دیوی شاراوه‌ی ڕێكه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی جۆن كیری دا

دیدارێك ده‌رگاى داخراوی چوارده‌یه‌ى نێوان ئه‌مریكا و ئێرانی كرده‌وه‌

دیوی شاراوه‌ی ڕێكه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی جۆن كیری دا

1275 خوێندراوەتەوە

له‌ كتێبى یاده‌وه‌رییه‌كانى، جۆن كیری وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا باس له‌ یه‌كه‌مین دیدارى مێژووى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران و ئه‌مریكا له‌ دواى چوار ده‌یه‌ ده‌كات، كه‌ له‌ ژوورێكى بچووك له‌ ته‌نیشت ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ سێپته‌مبه‌رى 2013 له‌ نیویۆرك ئه‌نجام درا.
كتێبى یاده‌وه‌رییه‌كانى جۆن كیرى وه‌زیرى پێشووى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ حكومه‌تى باراك ئۆباما به‌ ناونیشانى (هه‌موو ڕۆژێك چركه‌ساتێكى زیاده‌ هه‌یه‌) بڵاوكرایه‌وه‌ و چه‌ند به‌شێكى سه‌رسوڕهێنه‌رى تایبه‌ت به‌ ئێران تێدایه‌، له‌م كتێبه‌دا یه‌ك به‌شى ته‌واو به‌ ناونیشانى (ڕێگرى له‌ شه‌ڕێك) تایبه‌ت كراوه‌ به‌ ئێران و گفتوگۆى ئه‌تۆمى كه‌ به‌ ڕێكه‌وتننامه‌ى ئه‌تۆمى كۆتایی هات.

 

ئه‌و به‌شانه‌ى تایبه‌تن به‌ ئێران، باس له‌ یه‌كه‌مین دیدارى مێژووى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران و ئه‌مریكا له‌ دواى چوار ده‌یه‌ ده‌كات، كه‌ له‌ ژورێكى بچووك له‌ ته‌نیشت ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ سێپته‌مبه‌رى 2013 ئه‌نجام درا، (محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له‌ ده‌رگایه‌كى بچوكه‌وه‌ ڕۆشته‌ ناو ژورێكى زۆر بچووكى بێ په‌نجه‌ره‌ كه‌ ته‌نها یه‌ك مێز و دوو كورسی تێدا بوو، به‌پێى پلانڕێژى من بۆ ڕێگرى له‌ هه‌ر دۆخێكى نه‌خوازراو له‌ ژووره‌وه‌ چاوه‌ڕوان بووم و دانیشتبووم).

جۆن كیرى، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف به‌ ناوی بچوكراوه‌ "زه‌ریف" ناو ده‌بات و ده‌ڵێت سه‌ره‌تای گفتوگۆكانمان تایبه‌ت بووه‌ به‌ ژیانى ڕۆژانه‌ و خێزانیمان، كیرى له‌ وه‌سفى زه‌ریف دا به‌ هۆى پاراوى زمان و شاره‌زاى په‌نده‌ ئینگلیزى و بیروهۆشیارییه‌وه‌، ده‌ڵێت (وتاربێژێكى پاراو و شاره‌زایه‌كى سیاسی بوو بۆ ڕژێمى كۆمارى ئیسلامى ئێران، كه‌ جیاوازى بونیادى زۆرمان له‌ گه‌ڵى هه‌بوو).

 

دیدارێك كه‌ ده‌رگاى داخراوى 4 ده‌یه‌ى كرده‌وه‌


هه‌ر دوو وه‌زیر له‌و دیداره‌دا ڕێككه‌وتن كه‌ هێڵێكى په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆ له‌ نێوانیاندا هه‌بێت (هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بڕوامان وابوو په‌یوه‌ندى ئێمه‌ گرنگى ژیاریی هه‌یه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنى كۆتایی)، گرنگترین ڕێككه‌وتن كه‌ له‌ یه‌كه‌مین دیدارى دوو وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ له‌ دواى 40 ساڵ ئه‌نجامدرا، ئه‌وه‌ بوو كه‌ كێشه‌ و جیاوازییه‌كان به‌ شێوه‌ى داخراو و دوور له‌ میدیاكان له‌ نێوان خۆیاندا چاره‌سه‌ربكه‌ن، ( له‌ ئه‌نجامدا ده‌توانین كێشه‌ و كاروباره‌كان له‌ نێوان خۆمان به‌شێوه‌ى تایبه‌تى چاره‌سه‌ر بكه‌ین).

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌وكاتى ئه‌مریكا ده‌ڵێت، به‌ هاوتا ئێرانییه‌كه‌م وتووه‌ كه‌ حكومه‌تى ئۆباما ئاماده‌ى ڕێكه‌وتننامه‌یه‌كى جدییه‌ به‌ڵام بۆ گه‌شتن به‌ڕێككه‌وتن هیچ په‌له‌یه‌كى نییه‌، واته‌ (ڕێكنه‌كه‌وتن باشتره‌ له‌ ڕێككه‌وتنێكى خراپ)، كیرى له‌م دانیشتنه‌دا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تى وزه‌ى ئه‌تۆمى به‌ گرنگییه‌وه‌ چاودێرى به‌رنامه‌ و چالاكییه‌ ئه‌تۆمیه‌كانى ئێران ده‌كات ، زه‌ریف-یش باس له‌ فتواى عه‌لى خامنه‌ئی ده‌كات له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌بوونى شه‌رعى به‌كارهێنانى چه‌كى ئه‌تۆمى، بۆیه‌ (هه‌ردووى ئێمه‌ تێگه‌شتین كه‌ هێڵێكى سورى دیاریكراو له‌ نێوانمان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا جدى بووین له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ى ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ گه‌شتن به‌ ڕێككه‌وتن).

كیرى ده‌نوسێت ئه‌م دانیشتنه‌م له‌ گه‌ڵ زه‌ریف یه‌ك كاتژمێرى خایاند، چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك پێش ئه‌م دیداره‌ "وندى شرمن" جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ گه‌ڵ سه‌فه‌ركردنى بۆ برۆكسل، یه‌كێتى ئه‌وروپا ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ شاراوه‌ و داخراوه‌كانى چه‌ند مانگى پێشووى نێوان ئه‌مریكا و ئێران ، باس له‌ ئاماده‌یی ئه‌مریكا ده‌كات بۆ دانیشتن و دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ به‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كانى ئێران، حه‌سه‌ن رۆحانى سه‌رۆك كۆمارى نوێى ئێران له‌م گفتوگۆیانه‌ ئاگادار كرابووه‌وه‌.

له‌ پاش دیدارى زه‌ریف و كیرى له‌ ژوورى ته‌نیشت ئه‌نجومه‌نى ئاسایش، كۆبوونه‌وه‌ى وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى گروپى 1+5 واته‌ پێنج وڵاتى ئه‌ندامى هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نى ئاسایش و ئه‌ڵمانیا، له‌گه‌ڵ به‌رپرسی سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى ئه‌وروپا ده‌ستى پێكرد، كیرى ده‌نوسێت ( چل ساڵ دوورى دوو وڵات به‌ دیدار و دانیشتنى ئێمه‌ كۆتایی هات).

پێشنیاره‌كانى سوڵتان قابوس بۆ كیرى


زه‌مینه‌سازى بۆ ئه‌م دیداره‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران و ئه‌مریكا، به‌ نێوه‌ندگیرى سوڵتان قابوسی سه‌ڵته‌نه‌تی عوممان بووه‌، كیرى ده‌گێڕێته‌وه‌ له‌ دواى ئاره‌زومه‌ندى ئێران بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى گفتوگۆ و دانیشتنه‌ داخراو و شاراوه‌كان له‌ عوممان، من هێشتا سیناتۆر و سه‌رۆكى كۆمیته‌ى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سیناى ئه‌مریكا بووم، بۆیه‌كه‌مین جار له‌ 11 سێپته‌مبه‌رى 2011 ڕۆشتم بۆ مه‌سقه‌ت پایته‌ختى عوممان بۆ دیدارى سوڵتان قابوس.

له‌ كتێبه‌كه‌یدا به‌ زمانێكى پیاهه‌ڵدان وه‌سفى سوڵتان قابوس ده‌كات و ده‌ڵێت (پاره‌ى نه‌وتى له‌ گه‌شه‌پێدانى وڵاته‌كه‌یدا سه‌رفكردووه‌ و زه‌وییه‌كى وشكى بیابانى گۆڕیووه‌ بۆ شارستانیه‌تێكى مۆدێرن).

دانیشتنى كیرى و قابوس له‌ یه‌كێك له‌ كۆشكه‌كانى سوڵتان ئه‌نجام درا و دیمه‌ن و ئاسۆى كۆشكه‌كه‌ ئاوى كه‌نداوى فارس بووه‌، ( سوڵتان قابوس به‌ گرنگییه‌وه‌ باس له‌ ڕێز و ته‌قدیر و نه‌رمونیانى ئێرانییه‌كانى كرد له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ و به‌رده‌وام بیرى ده‌هێناینه‌وه‌ گفتوگۆى نه‌رمونیان له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێك كه‌ ئێمه‌ ناكۆكى جدیمان له‌ گه‌ڵیان هه‌بووه‌، ته‌نها ڕێگه‌یه‌كه‌ كه‌ ڕه‌وتى دانوستانه‌كان و وه‌لانانى ناكۆكیه‌كان به‌كراوه‌یی ده‌هێڵیته‌وه‌).
كیرى ده‌نوسێت (من و زه‌ریف به‌ درێژایی گفتوگۆ قورس و ئاڵۆزه‌كانمان هه‌وڵمانداوه‌ ئه‌و ڕێز و حورمه‌ته‌ى له‌ نێوانمان دروست بووه‌، بیپارێزین)

به‌پێى نوسیه‌نه‌كانى كیرى، سوڵتان قابوسیش نیگه‌ران بووه‌ له‌ زیادبوونى فشاره‌كان له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێران و تێبینى جدیشی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌گه‌رى دروستكردنى چه‌كى ئه‌تۆمى له‌لایه‌ن ئێران و به‌ مه‌ترسیشی داناوه‌، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌شبین بوو به‌ گفتوگۆكان و ڕێككه‌تن، سوڵتان قابوس له‌ دیدارى له‌ گه‌ڵ جۆن كیرى "باس له‌ عه‌لى ئه‌كبر ساڵحى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و كاتى ئێران ده‌كات و ده‌ڵێت یه‌كێكه‌ له‌ لایه‌نگرانى بیرۆكه‌ى تاقیكردنه‌وه‌ى ڕێگه‌ى دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و پیاوى بڕواپێكراوى ئایه‌توڵا عه‌لى خامه‌نئی یه‌".

له‌ پاش گه‌ڕانه‌وه‌ى له‌ مه‌سقه‌ت بۆ واشنتۆن، كیرى پلان داده‌نێت بۆ پێكهێنانى گروپێكى نهێنى شاره‌زا بۆ گفتوگۆ له‌ گه‌ڵ ئێران، باراك ئۆباما ڕێنیشانده‌رى سه‌ره‌كى، هیلارى كلنتۆن لایه‌نگرى كرێكاران و ناسێنه‌رى دیپلۆماته‌ بڕواپێكراوه‌كان بۆ دانوستانه‌كان، سالم ئیسماعیلى ڕاوێژكارى سوڵتان قابوس بۆ په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆ له‌ گه‌ڵ ئێران و ڕێكخستنى كاتى دیداره‌ شاراوه‌ و نهێنیه‌كان و شێواز و بابه‌تى گفتوگۆكان.

ئامانجى ئێران له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى گفتوگۆ له‌ گه‌ڵ ئه‌مریكا بۆ لابردنى سزا ئه‌تۆمیه‌كان و وازهێنانى ئه‌مریكا بوو له‌سه‌ر پیتاندنى یۆرانیۆم له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، جۆن كیرى ده‌ڵێت ئه‌مه‌ بابه‌تێك بوو كه‌ له‌ كاتى حكومه‌ته‌كه‌ى جۆرج بۆش له‌ نێوان دوو وڵاتدا هه‌بووه‌ و خودى سه‌رۆك كۆمار "جۆرج بۆش"یش له‌به‌رامبه‌ر پیتاندنى یۆرانیۆم له‌ ئێران لارى نه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ دۆزینه‌وه‌ی فۆرمۆلێك كه‌ ڕێگرى له‌ به‌رنامه‌ى ئه‌تۆمى ئێران و ئه‌گه‌رى دروستكردنى چه‌كى گه‌رم له‌و وڵاته‌ بكات، ناكام مابووه‌وه‌ و هیچ ڕێگه‌یه‌كى له‌به‌رده‌ست دا نه‌بووه‌.

باراك ئۆباما سه‌ۆك كۆمارى ئه‌مریكا له‌ ڕێگه‌ى سوڵتان قابوس نامه‌یه‌ك ده‌نێرێت بۆ ئایه‌توڵا خامنه‌ئی ڕابه‌رى كۆمارى ئیسلامى ئێران، ده‌ڵێت "وڵاته‌كه‌ى لارى نییه‌ له‌ پیتاندنى به‌رده‌وامى یۆرانیۆم و لابردنى سزا ئه‌تۆمیه‌كانى سه‌ر ئێران له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ ئاشكرایانه‌ى كه‌ ئێران بۆ داخستنى ناوه‌نده‌كانى دروستكردنى چه‌كى ئه‌تۆمى ده‌یگرێته‌به‌ر*، ئه‌م نامه‌یه‌ گفتوگۆكانى ئێران و ئه‌مریكاى برده‌ قۆناغێكى ته‌واو جدى و جیاواز و په‌یوه‌ندیه‌كانى دوو وڵاتى گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ چڵ ساڵ پێش ئێستا.


شه‌وى كۆتایی له‌ هوتێل كوبورگ له‌ نێوان زه‌ریف و كيرى چی ڕویدا ؟

جۆن كیرى له‌ كتێبه‌كه‌یدا، گتوگۆ ئه‌تۆمییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئێران كه‌ به‌ ڕێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێران كۆتایی پێهات، له‌گه‌ڵ ئه‌و گفتوگۆیانه‌ى كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ ئاووهه‌وا له‌ پاریس ئه‌نجام درا، به‌ دوو به‌رجه‌سته‌ترین كارى خۆى ده‌زانێت له‌ ماوه‌ى ئه‌و چوار ساڵه‌ى كه‌ له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ كارى كردووه‌، له‌و 45 وێنه‌ى كه‌ له‌ كتێبه‌كه‌یدا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، دوو وێنه‌یان تایبه‌ته‌ به‌م دوو بابه‌ته‌وه‌ كه‌ دۆناڵد تره‌مپ له‌ هه‌ر دوو ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ كشاوه‌ته‌وه‌.

یه‌كێك له‌ وێنه‌كان، كاتى واژۆكردنى ڕێكه‌وتننامه‌ى پاریسه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ى گشتى ڕێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، كه‌ ئیزابێلى نه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ خۆى بردووه‌ و كاتێ واژۆ له‌سه‌ر ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ ده‌كات، ئیزابێلى له‌ باوه‌ش گرتووه‌، وێنه‌یه‌كى تریان له‌ كاتى گفوگۆیه‌ له‌ گه‌ڵ گروپی ئێرانی له‌ هۆتێل كوبورگ له‌ ڤیه‌ننا، شوێنێك كه‌ ڕێكه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى تێدا به‌سترا له‌ پاش 22 مانگ گفتوگۆ له‌ شاره‌ جیاوازه‌كان، لێره‌ واژۆى كۆتایی له‌سه‌ركرا.

كیرى چیرۆكێكى سه‌یر ده‌گێرێته‌وه‌ له‌سه‌ر كاتژمێرى كۆتایی پێش ڕێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ له‌ ئوتێل كوبورگ كه‌ 17 شه‌وڕۆژ دڕێژه‌ى كێشابوو.

((هه‌موو ڕۆژێك ئێمه‌ له‌ گه‌شتن به‌ ڕێكه‌وتن نزیكتر ده‌بووینه‌وه‌ به‌ڵام زه‌ریف هێشتا نه‌یده‌توانى ڕاسته‌وخۆ و تاك لایه‌نه‌ په‌سه‌نى بكات و بڵى به‌ڵێ، له‌ عه‌سرى ڕۆژى سیازده‌یه‌مى ته‌موزی 2015، زه‌ریف و سێرگی لاڤرۆڤ (وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى روسیا) و فدریكا موگرینى به‌رپرسی نوێى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى ئه‌وروپای ده‌عوه‌ت كرد بۆ شوێنى مانه‌وه‌ و پشووم له‌ هوتێل كوبورگ، من له‌وێدا دانیشتبووم له‌سه‌ر كورسیه‌ك كه‌ پێیه‌كانم گیرابوونه‌ گه‌چ، هه‌موومان گوێمان له‌ زه‌ریف ده‌گرت بۆچی ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ به‌پێى پێویست بۆ ئێران باش نییه‌، روونكردنه‌وه‌ى ده‌دا، نزیك به‌ نیوه‌ شه‌و لاڤرۆڤ كه‌ ده‌یویست ڤیه‌ننا به‌ره‌و پاكستان جێبهێڵیت، قسه‌ى به‌ زه‌ریف بڕى و وتى جواد ڕه‌نگه‌ تۆ ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوت نه‌بێ بۆ واژۆكردنى ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ ؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ تكایه‌ به‌ ئێمه‌ بڵێ، به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بیت كاتى ئێمه‌ ده‌گریت)).
كیرى دواتر ده‌گێرێته‌وه‌، زه‌ریف به‌رامبه‌ر لاڤرۆڤ گرژده‌بێت و به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ هه‌ستا و به‌ره‌و ده‌رگاكه‌ ڕۆشت و له‌به‌رامبه‌ر قسه‌كانى لاڤرۆڤ ژووره‌كه‌ى به‌جێهێشت.
له‌ دۆخێك كه‌ پێشبینى كردنى تا چه‌ند مانگێك پێش ئه‌م دانیشتنه‌ چاوه‌روان نه‌كراوبوو، ئه‌مجاره‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا بۆ ئاسایكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى هه‌ردوو وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران و ڕوسیا، نێوه‌ندگیرى كرد و هه‌ردوكیانى هێنایه‌وه‌ سه‌ر مێزى گفتوگۆ.

كیرى هه‌وڵى ده‌دا فشار و ئاڵۆزییه‌كان كه‌مبكاته‌وه‌ له‌ رۆژانى كۆتایی كه‌ له‌ گه‌شتن به‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى ئه‌تۆمى نزیك بوونه‌ته‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ى كه‌ له‌ ژووره‌كه‌یدا دروست بووبوو، له‌ كتێبه‌كه‌یدا نوسیویه‌تى " به‌خێرایه‌كى چاوه‌ڕوانكراو له‌ سه‌ر كورسیه‌كه‌م هه‌ڵسام بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگرى له‌ رۆشتنى زه‌ریف بكه‌م ، ووتم ((ده‌زانم مه‌به‌ستى لاڤرۆڤ سوكایه‌تى كردن به‌ تۆ نه‌بووه‌، ئێمه‌ له‌و بڕوایه‌نین شتێكى تر هه‌بێت كه‌ بتوانین بۆ ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ زیادى بكه‌ین، ئه‌مه‌ش ناوه‌ڕۆكى ڕێكه‌وتننامه‌كه‌یه‌ ده‌توانى قبوڵى بكه‌یت یان نه‌؟ دواى چه‌ند خوله‌كێك زه‌ریف ووتى خۆم ئاماده‌ ده‌كه‌م بۆ ڕاگه‌یاندنى په‌سه‌ندكردنى ڕێكه‌وتننامه‌ى ئه‌تۆمى، به‌ڵام شتێكى ترمان پێویسته‌)).

زه‌ریف ده‌یویست ناوى ژماره‌یه‌كى زیاتر له‌و ئێرانییانه‌ى كه‌ له‌ لیستى سزادراوه‌كانى ئه‌مریكادا هاتووه‌، ده‌ربهێنرێت، كیرى ده‌ڵێت به‌رپرسی كاروبارى تایبه‌ت به‌ ئێران له‌ وه‌زاره‌تى گه‌نجینه‌ و دارایی ئه‌مریكا، بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى ڕاوێژكارى هاتبوو، ده‌ڵێت (وه‌زاره‌تى گه‌نجینه‌ و دارایی ئه‌مریكا پێشتریش ئاماده‌یی هه‌بووه‌ بۆ ده‌رهێنانى ناوى ژماره‌یه‌كى زیاتر له‌و ئێرانیانه‌ى كه‌ تائێستا له‌ لیستى سزادراوه‌كانى ئه‌مریكادا هه‌بوون وئێمه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ئێستا هه‌ڵگرتبوو، ئێستا كاتى یاری به‌ كارتێك كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ گیرفانى دابوو، گه‌یشت).

وتوێژى ده‌سته‌ى ڕاوێژكارى ئه‌مریكا له‌ ژورێكى ته‌نیشت به‌رده‌وام بوو، كیرى ده‌ڵێت دواى گفتوگۆمان له‌ گه‌ڵ ده‌سته‌ى ڕاوێژكارى خۆمان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ژووره‌كه‌ى خۆم كه‌ لاڤرۆڤ و زه‌ریف چاوه‌ڕوانیان ده‌كردم.

(( به‌ جواد زه‌ریفم ووت ئێمه‌ مه‌به‌ستمان بوو یه‌ك هه‌نگاوى تر هه‌ڵبگرین بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێكه‌وتنى كۆتایی و لیستێك كه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر ناوى ئێرانى تێدا بوو و وه‌ ئاماده‌بووین له‌ لیستى سزادراوه‌كان ده‌ریان بهێنین دام به‌ جه‌واد، ئێستا ڕێكه‌وتنه‌كه‌ قبوڵ ده‌كه‌ن؟ بۆ چه‌ند چركه‌یه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌ شێوه‌ى هه‌میشه‌ی بێت، وه‌ستا و ووتى ڕێكه‌وتین).

(ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ نیوه‌ شه‌و بوو، ئێمه‌ كات و وزه‌ى پێویستمان نه‌بوو تاوه‌كو ئاهه‌نگ بگێرین، له‌ پاش ته‌وقه‌كردن گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ژووره‌كه‌ى خۆم تاوه‌كو هه‌واڵى كۆتایی دانوستانه‌كان و ڕێكه‌وتن به‌ سه‌رۆك كۆمار ئۆباما بگه‌یه‌نم، باراك ئۆباما سوپاسی كردم و منیش سوپاسم كرد و پێم ووت : ئێمه‌ گه‌شتین به‌و ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ى كه‌ خۆمان ده‌مانویست، ئێستا ده‌بێت بیپارێزین).

ده‌نگۆى خه‌رجكردنى 1.7 ملیارد دۆلار بۆ ئێران

  جۆن كیرى له‌ كتێبه‌كه‌یدا باس له‌ خاڵێكى گرنگ ده‌كات ئه‌ویش پێدانى 1 ملیارد و 700 ملیۆن دۆلار بوو به‌ ئێران له‌ ئان و ساتى واژۆى كۆتایی له‌سه‌ر ڕێكه‌وتننامه‌ى ئه‌تۆمى ئێران.

كیرى ده‌ڵێت " ئێران له‌ كاتى ده‌سه‌ڵاتى پاشایه‌تى محه‌مه‌د ڕه‌زاشا، كڕینێكى سه‌ربازى هه‌مه‌ڕه‌نگ و جۆراوجۆرى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا كردبوو له‌ دواى شۆڕشی ساڵى 1979 ( كاتێك ئایه‌توڵا خومه‌ینى ده‌سه‌ڵاتى گرته‌ ده‌سه‌ت و كارمه‌ندانى باڵوێزخانه‌ی ئێمه‌ى به‌ بارمته‌ گرت، قه‌رزێك بوو لامان مابووه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م چه‌ك و پارانه‌ نه‌خرایه‌وه‌ به‌رده‌ستى كۆمارى ئیسلامى ئێران)"، پاره‌ى كرینى چه‌ك و یه‌كه‌ى سه‌ربازى ئێران له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى داراى و گه‌نجینه‌ى ئه‌مریكا خرایه‌ سه‌ر هه‌ژمارێكى بانكى و ده‌ستى ئێرانى لێ دوورخرایه‌وه‌.



كیرى ده‌نوسێت (( ئێران له‌ ساڵانى ڕابردووه‌وه‌ خواستى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌م پارانه‌ و سودى بانكییه‌كه‌ى هه‌بووه‌، بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ دادگاى لاهاى سكاڵاى تۆمار كردبوو و داواى 10 ملیار دۆلار سودى ئه‌و پاره‌یه‌ و بڕى پاره‌ى كاشی ده‌كرد، ئه‌وان سكاڵایه‌كى به‌هێزیان كردبوو و ده‌بیسترێت كه‌ دادگا له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌وان بڕیارى داوه‌، ده‌وڵه‌تى ئۆباما له‌ كۆتاییدا ڕێككه‌وت كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى دادگا شه‌ن و كه‌وبكرێت و ئه‌م داواكارییه‌ى ئێرانى به‌ پێدانى یه‌ك له‌ پێنجى ئه‌وه‌ى ئێران ده‌یڵێت، جێبه‌جێكرد، یه‌ك ملیارد و 700 ملیۆن دۆلار كه‌ هێشتا پاره‌یه‌كى زۆره‌ به‌ڵام زۆرباشتره‌ له‌ پێدانى 10 ملیارد دۆلار)).
به‌پێى نوسینه‌كانى جۆن كیرى، باراك ئۆباما ئه‌م بابه‌ته‌ى له‌ دانوستانى ئه‌ندامانى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى خستووه‌ته‌ ڕوو و وتوویه‌تى كه‌ پێدانى ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ باشتره‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى 10 ملیارد دۆلار و له‌ به‌رژه‌وه‌ندى سیسته‌مى باج و هاوڵاتیانى ئه‌مریكایه‌ و كابینه‌ى حكومه‌تیش په‌سه‌ندیان كرد.

له‌سه‌ر شێوازى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌م پاره‌یه‌ بۆ ئێران، ڕێگرى جیاواز بوونى هه‌بوو، پێش هه‌موو شتێك بڕوانه‌بوونێكى به‌هێز و نادڵنیایی له‌ نێوان هه‌ردوو وڵات (ئێران – ئه‌مریكا) دا هه‌بووه‌، دواتر بریاردرا پێدانى ئه‌م پاره‌یه‌ هاوزه‌مان له‌ گه‌ڵ گۆڕینه‌وه‌ى زیندانیانى ئێرانى و ئه‌مریكاى ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام به‌هۆى سزاكانى ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئێران كه‌ گۆڕینه‌وه‌ى دۆلارى له‌گه‌ڵ ئێران قه‌ده‌غه‌كردبوو، بریار درا كه‌ پێدانى پاره‌كه‌ به‌ شێوه‌ى كاش بێت.

زیندانیانى ئێرانى- ئه‌مریكایی له‌ خاكى ئێران، كۆمارى ئیسلامى ئێران ڕه‌زامه‌ندى ده‌ربری بوو له‌سه‌ر ئازادكردنیان، له‌به‌رامبه‌ر ئازادكردنى زیندانی ئێرانى – ئه‌مریكایی له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا، چاوه‌ڕوانى گه‌یشتنى ئه‌م پاره‌ بۆ ئێران هاوكات بووه‌ له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنى ڕێكه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌، ئه‌مه‌ش هه‌مان پاره‌ و ئاڵوگۆڕێكه‌ كه‌ دۆناڵد تره‌مپ ده‌ڵێت ((باج)) دانى باراك ئۆباما به‌ بارمته‌كانى حكومه‌تى ئێران.

فرۆكه‌یه‌كى سه‌ربازى سویسرا ئه‌ركى گواستنه‌وه‌ى 1 ملیارد و 700 ملیۆن دۆلارى كاش بۆ ئێران و دواتر گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئێرانى – ئه‌مریكییه‌كانى خاكى ئێران له‌ نێویشیاندا جیسۆن ڕه‌زائییان له‌ گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ى بوو كه‌ پێشتر ئازادكرابوون به‌ڵام ڕێگه‌ى ڕۆشتنه‌ ده‌ره‌وه‌یان لێداخرابوو، گرته‌ ئه‌ستۆ، له‌ كاتى نزیك بوونه‌وه‌ى فرۆكه‌ى سویسرا له‌ فرۆكه‌خانه‌ى میهرئابادى تاران، زانیمان كه‌ تێپه‌ڕبوونى ئه‌م فرۆكه‌ له‌ حه‌ره‌مى ئاسمانى وڵاتان به‌ ئاراسته‌ى ئێران ده‌كه‌وێته‌ نێو سزا ئابورییه‌كانى ئه‌مریكا، كیری ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئاگاداركراینه‌وه‌ له‌و كێشه‌یه‌، داوامان له‌ باڵوێزخانه‌كانس ئه‌مریكا كرد له‌و وڵاتانه‌ى كه‌ فرۆكه‌كه‌ به‌ ئاسمانیان دا تێده‌په‌ڕێت، كێشه‌ى ڕێگه‌پێدانى بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

فرۆكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ى سویسرا گه‌یشته‌ تاران و زیندانییه‌كان سه‌ركه‌وتن و ئاماده‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ بوون، جواد زه‌ریف و موگرینى بۆ خوێندنه‌وه‌ و ڕاگه‌یاندنى ڕێكه‌وتننامه‌ى ئه‌تۆمى ڕۆشتنه‌ ساڵوێنى ڕێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ڤیه‌ننا و له‌سه‌ر كورسی وتاربێژى دانیشتن، به‌ڵام كیرى ده‌ڵێت له‌و كاته‌ له‌ تارانه‌وه‌ هه‌واڵمان پێگه‌یشت كه‌ پاسدارانى ئێرانى ڕێگه‌ ناده‌ن هاوسه‌ره‌كه‌ى جیسۆن ڕه‌زائییان ئێران جێبهێڵیت.

كیرى ده‌ڵێت به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندیم به‌ زه‌ریف كرد به‌ڵام زۆر دره‌نگ بوو بوو، ئه‌وان خوێندنه‌وه‌ى سه‌ره‌تایی و ڕاگه‌یاندنى كۆتایی ڕێكه‌وتننامه‌كه‌یان ده‌ستپێكردبوو، ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ رۆشتبووه‌ قۆناغى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ به‌ڵام زیندانییه‌ ئێرانى - ئه‌مریكییه‌كان هێشتا له‌ فرۆكه‌خانه‌ى میهرئابادى تاران ڕاگیرابوون، جۆن كیرى ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونى مه‌راسیمى ڕاگه‌یاندنى ڕێكه‌وتننامه‌كه‌، هه‌واڵه‌كه‌م به‌ جواد زه‌ریف گه‌یاند و ئاگادارم كرده‌وه‌ له‌و كێشه‌یه‌، (( ڕه‌نگى تێكچوو، ئه‌و تێگه‌یشت كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ چه‌ند جدییه‌))، فرۆكه‌ى جۆن كیرى و ده‌سته‌ى ڕاوێژكارى ئه‌مریكا له‌سه‌ر ڕاڕه‌وى فرۆكه‌خانه‌ى ڤییه‌نا ئاماده‌ى هه‌ستان بوو به‌ره‌و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و سه‌نته‌رى شاری ڤیه‌ننایان جێهێشتبوو، جۆن كیرى ده‌ڵێت (( ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیم به‌ زه‌ریف كرد و ته‌ئكیدم كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت هاوسه‌رى جیسۆن ئێران جێبهێڵیت، ئه‌و به‌ڵێنى به‌ من دا كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ى چاره‌سه‌ركردووه‌)).

به‌پێى نوسینه‌كانى جۆن كیرى (( پۆلیس له‌ نیوه‌ شه‌ودا ده‌چنه‌ سه‌ر ماڵى سه‌رۆكى دادگاى ئێران و واژۆى ڕێگه‌پێدان به‌ ڕۆشتنه‌ ده‌ره‌وه‌ى هاوسه‌رى جیسۆن ڕه‌زائییان وه‌رده‌گرن، پاشان جیسۆن و هاوسه‌ره‌كه‌ى و زیندانییه‌ ئێرانى ئه‌مریكییه‌كانى خاكى ئێران جێده‌هێڵن)).


*********
كتێبه‌كه‌ى جۆن كیرى به‌ گشتى هه‌ستێكه‌ كه‌ ئاوازێكى كاریگه‌ریی هه‌یه‌ و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ى ده‌نگى سیاسه‌تمه‌دارێكى خاوه‌ن به‌رپرسیارێتییه‌ كه‌ نیگایه‌كى تایبه‌تى هه‌یه‌ بۆ ڕووداوه‌ مێژوویه‌كان، كێرى ئه‌م كتێبه‌ى به‌ نه‌وه‌ و دایك و باوكى ئه‌و نه‌وه‌یه‌، هاوسه‌ركه‌ى پێشكه‌ش كردووه‌، بیرمان ده‌هێنێته‌وه‌ كاتێك كه‌ به‌شدارى شه‌ڕى ڤێتنامى كردووه‌ به‌ڵێنى به‌ خۆى داوه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ ئه‌مریكا، هه‌ر كارێكى له‌ ده‌ستبێت بۆ ڕێگرى له‌ شه‌ڕ و خوێنڕشتن ئه‌نجامى بدات و هه‌موو هه‌وڵێكى بۆ به‌ردیهێنانى ئاشتى جیهانى بێت.
بابه‌تێك له‌ زمانى وندى شرمن جێگری جۆن كیرى له‌ كاتى گفتوگۆ ئه‌تۆمییه‌كان، ده‌گێڕێته‌وه‌ له‌ ڕۆژى ڕاگه‌یاندنى ڕێكه‌وتننامه‌ى ئه‌تۆمى هه‌موو وه‌زیره‌كان له‌ ژوورێك ئاماده‌بوون، كێرى باسی سه‌ركه‌وتن و گرنگى ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ى ده‌كرد، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى ( دڵۆپه‌ى فرمێسك له‌ سه‌ر گۆناى كیرى ده‌ربكه‌وێت).

 

author photo

نوسەر

  شارەزای جوگرافیای سیاسیی ـ جیۆپۆلەتیک