوان ئه‌و و عه‌بادیدا ئه‌و هه‌ڵده‌بژێرن، به‌ڵام باجى هه‌ڵه‌ى حساب نه‌كردن بۆ ئه‌مریكا له‌ ڕیفراندۆمدا وای لێكردوون به‌رله‌وه‌ى بڕیارێكى له‌و جۆره‌ بده‌ن هه‌زار و یه‌ك جار بیربكه‌نه‌وه‌.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری