شه‌ڕى به‌یاننامه‌كان له‌ نێوان بارزانى و به‌رهه‌م ساڵحدا

ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ بارزانى دۆڕاوى یاریيه‌كه‌ بێت ؟

شه‌ڕى به‌یاننامه‌كان له‌ نێوان بارزانى و به‌رهه‌م ساڵحدا

1858 خوێندراوەتەوە

مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی به‌ خاوه‌نی دواین بڕیاری كورد و مه‌رجه‌ع ناسرابوو،بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ ڕێی به‌یاننامه‌یه‌كه‌وه‌ كۆتایی به‌ خاوه‌ن بریاریی هێنرا، ئه‌مه‌ش كاتێك یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان و به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د سالح كاندیدی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان داواكه‌ى بارزانیان بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار له‌ ناو كوتله‌ كوردییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ڕه‌تكرده‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌یاننامه‌كه‌ ئه‌و باسه‌شی هێنیایه‌وه‌ پێش كه‌ بۆچی پارتی ده‌یه‌وێت له‌ ناو كوتله‌ كوردستانیه‌كاندا پۆستی سه‌رۆك كۆمار یه‌كلایی بكاته‌وه‌، به‌ڵام یه‌كێتیی به‌م داوایه‌ش ڕازی نیه‌.


بارزانی له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركرد و ڕایگه‌یاند: "ئه‌مرۆ هه‌ینی 28ی9ی 2018 له‌سه‌ر داوای خۆی بۆ پرس و ڕا له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار، به‌ڕێز د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح سه‌ردانی كردین، له‌گه‌ڵ ڕێز بۆ كاك د.به‌رهه‌م،به‌ڵام پۆستی سه‌رۆك كۆماری په‌یوه‌سته‌ به‌ ئیستیحقاقی سیاسی بۆ گه‌لی كوردستان، نه‌ك شه‌خس و لایه‌نێك، ئه‌م پۆسته‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌موو پێكهاته‌ی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ گه‌لی كوردیشه‌وه‌".


له‌ به‌شێكی تری به‌یاننامه‌كه‌دا ده‌ڵێت" ئێستایش بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌ پێویسته‌ میكانیزمی دیاری كردنی كاندید هه‌ر له‌لای لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان بمێنێته‌وه‌، رێز بگیرێت له‌ ڕای زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، دیاری كردنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق بۆ رای فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا بگه‌ڕێته‌وه"‌.


له‌ وه‌ڵامی به‌یاننامه‌كه‌ی بارزانی به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بارزانی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند" پێویسته‌ په‌رله‌مانی عێراق بریاری كۆتایی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق بدات، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكه‌ بۆ شكاندنی پشك پشكێنه‌ی حیزبی، بۆ ئێستا داواكارییه‌كی گشتی دیموكراتیه‌".


له‌م دوو به‌یاننامه‌یه‌دا دوو خاڵی جه‌وهه‌ریی هه‌یه‌، یه‌كه‌میان بۆ بارزانی ده‌یه‌وێت له‌ناو كوردا ئه‌م پرسه‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌؟، دووه‌میشیان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی داواكه‌ی بارزانی چ واته‌یه‌كی هه‌یه‌ بۆ ژیانی سیاسی بارزانی؟ 

،،

له‌م دوو به‌یاننامه‌یه‌دا دوو خاڵی جه‌وهه‌ریی هه‌یه‌، یه‌كه‌میان بۆ بارزانی ده‌یه‌وێت له‌ناو كوردا ئه‌م پرسه‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌؟، دووه‌میشیان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی داواكه‌ی بارزانی چ واته‌یه‌كی هه‌یه‌ بۆ ژیانی سیاسی بارزانی؟ 


پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌به‌رارود به‌ كوتله‌ كوردستانیه‌كانی تر زۆرترین كورسی هه‌یه‌ كه‌ (25) كورسیه‌،به‌ڵام یه‌كێتیی خاوه‌نی (18) كورسیه‌، بۆیه‌ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌م پۆسته‌ له‌ناو كوتله‌ كوردستانیه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كاندیده‌كه‌ی پارتی زۆر ئاسانتره‌،به‌ به‌راورد له‌ناو كوتله‌ عێراقیه‌كان، چونكه‌ پارتی و بارزانی به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێكخه‌ری ڕیفراندۆمن و له‌ ڕابردوودا زۆر دژایه‌تی لایه‌نه‌ عێراقیه‌كانیان كردووه‌، ئه‌سته‌مه‌ بتوانن له‌ناو كوتله‌ عێراقیه‌كاندا ئه‌و پۆسته‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌، لایه‌نێكی تری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بارزانی ده‌یه‌وێت به‌ گشت لایه‌كی بڵێت كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌وان بوون نه‌یانهێشت ماڵی كوردی له‌ به‌غداد په‌رته‌وازه‌ ببێت وهه‌ر له‌ناو كوردا ئه‌و پرسه‌یان یه‌كلایی كرده‌وه‌، كه‌واته‌ بارزانی ده‌یه‌وێت له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌م بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ئه‌م پرسه‌ له‌ناو كوردا یه‌كلایی بكاته‌وه‌ ، هه‌م واش خۆی نیشان بدات، ئه‌وه‌ هه‌ر پارتیه‌ كه‌ ڕێگه‌ له‌ په‌رته‌وازه‌یی نێو ماڵی كورد ده‌گرێت.


به‌ڵام به‌یاننامه‌كه‌ی د.به‌رهه‌م ڕیسه‌كه‌ی پارتی كرده‌وه‌ به‌خوری و دوای كه‌متر له‌ نیو كاتژمێر ئه‌و داوایهى‌ ڕه‌تكرده‌وه‌، چونكه‌ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ له‌ناو كوتله‌ عێراقیه‌كان بۆ كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتیی ئاسانتره‌، یه‌كێتیی به‌راورد به‌ پارتی په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ لایه نه‌‌ عێراقیه‌كان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها گه‌ر گوشاری ( ئه‌مریكا و ئێران)ش له‌سه‌ر كوتله‌ عێراقیه‌كان بێت بۆ ده‌نگدان بۆ سه‌رۆك كۆمار، ئه‌وا د.به‌رهه‌م چانسی زیاتره‌، چونكه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردولا په‌یوه‌ندییه‌كی باشی هه‌یه‌و حیزبه‌كه‌شی هاوپه‌یمانی ئێرانه‌.


له‌م لایه‌نه‌وه‌ خاڵێكی تری گرنگمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ،هۆكاری سه‌ره‌كی كاندیدكردنه‌كان بۆ پۆسته‌ گرنگه‌كانی وڵات، په‌یوه‌ندی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌ك نه‌ته‌وه‌یی،( وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ندێك لایه‌ن ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن) چونكه‌ گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی له‌به‌رچاو بگیرایه‌، ده‌بوو ته‌نها یه‌ك كاندید هه‌بێت، نه‌ك چه‌ند كاندیدێكی كورد،كاندیده‌كه‌ش به‌ ئاگاداری سه‌رجه‌م كوتله‌ كوردستانیه‌كان بوایه‌، بۆیه‌ له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین لایه‌نه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان كار بۆ سه‌رخستنی كاندیده‌كه‌یان ده‌كه‌ن، بۆ به‌ڵگه‌ش پارتی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و به‌بێ پرسی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان كاندیدی بۆ پۆستی جێگری دووه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دیاری كردو پۆسته‌كه‌شی وه‌رگرت، له‌وه‌رگرتنی ئه‌م پۆسته‌دا هه‌رگیز ناتوانێت بۆ لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كانی بسه‌لمێنێت كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كورد ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه‌، نه‌ك حیزبه‌كه‌ی،دوای وه‌رگرتنی جێگری دووه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ئێستا ده‌یه‌وێت كێبڕكێی (هاوپه‌یمانه‌ كۆنه‌كه‌ی) بكات و پۆستی سه‌رۆك كۆماریش به‌رێت، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ كوردستانیش زۆرینه‌ی پۆسته‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌كانی لایه‌، بۆیه‌ حیزبه‌كانی تر به‌ تایبه‌ت یه‌كێتیی ئه‌مه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی ده‌زانن و پێیان وایه‌ ڕاسته‌ پارتی ده‌نگی یه‌كه‌مه‌، به‌ڵام زۆرینه‌ نیه‌و له‌ ئیستیحقاقی خۆی زۆر زیاتری وه‌رگرتووه‌،بۆیه‌ ئه‌مه‌ لاسه‌نگی هێزی دروستكردووه‌ و پارتی كار بۆ حیزبه‌كه‌ی خۆی ده‌كات ، نه‌ك نه‌ته‌وه‌كه‌ی.

،،

خاڵى سه‌رنج راكێش له‌ بابه‌تى سه‌رۆك كۆماردا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ یه‌كێتى داواى پارتى و خودى بارزانى ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ و ئاماده‌شه‌ ململانێى بكات و ته‌سلیمى نه‌بێت. ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى ئیجابى بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى یه‌كێتى و كۆتا ساته‌كانى به‌ر له‌ده‌نگدانى بشكێته‌وه‌.


ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ی پارتی بۆته‌ هۆی تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستاندا، هه‌ر زوو ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كاندیده‌كه‌ی پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵیه‌كانیان.

خاڵى سه‌رنج راكێش له‌ بابه‌تى سه‌رۆك كۆماردا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ یه‌كێتى داواى پارتى و خودى بارزانى ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ و ئاماده‌شه‌ ململانێى بكات و ته‌سلیمى نه‌بێت. ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى ئیجابى بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى یه‌كێتى و كۆتا ساته‌كانى به‌ر له‌ده‌نگدانى بشكێته‌وه‌.


هه‌روه‌ها به‌هۆى ئه‌م پرسه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان یه‌كێتى و پارتى ڕوى له‌ ئاڵۆزى كردوه‌ و وایكردوه‌‌ هه‌ر زوو داواكه‌ی بارزانی له‌لایه‌ن یه‌كێتیی و خودی د.به‌رهه‌مه‌وه‌ ڕه‌تبكرێته‌وه‌، به‌یاننامه‌كه‌ی د.به‌رهه‌م بۆچوونی یه‌كێتیشه‌، چونكه‌ د. به‌رهه‌م نوێنه‌ری یه‌كێتیه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار و كۆبونه‌وه‌ و لێدوانی گوزارشته‌ له‌ بۆچوونی یه‌كێتی.


خاڵی دووه‌م ڕه‌تكردنه‌وه‌ی داواكه‌ی بارزانی هه‌ر ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌كی ئاسایی و سانا نیه‌، به‌ڵكو واتاو ئاماژه‌ی زۆری تێدایه‌، كه‌ گرنگترین واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چیتر بارزانی نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو كورد ناكات و له‌مه‌ودوا داواكانی هه‌روا به‌ سانایی جێبه‌جێ ناكرێت،وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ڕیفراندۆمدا هه‌رچه‌نده‌ زۆرینه‌ی لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ ریفراندمدا نه‌بوون، به‌ڵام پشتگیری بارزانیان كرد بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ وه‌ك مه‌رجه‌عی كورد سه‌یر ده‌كرا، ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ كۆتایی به‌و مه‌رجه‌عیه‌ته‌ش هێنا و چیتر خۆی به‌ ته‌نها خاوه‌ن بڕیار نیه‌.

،،

ڕه‌تكردنه‌وه‌ی داواكه‌ی بارزانی نه‌ك بۆ ناوخۆ به‌ڵكو بۆ ده‌ره‌وه‌ش كاریگه‌ری هه‌یه‌، ئه‌م به‌یاننامانه‌ و بونى چه‌ند كاندیدێكی كورد بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار ده‌بێته‌ به‌ڵگه‌یه‌ك به‌ده‌ست لایه‌نه‌ عێراقی و هه‌رێمییه‌كان، كه‌ یه‌ك كه‌س نوێنه‌رایه‌تی داواكانی كورد ناكات، بارزانیش وه‌ك هه‌ر حیزبێكی تری كوردستانی و عێراقی ته‌نها نوێنه‌ری حیزبه‌كه‌ی خۆیه‌تی.


ڕه‌تكردنه‌وه‌ی داواكه‌ی بارزانی نه‌ك بۆ ناوخۆ به‌ڵكو بۆ ده‌ره‌وه‌ش كاریگه‌ری هه‌یه‌، ئه‌م به‌یاننامانه‌ و بونى چه‌ند كاندیدێكی كورد بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار ده‌بێته‌ به‌ڵگه‌یه‌ك به‌ده‌ست لایه‌نه‌ عێراقی و هه‌رێمییه‌كان، كه‌ یه‌ك كه‌س نوێنه‌رایه‌تی داواكانی كورد ناكات، بارزانیش وه‌ك هه‌ر حیزبێكی تری كوردستانی و عێراقی ته‌نها نوێنه‌ری حیزبه‌كه‌ی خۆیه‌تی.


له‌ كۆتایی و ده‌رئه‌نجامدا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ی كه‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار به‌ته‌واوی ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه‌ كورد له‌ به‌غدا یه‌ك گوتار نیه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و حیزبی له‌به‌به‌رچاو گیراوه‌، هه‌روه‌ها كۆتایی به‌ مه‌رجه‌عه‌یه‌تی كوردی هێنا و چیتر كه‌سێك ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تی بریاری كورد بكات، بۆیه‌ له‌مه‌ودوا بۆ وه‌رگرتنی بۆچوونی كورد ئه‌وا چه‌ند لایه‌نێك هه‌ن و هیچ بریارێكیش به‌ ئاسانی یه‌كلایی نابێته‌وه‌، هه‌روه‌ها دوای یه‌كلایی بوونه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار ، په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی و پارتی ده‌چێته‌ قۆناغێكی نوێوه‌، كه‌ به‌ ئه‌قاری كێبڕكێی زیاتر و ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانیان ده‌ڕوات، هه‌ر ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دابه‌ش كردنی پۆسته‌ باڵاكانی هه‌رێم، هه‌روه‌ها له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌مان سیناریۆی سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌ نێوان یه‌كێتیی و پارتیدا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ كێبڕكێیه‌كی نوێ له‌ نێوان ئه‌و دوو پارته‌ سه‌ره‌كیه‌كی كوردستان،كه‌ به‌ ئاراسته‌ی كۆتایی هاتن به‌ كاری هاوبه‌شی و پشتگیری كردنی یه‌كتره‌.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی