گرێبه‌ستی مه‌رگ، مه‌رجی چاره‌سه‌ر له‌ نه‌خۆشخانه‌كاندا

لیژنه‌ی ته‌ندروستی په‌رله‌مانی كوردستان: ئاگامان له‌و گرێبه‌سته‌ نییه‌

گرێبه‌ستی مه‌رگ، مه‌رجی چاره‌سه‌ر له‌ نه‌خۆشخانه‌كاندا

892 خوێندراوەتەوە

نه‌خۆشخانه‌كانی كوردستان، كه‌ شوێنگای گه‌ڕانه‌وه‌ی هیواو به‌خشینه‌وه‌ی ژیانه‌ به‌هاونیشتمانیان، ناوه‌ندێكی گرنگ‌و هه‌ستیاره‌و پێویسته‌ حكومه‌ت‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان‌و په‌رله‌مانیش، چاودێری وورد له‌سه‌ر ئه‌و بنكانه‌ دابنێن تا له‌رێره‌وی خۆی لانه‌داو مه‌هامه‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ نه‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌پێناوی پاراستنی ژیانی نه‌خۆش كه‌ به‌پێی هه‌موو پێوه‌ره‌ ئاینی‌و مرۆییه‌كان پێویسته‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی دروستی له‌گه‌ڵدا بكرێت.

 

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌كان خزمه‌تێكی زۆری هاونیشتمانیان ده‌كرێت، به‌لام ئه‌وێش وه‌ك ته‌واوی فه‌رمانگه‌و دام‌و ده‌زگاكانی تری حكومه‌ت بێ به‌ش نییه‌ له‌گه‌نده‌ڵی‌و كه‌موكوڕی، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا ژیانی چه‌ندان هاوڵاتی كه‌وته‌ مه‌ترسیه‌وه‌و چه‌ندانی تریش بوونه‌ قوربانی.

 

ئه‌وه‌ی بووه‌ته‌ مایه‌ی نیگه‌رانی هاونیشتمانیان، ئه‌و گرێبه‌سته‌یه‌ كه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌كاندا له‌نێوان نه‌خۆش‌و پزیشكه‌كان واژۆ ده‌كرێت، كه‌ به‌گرێبه‌ستی مه‌رگ ناسراوه‌و هیچ به‌ندو بڕگه‌یه‌كیشی له‌خزمه‌تی هاوڵاتیاندا نییه‌.

 

له‌م راپۆرته‌دا به‌نده‌كانی گرێبه‌سته‌كه‌و وورده‌كارییه‌كانی پڕكردنه‌وه‌و چۆنیه‌تی واژۆكردنی ده‌خرێته‌ روو، كه‌ راو بۆچوونی چه‌ندان كه‌سایه‌تى وه‌رگیراوه‌و هه‌ریه‌كه‌و به‌شێوه‌ی جیاواز قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كات.

،،

له‌م راپۆرته‌دا به‌نده‌كانی گرێبه‌سته‌كه‌و وورده‌كارییه‌كانی پڕكردنه‌وه‌و چۆنیه‌تی واژۆكردنی ده‌خرێته‌ روو، كه‌ راو بۆچوونی چه‌ندان كه‌سایه‌تى وه‌رگیراوه‌و هه‌ریه‌كه‌و به‌شێوه‌ی جیاواز قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كات.

گرێبه‌ستی مه‌رگ، بڕگه‌ و ماده‌كان

 

ئه‌و گرێبه‌سته‌ی كه‌ ناوی مه‌رگی خراوه‌ته‌ پاڵ، له‌ 2 بڕگه‌و 11 ماده‌ پێكهاتووه‌و له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستیه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌، پێش ئه‌نجامدانی هه‌ر نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك یان كارێكی بێ هۆشكاری به‌ كه‌س‌و كاری نه‌خۆش پڕده‌كرێته‌وه‌، ئامانجیش لێی دووركه‌وتنه‌وه‌ی پزیشك‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ له‌مه‌ترسی توشبوون به‌ سزای یاسایی.

 

به‌پێی نوسراوێكی گرێبه‌سته‌كه‌ كه‌ دانه‌یه‌كی ده‌ست دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین كه‌وتووه‌، هه‌موو ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ری‌و بێهۆشكارییانه‌ی بۆ نه‌خۆش ئه‌نجامده‌درێت ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌ئه‌ستۆی پزیشك‌و نه‌خۆشخانه‌كاندا نییه‌و كه‌س‌و كاری نه‌خۆش به‌رپرسیارێتی هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و واژۆیه‌ی له‌سه‌ری ده‌كرێت.

 

له‌بڕگه‌ی یه‌كه‌می گرێبه‌سته‌كه‌دا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری، چه‌ند ماده‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان مه‌ترسیداره‌و پێویست ده‌كرێت له‌سه‌ر كه‌س‌و كاری نه‌خۆش واژۆی بكات.

 

بڕگه‌كانیش بریتین له‌:

 

1-      مردن.

2-      به‌ربوونی خوێن.

3-      هه‌وكردنی برین.

4-      چاك نه‌بونه‌وه‌.

5-      خراپتربوون.

 

له‌به‌شی سه‌ره‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌دا واژۆ به‌كه‌س‌و كاری نه‌خۆش ده‌كرێت كه‌ هه‌ر حاڵه‌تێك رووبدات له‌ئه‌ستۆی پزیشك‌و نۆژداره‌كاندا نییه‌و كه‌س‌و كار به‌رپرسیارێتی هه‌ڵده‌گرێت، سه‌رجه‌می ئه‌و حاڵه‌تانه‌ش مه‌ترسییه‌ بۆ نه‌خۆش‌و ئه‌گه‌ر مردنی به‌دوادا نه‌یه‌ت، رێره‌وی ژیانی نه‌خۆشه‌كه‌ به‌ره‌و گۆڕانی خراپ ده‌بات.

 

به‌هه‌مان شێوه‌ی بڕگه‌ی یه‌كه‌م، بڕگه‌ی دوه‌میش له‌چه‌ند ماده‌یه‌ك پێكهاتووه‌ كه‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌وانه‌ش ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی كه‌س‌و كاری نه‌خۆش، وه‌ك:

 

1-      وه‌ستانی دڵ.

2-      حه‌ساسیه‌ت به‌ده‌ماره‌كان.

3-      خه‌به‌رنه‌بوونه‌وه‌.

4-      جه‌ڵده‌ی ده‌ماغ.

5-      شه‌له‌لی نیوه‌یی.

6-      دره‌نگ خه‌به‌ر بوونه‌وه‌.

 

به‌و پێیه‌ش بێت، پزیشك‌و نۆژدار هیچ به‌رپرسیارێتیه‌كان ناكه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌گه‌ر بێتوو كاره‌كه‌شیان به‌هه‌ڵه‌ ئه‌نجامبده‌ن.

 

تا چه‌ند گرێبه‌سته‌كه‌ یاساییه‌؟

 

به‌پێی وته‌ی پزیشكێكی ناو نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری سلێمانی، ئه‌و گرێبه‌سته‌ هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی تێدا نییه‌، به‌و پێیه‌ی مافی هاوڵاتی پێشێل كراوه‌.

 

ئه‌و پزیشكه‌ كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت به‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینی وت: له‌هیچ شوێنێكی دنیادا گرێبه‌ست‌و فرۆمی له‌و جۆرو شێوازه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌كاندا هه‌یه‌ جۆرێكه‌ له‌ كوشتن، بۆیه‌ ده‌بێت هاوڵاتیان هۆشیارتر بن‌و قبوڵی ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن كه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌كاندا به‌رامبه‌ریان ده‌كرێت.

 

ئه‌و پزیشكه‌ راشیگه‌یاند كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌كاندا به‌دی ده‌كرێت جۆرێكه‌ له‌گه‌نده‌ڵی، به‌ڵام بوونی گه‌نده‌ڵی له‌هه‌موو دام‌و ده‌زگایه‌ك ئاسایی بێت، له‌ نه‌خۆشخانه‌و فه‌رمانگه‌ ته‌ندروسییه‌كان مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ژیان‌و مردنی هاوڵاتیه‌وه‌.

،،

ئه‌وه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌كاندا به‌دی ده‌كرێت جۆرێكه‌ له‌گه‌نده‌ڵی، به‌ڵام بوونی گه‌نده‌ڵی له‌هه‌موو دام‌و ده‌زگایه‌ك ئاسایی بێت، له‌ نه‌خۆشخانه‌و فه‌رمانگه‌ ته‌ندروسییه‌كان مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ژیان‌و مردنی هاوڵاتیه‌وه‌.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌و له‌میانی لێدوانێكیدا بۆ دیپلۆماتیك، دكتۆر یادگار پزیشكی پسپۆڕ له‌بواری نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناوی وتی: ئه‌و گرێبه‌سته‌ هاوشێوه‌یه‌ له‌گه‌ڵ گرێبه‌ست‌و فۆرمی چه‌ندان نه‌خۆشخانه‌ له‌وڵاتانی دنیا، پێموایه‌ ستانداردێكی جیهانی هه‌یه‌و به‌ڵام ده‌كرێت هه‌ندێ گۆڕانكاری تێدا بكرێت.

 

لیژنه‌ی ته‌ندروستی بێ ئاگایه‌

 

له‌باره‌ی ئه‌و گرێبه‌سته‌و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌ی لیژنه‌ی ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی روو ئه‌ده‌ن، شوكریه‌ شێخانی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ته‌ندروستی له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دیلۆماتیگ مه‌گه‌زینی وت: به‌هیچ جۆرێك ئاگاداری ئه‌و گرێبه‌سته‌ نین‌و تا ئێستاش هیچ سكاڵایه‌كمان به‌ده‌ستنه‌گه‌یشتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌دواداچوونی بۆ بكه‌ین، بێ گومان ئه‌گه‌ر ئاگادار بكرێینه‌وه‌ ئێمه‌ به‌ئه‌ركی خۆمان هه‌ڵده‌ستین و وه‌زیری ته‌ندروستیش بانگێشتی په‌رله‌مان ده‌كه‌ین."

 

author photo

ڕۆژنامەنووس