خوێندنەوە بۆ کتێبی "دین و عەلمانیەت" ی مەریوان وریا قانع

خوێندنەوە بۆ کتێبی "دین و عەلمانیەت" ی مەریوان وریا قانع

خوێندنەوە بۆ کتێبی "دین و عەلمانیەت" ی مەریوان وریا قانع

446 خوێندراوەتەوە

دین و عەلمانیەت کتێبێکی مەریوان وریا قانعە بە قەبارەی 438 لاپەڕە کە بەم دواییانە دەزگای ئەندێشە چاپی کردووە، ئەم کتێبە بە تەفاسیلی باس لە سەرەتاکانی فیکرەی سەرهەڵدانی عەلمانیەت دەکات تا دەگات بەو سەرەتایەی ئەم فیکرە بەر ڕەخنە دەدات و بە شتێکی هەڵە و ناڕاستی دەزانێت و پێویست دەکات تێپەڕێنرێت.

 

 

هەڵبەتە کارێکی ئاسان نیە خوێندنە بۆ ئەم کتێبە بکرێت و هەقی خۆی پێ بدرێت، چونکە کتێبێکە جوزئیاتی زۆری تێدایە و پێویست دەکات بۆ نیشاندانی مەبەست و ڕوئیاکانی پشت کتێبەکە خۆیشی مامەڵەی وردی لەگەڵ بکرێت.

 

 ئێمە دەتوانین ئەم کتێبە بۆ سێ هێڵی بنەڕەتی دابەش بکەین، هەرچی هێڵی یەکەم هەیە بریتیە لە سەرهەڵدانی فیکرەی نادینی کە لەسەدەی نۆزدەهەمەوە دەست پێدەکات و تیایدا هیگڵ و فیورباخ و مارکس و نیچە لەخۆی دەگرێت.

،،

 دەتوانین ئەم کتێبە بۆ سێ هێڵی بنەڕەتی دابەش بکەین، هەرچی هێڵی یەکەم هەیە بریتیە لە سەرهەڵدانی فیکرەی نادینی کە لەسەدەی نۆزدەهەمەوە دەست پێدەکات و تیایدا هیگڵ و فیورباخ و مارکس و نیچە لەخۆی دەگرێت.

 

لەم سەدەیەدا ئەو تێڕوانیە زاڵ دەبێت کە پێی وایە عەقڵ تێپەڕێنەری خورافەیە و چیتر ژیری مرۆڤ بۆ کێشە دونیاییەکانی ناگەڕێتەوە بۆ دین و ترسە دینیەکانی تێدەپەڕێنێت، بەڵام هیگڵ بەتەواوی دین پەراوێز ناخات و ڕوبەرێکی بۆ دەهێڵێتەوە، بەتایبەت ئەو کاتەی کە دەتوانێت لەڕووی ئەخلاقەوە یارمەتیدەری مرۆڤ بێت، هەرچەندە خودی ئەخلاقیش بەلێکەوتەیەکی ڕەهای دینی نازانێت، چونکە دین ڕوبەرێکە پڕە لە توندو تیژی و پڕە لەتموحی سڕینەوەو پێکدادان و دواجار پڕە لەوەهم و ناتوانێت وێنەیەکی تەواوی شتەکانمان پێ بدات و هەقیقەت بەمرۆڤ بناسێنێت. بۆیە عەقڵ ئەم ئەرکە لە ئەستۆ دەگرێت و هەوڵ دەدات خۆی لەم تەنگەژە دینیە ببوێرێت.

 

هیگڵ جەخت لە ئاگاییەک دەکاتەوە تیایدا پێویستی بە دین نەبێت و لەبری ئەوەی خۆی لە گریمانەی دینیدا بدۆزێتەوە خۆی لەفەلسەفەو زانستدا دەدۆزێتەوە، چونکە ئەوەی عەقڵ و زانست و فەلسەفە پێی دەگەن هەقیقەتە.

FGC
د.مەریوان وریا قانع ئیمزا لەسەر کتێبەکەی دەکات بۆ خوێنەرەکانی ـ کتێبخانەی ئەندێشە ـ سلێمانی

 

هەرچی فیورباخ هەیە خودا وەک بونێکی ئاسمانی نابینێت، مرۆڤ بونەوەرێکە لە کاتی لاوازی و ترس و حەزە بێ پایەنەکانیدا بۆ مانەوەیەکی هەتا هەتایی پێویستی بەوە هەیە پەنا بۆ هێزێکی باڵاتر لەخۆی ببات، بونێک بتوانێت لەترسە سروشتیەکان بی پارێزێت، لە پای مردن و کورتی ژیان و ترس لەمردن بونێکی هەمیشەیی پێ بدات، ئەم نامۆ بوونە بەخود لای فیورباخ خوڵقاندنی خودای لێ دەکەوێتەوە، بەم پێیەش دین لێکەوتەیەکی دەرونیەو ئاوێنە شکاوی ناوەوەی مرۆڤە.

 

هەرچی مارکس هەیە خودا وەکو وێنەیەکی تەواوی مرۆڤ دەبینێت کە مرۆڤ خۆی دروستی کردووە و بەرزی کردوەتەوە بۆ ئاسمان، تاوەکو دڵدار و فریاد ڕەسی هەموو ناخۆشی و زوڵم لێ کردنەکانی بێت، دینیش دەبێتە ئەو دونیا فانتازییەی کە مرۆڤ پەنای بۆ دەبات تاکو بەرگەی ناڕەحەتی و نا دادی و نا یەکسانیەکانی ئەم ژیانەی بگرێت.

 

نیچەش بەهەمان شێوە دین وەک دەزگایەک دەبینێت کە مرۆڤ خواستەکانی خۆی تیا دەدۆزێتەوە، ئەم دەزگایەش وەکو هێزێکی باڵاو هەتا هەتایی سەیر دەکات، بەڵام نیچە پێیوایە کاتی ئەوەیە عەقڵ کۆتایی بەم خورافانە بهێنێت و مەرگی ئەم ئەفسانە ئاسمانیە ڕابگەیەنرێت، تاوەکو مرۆڤێک دروست بێت چیتر چاوی لە ئاسمان نەبێت و پشت بەهێزو تواناکانی خۆی ببەستێت.

 

بەکورتیەکەی نوسەر دەیەوێت ئەو زەمینە فکریە نیشان بدات کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا خۆش دەبێت بۆ سەرهەڵدانی بیرۆکەی ئەوەی چۆن کۆمەڵگە بەر پڕۆسەی بەعەلمانی بوون دەکەوێت و چۆن پەراوێز کەوتنی دین لە لایەن فەیلەسوفانەوە دەبێته جێگای سەرنج.

 

ئەو فەیلەسوفانەی لەم بارەیەوە دواون باس لەوە دەکەن کە مرۆڤ لەساتە وەختی لاواز بوونی دیندا دەژی و دین چیتر ئەو ڕۆڵەی لە دەست دەدات کە پێشتر هەیبووە، ساتەوەختی سەرهەڵدانە زانستی و توێژینەوە زانستیەکانە لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگە وەک بوونێک کە تا بێت گەشەی هەمە لایەنە بەخۆیەوە دەبینێت و دواتر سەرهەڵدانی ئەوەی دین چ ڕۆڵێک لەم کۆمەڵگەیەدا دەبینێت.

 

FGC
بەرگی کتێبەکەی د.مەریوان وریا قانع 

لێرەوە هێڵی دووەم دەست پێدەکات کە پێیوایە دین لە کۆمەڵگەدا ڕۆڵەکەی لە دەست دەدات و بەرەو لاوازی دەچێت و شوێن و پێگەی لێژ دەبێت و لە داهاتودا ناچار دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ناو ژیانی تایبەتی مرۆڤ.

 

هەر یەک لە ئەمیلی دۆرکهایم و ماکس ڤیبەرو بریان وێڵس درێژە پێدەری ئەم دنیا بینیەن کە نوسەر لە کتێبەکەیدا لەژێر ناوی تێزەی بەعەلمانی بونی دونیا شرۆڤەی دەکات، وەکچۆن تێزەی بەعەلمانی بونی دنیاو عەلمانیەت وەک ئایدۆلۆژیا بە جیاواز لەیەک نیشان دەدات.

 

هەرچی بەعەلمانی بونی دونیا هەیە پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتیە و پەیوەندی بە گۆڕان و تازەبونەوە کۆمەڵایەتیەکان و لەدایکبوونی داهێنانە زانستیەکان هەیە و وا دەکات خۆبەخۆ ڕۆڵی دین لەژیانی کۆمەڵایەتیدا لاواز بێت، بەڵام عەلمانیەت وەک ئایدۆلۆژیا خواستێکی سیاسی هەیە و دەخوازێت دین لە دەسەڵات دوور بکەوێتەوە.

 

هەرچەندە دۆرکهایم دین بە شتێک نابینێت خودایەکی ئاسمانی لە پشتیەوە وەستا بێت، بەڵام ڕۆڵەکەی بۆ کۆمەڵگە بە گرنگ دەبینێت، چونکە کۆمەڵگە دەزگایەکە تاکەکان کۆ دەکاتەوە و ڕۆحیەتێکی یەکگرتویان پێ دەبەخشێت، بەمەش کۆمەڵگە دەبێتە شتێکی پیرۆز بۆ تاکەکانی و وا دەکات هێزە یەکگرتووەکەی ناوی بپەرستن، بۆیە ناکرێت بەپاساوی ئەوەی مادام دین بناغەیەکی مەعریفی نییە هەموو ئەو ئەرکانەی لەبەرچاو نەگیرێن کە لەکۆمەڵگەدا دەیگێڕێت، بەڵام دۆرکهایم پێیوایە ئەم ئەرکەی بەرەو لاواز بوون دەچێت چونکە کۆمەڵگە بەمۆدێرنە دەبێت و داهێنانە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکان شوێنی پێ لەق دەکەن.

 

،،

 بەعەلمانی بونی دونیا پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتیە و پەیوەندی بە گۆڕان و تازەبونەوە کۆمەڵایەتیەکان و لەدایکبوونی داهێنانە زانستیەکان هەیە و وا دەکات خۆبەخۆ ڕۆڵی دین لەژیانی کۆمەڵایەتیدا لاواز بێت، بەڵام عەلمانیەت وەک ئایدۆلۆژیا خواستێکی سیاسی هەیە و دەخوازێت دین لە دەسەڵات دوور بکەوێتەوە.

ماکس ڤیبەر ئەم مرۆڤە مۆدێرنەیە بەمرۆڤێکی عەقڵانی دەبینێت، پشت بەهەست و سۆزەکانی نابەستێت، لۆژیک سەرچاوەی بڕیاردانەکانیەتی نەک باوەڕی دینی، پێیوایە لێکۆڵینەوە زانستیەکان جیهانێکی عەقڵانی و دوور لە خورافە بەرهەم دەهێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی پاشەکشەی تێڕوانینە دینیەکان لەناو کۆمەڵگەدا، بەمەش کۆمەڵگە دەبێتە کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و هەموو کۆمەڵگەیەکی مۆدرنیش لە ڕوانگەی بریان ویلسنەوە کۆمەڵگەیەکە بەر پڕۆسەی بەعەلمانی بوون و پەککەوتنی دینی دەکەوێت، چونکە ئەم پڕۆسەیە پڕۆسەیەکی ناچارییە لە بەردەم هەر کۆمەڵگەیەک کە بیەوێت دۆگمایی تێپەڕێنێت و خۆی نوێ بکاتەوە.

 

دەرچون لەم دۆگماییە وا دەکات دین و پیاوەکانی لەسەر ئاستی کۆمەڵگە ڕۆڵیان لەدەست بدەن، چونکە تازە بوونەوە کۆمەڵایەتیەکان کار لەسەر هەر سێ لایەنەکەی دین، فکری دینی و ئاکاری دینی دەزگای دینی دەکات.

 

دواجار نوسەر بیرۆکەی زاڵی پڕۆسەی بەعەلمانی بوون لەسەر کۆمەڵگەکان نیشان دەدات کە بیرۆکەیەکی باو بوو، وەکچۆن ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە دەنگی تر هەبووە دژ بەم تێڕوانینانە، بەڵام لەبەرئەوەی ژینگەی عەلمانیەت و پڕۆسەی بەعەلمانی بوون ژینگەیەکی زاڵ بووە، ئەو دەنگانەش کەمتر دەبیستران، نمونەش بۆ ئەمە سۆرن کیرگەگارد و ئالێکسی دی تۆکفیل دەهێنێتەوە.

 

author photo

نووسەر

دەرچووی بەشی مێژووی زانکۆی سەڵاحەدین

شارەزای مێژووی ئێران