مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د به‌رامبه‌ر چه‌سپاندنی فیدراڵی بۆ كورد

داهاتووی كورده‌كان له‌ باكوری سوریا

مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د به‌رامبه‌ر چه‌سپاندنی فیدراڵی بۆ كورد

766 خوێندراوەتەوە

و: عه‌لی شێخ وه‌هاب

ئایدۆلۆژیای چه‌پگه‌رایی و بنه‌ماكای هزری حوكمرانیی و رێڕه‌ویی سه‌ره‌كیی كوردانی سوریایه‌، له‌گه‌ڵ ناوی كوردیی و وێنه‌كانی رێبه‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان عه‌بدوڵا ئۆجا‌لان، كه‌ له‌ ناوچه‌ی ژێر ده‌ستی ئیداره‌ی كوردیی "رۆژئاوا"دا بڵاوه، كه‌ 27 له‌ سه‌دای ناوچه‌كانی باكوری سوریا ده‌گرێته‌وه‌.

 

"نیفیل تیلر" پێیوایه‌، كه‌ بوونی دوژمێكی هاوبه‌ش "ئه‌ردۆغان" و چه‌ندین به‌رژه‌وه‌ندیی لێكنزیك له‌ نێوان رژێمی سوریی و كورده‌كاندا هه‌یه‌، كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر باكوری سوریادا گرتووه‌، ئه‌مه‌ش سه‌رده‌كێشێت بۆ چه‌سپاندنی حوكمی ئه‌سه‌د به‌ پشتیوانییه‌كی كوردی.‌

ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات له‌ ساڵی 2015 دامه‌زراوه‌، وه‌كو باڵی سیاسیی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی كورده‌كان، كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر باكوری رۆژئاوای سوریادا گرتووه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ هێزه‌ كوردییه‌كان چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ سوپای سوریی به‌شه‌ڕ هاتوون له‌ ماوه‌ی 7 ساڵه‌ی جه‌نگی ناوخۆییدا، به‌ڵام ئاشكرایه‌ ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات له‌ ئێستادا ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كی باشتری له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌سه‌ددا هه‌بێت.

بۆیه‌ له‌ 27ی ته‌موزی 2018 دا ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات وه‌ڵامی بانگهێشتێكی حكومه‌تی سوریای دایه‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ وه‌فدێك به ‌نوێنه‌رایه‌تی ئه‌نجومه‌ن سه‌ردانی دیمه‌شقیان كرد بۆ ئه‌نجامدانی دانوستانی راسته‌وخۆ، ئه‌مه‌ش به‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی فه‌رمییان داده‌نرێت بۆ لای حكومه‌تی سوریا.

،،

بوونی دوژمێكی هاوبه‌ش "ئه‌ردۆغان" و چه‌ندین به‌رژه‌وه‌ندیی لێكنزیك له‌ نێوان رژێمی سوریی و كورده‌كاندا هه‌یه‌، كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر باكوری سوریادا گرتووه‌، ئه‌مه‌ش سه‌رده‌كێشێت بۆ چه‌سپاندنی حوكمی ئه‌سه‌د به‌ پشتیوانییه‌كی كوردی.‌

 

ئه‌م گۆڕانه‌ له‌ ئاڕاسته‌ی سیاسیی ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكراتدا چه‌ندین نیشانه‌ی هه‌یه‌، له‌وانه‌ پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ رایگه‌یاند، كه‌ هه‌وڵی چڕ و پڕ له‌ ئارادایه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكی دیموكراتیی بۆ قه‌یرانی سوریا و نیازی خۆی له‌ كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌یه‌ك له‌ دیمه‌شق نه‌شارده‌وه‌.

هه‌روه‌ها پێش ڕۆژێك له‌ سه‌ردانی وه‌فده‌كه‌ بۆ پایته‌ختی سوریا، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ئاماده‌یی خۆیان نیشاندا بۆ دانه‌پاڵ هه‌ر ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازیی، كه‌ هێزه‌كانی حكومه‌تی سوریا له‌ پارێزگای ئیدلبی باكوری سوریا ئه‌نجامی بده‌ن، به‌ مه‌به‌ستی دووباره‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ناوچه‌ی عه‌فرینی كوردی، پاش ئه‌وه‌ی كه‌ هێزه‌كانی سه‌ر به‌ توركیا له‌ مانگی ئازاری 2018دا ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر شاری عه‌فریندا، وه‌ك به‌شێك له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی سه‌رۆكی توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاندووه "بۆ رێگرتن له‌وه‌ی كورده‌كان ده‌ست بگرن به‌سه‌ر سنوره‌ وشكانییه‌كانی باشووری توركیا".

dfg
شه‌رڤانانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌)

ئه‌م گۆڕانه‌ سیاسییه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی، كه‌ ناوچه‌ی باكوری رۆژئاوای سوریا به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت له‌ هه‌وڵه‌كانی ئێستای توركیا بۆ تێكدانی سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌، وێڕای ده‌ره‌نجامه‌كانی داگیركاریی پێشوویی داعش بۆ ناوچه‌كه‌، به‌ڵام ناوچه‌كه‌ هه‌ر له‌ ژێر ده‌ستی ئیداره‌یی كوردیدایه‌.

هه‌روه‌ها ناوچه‌ی باكوری رۆژئاوای سوریا ناسراو به‌ "رۆژئاوا" نزیكه‌ی له‌ سه‌دا 27ی ناوچه‌ سیادییه‌كانی سوریا ده‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌سه‌د و ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات بیانوی سیاسیی كرده‌ییان هه‌یه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌كه‌.

 

فیدراڵیه‌تی كوردیی

خۆپیشاندانه‌كانی سوریا له‌ ساڵی 2011 دژی رژێمی ئه‌سه‌د هه‌لێكی گه‌وره‌ی به‌ كورده‌كان به‌خشی، كاتێك جه‌نگی ناوخۆیی له‌ ناو سوریادا ده‌ستیپێكرد چه‌ندین جوڵانه‌وه‌ی جوداخوازیی سه‌ریان هه‌ڵدا.

له‌ باكوری وڵات كوردانی سوریا توانیان داعش تێكبشكێنن، به‌وه‌ش به‌سه‌ركه‌وتویی روبه‌رێكی گه‌وره‌یان له‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كان رزگاركرد.

ئه‌و هه‌رێمه‌ی له‌ ئێستادا له‌ ژێر ده‌ستی كورده‌كاندایه‌، ده‌ستورێكی فیدڕاڵیی و دیموكراتیی هه‌یه‌ "به‌ڵێننامه‌ی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی"، كه‌ تێیدا مافی یه‌كسانیی نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز و ئازادیی ئاینیی و مافه‌كانی موڵكداریی بۆ سه‌رجه‌م هاوڵاتیان ده‌سته‌به‌ر كراوه‌.

به‌پێی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی له‌ ئه‌یلولی 2017دا ئه‌نجامدرا، كه‌ تێیدا هاوڵاتیان سه‌رۆكی نزیكه‌ی 3700 ده‌سته‌ی شاره‌وانییان هه‌ڵبژارد له‌ ته‌واوی ناوچه‌ جیاوازه‌كانی باكوری سوریا، ئیدی كۆمه‌ڵه‌ كوردییه‌كان شێوه‌ی ئۆتۆنۆمی (خودموختاری)یان بۆ ناوچه‌كه‌ چه‌سپاند.

له‌ كاتێكدا حكومه‌تی سوریی به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی دانی نه‌ناوه‌ به‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكراتدا، به‌ڵكو به‌ شه‌رعیه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یشیدا، وه‌ك چۆن ئه‌سه‌د له‌ گرنگی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ تێگه‌یشتووه‌، كه‌ ئه‌م له‌گه‌ڵ كورده‌كاندا ده‌ستی ده‌كه‌وێت.

وه‌لید موعه‌ییم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا، له‌ لێدوانێكیدا له‌ ئه‌یلولی 2017 وتی: "وڵاته‌كه‌م پێشوازی له‌ بیری به‌خشینی ده‌سه‌ڵاتی زیاتر به‌ كورده‌كان ده‌كات له‌ سوریا". ئه‌وه‌شی وتووه‌: "كورده‌كان شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كانی ئۆتۆنۆمییان ده‌وێت له‌ چوارچێوه‌ی سنووری ده‌وڵه‌تدا".

dgg
سه‌ربازانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی سوریا

پێیوابوو ئه‌مه‌ ده‌كرێت دانوستانی له‌سه‌ر بكرێت و ببێت به‌ بابه‌تی گفتوگۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی جه‌نگی ناوخۆیی ده‌ست پێده‌كه‌ن - هه‌ڵبه‌ت به‌ ڕه‌زامه‌ندی روسیا و ده‌شكرێت پڕۆسه‌كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ردانی وه‌فدی ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات بۆ دیمه‌شق ده‌ست پێبكات.

 

ململانێی توند له‌گه‌ڵ توركیا

ئه‌م گۆڕینی ته‌كتیكی كاركردنه‌ له لایه‌ن حكومه‌تی سوریاوه‌ وه‌ك نه‌فره‌تكردن وایه‌ بۆ ئه‌ردۆغان، چونكه‌ قۆناغی فیدراڵی، كه‌ نزیكه‌ كوردانی سوریا به‌ده‌ستی بهێنن، ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزبوونی داوا جوداخوازییه‌كانی كوردانی توركیا، ئه‌مه‌ش ڕاڤه‌ی هێرشی ئه‌ردۆغانه‌ بۆ سه‌ر عه‌فرین له‌ كانونی دووه‌می 2018دا و پاشان چوونه‌ نێو شاره‌كه‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاری ئاماده‌یی كورده‌كانه‌ بۆ دانه‌پاڵ هێزه‌كانی ئه‌سه‌د، تاكو هاوكاریی بن له‌ ده‌ركردنی هێزه‌كانی توركیا له‌ سوریادا.

،،

حكومه‌ت ده‌خوازێت كورده‌كان ئاسانكاریی بۆ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی سوپای سوریا و گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت بكه‌ن بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كانیان كوردن، له‌ رۆژهه‌ڵاتی فورات"له‌ به‌رانبه‌ردا به‌ فه‌رمیی و له‌ ده‌ستوردا دان ده‌نێت به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی و مافه‌ فه‌رهه‌نگییه‌كانیدا.


عومه‌ر ئه‌وسی، په‌رله‌مانتار كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی گه‌لی سوریدا، ده‌ڵێت: "حكومه‌ت ده‌خوازێت كورده‌كان ئاسانكاریی بۆ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی سوپای سوریا و گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت بكه‌ن بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كانیان كوردن، له‌ رۆژهه‌ڵاتی فورات"، له‌ به‌رانبه‌ردا، حكومه‌ت "به‌ فه‌رمیی و له‌ ده‌ستوردا دان ده‌نێت به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی و مافه‌ فه‌رهه‌نگییه‌كانیدا".


به‌ڵام ئایا ئه‌مه‌ به‌سه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواسته‌كانی كورد؟ به‌پێی "به‌ڵێننامه‌ی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی"، ئیداره‌ی "رۆژئاوا"ی كوردیی زۆرینه‌ی بنه‌ماكانی ئایدۆلۆژیای باڵی چه‌پگه‌رای لیبڕاڵیی جێبه‌جێ ده‌كات، كه‌ له‌ ئێستادا ڕێڕه‌ویی سه‌ره‌كیی كاركردنی كوردانه‌ -هێزه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل-، له‌ نێویاندا یه‌كسانیی و مافی ته‌واو بۆ ئافره‌ت له‌ ته‌واوی بواره‌كانی ژیانی گشتییدا.

هه‌روه‌ها ئاڵای كوردیی و وێنه‌كانی رێبه‌ری زیندانی كراوی پارتی كرێكارانی كوردستان عه‌بدوڵا ئۆجا‌لان، یاخود وه‌ك خۆیان ده‌یناسێنن "ئاپۆ" واته‌ مام، له‌ هه‌موو جێگه‌یه‌ك بڵاوبۆته‌وه‌، به‌ڵام ئاپۆ له‌ زیندانێكی خراپدایه‌ له‌ نێو دورگه‌ی ئیمڕالی له‌ توركیا و لای ئه‌ردۆغانی دوژمنی سه‌رسه‌ختی ئه‌سه‌د. هه‌ر بۆیه‌ بوونی دوژمنێكی هاوبه‌ش و به‌رژه‌وه‌ندیی نزیك، ده‌كرێت له‌ كۆتایی دانوستاندنه‌كاندا به‌ مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د له‌ حوكمدا و چه‌سپاندنی كورسیه‌كه‌ی به‌ پشتگیریی كورد كۆتایی بێت.

نوسینی: نیفیل تیلر
ڕۆژنامه‌نووس و په‌یامنێری رۆژنامه‌ی (Eurasia Review)یه‌ بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك