به‌رهه‌م ساڵح و لاهور شێخ جه‌نگی و بافڵ تاڵه‌بانی گه‌ڕانه‌وه‌ به‌غداد

یه‌كێتی شه‌ری كۆتایی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار ده‌باته‌وه‌ به‌غداد

به‌رهه‌م ساڵح و لاهور شێخ جه‌نگی و بافڵ تاڵه‌بانی گه‌ڕانه‌وه‌ به‌غداد

1861 خوێندراوەتەوە

دوای ئه‌وه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی نێوانيان، مه‌سعود بارزانیی و به‌رهه‌م ساڵح نه‌گه‌یشتن به‌ هیچ رێكه‌وتن و لێكتێگه‌یشتنێك ده‌رباره‌ی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كاندیدی كورد بۆ سه‌رۆك كۆمار، به‌رهه‌م ساڵح ئێواره‌ی دوێنی هه‌ر له‌ هه‌ولێره‌وه‌ گه‌راوه‌ته‌وه‌ به‌غداد، چه‌ند كاتژمێرێك له‌مه‌وبه‌ريش هه‌ریه‌ك له‌ لاهور شێخ جه‌نگی و بافڵ تاڵه‌بانی گه‌یشتنه‌ به‌غداد بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح دوایین قسه‌ی لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌سه‌ر قبوڵكردنی به‌رهه‌م ساڵح بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار وه‌ربگرن.

 

به‌پێی زانیارییه‌كانی دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین، كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی نێوان بارزانی و به‌رهه‌م ساڵح له‌ پیرمام به‌ نێوانگیرییه‌كی سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین رێكخراوه‌، پێشتريش بارزانیی و به‌رهه‌م ساڵح چه‌ند جارێك دوای بینی یه‌كتریان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.


له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی عه‌سری دوێنێی نێوان بارزانی و به‌رهه‌م ساڵح، بارزانی پێداگیریی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ پارتی له‌ نێوان پارێزگاری كه‌ركوك و سه‌رۆك كۆمار یه‌كێكیانی ده‌وێت.

،،

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی عه‌سری دوێنێی نێوان بارزانی و به‌رهه‌م ساڵح، بارزانیی به‌ روویه‌كی خۆشه‌وه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵحدا نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌رچی هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندیی و دۆستایه‌تی نێوانیان به‌هێز بووه‌.


بارزانی ئه‌وه‌شی به‌ به‌رهه‌م ساڵح وتووه‌، ئه‌گه‌ر به‌وه‌ رازیی نابن، با یه‌كێتی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و وه‌زاره‌تێكی سیادیی وه‌ربگرێت و پۆستی سه‌رۆك كۆماریش بۆ پارتی بێت، به‌ڵام به‌رهه‌م ساڵح وتویه‌تی ئه‌و پێشنیازانه‌ قبوڵ ناكات و ئه‌وه‌ بریاری پێشوه‌خته‌ی یه‌كێتییه‌.

 

ert
به‌رهه‌م ساڵح كاندیدی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار


به‌وشێوه‌یه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یان هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بووه‌، دیپلۆماتیك ئه‌وه‌شی زانیووه‌ بارزانیی به‌ روویه‌كی خۆشه‌وه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵحدا نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌رچی هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندیی و دۆستایه‌تی نێوانیان به‌هێز بووه‌، بۆیه‌ ئه‌و شێوه‌ قسه‌كردنه‌ی بارزانی به‌ لای به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ چاوه‌رواننه‌كراو بووه‌، تا راده‌یه‌كیش ئه‌مه‌ به‌ به‌یاننامه‌كانی دوێنێی بارزانی و به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ دیار بوو.


هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، دوای ئه‌وه‌ی گفتوگۆكانیان ده‌گاته‌ بنبه‌ست، بارزانی ده‌ڵیت فواد حسێن و تۆش بكشێنه‌وه‌، دواتر خۆم ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك ده‌كه‌م كه‌ تۆ ببیته‌ تاكه‌ كاندیدی كورد بۆ پۆسته‌كه‌، به‌ڵام به‌رهه‌م ساڵح ئه‌وه‌ش ره‌تده‌كاته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی گومان له‌م قسه‌یه‌ و له‌ مه‌به‌سته‌كه‌ی بارزانیی ده‌كات.

 

ert
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

،،

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، دوای ئه‌وه‌ی گفتوگۆكانیان ده‌گاته‌ بنبه‌ست، بارزانی ده‌ڵیت فواد حسێن و تۆش بكشێنه‌وه‌، دواتر خۆم ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك ده‌كه‌م كه‌ تۆ ببیته‌ تاكه‌ كاندیدی كورد بۆ پۆسته‌كه‌، به‌ڵام به‌رهه‌م ساڵح ئه‌وه‌ش ره‌تده‌كاته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی گومان له‌م قسه‌یه‌ و له‌ مه‌به‌سته‌كه‌ی بارزانیی ده‌كات.


دوای بێ ئومێدیان له‌وه‌ی كه‌ چیدی له‌گه‌ڵ پارتی ناتوانن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بگه‌نه‌ رێكه‌وتن، دره‌نگانێكی ئه‌مرۆ لاهور شێخ جه‌نگی و بافڵ تاڵه‌بانیش ده‌گه‌نه‌ به‌غداد، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبكه‌نه‌وه‌ به‌ جه‌وله‌ی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان تاوه‌كو رازییان بكه‌ن له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار، په‌رله‌مانتاره‌كانیان ده‌نگ به‌ به‌رهه‌م ساڵح بده‌ن، بریاریشه‌ دوای به‌شداریكردنی له‌ ده‌نگدانی سبه‌ینێ كۆسره‌ت ره‌سوڵیش بچێته‌ به‌غداد.

 

ert
لاهور شێخ جه‌نگی و بافڵ تاڵه‌بانی 

 ئه‌و سێ كه‌سه‌ دوای ئه‌وه‌ی دڵنیاده‌بنه‌وه‌ له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی ناگه‌ن به‌ رێكه‌وتن، بریاریانداوه‌ ده‌ستبه‌جێ بگه‌رێنه‌وه‌ به‌غداد و له‌وێ قسه‌ی كۆتایی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ شیعه‌ و سوننه‌كان بۆ ده‌نگدان به‌ به‌رهه‌م ساڵح وه‌ربگرن و تاوه‌كو ده‌رچوونی مسۆگه‌ر بكه‌ن، كه‌ بریاره‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو له‌ په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار ئه‌نجام بدرێت.

 

له‌ ئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ چانسی ده‌رچوونی فواد حسێن له‌ ناو په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بچێته‌ كێبرێكی به‌رهه‌م ساڵح لاوازه‌ و ئه‌گه‌ری ده‌رچوونی زه‌حمه‌ته‌، بۆیه‌ دوور نییه‌ بارزانی له‌ هه‌ر ساته‌وه‌ختێكدا فواد حسێن بكشێنێته‌وه‌ و رایبگه‌یه‌نێت له‌ پێناو تێكنه‌دانی ماڵی كورد له‌ به‌غداد ئه‌و بریاره‌ی داوه‌.

 

author photo

ماستەر لە پەیوەندیە گشتییە سیاسییەکان

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە بواری لێكۆڵینەوەی سیاسيی