دەزانیت یەكەم كار كە پەرلەمانی كوردستان كردی چیبوو؟

جەمیل بایك: قسەی سەرەتای یەكەمین خولی پەرلەمانی كوردستان دژی پەكەكە بوو

دەزانیت یەكەم كار كە پەرلەمانی كوردستان كردی چیبوو؟

748 خوێندراوەتەوە

كارێك كە دەستپێكی كارو پرۆژەكانی‌و یەكەمین هەنگاوی خولی پەرلەمانی كوردستان بوو، دەركردنی بڕیاری شەڕكردنی پارتی‌و یەكێتیبوو لە دژی پارتی كرێكارانی كوردستان.

 

 
پاش شكستهێنانی گفتوگۆكانی بەرەی كوردستانی‌و ڕژێمی عێراق لە كۆتایی مانگی 10ی ساڵی 1991‌و دوای ئەوەی حكومەتی عێراق دامودەزگا ئیدارییەكانی لە ناوچەكانی كوردستان كشاندەوە، سەكردایەتی بەرەی كوردستانی كە ئەو كات لە حەوت حیزب پێكدەهات، بیرۆكەی دامەزراندنی پەرلەمانی گەڵاڵە كردو بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرۆژەیەش، لیژنەیەكی 15 كەسی لە دادوەرو یاسا ناسان‌و نوێنەرانی حیزبەكان پێكهێنرا.


لیژنەی ڕِاسپێردراو لە 23ی مانگی 12ی ساڵی 1991 تا 28ی ئەو مانگە، چەند كۆبوونەوەیەكی ئەنجام داو پرۆژە یاسایەكیان پێشكەشی سەركردایەتی بەرەی كوردستانی كرد.


لە 28 – 4- 1992داو لە پرۆژە پێشكەشكراوەكەی ئەو لیژنەیەوە، یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992 بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتیمانی كوردستان پەسەند كراو لە 19 – 5 – 1992 بە بەشداری نزیكەی یەك ملیۆن دەنگدەر، هەڵبژاردنی یەكەمین خوولی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام درا.

 

 كتێبی " مێژووێك لە ئاگر" دیدارێكی دورو درێژە لەگەڵ " جەمیل بایك"یەكێك لە دامەزرێنەرانی پەكەكە

 
لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، جگە لە پارتی‌و یەكێتی، هیچكام لە حیزبە بەشدار بووەكانی دی كە پێنج حیزب بوون، نەیانتوانی بەربەستی لە 7% تێبپەڕێنن‌و بگەنە پەرلەمان، بۆیە جگە لە پێنج پەرلەمانتار، سەرجەم پەرلەمانتارانی یەكەمین خولی پەرلەمانی كوردستان، پەرلەمانتاری پارتی‌و یەكێتی بوون.
بە هۆی ئەوەشەوە كە هەردوو حیزب، پارتی‌و یەكێتی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەیان قبوڵ نەكرد، لە كۆی 105 كورسی پەرلەمان، پارتی‌و یەكێتی كورسییەكانی پەرلەمانیان پەنجا بە پەنجا دابەشكردو 4 كورسیشیان دایە ئاشورییەكان‌و كورسییەكیش بە مەسیحییەكان.


یەكەمین كارو پرۆژەیەك كە لە خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچوو، بڕیاری شەڕكردنی پارتی‌و یەكێتی بوو دژی پەكەكەو هەردوو حیزب لەڕێگەی پەرلەمانەوە بڕیاری شەڕكردنەكەیان وەرگرت.

،،

یەكەمین كارو پرۆژەیەك كە لە خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچوو، بڕیاری شەڕكردنی پارتی‌و یەكێتی بوو دژی پەكەكەو هەردوو حیزب لەڕێگەی پەرلەمانەوە بڕیاری شەڕكردنەكەیان وەرگرت.


بەوتەی جەمیل بایك، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری " پەكەكە"و هاوسەرۆكی ئێستای كەجەكە، بەر لە یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، توركیا پەیوەندی لەگەڵ یەكێتی‌و پارتی بتەو كردووەو لەگەڵ ئەواندا ڕێكەوتووە كە پەكەكە بێكاریگەر بكەن‌و ڕێكەوتنیان ئەنجامداوە كە پێكەوە دژی پەكەكە ڕابوەستن‌و توركیا لە ڕێگەی پارتی‌و یەكێتییەوە پەلاماری پەكەكەی داوە.


لە كتێبی " مێژووێك لە ئاگر"دا، كە دیدارێكی دورو درێژە لەگەڵ " جەمیل بایك"ی یەكێك لە دامەزرێنەرانی پەكەكە، باسلەوە دەكات كە قسەی سەرەتای یەكەمین خولی پەرلەمانی كوردستان دژی پەكەكە بووە، ئەو دەڵێت:" كە پەرلەمانی باشووری كوردستان دامەزرا، ئاخافتن‌و قسەی سەرەتایان لە دژی پەكەكە بوو، ئەمە هەڵەیەكی مەزن بوو، وە خەتایەكی مێژوویی بوو".


سەبارەت بەوەی كە بۆچی پەرلەمانی كوردستان ئەو خەتا مێژووییەیان كردووە، جەمیل بایك وتوویەتی:" پەرلەمان هەر لەخۆیەوە ئەو بڕیارەی وەرنەگرت، هەندێك دەوڵەت ئەو بڕیارەیان بەسەر پەرلەمانی كوردستاندا سەپاند‌و پارتی‌و یەكێتی بە قورسایی لە پەرلەماندا بوون‌و ئەوانیش لە ڕێگەی پەرلەمانەوە ئەو بڕیارەیان وەرگرت، بۆچی؟ چونكە بە نهێنی ڕێكەوتن ئەنجامدرابوو ئەگەر پارتی‌و یەكێتی‌و پەرلەمانی كوردستان لەدژی پەكەكە بڕیار وەربگرن‌و لە دژی پەكەكە بوەستن، ئەوا ئەوانیش دان بە پەرلەماندا دەنێن‌و پەیوەندییەكانیان لەگەڵدا پێش دەخەن، لەسەر بڕیاری پەرلەمان، یەكێتی‌و پارتی بڕیاری شەڕی دژ بە پەكەكەو شەڕی خیانەتیان دا".

جەمیل بایك"یەكێك لە دامەزرێنەرانی پەكەكە


سەبارەت بەوەی كە بۆچی لە ڕێگەی پەرلەمانی كوردستانەوە پارتی‌و یەكێتی بڕیاری شەڕكردنیان دژی پەكەكە لەوكاتەدا وەرگرت، جەمیل بایك لە دیدارە دورو درێژەكەیدا كە بە كتێبێك بەناوی " مێژووێك لە ئاگر" چاپكراوە، وتوویەتی:" پەكەكە لە پێشكەوتن‌و گەشەسەندندا بوو لە باشوور، گەشەكردنی ترسی بۆ زۆر لایەن دروست دەكرد، بۆیە پێوویست بوو ڕابگیرێت، ئیدی پەرلەمانی كوردستان ئەو بڕیارەی وەرگرت‌و بڕیارەكەش زەمینەی بۆ سازكردنی شەڕ ڕەخساند".

،،

جەمیل بایك باسی لەوەشكردووە كە بەهۆی ڕێكەوتنەكەیانەوە لەگەڵ توركیاو بەخاتری ئەوەی توركیا دان بە پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمدا بنێت، یەكێتی‌و پارتی وتوویانە پەكەكە تیرۆریستە‌و ئێمەش دژی تیرۆریزمین.


هاو سەرۆكی كەجەكە، باسی لەوەش كردووە بە مەبەستی ئەوەی بەر لە هەڵگیرسانی شەڕ بگرن، كۆبوونەوەیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا ئەنجامداوە:" بۆ ئەوە بەر لەو شەڕە بگرین، كۆبوونەوەمان لەگەڵ حكومەتی هەرێم‌و فواد مەعسوم كە ئەوكات سەرۆكی حكومەت بوو ئەنجامدا، گەشتین بە بەڕێكەوتن‌و دەرئەنجامێك كە وا لەگەڵ یەكتردا شەڕ نەكەین، هەروەها ڕێكەوتین كەوا لە نێوان ئێمەو پارتی‌و یەكێتی‌و حكومەتی هەرێم‌و پەرلەماندا ناكۆكی نەبێت، ئێمە بەو ڕێكەتنە باوەڕمان كرد، وتمان ئیتر هیچ مەترسییەك ڕوو نادات‌و هیچ حسابێكمان بۆ هاتنە ئارای شەڕ نەكرد، وامان مەزەندە نەكرد كەوا پارتی‌و یەكێتی لەگەڵ توركیا پێكەوە هێرش بكەنە سەرمان".


جەمیل بایك باسی لەوەشكردووە كە بەهۆی ڕێكەوتنەكەیانەوە لەگەڵ توركیاو بەخاتری ئەوەی توركیا دان بە پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمدا بنێت، یەكێتی‌و پارتی وتوویانە پەكەكە تیرۆریستە‌و ئێمەش دژی تیرۆریزمین.


بە وتەی جەمیل بایك، ناوبردنی پەكەكە بە هێزێكی تیرۆریستی لە لایەن پارتی‌و یەكێتییەوە گەورەترین كۆمەكی بە توركیا كردووە بۆ ئەوەی لە دونیادا پەكەكە وەك تیرۆریست بناسێنێت،:" ئەمە هاوكاری توركیای كرد كە تێزی خۆی بۆ تیرۆریزم لە دنیا بە پەسەندكردن بدات‌و بەمجۆرەش زۆر وڵاتی ئەوروپا ئەو تێزەی توركیایان پەسەندكرد، ئەگەر وا نەبوایە ئەوا توركیا ئەگەر خۆیشی پارچە پارچە بكردایە، نەیدەتوانی پەكەكە وەك تیرۆریست بناسێنێت".

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی