دوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، قەوارەی هاوپەیمانی چی بەسەر دێت

دوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، قەوارەی هاوپەیمانی چی بەسەر دێت

6754 خوێندراوەتەوە

لەپاش گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، بەمەرجی پێدانی پۆستی سەرۆككۆمار، ڕۆژانی داهاتوو بۆ قەوارەی " هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و داد پەروەری"، ڕۆژانی چارەنووسساز دەبن‌و بڕیار لەسەر ئایندەی ئەو قەوارەیە دەدرێت كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكرد.

 
ئێستا كە گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی یەكلایی بووەتەوە، لەناو هەرسێ‌ دەستەی ( ئەنجومەنی بەڕێوەبردن‌و ئەنجوومەنی گشتی‌و ئەنجومەنی ڕاوێژكاری)و هاودیدانی قەوارەكەدا، ڕۆژانە گفتوگۆ دەربارەی ئایندەی قەوارەكە دەكرێت‌و لەوبارەیەشەوە دیدی جیاواز لەنێوان بەرپرسان‌و هاودیدانی قەوارەكەدا هەیە.


تایبەت بە چارەنووسی قەوارەی هاوپەیمانی، ئەوەی زۆرترین سەرنجی لەسەرەو بووەتە جێگەی باس، ئایندەی هەردوو كارەكتەری سەرەكی قەوارەكە " ئارام قادرو محەمەد ڕەووف"ە.

 
لەگەڵ دڵنیابوونەوەیان لە گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، بەشی زۆری هاودیدانی قەوارەی هاوپەیمانی، لەگەڵ ئەوەدان كە قەوارەكە درێژە بەكار بدات‌و پرۆژە سیاسییەكەی بەردەوام بێت، ئەوانەی كە ئەم بۆ چوونەیان هەیەو لە كۆبوونەوەو گفتوگۆكانی ئەم چەند ڕۆژەدا داكۆكییان لەمە كردووەو سوورن لەسەر بەردەوامبوون لە پرۆژە سیاسییەكەیان، ئارام قادرو ئەو هاودیدانەن كە لەوەوە نزیكن.

،،


تایبەت بە چارەنووسی قەوارەی هاوپەیمانی، ئەوەی زۆرترین سەرنجی لەسەرەو بووەتە جێگەی باس، ئایندەی هەردوو كارەكتەری سەرەكی قەوارەكە " ئارام قادرو محەمەد ڕەووف"ە.


جەختكردنەوەی ئارام قادر لەسەر بەردەوامبوونی پرۆژەی قەوارەی هاوپەیمانی، ڕەنگە لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت كە ئەو خۆی بە دامەزرێنەری قەوارەكە دەزانێت‌و تەنانەت خۆیشی‌و هاودیدە نزیكەكانیشی ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەو بەرهەم ساڵحی هێناوەتە سەر ئەو بڕوایەی كە قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری ڕابگەیەنن‌و دەشڵێن كە ئارام قادر "محەمەد ڕەووف"ی هێناوە بۆ ناو پرۆژەی قەوارەی هاوپەیمانی.


هەرچەندە ئایندەو چارەنووسی قەوارەكەی هاوپەیانی‌و شكستی پرۆژەكە " محەمەد ڕووف"یش قورسەو گران لەسەر ژیانی سیاسی ئەو دەكەوێت، بەڵام شكستی قەوارەكە بۆ ئارام قادر لە هەموان قورسترو سەختترەو ڕەنگە ببێتە دژوارترین وێستگەی ژیانی سیاسی ئەو.


هەر لەم ڕوانگەیەوەیە كە پێدەچێت ئارام قادر بیەوێت ڕێگە بگرێت لە كۆتاییهێنان بە پرۆژە سیاسییەكەو كار بۆ بەردەوامبوونی بكات.

 
ئەگەر چی بەشێوەی نافەرمی ئەوان داوەتی گەڕانەوە بۆ ناو كۆمەڵ‌و یەكگرتوو كراون‌و لە دوو پەیامدا پێیان ڕاگەیەنراوە كە دەرگا بۆیان كراوەیەو هەركاتێك دەچنەوە ماڵی خۆیانە، بەڵام پێناچێت ئارام قادرو محەمەد ڕەووف، بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی، چونكە لەوە دڵنیان كە بەگەڕانەوەیان ناتوانن بگەنەوە ئەو پێگەیەی كە پێشتر لەناو كۆمەڵ‌و یەكگرتوودا هەیان بووە.


هەرچەندە ئەگەرێكی لاوازە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە لەمیانی گفتوگۆكردن لەگەڵیان سەبارەت بە شێوازی كاری ئیسلامی‌و پرسی ڕیفۆرم‌و شێوازی كاری حیزبایەتی لەگەڵ هەردوو حیزبی ئیسلامی بكەونە گفتوگۆو بەجۆرێك تێكەڵ ببنەوە كە ناوی گەڕانەوەی لێنەنرێت.


لە میانی وتارێكیدا، ئەبوبەكر كاروانی، ئاماژەی بەوە داوە كە دەكرێت لەگەڵیاندا دەرگای گفتوگۆ واڵا بكرێت‌و لە لایەن بەرپرسانی لایەنە ئیسلامییەكانەوە، سەبارەت بە دۆخەكە باری سەرنجی ئەوان وەربگیرێت‌و بەشێوازێكی نوێ كاری سیاسییان ڕێك بخەنەوە.

،،

وەكو لە كۆبوونەوەكانی ئەم چەند ڕۆژەدا ئەنجوومەنەكان‌و هاویدانی قەوارەكە تاوتوێیان كردووە، لەپاش گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، سێ بژاردە لەبەردەم هاویدانی قەوارەكەدا هەیە، یان ئەوەتا لەگەڵ بەرهەم ساڵحدا دەچن بۆ ناو یەكێتی، یان دەچنە ماڵەوەو كاری حیزبی ناكەن، یان لەناو قەوارەكەدا بەردەوام دەب


لەگەڵ ئەوەدا كە هەردوو " ئارام قادرو محەمەد ڕووف"، وەكو ڕووخسارو كارەكتەری سەرەكی قەوارەی هاوپەیمانی لەبەر باسدان، بەڵام جگە لەوان، لەناو قەوارەكەدا كۆمەڵێك لە كەسانی بێلایەن‌و ئەوانە هەن كە پێشتر یەكێتی بوون‌و پێناچێت ئەوانیش بێكاریگەربن لە دیاریكردنی چارەنووس‌و ئایندەی قەوارەكەدا.
ئەوەی تا ئێستا ڕوون بووەتەوە، ئەوەیە كە بەشێك لەوانەی لە یەكێتییەوە بۆ ناو هاوپەیمانی هاتبوون، بەتایبەت ئەوانەی لەگەڵ بەرهەم ساڵحدان، لەگەڵ ئەودا دەگەڕێنەوە بۆ ناو یەكێتی‌و پێدەچێت بەشێكی كەم لە یەكێتییەكان بمێننەوە.


بڕیارە لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی، بەرهەم ساڵح ئیستیقالە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن‌و ئەنجوومەنی گشتی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و داد پەروەری بكات‌و ئەوەش ئاماژەیەك دەبێت بۆ بەردەوامبوونی قەوارەكە.


وەكو لە كۆبوونەوەكانی ئەم چەند ڕۆژەدا ئەنجوومەنەكان‌و هاویدانی قەوارەكە تاوتوێیان كردووە، لەپاش گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، سێ بژاردە لەبەردەم هاویدانی قەوارەكەدا هەیە، یان ئەوەتا لەگەڵ بەرهەم ساڵحدا دەچن بۆ ناو یەكێتی، یان دەچنە ماڵەوەو كاری حیزبی ناكەن، یان لەناو قەوارەكەدا بەردەوام دەبن.


ڕەنگە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی قەوارەكەشدا، پرسی جێگرەوەی بەرهەم ساڵح‌و كەسی یەكەمی قەوارەكە، ببێتە جێگەی مشتومڕی گەورە.
ئەگەرچی باس لە ئارام قادر دەكرێت كە بكرێتە سەرۆك‌و جێگەی بەرهەم ساڵح بگرێتەوە، بەڵام ئەو بۆچوونەش لەناو ئەو هاودیدانەدا هەیە كە درێژە بەكاركردن دەدەن لەناو قەوارەكەدا، كە بەشێوەی هاوسەرۆكی قەوارەكە بەڕێوە ببرێت.


سەختتر لە هەموو كێشەیەك كە دوای بەرهەم ساڵح ڕووبەڕووی قەوارەكە دەبێتەوە لە ئەگەری بەردەوامبوونیدا وەكو حیزب، كێشەی داراییە، چونكە لەماوەی پێشوودا بەرهەم ساڵح تاكە سەرچاوەی دارایی قەوارەكە بووە.


 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی