حزبەكان، دوای ساڵێك لە ریفراندۆم بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین دەدوێن

"ریفراندۆم، سیناریۆیەك بوو پارتی بۆ بەرژەوەندی بارزانی رێكی خست"

حزبەكان، دوای ساڵێك لە ریفراندۆم بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین دەدوێن

1049 خوێندراوەتەوە

 

 دوای ساڵێك لە ئەنجامدانی ریفراندۆم پارتی پیرۆزبایی دەكات و پێی وایە 16ى ئۆكتۆبەر نەبوایە ئێستە كورد خاوەنی دەوڵەت بوو، یەكێتیش دەڵێت: ریفراندۆم سیناریۆیەك بوو پارتی بۆ بەهێزكردنی كورسییەكەی بارزانی رێكی خست، كۆمەڵ و گۆرانیش نەبوونی ئامادەكاری بەبیانووی شكستی پرۆسەكە دەزانن و یەكگرتووش ئاماژە بەوە دەكات ئەوان لەبەر خاتری كەس نەچوونەتە بەرەی ریفراندۆم.

 

 

پارتی: ریفراندۆم شۆرشێكی دیكەی سەربەخۆیی بوو

 

،،

لە ساڵرۆژی یادی ئەنجامدانی ئەو پرۆسە گەورەیەدا پیرۆزبایی گەرم لەتەواوی هاوڵاتیانی كوردستان دەكەين كە چوونە سەر سندووقەكان و بەڵێ یان بۆ گشتپرسی كرد.

 

 


عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سلێمانی _ هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان، رای حزبەكەی كە بە عەرابی ئەنجامدەری گشتپرسی لەقەڵەم دەدرێت ئاشكرا دەكات و دەڵێت:" پارتی حزبی كەلتوور و مێژووە، لەدێر زەمانەوە باوەری تەواوی بە سەربەخۆی كورد و كوردستان هەبووە، بۆیە بۆ درێژەدان بە خەباتی باوباپیرانی بریاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی دا تاكو كوردیش وەك زۆرێك لە گەلەكانی جیهان ببێتە خاوەنی قەوارەی خۆی".

 

عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سلێمانی/هەڵەبجەی پارتی

 

 
ئەو ئەندامەی پارتی پێشی وایە ریفراندۆم شۆرشێكی دیكە بووە بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ئەگەر لەماوەی رابردودا میكانیزمەكانی داواكاری مافی چارەی خۆ نووسین شێوازێكی دیكە بووبێت ئەمرۆ لەرێگەی ریفراندۆمەوە گەلی كورد داوای ئەو مافە دەكات.

 
هەروەها دەشڵێت:" لە ساڵرۆژی یادی ئەنجامدانی ئەو پرۆسە گەورەیەدا پیرۆزبایی گەرم لەتەواوی هاوڵاتیانی كوردستان دەكەين كە چوونە سەر سندووقەكان و بەڵێ یان بۆ گشتپرسی كرد".

 

،،

هەندێ لە سەركردەكانی یەكێتی چوونە بەرەی ریفراندۆم كە تەعبیریان لە تەواوی یەكێتی نەكردووە بەهیچ شێوەیەك، چونكە ریفراندۆم ماڵوێرانی بۆ كورد هێنا نەك خۆشبەختی.

 

 
یەكێتی: ریفراندۆم لە ئاشبەتاڵی 75 خراپتر بوو


سەبارەت بە ئەنجامدانی گشتپرسی و پشتگیری یەكێتی لە پرۆسەكە كادرێكی دیاری یەكێتی بۆ دپپلۆماتیك مەگەزین دەدوێت و دان بەوەدا دەنێت كە هەندێ لە سەركردەكانی یەكێتی لەگەڵ پرۆسەكە بوون و كەسیان جورئەتی ئەوەی نەبووە بە ئەندام و رێكخستنەكانی یەكێتی بڵێت دەنگ بە بەڵێ مەدەن.

 
شادمان مەلا حەسەن، كە كادرێكی دیاری یەكێتی و كاندیدێكی ئەو حزبەیە بۆ پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:" ریفراندۆم سیناریۆیەك بوو پارتی بۆ بەهێزكردنی كورسییەكەی بارزانی رێكی خست، بۆیە سەركەوتووش نەبوو، وە لە پشت پرۆسەكەوە هیچ ئامانجێكی وەك سەربەخۆی و دەوڵەتی كوردی نەبوو".

 

شادمان مەلا حەسەن، كاندیدی یەكێتی نیشتمانی

 

 
ئەو ئەندامەی یەكێتی باس لەوەش دەكات هەر لەسەرەتاوە زۆرێك لە یەكێتییەكان ئاماژەیان بەوە كردووە ئەمە شتێكی شەخسییەو كاتەكەی گونجاو نییە و نابێت ئەنجام بدرێت.

 
بۆیە دەڵێت: "هەندێ لە سەركردەكانی یەكێتی چوونە بەرەی ریفراندۆم كە تەعبیریان لە تەواوی یەكێتی نەكردووە بەهیچ شێوەیەك، چونكە ریفراندۆم ماڵوێرانی بۆ كورد هێنا نەك خۆشبەختی".

،،

ئەگەر بارزانی جورئەتی هەیە با ئێستە بچێت داوای دەوڵەتی كوردی و ریفراندۆم بكات، خۆ ئێستا شتێك نییە بەناوی 16ی ئۆكتۆبەر.

 

بۆچی ریفراندۆم شكستی هێنا؟


سەبارەت بەوەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی ریفراندۆم شكستی هێنا، وتەبێژەكەی پارتی بەراشكاوانە دەڵێت:" ئەگەر خیانەتێكی گەورەی وەك 16ی ئۆكتۆبەر نەبوایە ئێستا كورد خاوەنی دەوڵەتی كوردی بوو، بەڵام بەداخەوە خیانەتی ناوخۆیی هەموو شتێكی لێ تێكداین".

 

كادیرەكەی یەكێتی بەتوندی وەڵامی ئەم لێدوانەی شێخ عەتا ئەداتەوە و دەڵێت:" ئەگەر بارزانی جورئەتی هەیە با ئێستە بچێت داوای دەوڵەتی كوردی و ریفراندۆم بكات، خۆ ئێستا شتێك نییە بەناوی 16ی ئۆكتۆبەر".

 


گۆران: ریفراندۆم كارتێك بوو یەكێتی و پارتی مامەڵەی حزبیان پێوەكرد


عەبدولرەزاق شەریف، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆران سەبارەت بە ریفراندۆم دەڵێت:"گشتپرسی كارتێكی بەهێز بوو یەكێتی و پارتی مامەڵەی حزبیان پێوە كردوو و سوتاندیان گەرنا دەكرا دەستكەوتی باشی پێ وەربگرین بۆ كوردستان".

 

عەبدولرەزاق شەریف، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆران

 

،،

دەنگی بەڵێی رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە عومەری سەید عەلی تەعبیری لە بزووتنەوەكە نەكردووە و تەنها وەك هاوڵاتییەك و سەركردەیەكی كورد رۆشتووە بۆ دەنگدان.

 

 


سەبارەت بە پشتگیری حزبەكەی بۆ پرۆسەكە ئەو ئەندامەی گۆران پێی وایە ئەوان وەك گۆران ساڵی پار ئەندام و هەوادارانی گۆرانیان سەرپشك كردووە كە ئازادن بە ((بەڵێ)) یاخود ((نەخێر)) دەنگ دەدەن"

 
هەروەها دەڵێت"دەنگی بەڵێی رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە عومەری سەید عەلی تەعبیری لە بزووتنەوەكە نەكردووە و تەنها وەك هاوڵاتییەك و سەركردەیەكی كورد رۆشتووە بۆ دەنگدان".

 
عەبدولرەزاق شەریف دەڵێت:" كاك نەوشیروان پرۆژەی هەبوو بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم وەك میكانیزمێك بۆ داواكردنی مافی گەلی كورد، بەڵام دەبێت مەرجەكانی رێكەوتنی سیاسی و پاراستنی خاكی كوردستانی تێدا بێت".

 
سەبارەت بە 16ی ئۆكتۆبەر وەك هۆكاری لەبار بەری پرۆسەكە، سەركردەكەی گۆران دەڵێت: "پارتی بۆی نییە باسی 16ی ئۆكتۆبەر بكات چونكە لەگەڵ یەكێتی پێشتر رێك كەوتبوون، لە 15ی ئۆكتۆبەر و 23ی ئۆكتۆبەر مەكتەب سیاسی هەردوولایان بەسەرپەرشتی بارزانی دانیشتوون و رێك كەوتوون لەسەر فرۆشتنی كەركووك".

 
كۆمەڵ: پێشتر مەترسییەكەمان خستەروو بەگوێیان نەكردین


عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی و كاندیدی ئەو حزبە لە ئێستادا بۆ پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بەم بابەتە دەدوێت و دەڵێت:" ئێمە ئەوكاتە وەزیری كشتوكاڵ بووین، لەرێگەی پرێس كۆنفرانسێكەوە مەترسییەكانمان خستە روو و ئاماژەمان بەوە كرد كە زەمینەسازی نەكراوە و پێ دەچێت رووبەرووی كێشەی ئاوو گرانی شت و مەك ببینەوە".

 

عەبدوالستار مەجید،كاندیدی كۆمەڵی ئیسلامی

 

،،

ئێمەش چووینە نێو پرۆسەكە و بەڵێمان كرد، بەڵام بەڵێی ئێمە بۆ سەربەخۆیی بوو نەك لەبەر خاتری حزبێك و لایەنێك.

 

 
ئەو سەركردەیەی كۆمەڵ ئەوەش ناشارێتەوە كە كەس گوێی لێ نەگرتووە و لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش گلەیان لێكردووە و پێیان راگەیاندووە :" تۆ خەڵكی دەترسێنیت و ساردیان دەكەیتەوە لەوەی بچن بۆ گشتپرسی".

 
سەركردەكەی كۆمەڵ دەشڵێت: "ئێمەش چووینە نێو پرۆسەكە و بەڵێمان كرد، بەڵام بەڵێی ئێمە بۆ سەربەخۆیی بوو نەك لەبەر خاتری حزبێك و لایەنێك".

 

،،

یەكگرتوو 8 ساڵ لەمەوپێش لەكۆنگرەی شەشەمیدا ئەوەی باس كردووە و نوسیویەتییەوەو چەسپاندوویەتی لە پەیرەوی ناوخۆیدا كە دەوڵەتی كوردی مافێكی رەوای گەلی كوردەو دەبێت دەستەبەر بكرێت.

 

 

یەكگرتوو: ئێمە 8 ساڵە داوای دەوڵەتی كوردی دەكەین


تاكە هێزێك لەدەرەوەی یەكێتی و پارتی كە زۆرترین رەخنەی رووبەروو بوویەوە تۆمەتبار دەكرا بەوەی پشتگیری پرۆسەیەكی وەك گشتپرسی دەكات كە ئامانج لێی داوای دەوڵەتی كوردی بوو، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بوو كە بەیەكێكی دیكە لە عەرابەكانی پرۆسەكە لە قەڵەم دەدرێت.

 
شێركۆ جەودەت، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو و كاندیدو سەرۆك لیستی حزبەكە بۆ پەرلەمانی كوردستان لەمبارەوە دەدوێت و دەڵێت: یەكگرتوو 8 ساڵ لەمەوپێش لەكۆنگرەی شەشەمیدا ئەوەی باس كردووە و نوسیویەتییەوەو چەسپاندوویەتی لە پەیرەوی ناوخۆیدا كە دەوڵەتی كوردی مافێكی رەوای گەلی كوردەو دەبێت دەستەبەر بكرێت".

 

شێركۆ جەودەت، كاندیدی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

 

 
سەرۆكی لیستی یەكگرتوو دەشڵێت:" لەسەر ئەو بنەمایە بوو كە یەكگرتوو چوویە نێو پرۆسەیەكی وەك گشتپرسی تاكو ئەگەر نارێكی و پەرتەوازەیی نێوماڵی كورد بهێڵێ شتێك بۆ كورد و كوردستان بكەین".

 
جەودەت ئەوەش ئاشكرا دەكات ئەوان وەك یەكگرتوو ویستوویانە ئەوە بسەلمێنن كە ئەوان هیچ دەستێكی دەرەكی و ناوخۆیی نایانجوڵێنێت و سەربەخۆن لە بریاردان و كەی ویستیان دەچنە نێو پرۆسەیەك و كەی نەیانویست لە بەرژەوەندی كوردستان دەكشێنەوە.

 

لە 25ی ئەیلولی 2017 دا %93 هاوڵاتیان چوونە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگیان بە بەڵێدا بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بەڵام تا ئەمرۆش هێشتا ئاسەوارەكانی ئەو پرۆسەیە لەسەر هەرێمی كوردستان ماون، و هێشتا كۆمەڵگای بەسەر بەرەی بەڵێ و بەرەی نەخێردا دابەش كردووە.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان