پێداگریی یه‌كێتى له‌سه‌ر كاندیدكردنى به‌رهه‌م ساڵح بۆ سه‌رۆك كۆمار خاوبووه‌ته‌وه‌

دیوی پشته‌وه‌ی په‌یامه‌كه‌ی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د

پێداگریی یه‌كێتى له‌سه‌ر كاندیدكردنى به‌رهه‌م ساڵح بۆ سه‌رۆك كۆمار خاوبووه‌ته‌وه‌

1776 خوێندراوەتەوە

یه‌كێتى پێداگیرى ڕۆژانى ڕابردووى سه‌باره‌ت به‌ سووربوونى له‌سه‌ر كاندیدكردنى به‌رهه‌م ساڵح خاوكردووه‌ته‌وه‌و داوا ده‌كات كه‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق كاندیدى پۆستى سه‌رۆك كۆمار دیارى بكه‌ن.

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا سه‌باره‌ت به‌ پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌و پشتگیرى به‌ربژێرێك ده‌كات كه‌ له‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانى په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌ دیارى بكرێت.

ماوه‌یه‌كه‌ نێوانى یه‌كێتى‌ و پارتى به‌هۆى پرسى سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ بارگرژى تێكه‌وتووه‌ و ئه‌وان لێدوانى دژ به‌ یه‌ك ده‌ده‌ن‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ به‌غداد ده‌ستیان به‌ جوڵه‌ كردووه‌.

وه‌ك هێمایه‌ك بۆ هێوركردنه‌وه‌ى بارگرژییه‌كانى نێوان پارتى‌و یه‌كێتى، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د لە پەیامه‌كه‌یدا باسله‌وه‌ ده‌كات كه‌ یه‌كێتى له‌گه‌ڵ یه‌كڕیزیدایه‌و ده‌ڵێت:" یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان‌و پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو دوو هێزی سەرەکی هەمیشە بە یەکهەڵوێستی‌و هاوپەیمانی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانیان بەدیهێناوە".

هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ په‌یامه‌كه‌یدا زۆرتر سه‌باره‌ت به‌ بارگرژییه‌كانى نێوان پارتى‌و یه‌كێتى له‌سه‌ر پرسى سه‌رۆك كۆمار ده‌دوێت‌و پێشنیار ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر دیاریكردنى كاندیدێك ڕێكه‌وتن بكه‌ن:" لەسەر بنەمای پاراستنی یەکڕیزی‌و لەبەرئەوەی مەسەلەی کاندیدکردنی سەرۆککۆمار لەمکاتەدا خەریکە دەبێتە هۆکاری تێکدانی ئەو یەکڕیزییە لەنێوان یەکێتی‌و پارتیدا، بە باشی دەزانم کە رێککەوتن هەبێت لەسەر یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، بۆ ئەم مەبەستەش لەلایەن هەموو نوێنەرانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە بەغدا ئەو کاندیدە دەستنیشان بکرێت".

په‌یامه‌كه‌ى هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، جۆرێك له‌ پاشه‌كشه‌كردنى یه‌كێتى پێوه‌ دیاره‌ سه‌باره‌ت به‌ كاندیدكردنى به‌رهه‌م ساڵح بۆ ئه‌و پۆسته‌. هاوكات پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ، پاش به‌شداریكردنى له‌ پرۆسه‌ى ده‌نگداندا، سه‌باره‌ت به‌ میكانیزمى دیاریكردنى پۆستى سه‌رۆككۆمارو سووربوونى یه‌كێتى له‌سه‌ر وه‌رگرتنى ئه‌و پۆسته‌ پاڤێڵ تاڵه‌بانى وتى:" سه‌رۆككۆمار له‌نێو په‌رله‌مانه‌وه‌ دیاریده‌كرێت‌و یه‌كێتیش له‌سه‌ر هیچ شتێك سوور نییه‌و ئه‌وه‌ پرۆسه‌یه‌كى دیموكراسییه‌و یه‌كێتى هه‌وڵى خۆى ده‌دات".

پێشنیاره‌كه‌ى هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنى كاندید بۆ پۆستى سه‌رۆككۆمار، هه‌مان ئه‌و ڕێگه‌یه‌یه‌ كه‌ مه‌سعود بارزانى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى له‌ گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح دا پێشنیارى كرد بوو. رۆژی هەینی 28-9-2018، به‌رهه‌م ساڵح، سه‌ردانى مەسعود بارزانی كردو له‌ په‌یامێكیشدا ده‌رباره‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌و میكانیزمى دیاریكردنى كاندید بۆ پۆستى سه‌رۆككۆمار، بارزانى له‌ په‌یامێكدا ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان پێیانباشە فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا بەربژێری کورد بۆ سەرۆککۆماری عێراق دیاریبکەن.

پێچه‌وانه‌ى هه‌ردوو بۆچوونى مه‌سعود بارزانى‌و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، نوسینگه‌ى به‌رهه‌م ساڵح، له‌ باره‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى نێوان بارزانى‌و به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ رایگەیاند، كه‌ پێویستە پەرلەمانی عێراق بڕیاری کۆتایی لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بدات ،نەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان"

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی