محه‌مه‌د حه‌لبوسیی، كۆنه‌ هاوكاری ئه‌مریكییه‌كان و هاوپه‌یمانی نوێی ئێران

له‌ شارۆچكه‌ی كه‌رمه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق

محه‌مه‌د حه‌لبوسیی، كۆنه‌ هاوكاری ئه‌مریكییه‌كان و هاوپه‌یمانی نوێی ئێران

2366 خوێندراوەتەوە

دیاریكردنی محه‌مه‌د حه‌لبوسیی وه‌ك كاندیدی سه‌ره‌كی سوننه‌كان بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی سوننه‌ له‌ عه‌ممانی پایته‌ختی ئوردن كه‌ به‌ كۆی ده‌نگ رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حه‌لبوسیی ببێته‌ كاندیدی سوننه‌ بۆ پۆسته‌كه‌.

 

رۆژی 23ی ئایار، هاوپه‌یمانێتی (ئه‌نبار ناسنامه‌مانه‌) كه‌ جه‌مال كه‌ربولی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات ئاشكرایكرد چه‌ند رۆژێك دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 12ی ئایار رێكه‌وتنێك له‌ عه‌ممانی پایته‌ختی ئوردن كراوه‌ به دیاریكردنی محه‌مه‌د حه‌لبوسیی بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و سه‌لیم جبوریی بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ر سوننه‌ كه‌وت ئه‌و وه‌زاره‌ته‌.

له‌ نێو ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی سوننه‌شدا كه‌ له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاره‌وه‌ ناویان ده‌هات بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان، حه‌شدی شه‌عبی زیاتر مه‌یلیان به‌لای حه‌لبوسییه‌وه‌ بووه‌ ئه‌وه‌ش راسته‌وخۆ مانای ئه‌وه‌یه‌ ئێرانیش پشتیوانی كردووه‌ و هانی لایه‌نه‌ شیعه‌كانی و كوردیشی داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پشتیوانی بكه‌ن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك زانیاریی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان پشتیوانی دارایی حه‌لبوسیی كردووه‌ له‌ كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا، هه‌روه‌ها له‌ شاری سلێمانیش یه‌كه‌یه‌كی نیشته‌جێبوونی پێدراوه‌، هه‌روه‌ك پارتیش هیچ لارییه‌كی له‌سه‌ر حه‌لبوسییی نه‌بووه‌.

،،

رێكه‌وتنی هاوپه‌یمانێتیه‌كانی فه‌تح و سائیرون به‌ سه‌رۆكایه‌نی عامریی و سه‌در له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگ به‌ حه‌لبوسیی بده‌ن بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و پشتیوانی ئێران و كورد له‌م كاندیده‌ كۆتایی به‌ بگره‌وبه‌رده‌ی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ هێنا.


پشتكردنی سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، له‌ ئوسامه‌ نوجێفی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ پێیانوابووه‌ نوجێفی موماره‌سه‌ی گوتارێكی تایفیی ده‌كات دژی شیعه‌ به‌ڵام حه‌لبوسی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ جگه‌ له‌ توانا و لێهاتوویه‌كه‌ی نه‌زعه‌ی تایفیی تێدا نییه‌، جگه‌ له‌وه‌ش هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی خالید عوبێدی كه‌ خۆی بۆ هه‌مان پۆست كاندید كرد هێنده‌ی تر گڵۆڵه‌ی نوجێفی خسته‌ لێژییه‌وه‌.


به‌وشێوه‌یه‌ رێكه‌وتنی هاوپه‌یمانێتیه‌كانی فه‌تح و سائیرون به‌ سه‌رۆكایه‌نی عامریی و سه‌در له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگ به‌ حه‌لبوسیی بده‌ن بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و پشتیوانی ئێران و كورد له‌م كاندیده‌ كۆتایی به‌ بگره‌وبه‌رده‌ی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ هێنا.

cf
حه‌لبوسیی له‌ كاتی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی پارێزگای ئه‌نبار ـ 2018.9.11


محه‌مه‌د رێكان حه‌دید عه‌لی حه‌لبوسیی، له‌ 4ی كانونی دووه‌می ساڵی 1981 له‌ قه‌زای كه‌رمه‌ (12 كم خۆرهه‌ڵاتی شاری فه‌لوجه‌) له‌ پارێزگای ئه‌نبار له‌ دایكبووه‌، خێزانداره‌ و كۆلێژی ئه‌ندازیاریی مه‌ده‌نیی له‌ زانكۆی موسته‌نسیریه‌ له‌ ساڵی 2006 ته‌واو كردووه‌، ئه‌و خۆی به‌ فه‌لوجه‌یی ناساندووه‌ له‌ ناو هاوپۆله‌كانیدا له‌ زانكۆ.


ساڵی 2006 له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ی كه‌ربولی ئاشنایه‌تی په‌یدا ده‌كات و ده‌ست ده‌كات به‌ كاری بازرگانیی و به‌ڵێنده‌رایه‌تی له‌ فه‌لوجه‌، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كانیش په‌یوه‌ندیی هه‌بووه‌ و  له‌ ئه‌نجامدانی چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی ئاو و كاره‌با و خزمه‌تگوزاریی وه‌ك ئه‌ندازیارێك كاری له‌گه‌ڵ كردوون.

 كه‌رمه‌ كه‌ زێدی له‌ دایكبوونی حه‌لبوسیی و پێگه‌ی عه‌شیره‌ته‌كه‌یه‌تى،  له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نباره‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تای 2017 له‌ ناحیه‌وه كرا به‌ قه‌زا، له‌گه‌ڵ ناحیه‌كانی عامریه‌ سمود و به‌غدادیی و نوخێب كه‌ ئه‌وانیش گۆردران به‌ قه‌زا، كه‌رمه‌ پێكهاته‌یه‌كی خێله‌كی هه‌یه‌ و حه‌لبوسیه‌كانیش یه‌كێكن له‌ عه‌شیره‌ته‌ دیاره‌كانی ئه‌وێ.

،،

كه‌رمه‌، یه‌كێك بوو له‌و ناوچانه‌ی ئه‌نبار زۆرترین توندوتیژیی به‌خۆوه‌بینی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان له‌ ساڵانی 2005 بۆ 2007 و له‌ جه‌وله‌كانی شه‌ری فه‌لوجه‌دا، له‌ 7ی ئایاری 2006 گروپێكی چه‌كدار ڤیدیۆیی سه‌ربرینی چه‌ند سه‌ربازێكی ئه‌مریكیان بڵاوكردنه‌وه‌ له‌ شارۆچكه‌ی كه‌رمه‌.


كه‌رمه‌، یه‌كێك بوو له‌و ناوچانه‌ی ئه‌نبار زۆرترین توندوتیژیی به‌خۆوه‌بینی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان له‌ ساڵانی 2005 بۆ 2007 و له‌ جه‌وله‌كانی شه‌ری فه‌لوجه‌دا، له‌ 7ی ئایاری 2006 گروپێكی چه‌كدار ڤیدیۆیی سه‌ربرینی چه‌ند سه‌ربازێكی ئه‌مریكیان بڵاوكردنه‌وه‌ له‌ شارۆچكه‌ی كه‌رمه‌.

 

dfg
شارۆچكه‌ی كه‌رمه‌، زێدی له‌ دایكبوونی محه‌مه‌د حه‌لبوسیی


سه‌ره‌تای ساڵی 2014 چه‌كداره‌كانی داعش ده‌ستیان به‌سه‌ر شارۆچكه‌ی كه‌رمه‌ گرت و له‌ 23ی ئایاری 2016 له‌ پرۆسه‌ی سه‌ربازیی شكاندنی تیرۆر ئازادكرا له‌ لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌.

محه‌مه‌د  حه‌لبوسیی، ساڵی 2014 له‌ بازنه‌ی پارێزگای ئه‌نبار خۆی كاندید كرد و توانی ببێته‌ ئه‌ندامی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌ندامی لیژنه‌ی مافی مرۆڤ و داراییش بوو، پاشان بووه‌ته‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق.

محه‌مه‌د حه‌لبوسیی له‌ 29ی ئابی 2017 له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نباره‌وه‌ وه‌ك پارێزگاری ئه‌نبار هه‌ڵبژێردرا له‌ شوێنی سوهه‌یب ئیسناعیل راویی، رۆژی 11ی ئه‌یلوليش، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار د.عه‌لی فه‌رحان دلێمی له‌ شوێنی حه‌بوسیی بۆ پارێزگاری ئه‌نبار هه‌ڵبژارد.


به‌و شێوه‌یه‌ حه‌لبوسیی بوو به‌ گه‌نجترین سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ مێژووی عێراقدا و له‌ دانیشتنی رۆژی شه‌ممه‌ (2018.9.15) په‌رله‌مانی عێراق به‌ 169 ده‌نگ له‌ كۆی 298 ده‌نگ متمانه‌ی پێبه‌خشی و پێش ركابه‌ره‌كانی ترى دایه‌وه‌، خالید عوبێدی (89 ده‌نگ) و ئوسامه‌ نوجێفیی (19 ده‌نگ) و محه‌مه‌د خالیدیی (4 ده‌نگ).

،،

به‌و شێوه‌یه‌ حه‌لبوسیی بوو به‌ گه‌نجترین سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ مێژووی عێراقدا و له‌ دانیشتنی رۆژی شه‌ممه‌ (2018.9.15) په‌رله‌مانی عێراق به‌ 169 ده‌نگ له‌ كۆی 298 ده‌نگ متمانه‌ی پێبه‌خشی و پێش ركابه‌ره‌كانی ترى دایه‌وه‌.

 

dgg
كۆبوونه‌وه‌ی وه‌فدی میحوه‌ری سوننه‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌لبوسیی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ـ سلێمانی ـ 2018.9.1

 

له‌ كاتێكدا ته‌ڵال زه‌وبه‌عیی و ره‌عد ده‌هله‌كیی دوو كاندیدی تری سوننه‌ بوون بۆ هه‌مان پۆست پێش پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خالید عوبێدی كشانه‌وه‌، به‌ڵام عوبێدی كه‌ كاندیدی سه‌در و عه‌بادیی پرۆ ئه‌مریكا بوو ئه‌وه‌ فریای نه‌كه‌وت و به‌رامبه‌ر حه‌بوسی كه‌ كاندیدی دڵخوازیی هاوپه‌یمانه‌كانی ئێران بوو شكستی هێنا.

 

له‌ یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مان له‌ رۆژی 3ی ئه‌یلول فراكسیۆنه‌كان نه‌یانتوانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرن به‌هۆی ناكۆكی زۆری نێوان كوتله‌ په‌رله‌مانییه‌كان و ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئێران و ئه‌مریكاوه‌.

 

 

author photo

ماستەر لە پەیوەندیە گشتییە سیاسییەکان

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە بواری لێكۆڵینەوەی سیاسيی