قوباد تاڵه‌بانی: یه‌كێتی گه‌له‌كۆمه‌كیی لێ ده‌كرێت

"بڕیارەکانی کۆمسیۆن بوونەتە جێگەی گومان‌‌ و پرسیار لای ئێمە"

قوباد تاڵه‌بانی: یه‌كێتی گه‌له‌كۆمه‌كیی لێ ده‌كرێت

604 خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند یه‌كێتی گه‌له‌كۆمه‌كی لێ ده‌كرێت و له‌ بریاره‌كانی شه‌وی رابردووی كۆمسیۆن نیگه‌رانن و چونكه‌ سه‌رله‌به‌ری نایاسایین.

 
دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی چه‌ند رێنماییه‌كی ده‌ركرد په‌یوه‌ست به‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان و قبوڵكردنی ئه‌نجامه‌كان، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان وه‌ك لایه‌ن ناره‌زایی ده‌ربریی.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانیدا هاتووه‌:"گومان لەوەدا نییە کە بەندە‌ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پاڵپشتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد ‌و دوور لەساختەکارین کە لەکاتی خۆیدا‌و بەپێی رێنماییەکان ئەنجامبدرێت، بەڵام مافی ئەوەش بەخۆمان دەدەین کە گومان‌و نیگەرانییەکانمان سەبارەت بە بڕیارەکانی دوێنێ شەوی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن بخەینە روو کە بونەتە جێگەی گومان‌‌و پرسیار لەلای ئێمە، بەتایبەت کە سەرلەبەریان نایاسایین‌و گومان دەکەین مەبەستیان لەپشتەوە بووبێت لەپێناو شێواندنی ئارامیی پرۆسەی هەڵبژاردن".

ده‌شڵێت:"ئەم بڕیارانە بەلای ئێمەوە، بڕیاری سەرپێی‌و دژ بەیاسا‌و بنەما نێودەوڵەتی‌و دەستوریییەکانن. ئەمە جگە لەوەی لەبنەڕەتەوە دژ بە یاسا‌و پەیڕەوەکانی خودی کۆمسیۆنن".

ئاماژه‌شی به‌وه‌ كردووه‌:"سەپاندنی هەڵگرتنی دوو بەڵگەنامەی خۆناساندن بۆ دەنگدان‌و مافی پوچەڵکردنەوەی بنکەی دەنگدان بەبێ سکاڵا‌و تانە لەلایەن کۆمسیۆنەوە، هەروەها پێدانی مافی وێنەگرتنی بەڵگەنامەی دەنگدەران لەلایەن بریکاری قەوارەکانەوە‌و پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن بەڕێژەی دوو لەسەر سێ لەبری زۆرینە، بەشێکی بڕیارەکان بوون".

قوباد تاڵه‌بانی له‌ به‌شێكی تری به‌یاننامه‌كه‌یدا رایگه‌یاندووه‌:"دەرکردنی ئەم بڕیارانە تەنها ١٠ کاژێر بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، مافی تانەدانیشی بۆ قەوارە سیاسییەکان نەهێشتۆتەوە‌".


قوباد تاڵه‌بانی مه‌ترسیی و نیگه‌رانیی خۆی له‌و رێنماییانه‌ی كۆمسیۆن ده‌ربرێووه‌ و ده‌ڵێت:" سەرەڕای ترس ونیگەرانییەکانمان‌ لەوەی ئامانجی ئەم بڕیارە نایاسایی‌و درەنگ وەختە سەرلێشێواندنی دەنگدەر ‌و نانەوەی فەوزایە‌، بەڵام لەبڕوای تەواومان بە گرنگی پرۆسەکە، داواکارین لەدەنگدەرانی خۆشەویست کە ئەم بڕیارانە نەبنە مایەی ساردبونەوەیان لەپرۆسەی دەنگدان، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەوڵبدەن بەڵگەنامەی پێویست لەگەڵ خۆیاندا بەرن‌و ئەم بڕیارانە هێندەی تر سوریان بکات بەپەرۆشەوە بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بڕۆن، چونکە پێمان وایە ئەمە بۆ جارێکی تر گەلەکۆمەیەکی ترە لەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵام ئیرادەی یەکێتیی ناشکێندرێت.. سەفین لەبن دێ یەکێتی لەبن نایەت".

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ به‌شداری پرۆسه‌ی ده‌نگدانی كرد قوباد تاڵه‌بانی داوای له‌ ده‌نگده‌ران كرد به‌ ووردی ره‌چاوی رێنماییه‌كانی كۆمسیۆن بكه‌ن و ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی داواكراوه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان بیبه‌ن، جارێكی دیكه‌ش ره‌خنه‌ی له‌ كۆمسیۆن گرت به‌هۆی ده‌ركردنی رێنماییه‌كانه‌وه‌".

 

author photo

ماستەر لە پەیوەندیە گشتییە سیاسییەکان

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە بواری لێكۆڵینەوەی سیاسيی