سیناریۆكانی ساڵی 2014 بۆ یەكلایی كردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار دووبارە دەبێتەوە؟

دكتۆر مەحمود عوسمان: لام سەیرە كورد بەدوای پۆستی كارتۆنیی سەرۆك كۆمارەوەیە

سیناریۆكانی ساڵی 2014 بۆ یەكلایی كردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار دووبارە دەبێتەوە؟

1053 خوێندراوەتەوە

سامان عومەر

چەند ڕۆژێكە سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەستی پێكردووەو دەنگۆ و مشت‌و مڕی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا گەیشتە خاڵی كۆتایی‌و ئێستا هیچ لایەنێك خۆی بەخاوەنی ئەو بابەتە نازانێت.

 
لە ئێستادا لایەنەكان وەك هەموو جارێك، بەپێی پشكی خۆیان، سەرگەرمی دیاریكردنی كاندیدانی سەرۆككۆماری كوردی‌و سەرۆكوەزیرانی شیعی‌و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی سونیین.
پەیوەست بە لایەنە شیعی‌و سونییەكان، سوننەكان پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیان یەكلاییكردەوە كە (محەمەد حەلبوسی) سەرۆكی كوتلەی (ئەنبار ناسنامەمانە) بوو بەسەرۆك.

 
ململانێی شیعەكانیش بۆ یەكلادنەوەی كاندیدی سەرۆكوەزیران بەردەوامە.

پەیوەست بە كوردیشەوە، ئەوەی هەیە، تائێستا كاندیدی سەرۆككۆمار بە تەواوی لەنێوان دوو لایەنی گەورەی براوەی پارتی‌و یەكێتی یەكلا نەبووەتەوە، هەرچەند هەوڵەكانی یەكێتی بۆ یەكلاییكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆككۆمار چڕتر دەبینرێت وەك لە پارتی، چونكە یەكێتی بەپێی ڕێككەوتنێك لەگەڵ پارتی لە ساڵی 2005 ەوە پۆستی سەرۆككۆماری لایەو كورسی سەرۆككۆمار بە مافی خۆیان نەبێت بە مافی هیچ لایەنێكی تری نازانێت.

كێشمە كێشمی دابەشكاری پۆستەكانی سیادییەكانی عێراق، هەموو چوار ساڵ جارێك دووبارە دەبێتەوە، تا مامجەلال مابوو پۆستی سەرۆككۆمار لەناو لایەنە كوردییەكان بێ‌ ڕكابەر لەدەستی ئەودا بوو.

،،

كێشمە كێشمی دابەشكاری پۆستەكانی سیادییەكانی عێراق، هەموو چوار ساڵ جارێك دووبارە دەبێتەوە، تا مامجەلال مابوو پۆستی سەرۆككۆمار لەناو لایەنە كوردییەكان بێ‌ ڕكابەر لەدەستی ئەودا بوو.

ناكۆكییەكان لەناوخۆ و دەرەوەی ئەو حزبە لەدوای نەخۆشكەوتنی مامجەلال لەسەر ئەو پۆستە سەریان هەڵدا، كاتێك لە ساڵی 2014 پۆستی سەرۆككۆمار بۆ یەكێتی یەكلایی بوو، لەو سەرو بەندەدا مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی ئەو حزبە بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكانەوە لەكاندیدێك زیاتریان خستە بەردەم فراكسیۆنە كوردییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، تا دەنگی پێبدەن، بەجۆرێك دوو كاندیدی فەرمی ( د.بەرهەم ساڵح و فوئاد مەعسوم) و (د.نەجمەدین كەریم)یش لەدەرەوەی بڕیاری حزبەكەی خەریكی جوڵە بوو، چەند جارێكیش ڕایگەیاند كە لە كاندیدبوونی ناكشێتەوە، تا دواجار بەدەنگی فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا بازەكە لەسەر شانی (د.فوئاد مەعسوم) نیشتەوەو بوو بە تاكە كاندیدی كورد بۆ پۆستی سەرۆككۆمار.

ئەمەش ئەنجامەكەی زیور بوونی بەرهەم ساڵحی لێكەوتەوەو دوای 4 ساڵ لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران‌و ماوەیەك بێدەنگی بەتەواوی جیابوونەوەی خۆی لەیەكێتی ڕاگەیاندو قەوارەی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) دروستكرد و بەشداری هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی كرد.

 

سیناریۆی ساڵی 2014 دووبارە دەبێتەوە؟

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی ئۆكتۆبەر، هەر زوو یەكێتی لە ڕێگەی ئەنجومەنی ناوەندی حزبەكەی (د.محەمەد سابیر) ئاوەڵزاوای مامجەلال‌و باڵیۆزی پێشوی عێراقی وەك كاندیدی فەرمی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار ئاشكرا كردو ناوی (مەلا بەختیار) لێپرسراوی دەستەی كارگێری‌و (فوئاد مەعسوم)یش بەرگوێ‌ دەكەوت.

بەڵام دوای ئەوەی هەنگاوەكانی ڕێككەوتن و نزیكبوونەوەی هاوپەیمانی و یەكێتی چڕبونەوە دەنگۆی كاندیدكردنی (د.بەرهەم ساڵح) لەلایەن یەكێتییەوە بۆ پۆستی سەرۆككۆمار زیاترە، هەرچەندە وا بڵاوكرایەوە كە (د.محەمەدسابیر) لە كاندید بوون بۆ ئەو پۆستە كشاوەتەوە، بەڵام هەر زوو (د.محەمەد سابیر) ئەوەی ڕەتكردەوەو ڕایگەیاند كە چاوەڕوانی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیەتی بۆ بڕیاردان لەبارەی كاندیدی كۆتایی سەرۆككۆمارو پلانی بۆ چوار ساڵی ئایندە ئامادە كردووە.

ئەمە هەمان ئەو قسەیەیە كە وتەبێژی یەكێتی (سەعدی ئەحمەد پیرە) لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند "مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوە یەكلایی دەكاتەوە كە كام كاندیدەی یەكێتی پۆستی سەرۆككۆمار وەردەگرێت".

ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتی لەوە قوڵترن كە بتوانرێ‌ وا بە ئاسانی ئەم پرسە یەكلایی بكرێتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی كە ئێستا هەوڵی هێنانە پێَشەوەی (د.بەرهەم ساڵح) جێگری پێشوی سكرتێری یەكێتی و سەرۆكی ئێستای هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لەلایەن پاڤێڵ تاڵەبانی و چەند كەسێكیتری ئەو حزبە گەرم و گوڕە.
بەڵام دژایەتییەكانیش لەلایەن بنەماڵەی برایم ئەحمەدو بەشێك لە ئەندامانی سەركردایەتی ئەو حزبە بۆ پێدانی ئەم پۆستە بە (بەرهەم ساڵح) كەم نین.

،،

ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتی لەوە قوڵترن كە بتوانرێ‌ وا بە ئاسانی ئەم پرسە یەكلایی بكرێتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی كە ئێستا هەوڵی هێنانە پێَشەوەی (د.بەرهەم ساڵح) جێگری پێشوی سكرتێری یەكێتی و سەرۆكی ئێستای هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لەلایەن پاڤێڵ تاڵەبانی و چەند كەسێكیتری ئەو حزبە گەرم و گوڕە.

 

پاڤێڵ تاڵەبانی، عەرابی یەكلایكردنەوەی پۆستی سەرۆككۆمارە؟

(پاڤێڵ تاڵەبانی) كوڕە گەورەی مامجەلال كە پۆستەكەی وەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی شەرعییەت پێدراوی كۆنگرە نییە، بەڵام لەئێستادا ئامادەبوویەكی هەمیشەیی دانیشتنەكانی مەكتەبی سیاسییەو لەگەڵ هێرۆخانی دایكی بڕیاری كۆتایی یەكلاكردنەوەی زۆربەی پرسەكانیان لەدەستدایە.


لەدوای بەفەرمی ڕاگەیاندنی بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هەموو هەوڵێكی پاڤێڵ تاڵەبانی لە ئێستادا ئەوەیە كە دوای جیابوونەوەی لە حزبەكەی (بەرهەم ساڵح) بهێنتێتەوە ناو كێشمە كێشمی كاندیدانی سەرۆككۆمار تا بەو هۆیەوە دوو ئامانج بپێكێ‌:
یەكەمیان: هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی و ڕاكێشانەوەی دەنگە ڕۆیشتووەكانی ئەو حزبە (هەرچەندە هاوپەیمانی تا ئێستا هەڵوەشاندنەوەی حزبەكەیان و چونەوە ناوی یەكێتیان لە دەمی وتەبێژەكەیانەوە ڕەتكردووەتەوە).


دووەمیان: پێشكەشكردنی كاندیدێكی بەهێز بۆ سەرۆككۆمار، چونكە وا دەردەكەوێت كە زۆرینەی لایەنە كوردستانی و عێراقییەكان هێڵی سوریان لەسەر بەهەم ساڵح نەبێت، ئەوە جگە لە ئارەزوی خودی بەرهەم ساڵح خۆی بۆ ئەو پۆستە.


زانیارییەكان باس لەوەدەكەن لەهەمبەر ئەو پرسە تا ئێستا دایكی هاوڕای پاڤێڵ نییەو هەر بۆیە لەسەرەتای ئەم مانگەدا لەڕایگەیاندراوێكدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتی: ( دەبێت سەركردایەتی یەكێتی هەڤاڵێكی بە ئەزموون‌و دانەبڕاو لە ڕێبازەكەی سەرۆك مامجەلال كاندید بكات بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق)، ئەمە وەك ئاماژەیەك بۆ دژایەتیكردنی (بەرهەم ساڵح)، هەرچەندە دوای ماوەیەكی كورت ئەم ڕاگەیاندراوە بە ڕاگەیاندراوێكی نەرمتر ڕتوشكرا.

ڕەنگە ئەم هەوڵانەی كوڕە گەورەی مامجەلال لەناوخۆی حزبەكەی و لایەنە كوردستانییەكان لەناویاندا پارتی، بێ‌ لەمپەرو تەخت نەبن بۆ بەجێگەیاندنی ئەو كارە.
د. سەردار عەزیز نوسەرو چاودێری سیاسی بۆ (دیپلۆماتیك مەگەزین) وتی:" پرسیاری گەورە ئەوەیە بۆچی 2014 و 2018 بەهەمان شێوە بەڕێوە دەچێت بۆ یەكلایی كردنەوەی پۆستەكان".


وتیشی:" پۆستی سەرۆككۆمار بەناوی نوێنەرایەتی كوردەوەیە بۆ ئەوەیە بەرژەوەندییەكانی كورد بپارێزێت تا كورد لەو ڕێگەیەوە بببَت بە بەشێك لە عێراق و بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە وڵاتی یەك پێكهاتە، بەڵام لەئەنجامی ئەو ململانێ‌ و پەرتەوازەیی‌و شەڕە شەخسییەی لەهەرێمی كوردستان هەیە، پۆستە گرنگەكانی بەغدا دەبنە پۆستی ئەم گروپ و ئەو باڵ و مامەڵەیان پێوەدەكرێت و ئامانجە گەورەكان ون دەبن".

،،

ئەگەر یەكێتی لەناوخۆی خۆی و لەگەڵ پارتی لەسەر ئەو پۆستە نەگەنە ڕێككەوتن، هاوشێوەی ساڵی 2014 یەكێتی زیاتر لە كاندیدێك و پارتیش كاندیدی خۆی دەنێرێتە پەرلەمان تا بەدەنگی پەرلەمانتاران ئەو پۆستە یەكلایی بكەنەوە.


لە ئەگەری پەرتەوازەیی ناوخۆی یەكێتی و لایەنە كوردییەكانیتر، دوورنییە پارتیش كاندیدی خۆی بجوڵێنێت‌و ئەو پۆستە بە مافی خۆی بزانێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا پۆستی سەرۆكی هەرێم (كە وا لێكدەدرێتەوە بەرامبەر پۆستی سەرۆككۆمارە) بە بڕیارێك لەپەرلەمانی كوردستان سڕ كرا، وە پارتی جوڵەیەكی تری سیاسی لەو ڕووە دەستپێكردووە بۆیە ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە كە پارتی پۆستی سەرۆككۆمارو پۆستی پارێزگاری كەركوك وەك یەك پاكێج بخاتە بەردەمی یەكێتی، تا بتوانێت یەكێك لەو پۆستانە كە پێشتر هەردووكیان لای یەكێتی بوون بۆخۆی بپچڕێت.

ئەگەر یەكێتی لەناوخۆی خۆی و لەگەڵ پارتی لەسەر ئەو پۆستە نەگەنە ڕێككەوتن، هاوشێوەی ساڵی 2014 یەكێتی زیاتر لە كاندیدێك و پارتیش كاندیدی خۆی دەنێرێتە پەرلەمان تا بەدەنگی پەرلەمانتاران ئەو پۆستە یەكلایی بكەنەوە.

لەبارەی گرنگی پۆستی سەرۆككۆمار بۆ كورد (د.مەحمود عوسمان) سیاسەتمەداری كورد تایبەت بە (دیپلۆماتیك مەگەزین)ی ڕاگەیاند": ( پۆستی سەرۆككۆمار بۆ كورد جگە لە ناوێكی گەورەی بێ‌ دەسەڵات هیچ گرنگیییەكی نییە، وتیشی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پۆستێكی گرنگترە بۆ كورد".
مەحمود عوسمان بە سەرسوڕمانەوە وتیشی:" لام سەیرە كورد بەدوای ئەو پۆستە كارتۆنییەوەیە".



 

author photo

ڕۆژنامەنوس

بەكالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی كوردی

ئەزمونی 6 ساڵ كاری ڕۆژنامەوانی