رامین حسێن پەناهی، لە چاوەروانی پەتی سێدارەو رەحمی رۆحانیدا

بنەماڵەی رامین حسێن پەناهی لەرێگەی دیپلۆماتیكەوە داوای بینینی سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی دەكەن

رامین حسێن پەناهی، لە چاوەروانی پەتی سێدارەو رەحمی رۆحانیدا

532 خوێندراوەتەوە

 دوای ئەوەی هاوینی پارساڵ ئەو گەنجە كوردەی كە چالاكوانی سیاسی بوو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە بەبرینداری رەوانەی زیندان كرا، چەند مانگێك لەمەوبەر حوكمی لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت و بنەماڵەكەشی دەڵێن" بریارێكی زۆر نادادپەروەرانە بووە كە لەماوەی تەنها چوار خولەكدا حوكمەكە دراوە".

 
سەبارەت بەم بابەتە ئەمجەد حسێن پەناهی، برای رامین حسێن پەناهی بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین دەدوێت و پێی وایە كە حوكمێكی سیاسییانەیە و دوورە لە هەموو بەهایەكی ئەخلاقی و قانونی.

 

ئەمجەد حسێن پەناهی، برای رامین حسێن پەناهی

 

 

،،

ئەمجەد پەناهی هەرچەندە ئەوە ناشارێـتەوە كە براكەی ئەندامی حزبی كۆمەڵە بووە و چالاكوانی سیاسی بووە بەڵام دەڵێت:" هیچ قودرەتێك ناتوانێ بە چەكەوە بچێتە سنەو بسورێتەوە".

 

 

 
رامین بۆ لای دایكی چوو بوو


ئەمجەد حسێن پەناهی دەڵێت: "هاوینی پارەكە دایكم نەخۆش بوو، رامینی برام ویستی سەردانی بكات، لەگەڵ چەند هاورێییەكی لەناو سەیارەدا بوون لەیەكێك لە شەقامەكانی سنە، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەسترێژی گولەیان لێكراو رامینیان بە برینداری بەرەو زیندان برد".

 
سەبارەت بەوەی كە هێزە ئەمنییەكانی ئێران ئاماژەیان پێكردووە، گوایا رامین و هاورێكانی چەكیان پێ بووە و شەریان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان كردووە، ئەمجەد پەناهی هەرچەندە ئەوە ناشارێـتەوە كە براكەی ئەندامی حزبی كۆمەڵە بووە و چالاكوانی سیاسی بووە بەڵام دەڵێت:" هیچ قودرەتێك ناتوانێ بە چەكەوە بچێتە سنەو بسورێتەوە".

 

رامین حسێن پەناهی لەگەڵ چەند هاورێیەكیدا

 

ئەو برایەی رامین دەشڵێت: ئەمە تەنها تۆمەتێكە و هەموو جارێك دەسەڵاتدارانی ئێران دەیدەنە پاڵ ئەو كەسانەی كە بیانەوێ سزایان بدەن.

 
"ئێمە بنەماڵەیەكی شۆرشگێرین بۆیە ئێران رقی لێمانە"


ئەمجەد حسێن پەناهی ئەوەش ناشارێتەوە كە ئەوان هەر بە بنەماڵە شۆرشگێر بوون و كارو خەباتیان بۆ كوردستان بووە هەر لەم پێناوەشدا برایەكیان لەناو ریزەكانی حزبی كۆمەڵەدا شەهید بووە و ئێستەش برایەكی دیكەیان ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبەیە، و دە ساڵ لەمەوبەریش برا گەورەكەیان بەناوی رەفیق كە ئێستا لە تاران دادەنیشێت حوكمی لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت و بەهەمان شێوەی رامین كەمپەینی بۆ دەكەن تا دواجار بریاری لە سێدارەدانەكەی هەڵدەوەشێتەوە.

 

،،

ئەو رۆژەی رامین دەگیرێت و رەوانەی زیندان دەكرێـت بارودۆخی شارەكانی ئێران بەتایبەت شارە كوردییەكان خراپ دەبێت و خەڵكی دێنە سەر شەقەمەكان داوای مافەكانیان دەكەن، بۆیە دەسەڵاتدارانی ئێران ویستویانە لەرێگەی رامینەوە خەڵكی بترسێنن.

 

 هەربۆیە براكەی رامین هۆكاری سەرەكی توندبوونی دەسەڵاتدارانی ئێران لەگەڵ رامین دەگەرێنێتەوە بۆ ئەم هۆكارەی كە ئەوان بە بنەماڵە خەباتیان دژی دیكتاتۆرییەت كردووە بۆیە دەسەڵات رقی لێیانە.

 
ئەمجەد هۆكارێكی دیكەش باس دەكات كە وایكردووە بەخێرای حوكمی رامین بدەن ئەویش، ئەو رۆژەی رامین دەگیرێت و رەوانەی زیندان دەكرێـت بارودۆخی شارەكانی ئێران بەتایبەت شارە كوردییەكان خراپ دەبێت و خەڵكی دێنە سەر شەقەمەكان داوای مافەكانیان دەكەن، بۆیە دەسەڵاتدارانی ئێران ویستویانە لەرێگەی رامینەوە خەڵكی بترسێنن و نەیەنە سەر شەقامەكان و دژی دەسەڵات نەوەستنەوە.

 

بۆچی لە تاسڵوجە رێگە لە براكەی رامین گیرا؟


ئەمجەد نیگەرانە لەوەی ئەمرۆ ویستویانە بە چوار پاس كە نزیكەی 70 كەس بوون بچنە هەولێر و لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان كەمپەین بۆ رامین بكەن و داوای ئازادكردنی بكەن بەڵام بەرپرسانی بازگەی تاسلوجە رێگریان لێ دەكەن و وەك ئەمجەد دەڵێت:" سوكایەتییەكی زۆریان پێكردم و رێگەیان نەدا بچین بەرەو هەولێر"

 
بەڵام براكەی رامین دەڵێـت: ئێمە هەر بەردەوام دەبین لە داواكەمان كە هەڵگرتنی حوكمی لە سێدارەدانە لەسەر رامین، چونكە تەنها تاوانی ئەو كورد بوونە كە داوای مافی گەلەكەی دەكات.

 
هەروەها ئەمجەد دەشڵێت: " ئێمە هیچ زەرەرو زیانێكمان بۆ هەرێمی كوردستان نییە و بە وڵاتی خۆمانی دەزانین و من هاتوومەتەوە بۆ ئەوەی چاوم بە بەرپرسانی هەرێم بكەوێت تاكو شتێك بۆ برا 23 ساڵانەكەم بكەن و لە مردن رزگاری ببێت".

 

رامین حسێن پەناهی

 

 

،،

 دڵنیاین بە تەداخولكردنی ئەوان لەم بابەتە و داواكردنیان لە دەسەڵاتدارانی ئێران كە حوكمەكە راگرن، ئەگەری زۆرە كورەكەمان رزگاری ببێت.

 


" لەرێگەی دیپلۆماتیكەوە داوای بینینی دەسەڵاتدارانی كورد دەكەین"


ئەمجەد حسێن پەناهی، ئەوە ناشارێتەوە كە هەندێ حزب و بەرپرس لەگەڵیان هاتوونەتە سەر خەت و هاوكاریان بوون، بەڵام پێویست دەكات سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی یاخود هەندێ كەسایەتی سیاسی دیكە بێنە سەرخەت و هاوكار بن بۆ ئەوەی كورەكەیان رزگاری ببێـت.

 
هەربۆیە ئەمجەد بەناوی بنەماڵەی كورەكەیانەوە لەرێگەی دیپلۆماتیكەوە داوای دیداری نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی دەكات و دەڵێت: " دڵنیاین بە تەداخولكردنی ئەوان لەم بابەتە و داواكردنیان لە دەسەڵاتدارانی ئێران كە حوكمەكە راگرن، ئەگەری زۆرە كورەكەمان رزگاری ببێت".

 
براكەی رامین لەكۆتایدا ئاماژە بەوە دەكات، لە ئێستادا حوكمی لە سێدارەدان دەرچووە بۆ كورەكەیان و دادگای باڵای ئێرانیش پشتراستی كردووەتەوە و تەنها جێ بەجێكردنی ماوە، بەڵام ئەوەی جێ بەجێكردنەكەی دواخستووە تەنها ئەم پاڵپشتییە نێودەوڵەتی و جیهانییە كە بۆ رامین دەكرێت، گەرنا لە سێدارەدنی رامین لە ئان و ساتدایە.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان