دیوى دووه‌مى به‌یاننامه‌ تونده‌كه‌ى ئه‌مشه‌وى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتی

دیوى دووه‌مى به‌یاننامه‌ تونده‌كه‌ى ئه‌مشه‌وى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتی

2586 خوێندراوەتەوە

ماوه‌ى چوار ڕۆژه‌ مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى داواى كۆبوونه‌وه‌ له بارزانى و مه‌كته‌بى سیاسى پارتى ده‌كات، ئه‌وانیش به‌ بیانوى پابه‌ندنه‌بوونى یه‌كێتى به‌ بڕیارى دواین كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى هه‌ردوولایان، ئاماده‌نین ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ئه‌نجامبده‌ن.

 
له‌ دواین كۆبوونه‌وه‌دا پارتى و یه‌كێتى ڕێككه‌وتن، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ دواى وه‌ڵامى یه‌كێتى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى، هه‌ردوولا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامبده‌ن و به‌یه‌كه‌وه‌ قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر كاندیدێكى هاوبه‌ش بكه‌ن و دواتر ڕایبگه‌ینن، كه‌چى یه‌كێتى به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دکتۆر بەرهەمی بەبێ پرس و راو ئاگاداری پارتی كاندیدكرد بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار، ئه‌مه‌ش وایكرد پارتى كۆبوونه‌وه‌كان ڕابگرێت و تاك لایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتووگۆبكات.


ئه‌مڕۆ دوێنى هه‌وڵى زۆردرا له‌ لایه‌ن یه‌كێتى بۆ بینینى بارزانى، به‌ڵام سه‌رجه‌میان ڕه‌تكرانه‌وه‌،هه‌رچه‌ند وابڵاوكرایه‌وه‌ سبه‌ى بارزانى ده‌چێته‌ سلێمانى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى كۆده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام زانیارییه‌كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا وانییه‌، چونكه‌ بارزانى دوو كارى هه‌یه‌ یه‌كێكیان به‌ژداریكردنه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن و، ئه‌وه‌ى دیكه‌یان بینینى چه‌ند كه‌سێكى تایبه‌ته‌ كه‌ خۆى دیاریكردوه‌.


یه‌كێتى ئه‌و ڕاگه‌یاندراوه‌ تونده‌ى بۆئه‌وه‌ بڵاوكردۆته‌وه‌، تاوه‌كو پارتى ناچار به‌ كۆبوونه‌وه‌ بكات به‌ر له‌ واده‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار.
پارتى و بارزانى به‌رهه‌م ساڵحیان قبوڵ نییه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا یه‌كێتى یان ده‌بێت به‌ كاندیده‌كه‌ى بارزانى ڕازیبێت، یاخود به‌رهه‌م ساڵح ببانه‌ نێو هۆڵى كۆبوونه‌وه‌و بیخاته‌ ناو هه‌ڵبژاردن، چاره‌سه‌رى ناوه‌ندیش ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردووكیان كاندیدێكى لاواز پێشكه‌شبكه‌ن.


دوا په‌یامى پارتى بۆ یه‌كێتى ئه‌وه‌بوو : پۆستى سه‌رۆك كۆمار پێویسته‌ بۆ پارتى بێت، یان كاندیدى بێلایه‌نى هاوبه‌ش كه‌ ڕه‌زامه‌ندى هه‌ردوولاى له‌سه‌ربێت.

ده‌قى به‌یاننامه‌كه‌ى ئه‌مشه‌وى یه‌كێتى : 
هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان تا ئه‌م ساته‌ش ڕێكاره‌ یاساییه‌كانى نه‌گرتۆته‌به‌ر به‌مه‌به‌ستى تۆماركردنى به‌ربژێره‌كه‌ى به‌ پێى یاسایى په‌یڕه‌و كراو وه‌كو چاوه‌ڕوانیه‌ك بۆبه‌ده‌ست خستنى یه‌ك هه‌ڵوێستى، به‌ڵام ئه‌م كاره‌ى برایانى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌گه‌ڵ یه‌ك ریزى ناو ماڵى كورد و یه‌ك هه‌ڵوێستى نایه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌ سۆنگه‌ى باوه‌ڕى به‌ ئیستحقاقاتى سیاسى گه‌له‌كه‌مان هه‌ڵئه‌سێ به‌كارى پێویست بۆ ڕاییكردنى سه‌رجه‌م كاره‌ سیاسى و یاساییه‌كان له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمارى عێراق بۆ به‌ربژێره‌كه‌ى خۆى و پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتووى نوێ له‌ به‌غدا، هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵماندا پێكه‌وه‌ بكه‌وینه‌وه‌ گفتگۆ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌ڵام جێگاى سه‌رسوڕمانه‌ كه‌ برایانى پارتى هیچ جۆره‌ ئاماده‌ییه‌كیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌رنه‌بڕى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان تا هه‌نوكه‌ش سوره‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تى كارى پێكه‌وه‌یى و یه‌ك هه‌ڵوێستى لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان له‌پێناو پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى میلله‌ته‌كه‌مان و به‌هێزكردنى پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌غدا، وه‌ دیاره‌ كه‌ ڕووداوه‌كانى ڕابردووش ئه‌و ڕاستیه‌یان سه‌لماندوه‌ كه‌ هیچ كات كارى تاك لایه‌نه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى میلله‌تكه‌ماندا نه‌بوه‌و نابێت.
ڕاگه‌یاندنى مه‌كته‌بى سیاسى
یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان
22/9/2018

 

author photo

ڕۆژنامەنوس