دین یان عەلمانیەت یاخود ڕێگای سێیەم ؟

خوێندنەوە بۆ کتێبی "دین و عەلمانیەت" ی د.مەریوان وریا قانع 

دین یان عەلمانیەت یاخود ڕێگای سێیەم ؟

308 خوێندراوەتەوە

بەشی دووەم و کۆتایی

د.مەریوان وریا قانیع لە هێڵی سێیەمی بابەتەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەم تێزی بەعەلمانی بوونە لە دنیای خۆرئاوادا و لە دوای ساڵی شەستەکانەوە چیتر وەک ئەو تێزە نوێ و کاریگەرە نامێنێت کە لەڕوانگەی فەیلەسوفانەوە دەگوترا گوایە لەبەردەم ئایندەی هەموو کۆمەڵگەکان وەستاوە و دواجار مۆنۆپۆڵیان دەکات، بەڵکو تێزێکە وەک هەر تێزێکی تر مایەی ڕەخنە کردنە و پێویست دەکات تێ پەڕێنرێت.

 

ئەگەرچی دونیای ئێمە هێشتا نەگەیشتووە بەوەی کۆی ڕەهەندەکانی عەلمانیەت و بەعەلمانی بوون ببینێت، ئەوا سەردەمی ئەم تێزە لەخۆرئاوادا تێپەڕیووە و وەکو تێزێکی نوقسان سەیر دەکرێت.

تەنانەت بیرمەندێکی وەکو ڤایت بادەر تا ئەو شوێنە دەڕوات کە کردنە دەرەوەی ئەم دنیا بینیە تاک لایەنە بۆ عەلمانیەت بە پێویست بزانێت و دیموکراسی وەکو ئەڵتەرناتیڤێکی بێ کەم و کوڕ بۆ کۆمەڵگە دەست نیشان بکات.

ئامانجی نوسەر لێرەدا ئەوەیە ڕۆشبیران و ئسوڵانی دینی ناو دنیای ئێمە دەست بەرداری ئەو جەمسەر گیریەی خۆیان ببن و هەر یەکەیان لەگۆشە نیگای خۆیەوە ئەوی تر یەکسان نەکات بە شەیتان یاخود بەنەزان و خوڕافەچی نەیبینێت، چونکە ئەم خۆ بەسەنتەر بینیە جگە لەمایە پووچی و داماوی هزری، ئومێدی ئەوەش لەئارادا ناهێڵێت ژینگەیەکی دروست بۆ گفتوگۆ و یەکتر قەبوڵکردن بهێنێتە کایەوە.

جێی خۆیەتی لێرەدا بەخێرایی ئاماژە بەتێزی ئەو بیرمەندانە بدەین کە نوسەر لە کتێبەکەیدا دەیانخاتە ڕوو، بە باوەڕی ئەوان ئەم تێزە بەتەواوی ناتوانێت قاچی دین لەناو کۆمەڵگەدا بکاتە دەرەوەو خۆی وەک تاقە سیستەم بسەپێنێت.

تالکۆت پارسۆنس کە یەکێکە لە بیرمەندەکان، کۆمەڵگە وەکو گشتێکی گەورە دەبینێت، بۆ ئەوەی ئەم گشتە زیندووەش چالاک بێت، پێویستە هەر یەک لە ڕەگەزە گرنگەکانی ناوی ئەرکی خۆیان ئەنجام بدەن، لەبری ئەوەی ئەرکەکانی ئەم دەزگایانەش بێ بەها بکات، دێت ئیش لەسەر چیەتی بوونی ئەو ئەرکە دەکات کە دەزگا جیاوازەکان هەیانە لەناو کۆمەڵگەدا.

،،

تالکۆت پارسۆنس کە یەکێکە لە بیرمەندەکان، کۆمەڵگە وەکو گشتێکی گەورە دەبینێت، بۆ ئەوەی ئەم گشتە زیندووەش چالاک بێت، پێویستە هەر یەک لە ڕەگەزە گرنگەکانی ناوی ئەرکی خۆیان ئەنجام بدەن، لەبری ئەوەی ئەرکەکانی ئەم دەزگایانەش بێ بەها بکات، دێت ئیش لەسەر چیەتی بوونی ئەو ئەرکە دەکات کە دەزگا جیاوازەکان هەیانە لەناو کۆمەڵگەدا.

 

بۆ ئەم مەبەستەش لەبری ئەوەی پێی وابێت دین ڕۆڵی خۆی لەدەست داوە، وەزیفەی دین لە کۆمەڵگەدا نیشان دەدات، کە پێی وایە ئەوە دینە بەها بە نۆرمەکانی کۆمەڵگە دەدات و گیانێکی ئاسمانیان پێ دەبەخشێت.

هەرچەندە لە ڕەوتی مۆدێرنەدا بواری نوێ شوێنی دەزگاکانی ئەو دەگرنەوە، بەڵام بەو گیان بەخشینە ئاسمانیەی بەشتەکانی دەدات دەتوانێت بەرگری لە قورسایی خۆی بکات و لە جیاتی ئەوەی سەرقاڵی مەسەلە لاوەکیەکانی ژیانی ڕۆژانە بێت، سەرقاڵی ئەو مەسەلە گرنگانە دەبێت کە مانا بەژیان دەدەن، وەکو مەسەلەی ئەخلاق و بوون و بابەتی ژیان و مردن.

 

cgg
د.مه‌ریوان وریا قانع

 

هەرچی دەیڤید مارتین هەیە باوەڕی وایە تێزەی بەعەلمانی بوون تێزێکە بەلاڕێدا دەمانبات و ڕێگا لەوە دەگرێت گشت پنتە جیاوازەکانی ناو دونیای مۆدێرنە ببینین، چونکە گریمانەکانی بۆ دنیای بەر لەمۆدێرنە ناڕاست و نازانستین و ناشتوانێت کۆی کایە جیاوازەکانی مۆدێرنە خۆی ببینێت.

هەروەها پێیوایە مەرج نییە مرۆڤی ناو مۆدێرنە مرۆڤێکی پێرفێکتی عەقڵانی بێت و بێ بەری بێت لە باوەڕی میتافیزیکی. لەگەڵ ئەوەشدا بەعەلمانی بوون وەکو پڕۆسەیەکی جیهانی نابینێت و مەرجیش نیە لەهەر تازە بونەوەیەکی ناو کۆمەڵگەدا ئامادەگی هەبێت. ئەمەش لەبەهای ئەو تێزە دەهێنێتە خوارەوەو وا دەکات کەڵکی ئەوەی نەبێت لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر بکرێت.

بەڵام جۆزێف کازانۆڤا پێچەوانەی تێڕوانینەکانی تێزەی بەعەلمانی بونی دنیا، پێیوایه دین نەک پاشەکشەی نەکردووە بەڵکو بەشێوەیەکی گشتگیرو فراوان لەمڕۆدا ئامادەگی هەیەو بەشدارە لەگشت چالاکیەکانی ژیانی کۆمەڵگەدا، ئەمەش وای لەدین کردوە لەبری ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ناو ژیانی تایبەتی، ببێتە بەشێک لەژیانی گشتی.

ئەم بەگشتی بوونەشی تایبەت نەبێت بەشوێنێکی دیاری کراوەوە، بەڵکو لەیەک کاتدا لە هەموو شوێنێکدا ئامادە بێت، ئەم ئامادە بونەشی هەم لەسیاسەتدا دەبینرێت هەم لەژیانی کۆمەڵایەتیدا.

لای تەلال ئەسەد لە بنەڕەتەوە دین و عەلمانیەت دوانەیەکی لێک دانەبڕاون و پێکەوە بەشدارن لە دروست بوونی یەکتریدا، عەلمانیەت لای ئەو بەمانای ئەو خەسڵەتە ئینسانیانە دێت کە دەیبەستێتەوە بە دنیاوە، سەرچاوەکەشی هەستەکان و ڕەفتارەکان و بیرکردنەوەکانیەتی.

واتە دنیاییانە بڕیار لەسەر کارەکانی دەدات و ناگەڕێتەوە بۆ دەرەوەی دنیا، ئەم خەسڵەتەش خەسڵەتێکی ئانی نییە و پەیوەستە بەبونیادی مرۆڤەوەو دوای لاواز بوونی دین دروست نەبووە.

هەروەها ئەو دیدە بەناڕاست دەزانێت کە عەلمانیەت مرۆڤ وەک بونەوەرێک دەناسێت کە کەسێکی جیهانی بێت و بەسەر شوناس و ڕەگەزدا بازی دابێت، بێ ئەوەی حیساب بۆ ئامادە بوونی بکرێت لە ناو کایە جیاوازو کاریگەرەکانی کۆمەڵگەدا.

وەکچۆن ئەو دیدەش بەناڕاست دەزانێت کە پێیوایە دین لەمۆدێرنەدا تەنیا لەمەجالی تایبەتیدا دەتوانێت ئامادە بێت، چونکە بەڕای ئەسەد ئەوەی دواجار لەناو مەجالی گشتیشدا ئامادەو بڕیار بەدەستە پێشوەختە لەمەجالی تایبەتیدا بار هاتووە.

هەرچی پیتەر بێرگەرە باس لەوە دەکات دنیای مۆدێرنە دنیایەکە بەرهەم هێنەری گومان و نادڵنیاییەو بەمەش دین دەتوانێت جارێکی تر مایەی سەرنجی مرۆڤ بێت و پەناگەیەک بێت بۆ دەستکەوتنی دڵنیاییەکانی.

بەباوەڕی ئەو مرۆڤ لە مۆدێرنەدا بەتەواوی باوەڕەکانی لەدەست نەداوە، چونکە عەلمانیەت ناتوانێت بەتەواوی دابەزێتە سەر هۆشیاری تاک، ئەگەرچی لەناو دنیایەکی عەلمانیشدا بژیت.

پێرگەر مرۆڤی مۆدێرنە وەک بونەوەرێکی فرە ڕەهەند دەبینێت، بەوەی کەسێکە زەینێکی پڕ جیاوازی هەیەو لەیەک کاتدا دین و نادین لەزەینیدا ئامادەیەو ڕۆژانەش مامەڵەیان دەکات، هەم باوەڕی بەمەسەلە دینیەکان هەیەو هەم بەداهێنانە زانستیەکانیش. بۆیە ئەوەی لای ئەو گرنگە ڕێکخستنی ئەم فرەییەیە.

bb
به‌رگی كتێبه‌كه‌ی د. مه‌ریوان وریا قانع

 

هابرماز پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە هەم دینی دەبێت تێڕوانینەکانی بگۆڕێت بەشێوەیەک لەگەڵ زمانی زانستی بگونجێت، هەم نادینیەکان پێویستە هاریکاری دۆزینەوەی ئەو زمانە بکەن. واتە هەردو لایەن پێویستیان بەوەیە ئاستی تێگەشتنەکانیان ببەنە سەرەوە.

ئامانج لەمەش تێپەڕاندنی ئەو تێڕوانینە تەقلیدەیە کە دین وەک ڕێگر دەبینێت لەبەردەم نوێگەریداو وەک بەشێک لە دنیای بەر لەمۆدێرنەی دەبینێت.

بەمانایەکی تر مەرج نییە ئەو کەسەی باوەڕی بە پڕۆسەی بەعەلمانی بوونی دنیا هەبێت ئیتر کەسێکی پێرفێکتە و نابێت دەستکاری تێڕوانینەکانی بکرێت.

لێرەوە هابرماز دەگات بە چەمکی پۆست عەلمانیەت کە تیایدا مرۆڤی عەلمانی هۆشیارە و ئاگاداری کەموکوڕی تێڕوانینەکانی پڕۆسەی بەعەلمانی بوونە و دەتوانێت دەرکەوتەکانی ئەم پڕۆسەیە ڕەخنە بکات.

دواجار ئەو تێڕوانینەی کە پێیوایە بەهۆی ڕۆڵی پڕۆسەی بەعەلمانی بوونی دنیاوە دین لە پاشەکشەدایە، لە لای ڤایت بادەر بەتەواوی ڕەتدەکرێتەوە.

ئەم بیرمەندە لەبری ئەوەی ڕێگای یەکەم یا دووەم هەڵبژێرێت لە نێووان دین و عەلمانیەتدا بەدوای ڕێگای سێهەمەوەیە کە بتوانێت هەردوکیان لەخۆیدا کۆ بکاتەوە.

،،

ئەو تێڕوانینەی کە پێیوایە بەهۆی ڕۆڵی پڕۆسەی بەعەلمانی بوونی دنیاوە دین لە پاشەکشەدایە، لە لای ڤایت بادەر بەتەواوی ڕەتدەکرێتەوە.

 

ئەوەی ئەم بیرمەندە لەسەری دەوەستێت ڕێکخستنی ئەو دونیا پلورالیزمەیە کە سیستمێکی دیموکراسی لیبراڵ پێویستی پێیەتی، نەک سەپاندنی سیستمێک بەسەر کۆی سیستمەکانی تردا، ئەمەش لەڕێگای دیاری کردنی سنورێک کە هەموان تیایدا کۆک بن، بەشێک لەئینتیماکانی خۆیانی تیان بدۆزنەوە تا بتوانن بەرگری لێ بکەن.

خاڵێکی تر کە پێی گرنگە جیاکردنەوەی دیموکراسی و عەلمانیەتە لە یەکترو پێشخستنی دیموکراسیە وەک ستستمێکی تەواو و ڕێک.

نوسەر لەم کتێبەدا بابەتیانە لەسەر تێزەکان دەوەستێت، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەرکی خوێنەرە درک بەو پەیامە بکات کە لەپشت هەر دێڕێکی ئەم کتێبەوە هەیە.

وەک نوسەر ئاماژەی بۆ دەکات هەم عەلمانیەکان هەم دینیەکانی ناو دنیای ئێمە هەڵگری لۆژیکی یەکتر سڕینەوەن و کتێبەکەشی وەک هەوڵێک دەبینێت بۆ کۆتایی هێنان بەو لۆژیکە، وەکچۆن هەوڵێکیشە بۆ ناساندنی خوێنەر بەدنیایەک کە کەم تا زۆر پێی ئاشنا نییە.

ئامانج لەمەش تێپەڕینە بەسەر ئەو چەقبەستنە فکریەی ئەمڕۆ لەکایەی ڕۆشنبیريى ئێمەدا دەبینرێت و لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیشدا ڕەنگی داوەتەوە.

 

author photo

نووسەر

دەرچووی بەشی مێژووی زانکۆی سەڵاحەدین

شارەزای مێژووی ئێران