هێرشە موشەكیەكەی ئێران ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت ؟

هێرشە موشەكیەكەی ئێران ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت ؟

828 خوێندراوەتەوە

دوای چەند خولەكێك لە كۆبوونەوەی ( حیزبی دیموكراتی كوردستان) لە رۆژی 8/9/2018 ،بینا و هۆڵی كۆبوونەوەكە كرانە ئامانج و شەش موشەكیان ئاڕاستە كرا،بەهۆیەوە 17 كەس شەهید بوون و 49 كەسی تریش برینداربوون، كە هاوڵاتی سڤیل و منداڵیش لەناویاندا بوون، دوای هێرشەكە سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە كرد كە لە وەڵامی ئەهێرشانەدا بووە كە لەلایەن ئەو حیزبانەوە كراوەتە سەر سوپای پاسداران.

 
لەم ڕاپۆرتە شیكاریەدا دەمانەوێت چەند لایەنێكی تری نادیاری ئەو هێرشانە شی بكەینەوە، بزانین ئایا ئەو هێرشانە چ پەیامێكی ئێرانی لەخۆ گرتبوو، ئێران بەم هێرشە بە ئامانجەكانی دەگات و یان بە زیانی دەشكێتەوە؟

یەك هێرش و سێ ئامانج


ئێران لە دووری 100 میل لە ئامانجەكەیەوە و لە نزیك شاری ورمێوە، هێرشە موشەكیەكەی ئەنجامدا،پێدەچێت هێرشەكە ئەوەندەی بە ئامانجی سیاسی و چەند ئامانجێكی تر بووە ، ئەوەندە بۆ لایەنی سەربازی نەبووبێت،چونكە لەپاڵ ئەم هێرشانەدا ئێران ویستی سێ پەیامی گرنگ بگەیەنێت كە ئامانەن:


یەكەم:
ئامانجی یەكەمی ئێران كە زۆر گرنگە بۆ ئەوە بوو، كە دەیەوێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە توانای موشەكی و نیازی هەرێمیایەتی ئێران ئاگادار بكاتەوە، بەشێوەیەك بە ئامانج گرتنی ئەو ژوورەی كۆبوونەوەكەی تێدا ئەنجامدرا بە بەهێزترین موشەك، لای هەر چاودێرێك ئەوا دەگەیەنێت،كە هێرشە موشەكیەكەی ساڵی پاری ئێران كە لە سوریا ئامانجی نەپێكاو بووە هۆی شەرمەزاربوونی ئەو وڵاتە، ئێستا پێچەوانە بۆتەوە و لایەنە زانستی و توانا موشەكیەكانی زۆر پێشكەوتوون، بەشێوەیەك بە ووردی ئامانجەكەی خۆی دەپێكێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە چەندین ڕاپۆرت ئاماژە بەوە دەكەن، كە ئێران سەكۆی موشەكی لە عێراق و سوریا جێگیر كردووە، ئەم پەیامە بە كورتی ئەوەیە كە ئێران توانایەكی زۆری هەیە لە زاڵ بوون و كۆنترۆڵ كردنی دۆخە هەرێمیەكان.

 

چەند پێشمەرگەیەکی حزبی دیموکرات، لەناو بارەگا موشەکباران کراوەکەیاندا 

 
دووەم:
پەیامی دووەم بۆ هۆشداری دانە بە سەركردە كورد و عێراقیەكان، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران زیاتر هەستی بە وەلاخستنی خۆی كردووە، بۆیە هێرشە موشەكیەكەی بۆسەر كۆیە بۆ هۆشداری دانی سەركردەكانە، كە ناتوانن ئێران پەراوێز بخەن،چونكە ئێران هەرچیەك پێویست بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی ئەنجامی دەدات، لەسەرەتای وتوێژی پێكهێنانی حكومەتی ئایندە، كوتلەكەی نوری مالیكی و سەركردەكانی ( حەشدی شەعبی) گرنگیەكی زۆریان پێدەدرا، بەڵام ئەمڕۆ زیاتر گوێبیستی كەمبوونەوەی هەژموونی ئێران و سوتانی كونسوڵخانەكەی و ڕاكردنی دیپلۆماتكارەكانی دەبین، ئەمەش واتای پەراوێزخستنی ئێران و گوێ نەدانە بەو وڵاتە، بۆیە پەیامی ئێران ترساندن و هۆشداری دان بوو بەسەركردە عێراقی و كوردستانیەكان.

،،

ئەو هێرشەی كە كرایە سەر كۆیە، بەبێ ویست وای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی سیاسی كورد كرد، كە دووبارە بە گڕوتینێكی زیاترەوە ڕووبكەنەوە حكومەتی فیدڕاڵی، چونكە حكومەتی ناوەند بەپرسیارە لە پاراستنی سنوور و سەروەری وڵاتە


لە ماوەكانی ڕابردوودا كورد هەوڵێكی باشی دیپلۆماسی داوە، بەتایبەت لەگەلًَ واشنتندا، پەیوەندی تەلەفۆنی مایك پۆمپۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان، ئەو ڕاستیە دەردەخات كە كورد لە ڕووی دیپلۆماسیەوە دووبارە هەنگاوی باشی ناوەتەوە، بەتایبەت ئەمە دوای ڕیفراندۆمەكەی ئەیلولی ساڵی 2017 یەكەم پەیوەندی نێوان كوردو ئەمریكایە.


ئەمریكا دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكە بوو، بۆیە لە دوای ڕیفراندۆمەكە پارتە كوردییەكان تا ڕادەیەك لە ئێران نزیك بوونەوە، ئەمە لە كاتێكدا بوو، تەهران بۆ گرتنەوەی كەركوك و ناوچەكانی تر هاوكاری سوپا و گروپە شیعەكانی دژ بە كوردی كرد، بۆیە پێدەچێت هێرشەكەی ئێران بۆسەر حیزبی دیموكرات، پەیامی ئێران بێت بۆ كورد كە پێیان بڵێت جارێكی تر سنوورتان بەزاندۆتەوە، لە بەیاننامەكەی حكومەتی هەرێمیشدا سەرەڕای ئەوەی ئیدانەی هێرشەكەی كرد، بەڵام داواشی كرد كە خاكی هەرێمی كوردستان بۆ هێرش كردنە سەر ئێران بەكارنەهێنرێت، ئەمەش پێدەچێت ئێران داوایەكی لەو شێوەیەی لە هەولێر كردبێت.


ئەو هێرشەی كە كرایە سەر كۆیە، بەبێ ویست وای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی سیاسی كورد كرد، كە دووبارە بە گڕوتینێكی زیاترەوە ڕووبكەنەوە حكومەتی فیدڕاڵی، چونكە حكومەتی ناوەند بەپرسیارە لە پاراستنی سنوور و سەروەری وڵاتە، هەروەها پێدەچێت ئەمپرسە كورد لە كاتی پێكهێنانی حكومەتی ناوەندا بیخەنە سەر داواكاریەكانی تریان، هەرچەندە جێبەجێ كردنی ئەم داواكاریە لەلایەن بەغداوە قورسە، چونكە لەلایەك پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان باش نیە و لەلایەكی تریشەوە لە توانایدا نیە لە ڕووی هێزەوە ڕووبەڕووی ئەنكەرەو تەران ببێتەوە.


سێیەم:
پەیامی سێیەمی ئێران بۆ پارتە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، كە لە ناوخۆی ئێراندان، چونكە ئەو پارتانە دەیانەوێت بەهۆی هێرش كردنە سەر ( سوپای پاسداران) شوێنی خۆیان پتەو بكەن، هەروەها بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە كە دۆخی ئابووری و ناوخۆی ئەو وڵاتەی تێكداوە،زیاتر تاران گەمارۆ بدەن،لە چەند مانگی ڕابردوودا چەند سەركردەیەكی كوردی ڕۆژهەڵات سەردانی واشنتنیان كرووە، بۆ ئەوەی زیاتر لە سیاسەتی ترامپ بەرامبەر بە ئێران تێبگەن، لە وەڵامی ئەمەشدا وا دیارە ئێران سورترە لەسەر ئەوەی كە بەسەر ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكیدا زاڵ بێت و لەمپەر لەبەردەم هەنگاوە سەربازیەكانیان دابنێ‌.

 

تارانی پایتەختی ئێران

  

مەترسیەكانی سەر تەهران و پێچەوانەبوونەوەی ئامانجەكان


ئەو هێرشە( بوێرەی) ئێران بۆسەر ئۆپۆزسیۆن و چارەسەركردنی كێشەكان بەم شێوازە، لەوەیە ئەنجامی پێچەوانەی هەبێت و ئێران بە ئامانجەكانی نەگەینێت، ئەویش لەبەرچەند هۆكارێك كە ئەمانەن:


1- لە ماوەكانی ڕابردوودا لەیەك نزیك بوونەوەیەك لە نێوان تەهران و ئەنكەرە ڕوویدا ، بۆ هێرشێكی هاوبەش بۆ سەر ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەیان لە ناو خاكی هەرێمی كوردستاندا، ئەم هەنگاوەی ئەم دوو وڵاتە وای كرد كە بەرپرسانی هەرێم بۆ پاراستنی خۆیان داوا لە پارتە كوردیە ئۆپۆزسیۆنەكان بكەن خاكی هەرێمی كوردستان جێبهێڵن، ئەم هەواڵە بۆ تەهران دڵخۆشكەر نیە، چونكە هێرشەكانی دەرەوەی وڵات،ناڕەزایی ناوخۆیی و خراپی باری ئابوری،دەرفەتێكی وا بە كوردانی ئێران دەدات، بۆ وەرگرتنی ئەندامی نوێ زەوییەكی بەپیتریان دەست بكەوێت، بۆیە كە ئێستا ئێران لە مەیدانی نێودەوڵەتی دابڕێنراوە ولە سیاسەتیشدا پەرتەوازە كراوە، وا لە كورد دەكات لە بە ئامانجگرتنی سوكەوە، خۆی بگۆڕێت بۆ یاخی بوونێكی كارا، كە دواتر بە ئاسانی كۆنترۆِڵ نەكرێن.

،،

خاڵێكی تر كە هێرشەكە بە زیان بۆ سەر ئێران دەشكێتەوە، ئەوەیە كە توڕەیی گەلانی عێراق دژ بە ئێران زیاتر دەكات، چونكە ئەو حیزبانەی كە لایەنگیریان بۆ ئێران هەیە و چەندین ساڵە فەرمانڕەوایی دەكەن، سەركەوتوو نەبوون لە حوكمڕانی، بۆیە نوسینگەی ئەو حیزبانە لەگەڵ كونسوڵخانەی ئێران لە بەسرە سوتێندران

 
2- لایەنێكی تری خراپی ئەم هێرشانە، ئەوەیە كە بەرنامە موشەكیەكانی ئێران زیاتر توشی سزای نێودەوڵەتی دەبێتەوە، ئێران بە درێژایی ئەم هاوینە هەڕەشەی لەو لایانانە دەكرد كە بەرپرس بوون لە كوشتنی سەربازانی سوپای پاسداران، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی هیچ لایەنێك بكات، بەڵام مەبەستی لەو هێرشەیە كە لە 21ی تەمووزی كرایە سەر بنكەی ( ماریڤان) كە بەهۆیەوە11 سەرباز كوژران، بۆیە ئەم هێرشەی بۆ سەر خاكی هەرێم، گومانی تەواوی لای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست كردووە، كە بەرنامە موشەكیەكانی تەنها بۆ بەرگری كردنە، چونكە هێرشەكەی بۆ سەر خاكی هەرێم بەرگری نەبوو، بەڵكو هێرش كردن بوو.

 

پێشمەرگەکانی حزبی دیموکرات


3- خاڵێكی تر كە هێرشەكە بە زیان بۆ سەر ئێران دەشكێتەوە، ئەوەیە كە توڕەیی گەلانی عێراق دژ بە ئێران زیاتر دەكات، چونكە ئەو حیزبانەی كە لایەنگیریان بۆ ئێران هەیە و چەندین ساڵە فەرمانڕەوایی دەكەن، سەركەوتوو نەبوون لە حوكمڕانی، بۆیە نوسینگەی ئەو حیزبانە لەگەڵ كونسوڵخانەی ئێران لە بەسرە سوتێندران، ئەم هێرشەش دووبارە گەلانی عێراقی توڕەكرد لە سیاسەتەكانی ئێران دەرحەق بە گەلانی عێراق.


4- لایەنێكی تری نەرێنی ئەو هێرشە موشەكیە، كاردانەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو، مایك بانس جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە پەلە پەیوەندی كرد بە نێچیرڤان بارزانی و ڕایگەیاند، دەبێت نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ خۆی شتێك بكات، چونكە ئەوەی تاكو ئێستا ئەنجامی داوە بڵاوكردنەوەی تویتێك بووە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر لە 9/9/2018، كە ئاماژەی بەوە كردووە كە ئاگاداری ئەو هێرشەن.


هاوكاری و پاڵپشتی واشنتن بۆ سەركردە كوردی و عەرەبیەكان كە بەرپرسیارێتیان زیاترە، وایان لێدەكات ڕووبەڕووی ئێران بوەستنەوە، كە ئەمەش بێگومان زیانێكی زۆر لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەدات و ناتوانێت وەك جاران هەژموونی خۆی بەسەر عێراقدا بسەپێنێت.

 

author photo

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی

ئەزمونی پێنج ساڵ کاری ڕۆژنامەوانی و وەرگێڕان