کێ تەدارەکی گەرانەوەی بەرهەم ساڵحی بۆ ناو یەکێتی ڕێکخست ؟

ئه‌و گێژه‌ڵوكه‌ی به‌رهه‌می ساڵحی هێنایه‌وه‌ ناو یه‌كێتی له‌ كوێوه‌ هه‌ڵیكرد ؟

کێ تەدارەکی گەرانەوەی بەرهەم ساڵحی بۆ ناو یەکێتی ڕێکخست ؟

10284 خوێندراوەتەوە

هەفتەی رابردوو هەمووان چاویان چووە سەر مەلا بەختیار وەک بەهێزترین کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و پێیانوابوو سەفقەیەک ڕوویداوە کە مەلا بەختیار دەکاتە پادشای کۆشکی سەلام لە بەغداد، بەڵام لە پڕێکدا گێژەڵوکەیەک هات و هەموو شتێکی لەگەڵ خۆی پێچایەوە و بەرهەم ساڵحیشی تا ناو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی هێنا، ئەمە کۆتایی ئەو چیرۆکەیە بەرهەم ساڵحی کردە کاندیدی فەرمی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەی سەرەتای چیرۆکەکە چۆن دەستیپێکرد ؟

 

دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، بیرۆکەی یەکگرتنەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی یان لانیکەم گەرانەوەی بەرهەم ساڵح کەم کەم لە ناو سەرکردایەتی یەکێتی گەڵاڵە بوو، کاتێکیش یەکێتی هەستی بەوە کرد بۆ ئەمجارە دەبێت پۆستی سەرۆک کۆمار کەسێکی بەهێز پڕی بکاتەوە ئیدی پرسی کاندیدکردنی بەرهەم ساڵحیش بە مەرجی گەرانەوەی بۆ ناو یەکێتی هاتە پێشەوە.

 

دوای ئەوەی بیرۆکەی گەراندنەوەی بەرهەم ساڵح لە لایەن لاهور شێخ جەنگییەوە پێشنیاز دەکرێت، سەرەتا لە لایەن بەشێکی بەرچاوی سەرکردایەتییەوە رەتدەکرێتەوە، بەڵام پاش ئەوەی جەولەیەکی مەکۆکیی و لۆبیەکی بەهێزی به‌هێزی بۆ دەکات، تەنانەت بافڵ تاڵەبانیش دێتە ئەو بەرەیەی داوای گەراندنەوەی بەرهەم ساڵح دەکەن و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵیدا دەڕوات، لە کۆتایی ئەو مانۆرەی لاهور شێخ جەنگی لە ناو سەرکردایەتی یەکێتی و ماڵی تاڵەبانی ئەنجامیداوە، کە کارێکی بڕ گرێوگۆڵ بووە، شێوە کۆدەنگییەک بۆ سەرخستنی پێشنیازەکە دوای ژانێکی قورس لە دایک دەبێت.

 

لاهور شێخ جەنگی بۆ ئەمەش سوودی لەو گروپە سەرکردایەتیەی یەکێتی وەرگرت کە پاش دروستبوونی هاوپەیمانیش هەر لە بەرهەم ساڵحەوە نزیکبوون و دوای هەڵبژاردنیش لەگەڵ بەرهەم ساڵح تاوتوێی ئەم باسانەیان کردووە، سەرەنجامیش لە پڕێکدا هەموو شتێک سەرەونوخن بوەوە و رەشەبایەک هەڵیکرد نامەی وازهێنانی بەرهەم ساڵحی لە هاوپەیمانی و گەرانەوەی بۆ ناو یەکێتی تا ناو مەکتەبی سیاسیی لەگەڵ خۆیدا هێنا و بەدوای نامەکەشیدا بەرهەم ساڵح خۆی کردەوە بە ناو یەکێتیدا.

 

34e
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بۆ كاندیدكردنی به‌رهه‌م ساڵح بۆ سه‌رۆك كۆمار ـ سلێمانی ـ 2018.9.19


لەگەڵ دەستپێکردنی هەنگاوە فیعلییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی تەقلیدی پۆستەکان لە بەغداد، لاهور شێخ جەنگی پەیامێک رەوانەی بەرهەم ساڵح دەکات کە ئەو ئاماژەیەی هەڵگرتووە کە ناکۆکییەکانی رابردووی وەلابنێت و بگەڕێتەوە بۆ ناو یەکێتی کە بۆ خۆی و بۆ یەکێتیش سودی دەبێت، لە بەرامبەریشدا ئەو پشتیوانی تەواوەتی دەکات لە کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و دەتوانێت باڵە ناکۆکەکانی ناو سەرکردایەتی لەسەر بەرهەم ساڵح قایل بکات، سەرئەنجامیش ئەو مانۆرەی سەریگرت و لە راگەیەنراوی کۆبوونەوەی سەرلەبەیانی رۆژی ١٩.٩.٢٠١٨ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند بەرهەم ساڵح تاکە کاندیدی ئەوانە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، هەرچەندە مەلا بەختیار و چەند سەرکردایەتیەکی تر دژی بریارەکە وەستاونەتەوە و هەوڵیانداوە سەرنەگرێت.

 

مەلا بەختیار کە تا ئەو رۆژەی بەرهەم ساڵح نەگەرایەوە بەهێزترین چانسی هەبووە بۆ ئەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار بێت، تەنانەت مەسعود بارزانی و لایەنی بەهێزی ناو شیعە و سوننەکانیش پشتیوانیان کردووە، بەڵام بە هاتنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەکێتی یاریەکە لە مەلا بەختیار دەشێوێنرێت و ڕێسەکەی دەبێتەوە بە خوری، واتە پەیرەوی ئەو پەندە سەربازییەی نەکرد کە دەڵێت ئەوکاتەی پێویستە لە هەموو کات وریاتر بیت ئەوکاتەیە وا هەست دەکەیت سەرکەوتنت بە دەستهێناوە، بەوشێوەیە مەلا بەختیار پێیوابووە کە بەرهەم ساڵح کۆتایی هاتووە و ناتوانێت بە هێلکە بەرد بشکێنێ.

 

لە سەرەتاوە بەرهەم ساڵح باسی ئەوەی کردووە ئەو دەیەوێت وەک کاندیدێکی سەربەخۆ لەسەر پشکی کورد خۆی بۆ سەرۆک کۆمار کاندید بکات پاش وەرگرتنی رەزامەندییەکی زمنی یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی وتویەتی، لەم حاڵەتەدا سەرکردایەتی یەکێتی قایل نابن بۆیە پێویستە پێشوەختە تەدارەکی گەرانەوەی بۆ ناو یەکێتی رێکبخرێت تاوەکو پرۆژەکە لە نیوە رێگەدا پەکی نەکەوێت، بۆ ئەمەش بە هەموو هێزییەوە پشتیوانی دەکات، وتوشیەتی ئەو پشتیوانی هیچ کەسێک ناکات لە دەرەوەی یەکێتی بۆ پۆستەکە کاندید بێت با بەرهەم ساڵحیش بێت.

 

rtf
مه‌لا به‌ختیار، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی


باسی ئەوەشی کردووە پۆستەکە پشکی یەکێتیە بۆیە هەر دەبێت لە ناو یەکێتییەوە کەسێکی بۆ کاندید بکەن و ناکرێت دژی سەرکردایەتی و قاعیدەی یەکێتی بریار لەسەر ئەو پرسە حەساسە بدەن، لێرەشدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پشتیوانی بۆچوونەکەی کردووە.
تەنانەت لە ناو سەرکردایەتی یەکێتی ڕایەک هەبووە بۆ پشتیوانیکردنی بەرهەم ساڵح وەک کاندیدی سەربەخۆ لە دەرەوەی یەکێتی لەمەدا کۆسرەت رەسوڵ لاری نەبووە، بەڵام ئەم ئاراستەیە نەیتوانیووە پشتیوانی زۆرینە بەدەستبهێنێ.

 

دوو رۆژ پێش کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتی، مەلا بەختیار لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی دەچێتە سەر خەت تاوەکو پشتیوانی بکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، به‌ڵام ئه‌و وتویه‌تی ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م ساڵح نه‌گه‌رێته‌وه‌ ناو یه‌كێتی، ده‌بێت كاندیدێكی به‌هێز بۆ سه‌رۆك كۆمار دیاری بكرێت.

هەرچەندە مەلا بەختیار وەک زۆرزانێکی سیاسیی شوهرەتی هەیە، بەڵام لەم بگرەوبەردەیەی یەکلاکردنەوەی سەرۆک کۆمار وا دەردەکەوێت کە لە شوێنێکدا هەڵەی کردبێت، کە وەک باقی خەڵک پێیوابووە هەرگیز بەرهەم ساڵح ناگەرێتەوە ناو یەکێتی، لە دەرەوەی یەکێتیش قبوڵ ناکرێت کاندید بێت، بۆیە لەم نێوەندەدا ئەو دەتوانێت بە کەمێک ململانێکردنەوە ئەمە بقۆزێتەوە و ببێتە کاندید یەکێتی بۆ پۆستەکە.

 

wer
به‌رهه‌م ساڵح له‌ مه‌كته‌بی سیاسیی دوای گه‌رانه‌وه‌ی بۆ ناو یه‌كێتی ـ سلێمانی ـ 2018.9.20

لەوانەشە پشتیوانیکردنی پارتی و خودی بارزانی لە مەلا بەختیار بۆ ئەوەی ببێتە کاندیدی سەرۆک کۆمار، فاکتەرێکی تر بێت کە وای لێکردبێت لە خۆی دڵنیابێت و نەچێتە موسابەقە لەگەڵ کات و نەیارەکانی لە ناو یەکێتیدا.

 

ئێستا کە بەرهەم ساڵح بنەوبارگەی خۆی پێچاوەتەوە بۆ ناو یەکێتی و بە فەرمی کاندیدی حزبەکەیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام هێشتا چانسی ١٠٠%ی نییە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە و بەردی قورس ماوە لەسەر ڕێگەکەیدا بۆ گەیشتن بە کۆشکی سەلام لە بەغداد.

 

هەرچی مەلا بەختیاریشە رەنگە هێشتا چانسێکی مابێت، بە تایبەت لە ئێستادا کە پارتی بە ئاسانی مل نادات و بەرهەم ساڵح رەتدەکاتەوە و کاندیدیشی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پێشکەش کردووە و بەوەش چه‌ند كه‌سێك لە بۆسەدان بۆ وەرگرتنی پۆستەکە و خۆیان بۆ کاندید کردووە، بەوشێوەیە دوور نییە گێژەڵوکەی رۆژانی داهاتووی رووداوەکان ئاراستەی ململانێکان بگۆرێت و پێشهاتی تازە بخولقێنی و کاندیدی دیکە بێتە پێشەوە کە ئێستا لە خەیاڵی کەسدا نەبێت.

 

author photo

ماستەر لە پەیوەندیە گشتییە سیاسییەکان

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە بواری لێكۆڵینەوەی سیاسيی