مۆدرێن بوونی کوردستان

مۆدرێن بوونی کوردستان

549 خوێندراوەتەوە

مۆدرێن بوون هەتا ئێستا لە دونیای کوردیدا وەها بینراوە کە هەوڵێکی تاکە کەسیە، بە گشتی بە مانای ڕۆژئاوایی بوون دێت. ئەم چەمکە لە ئاستەکانی تری وەک کۆمەڵگایی، ژینگەیی، کار، تەکنەلۆجیا و زۆر بواری تردا قسەی لە سەر نەکراوە. بە جۆرێک دەتوانین بڵێین کە بەشی زۆری ئەو قسە و قسەڵۆکانەی لە سەر ئەم بوارە هەیە بێ کاریگەر و ساویلکە و بە سەر چوون: بۆ نموونە بەشی زۆری چەمکەکان هی سەدەی نۆزدەی، سەردەمی ڤیکتۆریایی بەریتانین.

 
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت سەرنجتانی بۆ ڕابکێشم، کارێکە لە لایەن رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچەوەInternational Organization for Migration (IOM)کراوە لە سەر کوردستان.


کارەکە روپێوێکە بۆ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە زۆر بواردا: تەمەن، جێندەر، کار، نیشتەجێبوون و زۆر بواری تر. لێرەدا چەند سەرنجێکی خێرا دەخەمە بەرچاو لە ژێر چەتری مۆدرێنبوونی کۆمەڵگای کوردیدا. مەبەستم لە چەمکی مۆدرێن بوون ئەوەیە کە بەشی زۆری کۆمەڵگای کوردی جۆری ژیانی تەقلیدی کوردی ناژی لە زۆر ئاستدا. بەم پێیە مەبەستم لە مۆدرێن بوون،

گۆڕانی ژیان و ژیاری بەشی زۆری کۆمەڵگای کوردیە بە ئاراستەیەکی سەردەمیانە. ئەم ئاراستەیە هەم باشە و هەم خراپ لە هەمانکاتدا، بۆیە دەبێت ئەوە ڕوون بێت، بە پێچەوانەی دیدی ئایدەلۆژی، کە پێی وایە مۆدرینبوون باشە و تەقلید خراپە.

،،

گۆڕانی ژیان و ژیاری بەشی زۆری کۆمەڵگای کوردیە بە ئاراستەیەکی سەردەمیانە. ئەم ئاراستەیە هەم باشە و هەم خراپ لە هەمانکاتدا، بۆیە دەبێت ئەوە ڕوون بێت، بە پێچەوانەی دیدی ئایدەلۆژی، کە پێی وایە مۆدرینبوون باشە و تەقلید خراپە.


یەکەم سەرنج کە مایەی تێڕامانە، بریتیە لە شاربوونی کۆمەڵگای کوردی. ئەم دیاردەیە لای هەموان ئاشکرایە بەڵام قسە لە سەر کاریگەرییە زۆر و دوور مەوداکانی نەکراوە. نەمانی گوند، نەمانی جۆرێکە لە ژیان، لە ژیار، لە کەلتور، لە ئابوری هەروەها لە سیاسەت. دیارە بە شاری بوون دیاردەیەکی جیهانیە، بەڵام لە هەر شوێنێک هۆکاری و کاریگەری تایبەتی خۆی هەیە.


بە شاری بوون بەکورتی جۆری سیاسەت دەگۆڕێت لە کوردستان چونکە زۆرینەی خەڵک لە ئەنجامی گواستنەوەیان لە لادێوە بۆ شار لە ئەنجامدا لە سەر حکومەت دەژین. بەم پێیە پەیوەست بوون بە جۆری حوکمداری و خزمەتگوزاری و پێداویستیە سەرەکیەکانەوە هەمووی لە سەر حکومەت دەبێت. ئەم ئیعتیمادکردنە لە سەر حکومەت وەها دەکات کە خەڵكی جۆرێکی تر لە ژیان بژین لەوەی کە پێشتر پشتیان دەبەست بە خاک و بەروبوم و سروشت و ئاژەڵ.

دیارە یەکێک لەو ئارگومێنتانەی کە خێرا دەهێنرێتەوە ئەوەیە کە کشتوکاڵ و ژیانی کشتوکاڵی دەپوکێتەوە. ئەمە نە لە ڕووی ئابوری و لە نە ڕووی مێژووییەوە ڕاست نیە. بۆ زانینی زیاتر دەکرێت دەکرێت لە کارەکانی جەین جاکۆب بنواڕێت تایبەت بە ئابوری شار. ئەوەی کشتوکاڵ دەپوکێنێتەوە ئابوری نەوتە، نەك هاتنە شار، چونکە لە ڕاستیدا بەبێ بوونی شار و پیشەسازی کشتوکاڵ گەشە ناکات. یەکێک لەو ئارگومێنتانەی زوو زوو لە کوردستان دەخرێتە بەرچاو بۆ بوژانەوەی ئابوری کوردستان یان فرە چەشنکردنی بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵە، بەبێ ئەوەی کەس هیچ شتێکی نوێ بڵێت لەم بارەوە یان لە ئاڵۆزی دۆخەکە تێبگات. بە کورتی بەبێ شار کشتوکاڵ نابێت، بۆیە بە شاربوونی کوردستان لە سودی کەرتی کشتوکاڵدا دەبێت ئەگەر تێگەیشتن و پلان هەبێت.


دیارە ئەم بوارە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بواری ئاسایشەوە هەیە بە تایبەتی ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی پاراستن. ئایا بە چۆڵبوونی هێندە پانتایی بەرفروانی کوردستان و چڕبونەوەی خەڵکەکەی لە چەند جێگایەکدا دەتوانرێت بپارێزرێت. یان ئایا چڕبوونی خەڵکی کوردستان لە چەند ناوەندێکدا ئاسانکاری ناکات بۆ کۆنترۆڵکردنیان. بەڵام لە گەڵ ئەم مەترسیە ئاسایشیانەدا مەترسی تری ئاسایشیی هەیە کە مەرج نیە لە دەرەوەبێت. کەڵەکەبوون و بە شاریبوون مەترسی توندوتیژی زیاتر دەکات، چونکە لە شاردا خەڵك زوو دەکەونە ژێر کاریگەری گۆڕانکاریی و قەیرانەکان لە هەمانکاتدا گردبونەوە و رێکخستن ئاسانتر دەبێت. ئەمەش لە دۆخی نەخوازراودا جێگەی مەترسیە.


بەڵام خەڵکی کوردستان لە بە شاری بونیان لە چەندین ئاستی تردا دەگۆڕین، بۆ نمونە توێژینەوەکەی ئای ئێم ئۆ دەریدەخات کە گەشەی کۆمەڵگای کوردی لاوازبوە، ژمارەی ئەندامانی خێزان بچوک بوەتەوە. ئاستی خوێندەواری گەشەی کردوە. بەڵام هەندێک بوار زۆر بە سستی گۆرانکارییان بە سەردا هاتوە، بە تایبەتی کارکردنی ئافرەت. بە گشتی ئافرەتان زۆر بە کەمی کاردەکەن. دیارە ئەمە بە زۆری پەیوەندی بە جۆری کارەوە هەیە کە لە کوردستان هەیە. هەتا ئێستا بەشی زۆری کار لە کەرتی گشتیدایە. کەرتی تایبەتی کوردی دەتوانین بڵێن کە بونی نیە.

،،

لە ڕۆژئاوا ئافرەتان لە ئەنجامی ناچاری و شەر لە ماڵ هاتنە دەرەوە، جارێکی تر ئاسان نەبوو بگەڕێنەوە ماڵەوە. ئەم بوارە هەتا ئەمڕۆ جێگای مشتومڕە، چونکە هەتا ئێستا ئافرەت بە گشتی دۆخی خراپ و داهاتی کەمترە لە بواری کاردا. لە داهاتوودا خێزانی کوردی لە بەر گرانی ژیان ناچاردەبن هەموو ئەندامانیان بە دوای کاردا بگەڕین، ئەمەش جارێکی تر بەها و بونیاد و ئەخلاق دەستکاری دەکات

لە ڕۆژئاوا ئافرەتان لە ئەنجامی ناچاری و شەر لە ماڵ هاتنە دەرەوە، جارێکی تر ئاسان نەبوو بگەڕێنەوە ماڵەوە. ئەم بوارە هەتا ئەمڕۆ جێگای مشتومڕە، چونکە هەتا ئێستا ئافرەت بە گشتی دۆخی خراپ و داهاتی کەمترە لە بواری کاردا. لە داهاتوودا خێزانی کوردی لە بەر گرانی ژیان ناچاردەبن هەموو ئەندامانیان بە دوای کاردا بگەڕین، ئەمەش جارێکی تر بەها و بونیاد و ئەخلاق دەستکاری دەکات. ڕاپۆرتەکە چەمکی پەنجەرەی دیموگرافی بۆ کوردستان بەکاردەهێنێت کە مانای وەهایە توێژی دەستی کاری کوردی لە ئەوپەڕییایەتی، چیدی لەمەوداو بەرەو کەمی دەڕوات. کەمبونی دەستی کاری کوردی دەبێتە مایەی دوو دیاردە: ئەگەر ئابوری کوردستان باش بێت ئەوا دەستی کاری بیانی و تەکنەلۆجیا گەشە ئەکەن، ئەگەر خراپ بێت ئەوا هەژاری و ناچاری کارکردنی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا دەبێتە دیاردە.


لە لایەکی ترەوە کۆمەڵگای کوردی لە بە شاربوونی بە ناچاری هەر بە دەزگا و دەسەڵاتەوە نابەسترێتەوە بەڵکو بە دونیاشەوە، لە رێگای نرخی نەوت، ئابلۆقە، تیرۆر، دەستوەردانی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان لە سیاسەت، هەروەها لە ڕووی ژینگەوە. هەروەها لە ڕووی کۆمەڵایەتی و شەخسیەوە مرۆڤ و کۆمەڵگای کوردی دەگۆڕێت، مرۆڤی کورد لە شاردا چی دی بە ئازایەتی و خێڵ و بنەماڵەدا نانازێت، ئۆتۆمبیل، پارە، بروانامە، ئافرەت، شمەکە تەکنەلۆجیەکان، جلوبەرگ، زۆر شتی تر کە دەستکاری سەرەکی ئاگایی و زەوق و خودبینی مرۆڤی کورد دەکەن، دەبنە بنەمای نواندن و نمایش، ئەوەی لە سلێمانی پێی دەڵێن پۆز.

 

author photo

توێژەر و نوسەر

دكتۆرا لە زانستەسیاسیەكان