عارف روشدی: سەرۆک کۆمار بە ناوی هیچ لایەنێکی سیاسییەوە تاپۆ نەکراوە

"پارتى خواستى ئەوەى نییە دوای ٣٠ی ئەیلول بە تەنها هەرێمی کوردستان بەرێوە ببات"

عارف روشدی: سەرۆک کۆمار بە ناوی هیچ لایەنێکی سیاسییەوە تاپۆ نەکراوە

770 خوێندراوەتەوە

چاوپێکەوتن: دانا ساڵح

لە چاوپێکەوتنێدا لەگەڵ دیپلۆماتیک مەگەزین، عارف روشدی راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیمەکراتی کوردستان ئاماژەوە بەوە دەکات، بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی ١٢ی ئایار دەبێت پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ پارتی بێت لەگەڵ ئەوەشدا پارتى  پێیوایە دەبێت  پۆستەکە بە هەماهەنگى لە نێوان لایەنە کوردییەکاندا یەکلابکرێتەوە، دەربارەی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت پارتی خواستی ئەوەی نییە بە تەنها حکومەت پێکبهێنێت و گرنگیشە لە کابینەی داهاتوودا چەند هێزێک ببنە ئۆپۆزسیۆن.

  

عارف روشدی راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربارەی رۆڵ و چۆنیەتی بەشداری کورد لە حکومەتی نوێی عێراقدا دەڵێت: " پیویستە شەرى کورد پێش هەر هەنگاوێکى دیکە لەسەر دارشتنى کارنامەى حکومەتى داهاتوى عێراق بێت، بنەماکانى شەراکەت، هاوسەنگى و رێککەوتن بچەسپینرێن و لە بەر روشنایی ئەو بنەمایانە بەشداربن لە حکومەتى داهاتووی عێراقدا".

 

عارف روشدي دەشڵێت:" لایەنە کوردستانییەکان دەبێت لە بەغداد پێش هەموو شتیک دووربکەونەوە لە و کێشەو گرفتانەى کە لە کوردستان هەیانە و وانەکەن کاریگەریيان هەبیت لە سەر یەکهەڵوێستیان بەرامبەر بەغداد، چونکە کەلێن لە نێوان لایەنە کوردییەکان دروست ببێت، دەبیتە هۆکارى بەکارهێنانى لە لایەن هێزە شوڤینییەکانەوە دژ بە بەرژوەندى خەڵکى کوردستان هەروەک لە خولى پێشووی پەرلەمان و حکومەتى عێراقییەوە بەرامبەر کورد روویدا".

،،

"پارتى  پێیوایە کە دەبێت  پۆستی سەرۆک کۆمار بە هەماهەنگیی لە نێوان لایەنە کوردستانییەکاندا یەکلابکرێتەوە، چونکە مافى خەڵکى کوردستانە و تاپۆنەکراوە بە ناوى هیچ لایەنێکى سیاسییەوە".

 

سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار کە ئێستە بووەتە پرسێکی ناکۆک لە نێوان پارتی و یەکێتی و هەردوو کیان بە فەرمی کاندیدیان بۆ پۆستەکە هەیە، ڕاوێژکارەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە "مەسەلەى وەرگرتنى پۆستەکان دەبێت کۆتا شت بێت و لەسەر بنەماى هاوسەنگیی رێکبخرینەوە لە هەموو ئاستەکاندا، پۆستى سەرۆک کومار ئەگەر دەرەنجامەکانى هەڵبژاردنى ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراق پێوەربێت پێویستە ئەو پۆستە لە لایەن پارتییەوە وەربگیرێت، پارتى دەتوانێت ئەو پۆستە بخاتە خزمەتى خەڵکى کوردستان و چیتر رێگە نەدات ئەو لادانە دەستوریانە  روو بدەن، لەگەڵ ئەوەشدا پارتى  پێیوایە کە دەبێت ئەو پۆستە بە هەماهەنگى لە نێوان لایەنە کوردستانییەکاندا یەکلابکرێتەوە، چونکە مافى خەڵکى کوردستانە و تاپۆنەکراوە بە ناوى هیچ لایەنێکى سیاسییەوە".

 

dft
عارف روشدی راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

 

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە رۆژی ٢٧ی تەموزی ٢٠٠٧ بە ئیمزای تاڵەبانی و بارزانی رێکەوتننامەی ستراتیژییان ئیمزاکردووە و لەوکاتەوە تائێستا بەپێی ئەو رێکەوتنەکە پۆستەکانی کوردستان و بەغداد لە نێوانیاندا دابەش دەکەن.

 

عارف روشدی دەربارەی رێکەوتننامەی ستراتیژیی پێیوایە" رێککەوتننامەی ستراتیژیی لە بنەرەتدا کارێکى باش بوو بۆ کاتى خۆى و دەرەنجامى ئەرینى زۆرى هەبوو، بەڵام پێویستە سەر لە نوێ دابرێژرێتەوە و فراوانتر بکریت، ببێت بە رێکەوتنێک وەک پەیمانێکى نیشتیمانى لە نێوان سەرجەم هێزەکانى کوردستاندا".

 

دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە رۆژی ٣٠ی ئەیلول بەڕێوەدەچێت و تێروانینی پارتی بۆ بارودۆخی حکومرانیی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا کە لە کەمپینەکانی هەڵبژاردنەوە بانگەشە بۆ "بنياتناني كوردستانێکی بەهێز" دەکەن، عارف روشدی كە ئەندامی لیژنەی باڵای بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی  پارتیشە دەڵێت:" مەستى جەنابی سەرۆک بارزانى و پارتى لە (بنیاتنانى کوردستانیکى بەهیز ) کە دروشمى پارتییە لە هەلبژاردنەکانى پارلەمانى کوردستاندا ئەوەیە کە پێویستە لە کوردستان گورانکاریی و چاکسازیی بەرفراوان ئەنجام بدرێن لە سەر هەموو ئاستەکاندا بەتایبەت لە بوارەکانى ژیان و گوزەرانى خەڵکدا و رێکخستنەوەى پەیوەندییەکان لەگەل هەموو لایەنەکانى ناوخۆیی و دەرەکى بە شێوەیەکى گونجاوتر، پێمانوایە ئەمەش روودەدات کاتێک پارتى بەهێز و باڵادەست بێت، لە لایەکى دیکەوە پارتى باوەرى وایە کە دەبێت بە هەماهەنگى نێوان هێزە سیاسییەکانى کوردستان بە تایبەتى ئەو هێزانەى باوەریان بە مافى چارەنووسی گەلى کوردستان هەیە، دەتوانرێت هەرێمى کوردستان بەرەو سەقامگیریی و پێشکەوتن بچێت".

 

ert
عارف روشدی بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ حزبەکەی دەکات ـ هەولێر ـ ٢٠١٨.٩.٢٢

 

،،

"پێکهینانى حکومەتى بنکە فراوان پێموایە سەرکەوتوو نەبووە و ناکرێت هەمان ئەزموون دووبارە بکریتەوە، زۆر گرنگە هەندێک هێزى سیاسیی وەکو ئۆپۆزسیۆنى نیشتیمانى کار بکەن، بەوەش بوارى دیموکراسیی تەندروست تر دەبێت لە هەرێمی کوردستاندا"

  

دەربارەی ئەو حکومەتەی (کابینەی نۆیەم) کە لە دوای هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلولی پەرلەمانی کوردستانەوە پێکدەهێنرێت، عارف روشدی راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت:" ئەگەر پارتى هەموو کورسیەکانى پەرلەمانى کوردستان بە دەست بهێنێت، خواستى ئەوەى نییە بە تەنها هەرێمی کوردستان بەرێوە ببات، چونکە دەزانین لەم قوناغەدا دەبێت بە هاوبەشی ئیدارەى هەرێمی کوردستان بدرێت لەگەل ئەو هێزانەى کە دەتوانن تێگەیشتنیان هەبێت لەگەل یەکتردا، بەڵام پێکهینانى حکومەتى بنکە فراوان پێموایە سەرکەوتوو نەبووە و ناکرێت هەمان ئەزموون دووبارە بکریتەوە، زۆر گرنگە هەندێک هێزى سیاسیی وەکو ئۆپۆزسیۆنى نیشتیمانى کار بکەن، بەوەش بوارى دیموکراسیی تەندروست تر دەبێت لە هەرێمی کوردستاندا".

 

 

author photo

ماستەر لە پەیوەندیە گشتییە سیاسییەکان

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە بواری لێكۆڵینەوەی سیاسيی