دەڵێن دۆخی ناوخۆی گۆڕان مەترسیدارەو شوناسی گۆڕان لە بەردەم هەڕەشەدایە

" داوای پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە دەكرێت لەو پەرلەمانتارانەی گۆڕان كە لە ئامادەكردنی هەردوو پرۆژە یاسای تیرۆرو هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێمدا ڕۆڵیان هەبووە "

دەڵێن دۆخی ناوخۆی گۆڕان مەترسیدارەو شوناسی گۆڕان لە بەردەم هەڕەشەدایە

13091 خوێندراوەتەوە

لە پرۆژەیەكدا كە ئاڕاستەی ڕێكخەری گشتی‌و جڤاتی نیشتیمانییان كردووە، نۆ هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان، دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەكەیان بە مەترسیدار ناو دەبەن‌و داواش دەكەن‌و كە لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو پەرلەمانتارانەی گۆڕان بگیرێت كە ڕۆڵیان لە ئامادەكردن‌و دەنگدان بە هەردوو یاسای تیرۆرو هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێمدا هەبووە.

 

لە سەرەتای ئەو پرۆژەیەدا كە بۆ ڕێكخەری گشتی‌و جڤاتی نیشتیمانی گۆڕانیان ناردووە، ئەوان كە نۆ هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەكەن، هۆشیاری دەدەنە ڕێكخەری گشتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و جڤاتی نیتیمانی‌و دەڵێن:" ئێستا لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانداین‌و ئەگەر بەم ڕەوشە حیزبییە ناوخۆییەوە بەشداری بكەین، ئەگەرێكی بەهێزە دووچاری شكستێكی كوشندە ببینەوە".

ئەوان، كە هەریەكە لە ( عەبدوڵای مەلا نوری‌و كاوە محەمەدو شێركۆ حەمە ئەمین‌و ئومێد حەمە عەلی‌و غالب محەمەدو ئیسماعیل نامیق‌و ئەمین بەكرو ڕەوەز سەركەوت‌و چیا عەباس"ن، ئاماژەیان بەوە داوە كە نوێنەرایەتی ژمارەیەكی زۆر لە هەڵسوڕاوانی گۆڕان لە ناوەوەو دەرەوەی كوردستان دەكەن‌و ژمارەیەكی زۆریش لە هەموو ئۆرگان‌و ناوچە جیاوازەكاندا پشتگیری لە پرۆژەكەیان دەكەن.

،،

لە سەرەتای ئەو پرۆژەیەدا كە بۆ ڕێكخەری گشتی‌و جڤاتی نیشتیمانی گۆڕانیان ناردووە، ئەوان كە نۆ هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەكەن، هۆشیاری دەدەنە ڕێكخەری گشتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و جڤاتی نیتیمانی‌و دەڵێن:" ئێستا لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانداین‌و ئەگەر بەم ڕەوشە حیزبییە ناوخۆییەوە بەشداری بكەین، ئەگەرێكی بەهێزە دووچاری شكستێكی كوشندە ببینەوە".

 

پرۆژەكەی ئەو هەڵسوڕاوە دیارانەی بزوتنەوەی گۆڕان، پەیامی ئەوەی داوەتە ڕێكخەری گشتی‌و جڤاتی نیشتیمانی، كە كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان، پانتایی نائومێدییە جەماوەرییەكان بەرانبەر گۆڕان زیاتر دەكات‌و كێشەكانیش بووەتە هەڕەشە لەسەر شوناسی بزوتنەوەكەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ كاریگەری لەسەر پێگەی جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان دا دەنێت.


سەرباری ئاماژەدان بە كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكەیان وەكو لە پرۆژەی ئەو هەڵسوڕاوانەدا خراوەتە ڕوو، ئەوان باسیشیان لەوە كردووە كە سەرباری كێشەی جەوهەری لەناواخنی بزوتنەوەكەدا، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان تا ئێستا ئیرادەی یەكلاكەرەوەی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە نیشان نەداوە.
ئەو هەڵسوڕاوانە، ئۆرگانەكانی سەركردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان بە بەرپرسیار دەزانن لە تەواوی كەم‌و كوڕییەكان‌و قووڵبوونەوەی كێشەكان ناوخۆیییەكانی بزوتنەوەكەیان.


لە پرۆژەكەی ئەواندا هاتووە كە " لاوازی ئۆرگانە باڵاكانی بزوتنەوەكە وایكردووە بەڕوونی هەست بەوە بكرێت كە لەدەرەوەی ئۆرگانە دەستورییەكانەوە، بڕیار لە بارەی پرس‌و كێشە جیاوازەكانەوە گەڵاڵە بكرێت، بۆ ئەمەش نموونەی بەرچاو هەیە، هەر ئەمەش فاكتەری ئەوەیە كە دیارترین خەسڵەتی گۆڕان كە هێزێكی دژە دەسەڵاتی بنەماڵەییە، بكەوێتە بەر مەترسی جدییەوە".

 

بەشێک لەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕان  کە پڕۆژەکەیان پێشکەشکردووە


لەپاش بەیانكردنی لاوازی ئۆرگانە باڵاكانی بزوتنەوەكەیان لە لایەن ئەو هەڵسوڕاوانەوە، ئەوان لە پرۆژەكەیاندا ئەوەیان خستووەتە ڕوو كە خاوەندارییەتی موڵك‌و ماڵی بزوتنەوەكە سەریكێشاوە بۆ گروپبەندییەكی دیاریكراو، بە بڕوای ئەوان ئامانج لەوەش زەمینە سازكردنە بۆ دووبارەكردنەوەی ئەو ئەزموونە نادیموكراتییی كە لە خێزانە سیاسییەكانی دیكەدا ئامادەیی هەیە.

پرۆژەی ئەو هەڵسوڕاوانەی بزوتنەوەی گۆڕان، هۆشیاری دەداتە ڕێكخەری گشتی‌و خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەكە كە نابێت چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانیان بخەنە پاش هەڵبژاردنی كوردستان، وەكو ئەوان ئاماژەیان پێداوە " ئەو كێشانەی ئێستا بزوتنەوەكەمان بە دەستیانەوە دەناڵێنێت، بەرگەی هیچ دواخستن‌و نیوە چارەسەرێك ناگرێت‌و نابێت بە هەمان مۆدیلی بڕیار بەدەستانی یەكێتی، مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، كە كاتی خۆی كاك نەوشیروان‌و هاوڕێكانی قبوڵیان نەبوو، لێی هاتنە دەر".

ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕان باسیان لەوە كردووە كە هێزی سیاسی زیندو، بەر لە هەڵبژاردن چارەسەری كێشەكانی دەكات، بۆیە داوا دەكەن بەر لە هەڵبژاردن كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان چارەسەر بكرێت‌و دەشڵێن:" دەبێت تا زووە دەستبكرێت بە چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان‌و لە هەڵمەتی هەڵبژاردنیشدا بێ دوو دڵی ئازایانە، بەخەڵك‌و دەنگدەرانمان بڵێین كە ئێمە كێشەمان هەیە‌و ئەداو هەڵوێستمان لە ئاستی پێوویست‌و چاوەڕوانی ئێوەدا نەبووە".


نۆ هەڵسوڕاوە دیارەكەی گۆڕان لە پرۆژەكەیاندا بە ڕێكخەری گشتی‌و خانەی ڕاپەڕاندن دەڵێن كە گۆرشان هیچ كارت‌و كەرەستەیەكی بەهێزی بۆ هەڵبژاردن پێنەماوە كە لەڕێگەیەوە دەنگدەران لە دەوری خۆی كۆبكاتەوەو قەناعەتیان پێ بێنێت كە دەنگەكانیان بە خەسار ناچن، وەكو ئەوان دەڵێن:" ئەگەر ئێستا بە هەمان نەفەسی هەڵبژاردنەكانی پێشوو، بە خەڵك بڵێین دەبێت داهاتی هەرێم شەفاف بێت، دەڵێن داهاتی خۆتان شەفاف نییە، بڵێین هەرێم بە دامەزراوەیی دەكەین، دەڵێن خۆتان بە دامەزراوەیی ئیش ناكەن، دەڵێین پارتی‌و یەكێتی، هەموو دەسەڵاتەكانی هەرێمیان لە نێوان دوو بنەماڵەدا دابەشكردووە، دەڵێن ئەوەتا ئێوەش خەریكە هەمان پەتا دەتانگرێتەوە".


ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕان، مەترسییەكانی دواخستنی چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكەیان بۆ دوای هەڵبژاردن، لە پێنج خاڵدا ئاماژە پێدەدەن‌و دەڵێن:" مەترسی بە لاڕێدابردن زیاتر هەناو بزوتنەوەكە دەتەنێ‌و دوای هەڵبژاردنیش جڤاتی نیشتیمانی‌و ڕێكخەری گشتی‌و خانەی ڕاپەڕاندنیش، بێدەربەستتر دەبن لە ئاست كێشەكان‌و، كە هەڵبژاردنیش نەبوو، گرووپە سوود مەندەكان لەسەر بەلاڕیدابردنی بزوتنەوەكەمكوڕتر دەبن‌و بەهۆی هەڵبژاردن‌و لێكەوتەكانییەوە گرژی‌و كەڵێنەكان ناو فراكسیۆنی تازەش دەگرێتەوەو لە دوای هەڵبژاردنیش گۆڕانێكی لاواز ناتوانێت پێگەیەكی بەهێز لە حكومڕانی یان بەرەی ئۆپۆزیسیۆن بە دەست بێنێت".


هەڵسووڕاوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، داوا كارییەكانیان لە دووبەشدا خستووەتە بەردەمی ڕێكخەری گشتی‌و جڤاتی نیشتیمانی‌و لە بەشی یەكەمی پرۆژەكەیاندا كە چواردە داواكاری تێدا ئاماژە پێدراوە، ئەوان داوایان كردووە كە لیژنەیەكی تایبەت پێك بهێنرێت بۆ پێداچوونەوەو داڕشتنەوەی وتاری سیاسی‌و دوونیابینی بزوتنەەی گۆڕان بۆ پرسە جیاوازەكان.


كاركردن بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتییەكی بەرفراوان‌و بەهێز لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی دەرەوەی یەكێتی‌و پارتی، كە دوور مەودا بێت‌و پەیوەست نەبێت بە قۆناغی هەڵبژاردنەوە، یەكێكی دیكە لە داواكاری ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕانە.


لە خاڵی سێیەم‌و چوارەمی بەشی یەكەمی پرۆژەكەیاندا، ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕان، میدیاو دارایی بزوتنەوەی گۆڕان، وەكو دوو كێشەی گەورە وێنا دەكەن‌و داوا دەكەن كە میدیاكانی گۆڕان سەر بە ژووری ڕۆژنامەوانی بن‌و ئاماژە بەوە دەكەن كە دەبێت میدیا بەوجۆرە ڕێك بخرێتەوە كە نەوشیروان مستەفا لە 1- 3- 2015 بڕیاری لەسەر داوە.


سەبارەت بە دارایی بزوتنەوەكەش، ئاماژەیان بەوە داوە كە دەبێت ژووری دارایی لەسەر داهات‌و خەرجییەكان، ڕاپۆرتی وەرزی‌و ساڵانە بخاتە بەردەم هەردوو جڤاتی گشتی‌و نیشتیمانی.

،،

لە خاڵی سیازدەیەمی بەشی یەكەمی پرۆژەكەی ئەو نۆ هەڵسوراوەی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە كە دەبێت لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو ئەندام پەرلەمانانەی گۆڕان دروست بكرێت كە بەشداربوون لە ئامادەكردن‌و دەنگدان بە هەردوو پرۆژە یاسای ( تیرۆرو هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم).


داواكاری پێنجەمی بەشی یەكەمی پرۆژەی ئەو هەڵسوراوانەی گۆڕان، تایبەت بە خاوەندارێتی گری زەرگەتەوەو ئەوان وتوویانە :" گردی زەرگەتە لە ساڵی 2006 لە لایەن كاك نەوشیروانەوە بە ئامانجی بنیاتنانی پرۆژەیەكی سیاسی – ڕۆشنبیری بەپێی یاسا كارپێكراوەكان وەرگیراوە، ئەم پرۆژەیە خۆی لە بزوتنەوەی گۆڕاندا بەرجەستە كردووە، گردی زەرگەتە بەشێك دەبێت لە موڵك‌و ماڵی بزوتنەوەی گۆڕان‌و تەنها بۆ بەرژەوەندی گشتی بەكار دێت.

لە خاڵی شەشەم‌و حەوتەمدا، داوای ئەوەیان كردووە كە هەرچی زووە ئامادەسازی بكرێت بۆ سازدانی كۆنفرانسی دووەمی بزوتنەوەی گۆڕان‌و هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان‌و هەڵبژاردن بۆ هەموو ئاستەكان هەر لە بزنەوە تا خانەی ڕاپەڕاندن‌و ڕێكخەری گشتی بكرێت.

 

بەشێک لەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕان کە پرۆژەکەیان ئامادە کردووە، لە گەڵ هەرسێ ڕۆشنبیر مەریوان وریا قانع و ئاراس فەتاح و ڕێبین هەردی


لە خاڵی سیازدەیەمی بەشی یەكەمی پرۆژەكەی ئەو نۆ هەڵسورشاوەی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە كە دەبێت لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو ئەندام پەرلەمانانەی گۆڕان دروست بكرێت كە بەشداربوون لە ئامادەكردن‌و دەنگدان بە هەردوو پرۆژە یاسای ( تیرۆرو هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم).


لە پرۆژەكەیاندا هاتووەو دەڵێن:" پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە بارەی چۆنیەتی ئامادەكردن‌و دەنگدان بە یاساكانی ( تیرۆرو هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم) كە لە لایەك ئەندامانی جڤاتەكانی نیشتیمانی‌و گشتی‌و ڕێكخەری ژوورەكان‌و تەنانەت خانەی ڕاپەڕاندنیش ئاگادار نەبوون، ئەوە لادانێكی مەترسیدا لە پرەنسیپەكانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كە لە ڕووی سیاسی‌و جەماوەرییەوە زۆر لەسەر گۆڕان كەوتووە".

ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕان، لەبەشی دووەمی پرۆژەكەیاندا كە لە سێ خاڵدا خستوویانەتە ڕوو داوا دەكەن كە هەرچی زووە گۆڕانكاری بكریچت لە خانەی ڕاپەڕاندنداو ڕێكخەر بۆ ئەو ژوورانەش دابنرێت كە ڕێكخەریان نییە.

 

پڕۆژە پێشکەشکراوەکەی هەڵسوڕاوەکانی گۆڕان 

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی