كورد له‌ چاوه‌روانی یه‌كلابوونه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین كوتله‌دا

نه‌وه‌ی نوێ: چوار لایەنەکە جورئەتی بڕیاردانیان لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی نییە

كورد له‌ چاوه‌روانی یه‌كلابوونه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین كوتله‌دا

395 خوێندراوەتەوە

چۆنێتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و دروستکردنی گەورەترین هاوپەیمانی لە نێو پەرلەماندا هێشتا یەکلای نەبووه‌ته‌وه‌، له‌ كاتێكدا بەشێوەیەکی گشتی لایه‌نه‌ شیعه‌ عێراقییەکان بەسەر دوو بەرەی سەرەکیدا دابەشبوون، حه‌وت لایه‌نه‌كه‌ی كوردیش كه‌ كورسیان له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ ده‌ست هێناوه‌ به‌سه‌ر زیاتر له‌ به‌ره‌یه‌كدا دابه‌ش بوون، جگه‌ له‌ جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ كه‌ به‌ فه‌رمی چوونه‌ته‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ی سه‌در و عه‌بادییه‌وه‌ ئه‌وانی تر خۆیان یه‌كلا نه‌كردووه‌ته‌وه‌.

  دانا جەزا ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دیپلۆماتیک مەگەزینی ڕاگەیاند:" خۆیەکلاکردنەوە بڕیارێکی سیاسی دەوێت و بە شە و رۆژێک یەکلای ناکرێتەوە، هێزە عێراقییەکانیش خۆیان یەکلای نەکردۆتەوە، بۆیه‌ کورد نابێتە بەشێک لە کێشەی نێوان ئەو دوو بەرەی پێکهاتووە".

پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان پاکێجێکی هاوبەشیان داوەتە هێزە عێراقییەکان و دەیانەوێت بەپێی ناوەرۆکی پاکێجەکە بەشداری لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا بکەن، وه‌ك خۆیان رایانگه‌یاندووه‌ کام لایەنە ئامادەبێت زیاتر داواکارییەکانی نێو پاکێجەکە جێبەجێ بکەن پشتگیری ئەو لایەنە دەکەن.

dfc
 دانا جەزا ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق

بەپێی زانیارییه‌كانیش گرنگترین خاڵەکانی نێوپاکێجەکە ئه‌مانه‌ن:

  • جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ كه‌ رێوشوێنه‌كانی جێبەجێکردنی دەستنیشانکراوە.
    - بودجەی هەرێم بگەڕێتەوە سەر دۆخی جاران و گه‌ره‌نتی بدرێت كه‌ بە بڕیاری سیاسی نەتوانرێت ببردرێت.
    - نابێت جارێکی دیکە بە بڕیاری سیاسی گەمارۆی ئاسمانی بخرێتە سەر هه‌رێمى كوردستان و گه‌شتی فرۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی رابگیرێن.
    - شایستە دارییەکانی پێشمەرگە وه‌ك موچە و چەک و پێداویستی سه‌ربازیی دابین بکرێت.
    ئەمانەو چەند خاڵێکی دیکە بە پاکێجێکی هاوبەش دراوه‌ به‌و لایه‌نه‌ عێراقیانه‌ له‌ شیعه‌ و سوننه‌ كه‌ پارتی و یه‌كێتی له‌ به‌غداد و هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كردوون.

بریاره‌ یەکێتی لەسەر پرۆژە هاوبەشەکەی لەگەڵ پارتی و چۆنێتی بەشداریکردنی لە حکومەتی داهاتووی عێراق خۆی یەکلای بكاته‌وه‌، بەختیار شاوەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە دیپلۆماتیک مەگەزینی ڕاگەیاند:" ئەمڕۆ ١٠ی ئەیلولی ٢٠١٨ فراکسیۆنی یەکێتی لە شاری هەولێر لەگەڵ مەکتەبی سیاسی حزبەکەدا کۆدەبێتەوە و خۆی یەکلایی دەکاتەوە، کە چۆن بەشداری لە حکومەتی عێراق دەکات و پشتگیری کام لەو دوو بەرەیە دەکات".

 

fgc
 بەختیار شاوەیس ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق

 

سەبارەت هه‌ڵوێستی چوار لایەنەکە ( گۆران، یەکگرتوو، کۆمەڵ، هاوپەیمانی) به‌رامبه‌ر دانوستانه‌كان له‌ به‌غداد بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، ڕێبوار کەریم مه‌حمود ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ریی بە دیپلۆماتیک مەگەزینی ڕاگەیاند:" گتوگۆمان هەیە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، بەشێکیان سەردانیانیان کردوین و بەشێکیشیان لەبەغدا گفتوگۆمان کردووە لەگەڵیان، بەڵام لەبەرئەوەی هێزە عێراقییەکان یەکلایی نەبوونه‌تەوە و کەس نەیتوانیووە زۆرینە پێکبهێنێت، گفتوگۆکانمان وا لێکردووە كه‌ چاوەڕێی یەکلایی بوونەوەی هێزە عێراقییەکانین، بەڵام پێمان وایە بەم نزیکانە زۆرینە پێکنایەت".

 

dfc
ڕێبوار کەریم مه‌حمود ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق

سەبارەت بە دروستبوونی ناكۆی له‌ نێوانیان و ئه‌گه‌ی دوور كه‌وتنه‌وه‌ی چوار لایه‌نه‌كه‌ له‌ یه‌كتر، ڕێبوار کەریم مه‌حمود دەڵێت: "ڕۆژانە لە پەرلەمان گفتوگۆ و کۆبونەوەمان هەیە و خۆشبەختانە جوڵەیەکی سیاسی هەیە بۆ لێکنزیکبوونەوەی هێزە کوردییەکان و دەستکردن بەگفتوگۆیەکی نیشتمانی".


فراکسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ خاوه‌نی 5 كورسین له‌ په‌رله‌مانی عێراق تائێستا بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراقیان نەکردووە و سوێندی یاسایشیان نەخواردووه‌ و نه‌چوونه‌ یه‌كه‌م دانیشتنی ده‌ستپێك كه‌ رۆژی 3ی ئه‌م مانگه‌ به‌رێوه‌چوو.

غالب محەمەد ئەندامی فراکسیۆنی گۆران له‌ په‌رله‌مانی عێراق بە دیپلۆماتیک مەگەزینی وت ": فراکسیۆنەکەمان چاوەڕوانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانن کە بڕیاری لەسەر بدات، کە بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمان بکات یاخود بکێشتەوە".

fgv
 غالب محەمەد  ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق

 

جگە لەو شەش هێزە کوردییە ( یەکێتی، پارتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، هاوپەیمانی)، جوڵانەوەی نەوەی نوێ خۆی یەکلای کردۆتەوە و چووه‌ته‌ نێو هاوپەیمانی چاکسازی و ئاوەدانی کە بەشێک لە هێزە عێراقییەکان پێکیان هێناوە و سه‌در و عه‌بادیی و حه‌كیم و عه‌لاویی و نوجێفی دیارترینیانن.

سەبارەت بەوه‌ی كه‌ نه‌وه‌ی نوێ پێش لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی دیكه‌ خۆی له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ به‌ره‌كان یه‌كلا كردووه‌ته‌وه‌، رابوون مەعروف ئەندامی فراکسیۆنی نه‌وی نوێ له‌ په‌رله‌مانی عێراق بە دیپلۆماتیک مەگەزینی ڕاگەیاند:" کوتلەکان بوون بە دوو بەشەوە، بەشێکیان ئەو لایەنانە کە میلشیای چەکداریان هەیە و پێشتر ئێمە ئەزمونی حوکمڕانی خراپمان لەگەڵیان هەیە، بەشێکیشیان ئەوانەن بە ئاراستەی چەسپاندنی یاسا هەنگاو دەنێن، ئێمە ئەوەی دووەممان هەڵبژاردووە".

 

ghb
رابوون مەعروف ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق


ده‌شڵێت:" تا کاتێک ئەم ئاراستەیە وەک خۆی و لەسەر بەڵێنەکانی بەردەوام بێت لەگەڵیان بەردەوام دەبین، بەڵام ئەگەر یەکێتی و پارتی بێنە ناو هاوپەیمانێتییەکەوە ئێمە دەکشێینەوە و چوار لایەنەکەش جورئەتی بڕیاردانیان لەدەرەوەی یەکێتی و پارتی نییە".

دوا نیوه‌رۆی ئه‌مرۆش دوای كۆبوونه‌وه‌ی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتیی له‌ پیرمام بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵ، راگه‌یه‌نراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌ و له‌ خاڵی دووه‌میدا هاتووه‌" هەروەکوو لە ماوەی ڕابردوویش بە ئاشکرا ڕامانگەیاندووە بۆ یەکڕیزیی نێوماڵی کوردستان و بەشداریی هەموو لایەنەکانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسیدا، بانگهێشتی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی هەموو لایەنەکان دەکەین. بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەک ڕاسپێردرا بۆ ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ئەو کۆبوونەوەیە".

 

author photo

رۆژنامەنووس

بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی کوردیی

ئەزموونی ١٠ ساڵ کارى رۆژنامەوانیی