سۆزانی خاڵە شەهاب: ئارام قادرو محمد رەوف دێن لەگەڵمان

هاوپەیمانی و یەكێـتی رێكەوتنی سیاسی ئەنجام دەدەن

سۆزانی خاڵە شەهاب: ئارام قادرو محمد رەوف دێن لەگەڵمان

3632 خوێندراوەتەوە

 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێـتی ئەمرۆ لە راگەیەندراوێكدا سوپاسی هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵحیان كرد كە دەستپێشخەریان كردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ یەكێـتی یەكبگرنەوە، سەركردەیەكی هاوپەیمانیش دەڵێت: ئەمە یەكگرتن نییە، بەڵكو رێكەوتنێكی سیاسییە بۆ بەرژەوەندی گشتی لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا ئەنجام دەدرێت .

 

 

"هاوپەیمانی پرۆژەیەكی بەردەوامە"


هەرچەندە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری پار ساڵ كە دامەزرا، وا وێنا دەكرا كە دژی سیاسەتەكانی یەكێتی و پارتی بوەستێتەوە و هاوپەیمانییەكی نوێ بێت و گۆرانكاری سیاسی بهێنێتە ئاراوە، بەڵام هاوپەیمانی بەبیانوی ساختەكاری بریاری بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیدا و ئەمرۆش یەكێتی نیشتمانی ئەوەی راگەیاند كە ئەوان لەگەڵ بەرهەم ساڵح یەك دەگرنەوە.

 
لەمبارەوە سۆزان خاڵە شەهاب سەركردە لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەی بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین دەدوێت و دەڵێت:" ئەمە توانەوەی هاوپەیمانی نییە لەنێو یەكێـتیدا چونكە هاوپەیمانی پرۆژەیەكی بەردەوامەو ناوەستێت، و ئێمە ناچینە ناو یەكێـتی بەڵكو رێكەوتنی سیاسی لەگەڵیان واژۆ دەكەین كە بەرژەوەندی گشتی تێدا بێتە دی".

 

،،

یەكێتی و پارتی رێكەوتنی سیاسی لەنێوانیاندا هەیە و هەردوولاش سوودمەندن لێی، بۆیە ئاساییە هاوپەیمانیش لەگەڵ یەكێتی رێكەوتنی هەبێت.

 

 

سۆزانی خاڵە شەهاب، سەركردە لە هاوپەیمانی

 
ئەو سەركردەی هاوپەیمانی ئەوەش دەڵێت: كە یەكێتی و پارتی رێكەوتنی سیاسی لەنێوانیاندا هەیە و هەردوولاش سوودمەندن لێی، بۆیە ئاساییە هاوپەیمانیش لەگەڵ یەكێتی رێكەوتنی هەبێت.

 
سۆزان خاڵە شەهاب ئەوەش ناشارێتەوە كە لەم رێكەوتنەی نێوان هاوپەیمانی و یەكێتی هەردوولا سودمەند دەبن و هاوپەیمانیش هەرچەندە بەرژەوەندی گشتی لە پێش هەموو شتێكەوە دەبینێ بەڵام دەكرێت لەم رێكەوتنە سوودی خۆی وەر بگرێت.

،،

تا ئێستا بەرەسمی باسی پۆستی سەرۆك كۆمارمان نەكردووە بۆ بەرهەم ساڵح و ئەو قسانەی كە دەكرێن تەنها دەنگۆی راگەیاندن و شەقامە و شتێكی وا لە ئارادا نییە.

 

 

"تا ئێستا باسی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ د.بەرهەم نەكراوە"

 

سەبارەت بە سوودمەند بوونی هاوپەیمانی لەم نزیكبوونەوەی یەكێتی و دەنگۆی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن بەرهەم ساڵح و پشتگیری یەكێتی بۆ ناوبراو، ئەو سەركردەی هاوپەیمانی دەڵێت: تا ئێستا بەرەسمی باسی پۆستی سەرۆك كۆماريان نەكردووە بۆ بەرهەم ساڵح و ئەو قسانەی كە دەكرێن تەنها دەنگۆی راگەیاندن و شەقامە و شتێكی وا لە ئارادا نییە".

 
بەڵام سۆزان ئەوەش ناشارێتەوە كە ئاساییە لەم رێكەوتنەدا دوای گەڵاڵەكردن و واژۆكردنی، رێك بكەون لەسەر ئەوەی كە چى بكەن بۆ وەرگرتنی هەر بەرپرسیارى و كارێك، بەڵام تا ئێستا باسی پۆست و پلە نەكراوە.

 

 

"محمد رەوف و ئارام قادر دێن لەگەڵمان"

سۆزان خاڵە شەهاب، وەك چۆن باس لە چارەنووسی هاوپەیمانی دەكات و رەدی ئەو راگەیەندراوەی یەكێـتی دەداتەوە كە ئەوان یەك بگرن، بەهەمان شێوەش باس لە چارەنووسی سەركردەكانیان دەكات كە چ پۆستێك وەر دەگرن لە ناو یەكێتی و دەڵێت: " هیچ هاودیدێك بۆ پۆست و پلە نەهاتۆتە ناو هاوپەیمانی و ئێستەش چاوی لە پارەو پۆست نییە كە بیەوێ لەم رێكەوتنەی نێوان ئەوان و یەكێتی دەستی بكەوێت".

 

،،

من بەناوی كاك ئارام قادرو م.محمد رەوف پێتان دەڵێم، كە ئەوانیش دێن لەگەڵمان بۆ لای یەكێتی و لە چوارچێوەی ئەم رێكەوتنەدا دەبن، و بریاریانداوە چی لەبەرژەوەندی گشتی و هاوپەیمانی بێت دژی نەوەستنەوە.

 

 
بەڵام سۆزان ئەوەش ناشارێتەوە، كە محمد رەوف و ئارام قادر وەك دوو سەركردەی دیاری نێو هاوپەیمانەتییەكە كە لەماوەی رابردوودا لەنێو دوو حزبی ئیسلامی بوون و پاشخانێكی ئیسلامیان هەیە ئەمرۆ د.بەرهەم جێ ناهێڵن و چی لەبەرژەوەندی هاوپەیمانی بێت ئەوان دەیكەن.

 
هەربۆیە دەڵێـت: " من بەناوی كاك ئارام قادرو م.محمد رەوف پێتان دەڵێم، كە ئەوانیش دێن لەگەڵمان بۆ لای یەكێتی و لە چوارچێوەی ئەم رێكەوتنەدا دەبن، و بریاریانداوە چی لەبەرژەوەندی گشتی و هاوپەیمانی بێت دژی نەوەستنەوە".

 
لەكۆتایی وتەكانیدا ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی ئەوە دووپات دەكاتەوە كە نزیكبونەوەی ئەوان تەنها بۆ بەرژەوەندی گشتی بووە، چونكە لە ئێستادا ناوچەكە لە نا ئارامی و ناسەقامگیریدایە و دەبێت هەموو هەوڵێك بدرێت بارودۆخەكە ئارام بكرێتەوە تاكو هاوڵاتیان لەوە زیاتر ماندوو نەبن.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان