لایەنەكان بەدەم بانگەوازەكەی یەكێتی و پارتییەوە دەچن.؟

"لەگەڵ یەكێتی و پارتی ناچین بۆ بەغداد"

لایەنەكان بەدەم بانگەوازەكەی یەكێتی و پارتییەوە دەچن.؟

475 خوێندراوەتەوە

لەكۆتایی كۆبوونەوەكەیاندا كە ئەمرۆ لە پیرمام ئەنجامیاندابوو، یەكێتی و پارتی لە راگەیەندراوێكدا داوا لە سەرجەم لایەنەكان دەكەن كە پێكەوە بچن بۆ بەغداد، هەرچەندە چوار لایەنەكەش نیگەرانن بەڵام مەرجیان هەیە بۆ رۆشتن لەگەڵیان، نەوەی نوێش هەموو هاوپەیمانیەك لەگەڵ یەكێتی و پارتی رەد دەكاتەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی لە برگەی دووەمدا ئەوە هاتووە كە:
"هەروەكوو لە ماوەی ڕابردوویش بە ئاشكرا ڕامانگەیاندووە بۆ یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان و بەشداریی هەموو لایەنەكانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسیدا، بانگهێشتی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی هەموو لایەنەكان دەكەین. بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەك ڕاسپێردرا بۆ ئامادەكردنی پێداویستییەكانی ئەو كۆبوونەوەیە".

 

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەكێتی و پارتی لە پیرمام بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسول

 

 

،،

ئێمە وەك هاوپەیمانی پێمانوایە ئەگەر یەكێتی و پارتی ئامانجیان ئەوە بێت كە لە بەغداد خزمەتی گەلی كورد بكەن لاریمان نییە و دەكرێت پێكەوە بچینە بەغداد.

 

 


بەڵام لەمبارەوە لایەنەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی رای جیاوازیان هەیە، هاوپەیمانی پێی وایە ئەگەر یەكێتی و پارتی ئامانجیان خزمەتی گەلی كورد بێت لاریان نییە كە پێكەوە بچنە بەغداد و یەكگرتووش هیچ هیوایەكی بە دوو حزبی دەسەڵات نەماوە و نەوەی نوێش هەموو هاوپەیمانییەك لەگەڵیان رەد دەكاتەوە و گۆرانیش دەڵێت: هێشتا كێشەكان لە هەرێم بەردەوامن بۆیە پێیان باشە بەجیا بچنە بەغداد.

 


هاوپەیمانی: لاریمان نییە


سەبارەت بە هەڵوێستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری د.رێبوار كەریم وتەبێژی هاوپەیمانی دەڵێت:" ئێمە وەك هاوپەیمانی پێمانوایە ئەگەر یەكێتی و پارتی ئامانجیان ئەوە بێت كە لە بەغداد خزمەتی گەلی كورد بكەن لاریمان نییە و دەكرێت پێكەوە بچینە بەغداد".

 

رێبوار كەریم، وتەبێژی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری

 

 


رێبوار كەریم ئەوەش ناشارێتەوە كە ئەوان وەك چوار لایەنەكە هاوپەیمانیان هەیە و بریاریانداوە لە بەغداد پێكەوە بن و لە پەرلەمان یەك فراكسیۆن پێك بهێنن، بەڵام ئەوەش ئاشكرا دەكات كە هاوپەیمانی دەكرێت لەگەڵ چوار لایەنەكە و یەكێتی و پارتی بچنە بەغداد.

 
سەبارەت بەو پرسیارەی ئەگەر لایەنێك لەو چوار لایەنە كە بریارە پێكەوە بچنە بەغداد نەهات لەگەڵیان هەڵوێستی هاوپەیمانی چی دەبێت.!؟ وتەبێژەكەی هاوپەیمانی گوتی: دەكرێت ئەو كاتە بریار بدەین كە ئایا لەسەر ئەوە لایەنە بوەستین یاخود بچین بۆ بەغداد.

 
یەكگرتوو: تروسكایی ئومێد لە یەكێتی و پارتیدا نەماوە


ئەبوبەكر هەڵەدنی وەكو ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و سەركردە لە یەكگرتووی ئیسلامی ئەوە ناشارێتەوە كە ئەوان لە یەكێتی و پارتی زۆر نیگەرانن و هیچ هیوایەكیان پێیان نەماوە بەتایبەت لەدوای ساختەكارییەكەی 12ی ئایارەوە..

 

ئەبوبەكر هەڵەدنی، سەركردە لە یەكگرتووی ئیسلامی

 

 

،،

من پێم باشە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ یەكێـتی و پارتی نەچینە بەغداد چونكە ئەو دوو حزبە هیچ هیوایەكمان پێیان نەماوە.

 

 
بەڵام هەڵەدنی ئەوەش ناشارێتەوە ئەوان لە بریاری چوار حزبەكە ( نارازییەكە) دەرناچن و پێكەوە بریار دەدەن كە چی بكەن و چۆن لەگەڵ یەكێتی و پارتی بچنە بەغداد كە خزمەتی مافە رەواكانی گەلی كورد بكات.

 
ئەو ئەندامە باڵایەی یەكگرتوو دەشڵێت: " من پێم باشە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ یەكێـتی و پارتی نەچینە بەغداد چونكە ئەو دوو حزبە هیچ هیوایەكمان پێیان نەماوە".
هەڵەدنی دەشڵێت: دەكرێت لە بەغداد یەك ببینینەوەو لەوێ گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی و پارتی بكەین چونكە ئاساییە و جاری وا هەیە لەگەڵ دوژمنەكەشت گفتوگۆ دەكەیت.

 
گۆران: لەگەڵ یەكێتی و پارتی نارۆین


بەڵێن ئیسماعیل: ئەندامی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆران، سەبارەت بە هەڵوێستی گۆران دەڵێت: ئێمە لە رابردووشدا ئەوەمان راگەیاندووە كە تاكو كێشەكانی ناوخۆ چارەسەر نەكرێن گۆران بەهیچ شێوەیەك هاوپەیمانی لەگەڵ یەكێتی و پارتی ناكات و ناچێتە بەغداش.

 

،،

گۆران لەچوار چێوەی رێكەوتنی چوار لایەنەكەدا بەتەنها ناچێت بۆ بەغداد و لەگەڵ چوار لایەنەكەدا دەبێـت بەڵام ئەگەر یەكێك لەو چوار لایەنە نەهات لەگەڵیان و لەگەڵ یەكێتی و پارتی بوو ئەوا گۆران هەر سورە لەسەر ئەوەی لەگەڵ دوو هێزی دەسەڵات نەچنە بەغداد.

 

 

بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆران

 

 
ئەو ئەندامەی گۆران ئەوەش دەڵێـت: گۆران لەچوار چێوەی رێكەوتنی چوار لایەنەكەدا بەتەنها ناچێت بۆ بەغداد و لەگەڵ چوار لایەنەكەدا دەبێـت بەڵام ئەگەر یەكێك لەو چوار لایەنە نەهات لەگەڵیان و لەگەڵ یەكێتی و پارتی بوو ئەوا گۆران هەر سورە لەسەر ئەوەی لەگەڵ دوو هێزی دەسەڵات نەچنە بەغداد.


بەڵێن: ئەوەش ناشارێتەوە كە هێشتا كێشەكانی هەرێم بەردەوامن ئیدی یەكێتی و پارتی چۆن داوا لە سەرجەم لایەنەكان دەكەن كە پێكەوە بچنە بەغداد و لەوێ داوای مافەكانی گەلی كورد بكەن.

 

،،

ئێمە لە رابردوودا وتومانە كە هەموو نزیكییەك و هاوپەیمانییەك لەگەڵ دوو هێزی دەسەڵات رەد دەكەینەوە بۆیە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵیشیان ناچین بۆ بەغداد.

 


نەوەی نوێ: هەموو هاوپەیمانییەك لەگەڵ یەكێتی و پارتی رەد دەكەینەوە

 
د.كازم فاروق وتەبێژی نەوەی نەوێ سەبارەت بە هەڵوێستی جوڵانەوەكەیان ئەویش بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین دەدوێت و دەڵێت:" ئێمە لە رابردوودا وتومانە كە هەموو نزیكییەك و هاوپەیمانییەك لەگەڵ دوو هێزی دەسەڵات رەد دەكەینەوە بۆیە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵیشیان ناچین بۆ بەغداد".

 

كازم فاروق، وتەبێژی نەوەی نوێ

 

 

 
ئەو وتەبێژەی نەوەی نوێ ئەوەش دەڵێت كە: ئەوان ئەوەشیان راگەیاندووە كە چوار خاڵیان هەبووە بۆ چوار لایەنەكە لە حاڵەتێكدا ئەگەر ویستیان پێكەوە بچین بۆ بەغداد خاڵەكانیش:
یەكەم: پارە لەیەكێتی و پارتی وەر نەگرن.
دووەم: هاوپەیمانییان لەگەڵ نەكەن.
سێیەم: لەگەڵیان نەچن بۆ بەغداد.
چوارەم: لە حكومەتە خۆجێییەكان بكشێنەوە.

 
بۆیە بەم پێیە بێت، نەوەی نوێ نە لەگەڵ پارتی و یەكێتی و نە لەگەڵ چوار لایەنە نارازییەكە ئامادە نین بچن بۆ بەغداد.

 

هەرچەندە لە سەرەتادا چوار لایەنە نارازییەكە نیگەرانییەكانیان وای لێكردن كە بریار بدەن لەگەڵ یەكێتی و پارتی نەچنە بەغداد و بەجیا هاوپەیمانی پێك بهێنن، بەڵام ئەمرۆ یەكێتی و پارتی داوایان لێكردوون كە كورد یەك ریزی بپارێزێت و هەموان پێكەوە بچنە بەغداد.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان