بریاردەری كۆمسیۆن:  ساختەكارییەكانی پێشوو كۆمسیۆن ئەنجامیداون،     ئەمجارە ناهێڵین ئەوە دووبارە ببێتەوە

"ئێمە ناتوانین رێگە لە ساختەكاری بگرین، بەڵام دەتوانین رەدی بكەینەوە"

بریاردەری كۆمسیۆن: ساختەكارییەكانی پێشوو كۆمسیۆن ئەنجامیداون، ئەمجارە ناهێڵین ئەوە دووبارە ببێتەوە

706 خوێندراوەتەوە

 ئەمرۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ پێنجەمین خولی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەچوو، كۆمسیۆنیش لە راگەندراوێكدا چاودێری خۆی بۆ پرۆسەكە دەربری و بریاردەری كۆمسیۆنیش ئاماژە بەوە دەكات كە هەوڵەكان زۆرن بۆ ساختەكاری و ناتوانن رێیان لێ بگرن، بەڵام دەتوانن دەنگی ساختە رەد بكەنەوە، و دەشڵێت:" ساختەكارییە گەورەكانی پێشوو كۆمسیۆن ئەنجامیداون، بەڵام ئەمجارە ناهێڵین ئەوە دووبارە ببێتەوە".

 

ئیسماعیل خورماڵی، بریاردەری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی لە هەرێمی كوردستان تایبەت بە بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە رۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتی، و ئەگەرەكانی ئەنجامدانی ساختەكاری، بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین دەدوێـت.

 

ئیسماعیل خورماڵی، بریاردەری كۆمسیۆن

،،

 لەدواین بریارو رێگریاندا بۆ ساختەكاری پێیان باش بووە كە لە نێو بنكەكانی دەنگداندا دوای ئەوەی دەنگدەر دەنگ دەدات وێنەی بگیرێت، بۆ ئەوەی لە شوێنی دیكە دەنگ نەداتەوە.

 

 

 

"لە بریارەكەمان پەشیمان بووینەوە"

 
ئەوان بۆ رێگەگرتن لە ساختەكاری رێگەی زۆریان گرتۆتە بەر، وەك خۆیان پێشتر رایانگەیاندبوو " هەرچی دەرگاكانی ساختەكارییە بەرووی ساختەكاردا دایانخستوون".

 
لەدواین بریارو رێگریاندا بۆ ساختەكاری پێیان باش بووە كە لە نێو بنكەكانی دەنگداندا دوای ئەوەی دەنگدەر دەنگ دەدات وێنەی بگیرێت، بۆ ئەوەی لە شوێنی دیكە دەنگ نەداتەوە.

 
بەڵام خورماڵی ئاماژە بەوە دەكات كە لە ئێستا پەشیمان بوونەتە لەو بریارەو كاری پێ ناكەن بۆیە دەڵێت: " لەسەرەتادا وامان هەستكرد كە لە رێگەی وێنەگرتنەوە رێگەیەكی دیكە دەگرین لە ساختەكاری، بەڵام دوای ئەوەی بۆمان دەركەوت هەندێ لایەن ئەم وێنەگرتنە ئیستیغلال دەكەن بۆ ساردكردنەوەی هاوڵاتی لە دەنگدان و دەیانترسێنن، بۆیە بریارماندا بەهەموو شێوەیەك لەنێو بنكەكانی دەنگدان وێنەگرتن قەدەغە بكرێت چ ئەوەی وێنەی كارتی دەنگدانەكەی دەگرێت یاخود كارمەندێك بیەوێ بەناوی كۆمسیۆنەوە وێنەی دەنگدەر بگرێت كە پێشتر پێمان باش بوو".

 

،،

ئێمە لە كۆمسیۆن هێزی عەسكەریمان نییە تاكو بتوانین بەهەموو شێوەیەك رێگە لە ساختەكار بگرین كە ساختەكاری ئەنجام نەدات، بەڵام ئەتوانین لە كۆتایدا بەسەدان سندوق رەفز بكەین كە گومانی ساختەكاریان لەسەر بێت.

 

 

"ناتوانین رێگە بگرین لە ساختەكاری"


بریاردەرەكەی كۆمسیۆن بە راشكاوانە ئەوەش دەڵێت كە ئەوان ناتوانن بەتەواوی رێگە بگرن لە ساختەكاری بەڵام دەتوانن ئەو دەنگانەی كە گومانی ساختەكاریان لەسەرە رەفزیان بكەن و دەنگەكە ئەژمار نەكەن.

 
" ئێمە لە كۆمسیۆن هێزی عەسكەریمان نییە تاكو بتوانین بەهەموو شێوەیەك رێگە لە ساختەكار بگرین كە ساختەكاری ئەنجام نەدات، بەڵام ئەتوانین لە كۆتایدا بەسەدان سندوق رەفز بكەین كە گومانی ساختەكاریان لەسەر بێت". خورماڵی وای وت.

 
بەرپرسانی كۆمسیۆن ئەوە ناشارنەوە كە هەوڵەكان بۆ ئەنجامدانی ساختەكاری زۆرن، و لەرۆژی دەنگدانی تایبەت بەدی كراون و پێ دەچێت لە دەنگدانی گشتیش هەوڵەكان زۆرتر بن.

 
هەربۆیە خورماڵی دەشڵێت: "داوا لە هەموو چاودێران دەكەین لە رۆژانی ئەنجامدانی دەنگدان بەوردی ئاگاداری پرۆسەكە بن، بە بەڵگەی فیدۆیی یاخود وێنەو نوسراو بیسەلمێنن هەر بنكەیەك یاخود سندوقێك ساختەكاری تێدا كراوە ئەوا كۆمسیۆن ئەو دەنگانە ئەژمار ناكات و رەدیان دەكاتەوە".

،،

هەموو ساختەكارییە گەورەكانی پێشوو لەرێگەی كۆمسیۆنەوە ئەنجام دراون، بۆیە ئەمجارە كۆمسیۆن ناهێڵت ئەو كارە دووبارە ببێتەوە.

 

 

"ساختەكارییەكانی پێشوو كۆمسیۆن ئەنجامی داون"


ئیسماعیل خورماڵی، دڵنایی زۆرتر دەدات بە هاوڵاتیان كە نەترسن لەوەی دەنگەكانیان بە فیرۆ بروات و مافیان بخورێت و لایەنە سیاسییەكان ئاگادار دەكاتەوە كە ئەمجارە لە كۆمسیۆن ناهێڵن ساختەكاری گەورە ئەنجام بدرێـت.

 
بۆیە دەڵێت:" هەموو ساختەكارییە گەورەكانی پێشوو لەرێگەی كۆمسیۆنەوە ئەنجام دراون، بۆیە ئەمجارە كۆمسیۆن ناهێڵت ئەو كارە دووبارە ببێتەوە".

 
دەشڵێت:" رەنگە لە رێگەی بنكەكانەوە ساختەكارییەكی كەم ئەنجام درابێت بەڵام ئەگەر كۆمسیۆنی لەپشت نەبووبێت كەس ناتوانێت ئەو ساختەكارییە گەورە ئەنجام بدات و دەستكاری دەرەنجام و كورسییەكان بكات".

 

وێنەیەك لە دەنگدانی تایبەتی ئەمڕۆی هێزە ئەمنییەكان

 

 
ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن قسەكانی بۆنی ئەوە دەدەن، كە ئەوان بۆنی بوونی ساختەكارییەك ئاگاداری كردبنەوە، بۆیە پێ دەچێت خوێنی خۆیان كردبێتە ناو كاسەوەو هەموو ئامادەییەكیان تێدابێت بۆ ئەوەی نەهێڵن حەرەمی كۆمسیۆن بشكێت و كۆنترۆڵی بكەن تاكو لەرێگەی ئەمانەوە ساختەكاری ئەنجام بدرێت.
"داوا لە هاوڵاتیان دەكەین بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و بێ ترس ولەرز دەنگی خۆیان بدەن و دەنگەكانیان لەدەستێكی ئەمیندا دەبن". بەرپرسەكەی كۆمسیۆن وای بە دیپلۆماتیك گووت.

 

 " نەچوونی هاوڵاتیان بۆ دەنگدان مەترسیدارە"

هەرچەندە بریاردەرەكەی كۆمسیۆن دڵخۆشی تەواو دەدات بە هاوڵاتیان كە نەترسن و دەنگی خۆیان بدەن، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە دەنگ نەدانی ئەوان پێ دەچێتە ئیشی كۆمسیۆن قورس بكات و لایەنی ديكه بیەوێت كارتەكانیان بەكار بهێنێت و لەبری دەنگ نەدەر دەنگ بدات.

 

 

وابریارە رۆژی یەك شەممەش پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ دەنگدانی گشتی لە هەرێم بۆ پەرلەمانی كوردستان بەرێوەبچێت كە بەپێی رێنماییەكانی كۆمسیۆن دەنگدەر دەتوانێ لەرێگەی هەریەك لە ( رەگەزنامەی عێراقی، كارتی نیشتمانی، پاسپۆرتی عێراقی) دەنگ بدات، و بەوتەی بەرپرسانی كۆمسیۆنیش بێت، پێ دەچێت لەچاو هەڵبژاردنەكانی پێشوو پاكترین هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان