عاشورا، ئەو برینەی تا ئەمرۆ خوێنی لەبەر دەروات

‌عاشورا چییە ؟

عاشورا، ئەو برینەی تا ئەمرۆ خوێنی لەبەر دەروات

1121 خوێندراوەتەوە

عاشورا، ئەو ڕۆژەیە ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی تێدا کوژراوە لە تەمەنی ٥٧ ساڵیدا لە جەنگی کەربەلادا، ڕێکەوتی ڕۆژی ھەینی ١٠ی موحەڕڕەمی ساڵی ٦١ی کۆچی ھاوزەمانی ١٠ی تشرینی یەکەمى ساڵی ٦٨٠ی زایینیی.، عاشورا، بە مانای دەیەم دێت واتە رۆژی دەیەم لە مانگی موحەررەم.

 

عاشورا لای شیعەکان ڕۆژی لە خۆدان و تەعزێبارییە بۆ کوژرانی حسێنی کوڕی عەلی سێیەم ئیمامی شیعەکان، کە ئیمامەتەکەی ١١ ساڵی خایاندووە.

جێھێشتنی حیجاز دەرچوونی ئیمام حسێن بەرە و عێراق بە تەنھا ڕووداوێک نییە بە کوژرانی حسێنی کوڕی عەلی و قەتڵوعامی خانەوادەکەی تەواو بوو بێت، بەڵکو کاریگەرییەکەی ھەتاھەتایی بەجێھێشت.

گۆڕینی سیستمی خەلافەتی ئیسلامی بۆ میراتی پشتاوپشت لە لایەن ئەمەوییەکانەوە، پاشانیش دیاریکردنی یەزیدی کوڕی مەعاوییە وەک خەلیفە برینی نێوان بەرەی ھاشم و بەرەی ئەمەویی کە ھەردووکیان قوڕەیشیین کولاندەوە، کاتێک حسێنی کوڕی عەلی ئامادە نەبوو بەیعەت بداتە یەزید پێیوابووە یەزیدی کوڕی مەعاوییە شیاوی ئەوە نییە خەلیفە بێت.

،،

جیاوازی بیروبۆچوون و ڕوانگەی ئيمام حسێن و یەزید لەسەر مەسەلەی دەوڵەتداریی خەلافەت، تا ئەمڕۆش جێگەی مشتومڕ و لێکدانەوەیە و کاریگەری قوڵی لەسەر جیاوازیی و مەزھەبگەرایی لە ناو ئیسلام دروستکرد.

 

جیاوازی بیروبۆچوون و ڕوانگەی ئيمام حسێن و یەزید لەسەر مەسەلەی دەوڵەتداریی خەلافەت، تا ئەمڕۆش جێگەی مشتومڕ و لێکدانەوەیە و کاریگەری قوڵی لەسەر جیاوازیی و مەزھەبگەرایی لە ناو ئیسلام دروستکرد.

کوژرانی ئیمام حسێن و ئەو خوێنڕشتنەی لە جەنگی کەربەلادا ڕوویدا، لە لایەن سەربازانی سەر بە یەزیدی کوڕی مەعاوییە بە سەرۆکایەتی عوبەیدڵای کوری زیاد والی کوفە و بەسرە (ئامۆزای یەزیدە و ساڵی ٦٧ کۆچی لە تەمەنی ٣٥ ساڵی لە لایەن گروپی تەوبەکارانەوە بە سەرۆکایەتی موختاری سەقەفیی کوژرا)، بووە تانەیەک بۆ مێژووی ئیسلام، ھەروەھا دووبەرەکی خستە نێوان موسڵمانان و بە فعلی بووە ھۆی سەرەتای سەرھەڵدانی ڕەوتی جیاوازی مەزھەبیی و بیروباوەڕ و دواتریش سیاسیی و درێژەکێشانی تا ئەمڕۆ بەردەوامە.


کاتێک حەسەنی کوری ئیمام عه‌لی لەگەڵ مەعاویە سوڵحی کرد و دەستبەرداری خەلافەت بوو کە دەبوو دوای مردنی مەعاویە خەلافەت بدرێتە حەسەن، ئیمام حسێن قبوڵی کرد و بە بێدەنگی مایەوە، تا ئەوەی دوای مردنی مەعاویە خەلافەت درا بە یەزیدی کوری لە ساڵی ٦٠ی کۆچی.

ئیمام حسێن لە شاری مەدینە و لە رۆژی ٣ شەعبانی ساڵی ٤ی کۆچی لە دایکبووە، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) ناویناوە حسێن لە کاتێکدا ئیمام عەلی باوکی ویستویەتی ناویبنێت حەرب.

شیوەنگێڕی ڕۆژی عاشورا تەنھا وەبیرھێنانەوەی کوشتنی بە ناھەقی ئیمام حوسێن نییە، بەڵکو تەرجەمەکراوە بۆ دۆخێکی سیاسیی و بووەتە بەشێک لە ئەدەبیاتی خەباتی سیاسی شیعەکان.

،،

نەریتی شیوەنگێڕیى عاشورا، یەکەمجار سەفەوییەکان برەویان پێدا، مۆرکێکی سیاسی و شۆڕشگێرانەیان بەسەردا سەپاند، واتە عاشورا ھێمایەکی خەمناکی و پڕ لە ئازاردانی جەستەییە، ئێستا وەک جۆرێک لە مەزڵومیەتی شیعەکان بەرجەستە دەکرێت.


نەریتی شیوەنگێڕی عاشورا، یەکەمجار سەفەوییەکان برەویان پێدا، مۆرکێکی سیاسی و شۆڕشگێرانەیان بەسەردا سەپاند، واتە عاشورا ھێمایەکی خەمناکی و پڕ لە ئازاردانی جەستەییە، ئێستا وەک جۆرێک لە مەزڵومیەتی شیعەکان بەرجەستە دەکرێت.


واتە زیاتر لە چوارچێوەیەکی سیاسی دەردەکەوێت، گەڕانەوەیە بۆ پاکێتی حوسێن، خولیای شۆرشگێری دژی ستەمکاریی، ئەوەش بە ئاشکرا لە مەزھەبی شیعەدا شکڵی خۆی وەرگرتووە.


لە کۆتاییەکانی ساڵانی حەفتاکاندا، کاتێک ناڕەزایەتییەکانی دژ بە دەسەڵاتی پەھلەویی لە ئێراندا تینوتاوی سەند ڕووداوی عاشورا بووە چەمکێکی دینیی شۆرشگێرانە، ھەندێک لە بیریارانی شیعە لەوانەش عەلی شەریعەتی پێیانوایە شیوەنگێری عاشورا ڕەمزی خەباتە لە پێناو دادپەروەریی نەک حسێنی قوربانی.

،،

سەبارەت بە دەرچوونی ئیمام حوسێن دوو ڕای جیاواز ھەیە، ڕایەکیان پێیوایە ئەو شۆرشەی حسێن کردی لە ئامانج و لە ئەنجامیشدا شکستی خوارد، ڕایەکی تر دەڵێت، گەورەترین ئامانج و باڵاترین ئەنجامی ھەبووە، چونکە داواکاری حوسێن گەڕاندنەوەی شورا و لابردنی یەزید بووە.


عەلی شەریعەتی قسەیەکی ھەیە کە لە خۆپیشاندانەکانی دژی رژێمی پاشایەتی ئێران دروشمی ڕۆژانەی خۆپیشاندەران بوو کە دەڵێت "ھەموو مانگێک موحەڕڕەممە .. ھەموو ڕۆژێک عاشورایە . ھەموو زەوی کەربەلایە".

سەبارەت بە دەرچوونی ئیمام حوسێن دوو ڕای جیاواز ھەیە، ڕایەکیان پێیوایە ئەو شۆرشەی حسێن کردی لە ئامانج و لە ئەنجامیشدا شکستی خوارد، ڕایەکی تر دەڵێت، گەورەترین ئامانج و باڵاترین ئەنجامی ھەبووە، چونکە داواکاری حوسێن گەڕاندنەوەی شورا و لابردنی یەزید بووە.


ڕووداوی عاشورا، کاریگەری مەزھەبیی و سیاسی دروستکرد، پەیوەندی دواڕۆژی شیعە و سوننە فۆڕمگرتنی دوو مەزھەبی جیاوازی لێکەوتەوە، بە لای شیعەکانەوە بۆ ھەتا ھەتایە ئیمام حوسێن بووە ڕەمزی چەوسانەوە و ڕەتکردنەوەی ستەم و خۆسەپاندن بۆ ھەموو مرۆڤایەتی.

 

author photo

ماستەر لە پەیوەندیە گشتییە سیاسییەکان

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە بواری لێكۆڵینەوەی سیاسيی