دۆزینه‌وه‌ی بۆشاییه‌ گه‌وره‌كانی 11ی سێپته‌مبه‌ر له‌ كتێبێكی نوێدا

ئه‌مرۆ 17 ساڵ به‌سه‌ر هێرشه‌كانی 11ی سێپته‌مبه‌ر تێپه‌ری

دۆزینه‌وه‌ی بۆشاییه‌ گه‌وره‌كانی 11ی سێپته‌مبه‌ر له‌ كتێبێكی نوێدا

914 خوێندراوەتەوە

و: عه‌لی شێخ وه‌هاب

له‌ پاش تێپه‌ڕبوونی‌ 17 ساڵ به‌سه‌ر رووداوه‌كانی 11 سێبته‌مبه‌ردا، هێشتا چه‌ندین نهێنی شاراوه‌ و ئاڵۆز هه‌ن له‌ باره‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌ فه‌رمیی و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ ئه‌منییانه‌ی پێش رووداوه‌كه‌ روویانداوه‌، كه‌ -به‌پێی وته‌ی هه‌ندێك له‌ به‌رپرسان- ده‌كرا رێگه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ بگیرایه‌، ئه‌گه‌ر به وریایی و پیشه‌ییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌كاندا بكرایه‌.

 
له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ له‌ یادی ده‌ستدرێژێكه‌، كتێبێكی نوێ به‌ناوی "The Watchdogs Didn‌t Bark: How the NSA Failed to Protect America"، كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هاوكات له‌گه‌ڵ یاده‌كه‌دا بڵاوبكرێته‌وه‌، كه‌ له‌ نوسینی هه‌ردوو نوسه‌ر (جون دوفی و رای نوسیلیسكی)یه‌، تێیدا تیشك خراوه‌ته‌ سه‌ر چه‌ند راستیه‌كی شاراوه‌، پشتبه‌ستوو به‌ پشكنینی ورد له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ فه‌رمییه‌ جیاوازه‌كان له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌وه‌، وێڕای گه‌واهیدانی چه‌ندین به‌رپرسی پێشوو.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كتێبه‌كه‌ ده‌ریخستووه‌، كه‌ جیف ستین له‌ "نیوزویك" كتێبه‌كه‌ی دیوه‌ و گفتوگۆی له‌سه‌ر كردووه‌، تێیدا نوسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدرالی (ئێف بی ئه‌ی) و ئاژانسی هه‌واڵگری ناوه‌ندیی (سی ئای ئه‌ی) تۆمه‌تبار كراوه‌ به‌ شاردنه‌وه‌ی زانیاری زۆر گرنگ لێیان، له‌ هه‌مان كاتدا به‌رپرسانی پێشوو و ئێستای ئه‌مه‌ریكا یه‌كتری تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به‌ پلان و رێكه‌وتنێكی ئه‌مه‌ریكی – سعودیی، كه‌ پاش روودانی هێرشه‌كه‌ش به‌رده‌وام بووه‌.


له‌و كتێبه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، كه بڕوابوونی ته‌واو به‌ "تیۆری پیلانگێڕیی" كه‌ له‌ناو گه‌لدا هه‌یه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی پێشووی ئه‌مه‌ریكا لایه‌نگری ئه‌و تیۆره‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسان و خانه‌واده‌ی قوربانییه‌كان زۆر جار تووشی توڕه‌یی تێكه‌ڵ به‌ په‌ستیی و بێزاریی ده‌بن، به‌ هۆكاری ئه‌و ئاڵۆزیی و ناڕوونییه‌ی تا ئێستاش له‌ ورده‌كاریی رووداوه‌كه‌دا هه‌یه‌، رووداوێك كه‌ 2606 كه‌سی تێدا بووه‌ قوربانی.


"من دڵته‌نگ و په‌ستم"

 
"زۆر ئاسانه‌ راستیه‌ تاڵ و ناخۆشه‌كان بشارینه‌وه‌، له‌ بری ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕویان ببینه‌وه‌"... ستین به‌مشێوه‌یه‌ ده‌ست ده‌كات به‌ باسكردنی كتێبه‌كه‌، و له‌ عه‌لی سوفان، یه‌كێك له‌ كارمه‌ندانی نوسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدرالی بۆ دژایه‌تی كردنی تیرۆر، ئه‌م وته‌یه‌ ده‌گوازێته‌وه‌: "به‌راستی شتێكی ترسناكه‌ ئێمه‌ تاكو ئێستاش نازانین چی روویدا"، ئاژانسی هه‌واڵگری ناوه‌ندیی به‌ شاردنه‌وه‌ی زانیاریی، له‌ باره‌ی جوڵه‌كانی ئه‌نجامده‌رانی ده‌ستدرێژییه‌كه‌ له‌ ئه‌ندامانی قاعیده‌، تۆمه‌تبار ده‌كات.


ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ سوفانه‌وه‌، وه‌ك چۆن بۆ هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌، ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ وه‌ڵام نه‌دراونه‌ته‌وه‌ له‌ باره‌ی ئه‌و رووداوانه‌ی كه‌ بوونه‌ هۆكاری هێرشه‌كانی 11ی سێبته‌مبه‌ری 2001، هاوشێوه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ن كه‌ به‌ هه‌ڵواسراویی ماونه‌ته‌وه‌ له‌ باره‌ی تیرۆركردنی سه‌رۆك جۆن كینیدی و به‌بێ وه‌ڵام ماونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام كاره‌كه‌ مه‌ترسیداره‌ به‌ تێڕوانینی ئه‌وان، چونكه‌ "رووداوه‌كانی سێبته‌مبه‌ر ته‌واوی جیهانی گۆڕی... به‌ ته‌نها نه‌بووه‌ هۆكاری جه‌نگی ئه‌فغانستان و عێراق و شكاندنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و چه‌ند باره‌ بوونی گه‌شه‌ی جیهانیی جیهادی ئیسلامی، به‌ڵكو پاڵنه‌ر بوو تا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ببێته‌ ده‌وڵه‌تێكی پۆلیسیی".

df
به‌رگی كتێبه‌كه‌

له‌لای خۆیه‌وه‌، مارك روسینی، كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌و دوو كارمه‌نده‌ی نوسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدرالی كه‌ نوێنه‌ر بووه‌ له‌ "یه‌كه‌ی ئوسامه‌ بن لادن"ی سه‌ر به‌ ئاژانسی هه‌واڵگریی ناوه‌ندی، رایگه‌یاندووه‌: "من زۆر دڵته‌نگ و په‌ستم له‌و باره‌یه‌وه‌". هۆكاری ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی خۆی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌رپرسانی "سی ئای ئه‌ی" به‌ شێوه‌یه‌كی ئاڵۆز و نادیار رێگه‌یان به‌ ئه‌و و هاوكاره‌كه‌ی نه‌داوه، كه‌ سه‌ركردایه‌تی "ئێف بی ئای" ئاگاداربكه‌نه‌وه‌، له‌ بوونی چه‌ند پیلانگێڕێك له‌ رێكخراوی "قاعیده‌" كه‌ ترسی دروستكردنی مه‌ترسیان هه‌یه‌ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا له‌ داهاتوودا، ئه‌مه‌ش له‌ ساڵی 2000 و جارێكی دیش له‌ ساڵی 2001.

ستین ده‌ڵێت: دوفی نوسه‌رێكی چه‌پ و چالاكوانێكی بواری ژینگه‌یه‌، نوسیلیسكی ده‌رهێنه‌ری درامای به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌، هه‌رچه‌نده‌ ناكرێت له‌ ئاستی ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌دا سه‌یر بكرێن كه‌ چه‌ندین كونی گه‌وره‌یان له‌ چیرۆكی فه‌رمیی رووداوه‌كانی سێبته‌مبه‌ردا كردۆته‌وه‌، له‌وانه‌ لورنس رایت، نوسه‌ری كتێبی "The Looming Tower: Al-Qaeda and the Road to 9/11"، كه‌ خه‌لاتی "بولیتزر"ی به‌ده‌ست هێناوه‌.
به‌ڵام ئه‌م دوو نوسه‌ره‌، به‌تێڕوانینی ستین، سه‌ركه‌وتوبوون له‌ دۆزینه‌وه‌ی بۆشایی و خاڵی گه‌وره‌ی دژبه‌یه‌ك له‌ چیرۆكی فه‌رمیی رووداوه‌كه‌دا، كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی "شكستێكی ئاشكرایه‌ له‌ به‌ستنه‌وه‌ی خاڵه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌".


بۆچی "سی ئای ئه‌ی" زانیارییه‌كانی شاردۆته‌وه‌؟

له‌ ساڵی 2002دا، جۆرج تینیت به‌ڕێوبه‌ری "سی ئای ئه‌ی"، له‌ به‌رده‌م كۆنگرێسدا سوێندی خوارد، كه‌ ئه‌و ئاگاداری هه‌ڕه‌شه‌ی نزیك نه‌بووه‌، چونكه‌ ئاماژه‌دان به‌و مه‌ترسیه‌ له‌ بروسكه‌یه‌‌كدا هاتبوو، كه‌ مۆركی زۆر نهێنی و تایبه‌ت یاخود به‌په‌له‌ی لێنه‌درابوو، بۆیه‌ گرنگی پێنه‌دراوه‌ و كه‌س نه‌یخوێندۆته‌وه‌.
به‌ڵام ئه‌م چیرۆكه‌ی تینیت له‌ پاش پێنج ساڵ به‌تاڵ كرایه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌، كاتێك سیناتۆر رون وایدن و كیت بوند كورته‌یه‌كی كردارییان له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ناوخۆییه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵگریی له‌ 11 سێبته‌مبه‌ردا پێشكه‌ش كرد، كه‌ تێیدا هاتووه‌ "50 بۆ 60 كه‌س ته‌نها یه‌ك بروسكه‌ یان زیاتری ئاژانسه‌كه‌ ده‌خوێننه‌وه‌، كاتێك زانیاریی تێدابێت په‌یوه‌ست به‌ كه‌یسی تیرۆرستان".


له‌ پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌مه‌، ریچارد كلارك، راوێژكاری كۆشكی سپی بۆ روبه‌روبوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ ئیداره‌ی بیل كلینتۆن و جۆرج دبلیو بوشدا، تێكچوو و زۆر كاریگه‌ر بوو به‌ هه‌واڵه‌كه‌، چونكه‌ پێش ئه‌مه‌ كلارك متمانه‌ی به‌ تینیت هه‌بوو، وه‌ك هاوكار و هاوڕێیه‌كی نزیكی و هه‌میشه‌ بڕوای وابوو كه ئه‌و ڕاستییه‌كه‌ ده‌ڵێت.‌

له‌ ساڵی 2009" كاتێك بێ ئومێد بوو له‌ كه‌مته‌رخه‌میی هۆیه‌كانی راگه‌یاندن له‌ بابه‌تی شاردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان له‌ لایه‌ن "سی ئای ئه‌ی"یه‌وه‌، كلارك كتێبێكی نووسی له‌ باره‌ی سیاسه‌تی دووفاقیی به‌ ناونیشانی "Your Government Failed You"، به‌ڵام ته‌واو پشتگوێ خرا، هه‌ر بۆیه‌ كاتێك دوفی و نوسیلیسكی په‌یوه‌ندیی پێوه‌ ده‌كه‌ن زۆر به‌ گه‌رمی پێشوازییان لێ ده‌كات.

له‌و ساڵه‌دا، هه‌ردوو نوسه‌ر چاوپێكه‌وتنێكی گرنگ له‌گه‌ڵ كلارك ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له‌و كاته‌دا، كلارك به‌رپرسه‌ باڵاكانی ئاژانسی هه‌واڵگریی تۆمه‌تبار ده‌كات، له‌ نێویاندا تینیت، به‌ شاردنه‌وه‌ی زانیاریی گرنگ له‌ "ئێف بی ئای" له‌ باره‌ی نه‌خشه‌ و جوڵه‌كانی قاعیده‌وه‌، له‌وانه‌ گه‌یشتنی نه‌واف حازمی و خالید میحزار، به‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی لۆس ئه‌نجلۆس له‌ 15ی 1ی ساڵی 2000دا، ئه‌و دوو كه‌سه‌ش له‌وانه‌ بوون، كه‌ پاشتر فڕۆكه‌ی هێڵی ئاسمانیی ئه‌مه‌ریكییان فڕاند.

erd
ئوسامه‌ بن لادن

"بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر پێم وابوو، كه‌ بروسكه‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ ده‌ست یه‌كێك یان دوان له‌ ئه‌فسه‌رانی پله‌ نزمی نوسینگه‌كه، گرنگی زانیارییه‌كانیان نه‌زانیووه‌ له‌ باره‌ی حازمی و میحزاره‌وه‌"، كلارك به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ وتی: "به‌ڵام 50 یاخود 55 كه‌س له‌ ئه‌فسه‌رانی ئاژانسی هه‌واڵگریی ناوه‌ندیی به‌ بروسكه‌كه‌یان زانیبوو، له‌نێویاندا تینیت و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی زۆر به‌ رێكی قسه‌یان بۆ من ده‌كرد، منیش نه‌مده‌زانی؟!"

له‌ پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه‌، تا ئێستاش روون نیه‌، هۆی چی بوو "سی ئای ئه‌ی" سوور بوو له‌سه‌ر پاراستنی ئه‌م ورده‌كارییه‌ هه‌ستیارانه‌ له‌ باره‌ی جوڵه‌كانی قاعیده‌ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا و له‌ "ئێف بی ئای"ی شارده‌وه‌؟

كلارك و هه‌ندێك له‌ چاودێران، گومانیان هه‌یه‌، كه‌ "سی ئای ئه‌ی" نه‌خشه‌یه‌كی قوڵی هه‌بووبێت بۆ كاركردن له‌سه‌ر به‌كارهێنانی حازمی و میحزار و كه‌سانی تر له‌ ئه‌ندامانی قاعیده‌، وه‌ك كاركه‌ری دوولایه‌ن و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی، له‌وه‌ ترساون ئه‌گه‌ر نوسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی به‌ شوێنی ئه‌وانی بزانیایه‌ له‌ كالیفورنیا، ئه‌وا فه‌رمانی ده‌ستگیر كردنی بۆ ده‌رده‌كردن.

به‌ڵام كاتێك فێڵی به‌كارهێنانی ئاژانسی هه‌واڵگریی بۆ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی قاعیده‌ سه‌ری نه‌گرت و پوكایه‌وه‌، تینیت ورده‌كارییه‌كانی له‌ كلارك شاردۆته‌وه‌، له‌ ترسی تۆمه‌تباركردنی ئاژانس به‌ "سه‌رپێچیی و كه‌مته‌رخه‌میی"، ئه‌مه‌ش به‌ پێی گوته‌ی كلارك، كه‌ پێی وایه‌ ئه‌مه‌ "تاكه‌ شرۆڤه‌ی ژیرانه‌یه‌، بۆ هۆكاری ئاگادارنه‌كردنه‌وه‌مان له‌ هیچ شتێك پێش هێرشه‌كه‌".


پشتیوانانی كلارك

 
تینیت و دوان له‌ جێگره‌كانی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، ریچ بای و كوفر بلاك، به‌یاننامه‌یه‌كیان ده‌ركرد، تێیدا بۆچوونه‌كانی كلاركیان به‌ تێكچوون و هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ وه‌سف كرد، به‌ڵام ئێستا و له‌ رێی كتێبه‌ نوێكه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، كه راوێژكاری پێشووی كۆشكی سپی پشتیوان و لایه‌نگری هه‌یه‌.‌

كاتێك هه‌ردوو نوسه‌ر، بینیان كارمه‌نده‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پێشووی ده‌زگای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و كارمه‌ندانی پێشووی نوسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدڕاڵی، گومانی قوڵیان هه‌یه‌ له‌ باره‌ی بانگه‌شه‌كانی تینیته‌وه‌، تاكه‌ شتێك كه‌ هه‌ردوو نوسه‌ر له‌گه‌ڵ كلاركدا كۆك نین له‌سه‌ری، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تینیت له‌ بابه‌ته‌كه‌دا تۆمه‌تبار بێت.

بۆ نمونه‌ دایل واتسون، جێگری پێشووی سه‌رۆكی به‌شی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ نوسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدڕاڵی، پێی وایه‌ كه‌ "بۆچوونی دروست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێت شاردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان به‌بێ ئاگاداری تینیت و بای و بلاك بوبێت، ده‌كرێت به‌رپرسانی یه‌كه‌ی ئوسامه‌ بن لادنی سه‌ر به‌ ئاژانسی سی ئای ئه‌ی، به‌رپرس بن له‌ شاردنه‌وه‌كه‌".
به‌ڵام بات دیمورو، به‌رپرسێكی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ نوسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدڕاڵی، به‌ ته‌واوه‌تی پشتگیری بۆچوونی كلارك ده‌كات له‌ تۆمه‌تباركردنی تینیتدا، ده‌ڵێت: "هیچ گومانم نیه‌ له‌وه‌ی، كه‌ بڕیاری شاردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان له‌سه‌ر به‌رزترین ئاستی ئاژانسه‌كه‌ دراوه‌"، به‌ڵام ئه‌ویش نه‌یتوانیوه‌‌ تاكو ئه‌مڕۆش‌، دڵنیابێته‌وه‌ له‌و هۆكاره‌ی وای له‌ ئاژانسی هه‌واڵگریی كردووه‌ رێگر بێت له‌ ناردنی زانیارییه‌كان.


بانگه‌شه‌ی تێوه‌گلانی سعودیه‌

 
له‌لایه‌كی تره‌وه‌، كتێبه‌كه‌ باس له‌ لایه‌نی تێوه‌گلانی فه‌رمی سعودی ده‌كات له‌گه‌ڵ هێرشبه‌ران، هه‌ردوو نوسه‌ر چه‌ند شتێكی نوێیان له‌ باره‌ی ئاشكرابوونی پشتیوانی سعودیه‌ بۆ قاعیده‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، پێشكه‌ش كردووه‌.

له‌ ساڵی 2014دا، لیژنه‌ی فه‌رمی 11ی سێبته‌مبه‌ر رایانگه‌یاند، كه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیان ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌ بیسه‌لمێنێت، كه‌ "حكومه‌تی سعودیه‌ یاخود به‌رپرسانی باڵای سعودی هاوكاریی دارایی رێكخراوی قاعیده‌یان كردبێت".

پاش ساڵێك، راپۆرتی پشكنه‌ری گشتیی ئاژانسی هه‌واڵگریی، كه‌ زۆر به‌ توندی شاردرابۆوه‌، ده‌رگایه‌كی نوێی له‌سه‌ر كه‌یسه‌كه‌ كرده‌وه‌، كه‌ تێیدا هاتووه‌ "هه‌ندێك له‌ ئه‌فسه‌رانی ئاژانس پێیان وایه‌، كه‌ چه‌ند هاوسۆزێكیان له‌ ناو حكومه‌تی سعودیه‌دا (له‌ توندڕه‌وه‌ ئاینییه‌كان) ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ هاوكاریی بن لادنیان كردبێت.
لێكۆڵینه‌وه‌كانی دواتر ئه‌وه‌یان ئاشكرا كرد، كه‌ چه‌ند به‌رپرسێك له‌ وه‌زاره‌تی كاروباری ئیسلامیی شانشینی سعودیه‌ هاوكاری ئه‌و گروپه‌یان كردووه‌، كه‌ هه‌وڵی تێكدانی سه‌قامگیریی كالیفۆرنیایان داوه‌".

ئه‌م زانیارییانه‌ سه‌دان له‌ خانه‌واده‌ی قوربانیانی هێرشه‌كانی 11 ی سێبته‌مبه‌ری هاندا تاكو سكاڵا دژی حكومه‌تی سعودیه‌ له‌ دادگای فیدڕاڵی له‌ نیۆرك به‌رز بكه‌نه‌وه‌ ساڵی رابردوو‌، داوای قه‌ره‌بووی دارایی دیارینه‌كراو بكه‌ن.

ئه‌ندرو مالونی، پارێزه‌ری خانه‌واده‌ی قوربانیان، هه‌فته‌ی رابردووه‌ به‌ رۆژنامه‌ی "نیوزویك"ی راگه‌یاندووه‌ "هه‌واڵگری سعودیه‌ دانی به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ ئه‌وان هه‌واڵیان له‌ دوو كه‌س هه‌بووه‌ ... كه‌ له‌ رۆژی یه‌كه‌می گه‌یشتنیان به‌ لۆس ئه‌نجلوسه‌وه‌ زانراوه‌ له‌ ئه‌ندامانی رێكخراوی قاعیده‌ن، له‌به‌ر ئه‌مه‌ بانگه‌شه‌ی سعودیه‌ كاتێك ده‌ڵێن: (ئێمه‌ ته‌نها هاوكاری هاوڵاتیه‌ سعودیه‌كانی نێو ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ین) بانگه‌شه‌یه‌كی ناڕاسته‌، حكومه‌ت و ئاژانسی هه‌واڵگریی ناوه‌ندیش به‌چاكی ئه‌مه‌یان ده‌زانی".

راپۆرته‌كه‌ی "نیوزویك" ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ سعودیه‌ نزیكه‌ی 6800 لاپه‌ڕه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی راده‌ست كردووه‌، كه‌ زۆربه‌یان به‌ زمانی عه‌ره‌بین و تیمه‌كه‌ی مالونی سه‌رقاڵی وه‌رگێڕانی به‌ڵگه‌نامه‌كانن.

مالونی له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "چه‌ندین شتی سه‌رنج راكێش له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كاندا هه‌یه‌، كه‌ هه‌ندێكیان هه‌ڵه‌ی ئاشكران"، ده‌ڵێت له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ردا‌ دووباره‌ په‌نا ده‌باته‌وه‌ بۆ دادگا، بۆ فشاركردن تا به‌ڵگه‌نامه‌ی زیاتریان ڕاده‌ست بكرێت.

dfc
سه‌نته‌ری بازرگانی جیهانی ـ نیویۆرك ـ 2001.9.11

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، پارێزه‌ره‌كه‌ رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان داوای لابردنی چه‌ند به‌رپرسێكی سعودی ده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌ت فه‌هد سمیری، كه‌ به‌رپرسی پێشووی كۆنسوڵخانه‌ی سعودیه‌ بووه‌ له‌ لۆس ئه‌نجلۆس و پێشنوێژی مزگه‌وتی كولفرسیتیه‌ له‌ كالیفۆرنیا، چونكه‌ به‌ پێی وته‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان، دوو هێرشبه‌ره‌كه‌ و چه‌ندین ئه‌ندامی تری قاعیده‌ هاتوچۆی ئه‌ویان كردووه‌.

له‌ ساڵی 2003دا، سمیری تۆمه‌تبار كرا پاش ئه‌وه‌ی له‌ گه‌شتێكی ئاسمانی له‌ ئه‌ڵه‌مانیاوه‌ گه‌ڕایه‌وه لۆس ئه‌نجلۆس، پاشتر له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ركرا "به‌هۆكاری په‌یوه‌ندی ئاڵۆز و ناڕوون له‌گه‌ڵ تیرۆرستان"، به‌ڵام كێشه‌كه‌ به‌ڕای مالونی، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تا ئێستاش كار بۆ حكومه‌تی سعودیه‌ ده‌كات له‌ ریاز.‌

له‌ مانگی ئه‌پرێلی رابردوودا، مالونی داوای له‌ نوسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدڕاڵی كرد تا به‌ڵگه‌نامه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ سمیری و عومه‌ر بیومی بخاته‌ به‌رده‌ست، كه‌ سیخوڕێكی سعودی گومانلێكراوه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێرشبه‌ره‌كاندا هه‌بووه‌، به‌ڵام نوسینگه‌ وه‌ڵامی ئه‌م داوایه‌ی نه‌دایه‌وه‌، بۆیه‌ پارێزه‌ره‌كه‌ بڕیاری داوه‌ له‌ 11ی سێبته‌مبه‌ری داهاتوودا "داوایه‌كی فه‌رمی پێشكه‌شی نوسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدڕاڵی بكات" بۆ وه‌ده‌ستخستنی به‌ڵگه‌نامه‌كان.

لێدوانه‌كانی پارێزه‌ر له‌ پاش ئه‌وه‌ دێت ستیفن مور، ئه‌ندامی نوسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدڕاڵی، كه‌ سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌یسی فڕاندنی ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ی كردووه‌ كه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ر پنتاگۆن، لیژنه‌ی 11ی سێبته‌مبه‌ری تۆمه‌تباركردووه‌ به‌ چه‌واشه‌كردنی رای گشتیی، كاتێك ده‌ڵێت "هیچ به‌ڵگه‌یه‌كمان ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌".
مور به‌مشێوه‌یه‌ بانگه‌شه‌كه‌ی خۆی روون كردۆته‌وه‌ "به‌ڵگه‌ی ئاشكرا هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سمیری هاوكاری حازمی و میحزاری كردووه‌، روونی كردۆته‌وه‌، كه‌ "پشت به‌ستوو به‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی ئێمه‌ كردومانه‌، بیومی خۆی به‌ نهێنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ توندڕه‌وان هه‌بووه‌ و كاری بۆ كردوون، له‌نێویاندا سمیری"، به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكیی له‌گه‌ڵ سمیری قوڵ و ورد نه‌بوو.


تره‌مپ هاوكار نابێت

 
به‌پێی ئه‌م كتێبه‌، مالونی مه‌به‌ستی كارمه‌ندان و به‌ڵگه‌نامه‌كانی "ئێف بی ئای" و "سی ئای ئه‌ی" و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و وه‌زاره‌ی دارایی و زۆربه‌ری بریكارانی پێشوو نیه‌ به‌ته‌نها، به‌ڵكو هاوشان له‌گه‌ڵیدا كارمه‌ندانی یه‌كه‌ی بن لادنی سه‌ر به‌ ئاژانسی هه‌واڵگریی ناوه‌ندییش ده‌گرێته‌وه.

 

dfc
جۆرج بوش سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مریكا



‌ مالونی له‌ باره‌یانه‌وه‌ وتویه‌تی: "ئه‌وان هه‌رگیز قسه‌ بۆ ئێمه‌ ناكه‌ن، یاخود ته‌نها كاتێك قسه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ پارێزبه‌ندی ته‌واویان پێ بدرێت"، ئه‌وه‌شی روون كردۆته‌وه‌، كه‌ "لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان ره‌نگه‌ پێویستی به‌ بڕیاری سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ هه‌بێت، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌رێكی دووره‌، له‌به‌ر پشتیوانیی به‌هێزی ئیداره‌ی تره‌مپ بۆ سعودیه‌".‌

رایگشتیی ئه‌مه‌ریكیی پشتیوانی هه‌وڵه‌كانی مالونی ده‌كه‌ن، به‌پێی راپۆرتی "نیوزویك"، كه‌ باس له‌ راپرسیه‌كی ساڵی 2016 ده‌كات، تێیدا 54.3 له‌ سه‌دای ئه‌مه‌ریكییه‌كان پێیان وایه‌، كه‌ حكومه‌ت شتێك له‌ باره‌ی هێرشه‌كانی سێبته‌مبه‌ره‌وه‌ ده‌شارێته‌وه‌.

هه‌روه‌ك راپۆرته‌كه‌، به‌ راگواستن له‌ كتێبه‌كه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌وانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌ 11ی سێبته‌مبه‌ر كردووه‌ بڕوایان به‌ "بیردۆزه‌ی پیلانگێڕیی" هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هێرشه‌كان كارێكی ناوخۆیی بووه‌ له‌ لایه‌ن ئیداره‌ی بۆش یاخود ئیسڕائیله‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌، وهاوكارییان كردوون له‌ رێی چه‌ند بۆمبێكه‌وه‌، كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ ساختمانه‌كانی ناوه‌ندی بازرگانیی جیهانییدا دانرابوون.‌

له‌ كۆتاییدا، راپۆرته‌كه‌ باس له‌ هه‌وڵه‌كانی سعودیه‌ ده‌كات بۆ شاردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هێرشبه‌ره‌كان. له‌ ساڵی رابردودا، هه‌وڵی سعودیه‌ له‌ رێگه‌ی چه‌ند بریكارێكه‌وه‌ بۆ هه‌ڵمه‌تێكی په‌یوه‌ندیی گشتیی به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی ئاشكرا بوو، به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م پڕۆژه‌یه‌كی كۆنگرێسدا، كه‌ رێگه‌ ده‌دات خانه‌واده‌ی قوربانیانی 11ی سێبته‌مبه‌ر سكاڵا تۆمار بكه‌ن له‌ دادگا بۆ ژماردنی زه‌ره‌ره‌كانیان.
ژماره‌یه‌ك له‌و خانه‌وادانه‌، له‌ سێبته‌مبه‌ری رابردوودا، سكاڵایه‌كی 17 لاپه‌ڕه‌ییان پێشكه‌ش به‌ وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مه‌ریكیی كردووه‌.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك