عه‌بدوڵای مه‌لا نوری: پێویسته‌ رێكخه‌ری گشتی و خانه‌ی راپه‌راندن ده‌ستله‌كاربكێشنه‌وه

"دوو گروپ بەرپرسن لە پاشەکشەی گۆڕان و ده‌بێت رۆڵی خراپیان كۆتایی پێبهرێنرێ"

عه‌بدوڵای مه‌لا نوری: پێویسته‌ رێكخه‌ری گشتی و خانه‌ی راپه‌راندن ده‌ستله‌كاربكێشنه‌وه

854 خوێندراوەتەوە

عه‌بدوڵای مه‌لا نوری وه‌ك یه‌كه‌م هه‌ڵسوراوی دیاری بزوتنه‌وه‌ی گۆران دوای ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی دوێنێی په‌رله‌مانی كوردستان، داوا له‌ رێكخه‌ری گشتی و ئه‌ندامانی خانه‌ی راپه‌راندنی حزبه‌كه‌ی ده‌كات ده‌ستله‌كاربكێشنه‌وه‌ و داوای لێوردن بكه‌ن.

وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆران به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌نگه‌كانی كه‌می كردووه‌، عه‌بدوڵا مه‌لا نوری له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، دوو گروپ بەرپرسن لە پاشەکشەی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان:

یەکەم: رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن، بە هۆی لاوازی و خراپی سیاست و هەڵوێست شێوازی بەڕێوەبردنیان .

دووەم: گروپێکی ترن کە بەشێکیان هیچ پۆستێکی رێکخراوەییان نیە، ئەمانە بەهۆی لاوازی رێکخەرو خانەی راپەراندنەوە، لە دەرەوەی ئۆرگانە رەسمیەکانی گۆڕانەوە پرۆژەو بریاریان ئامادە دەکرد و دەیانسەپاند.

ده‌شڵێت:" هەڵوێست و هەنگاوەکانی گروپی دووەم بە جۆرێک بو مەترسی لە سەر ناسنامەی بزوتنەوەکەش دروست کرد".

سه‌باره‌ت به‌ تێپه‌راندنی ئه‌و بارودۆخه‌ی به‌هۆی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دووچاری گۆران ده‌بێت، عه‌بدوڵای مه‌لا نوری ده‌ڵێت:" ئێستا کاتی ئەوەیە رێکخەری گشتی و خانەی راپەراندن داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان و گۆڕانخوازان بکەن و ئیستیقالە بکەن، هاوکات دەبێت رۆڵی خراپی گروپی دووەمیش کۆتایی پێ بهێنرێت".

هه‌روه‌ها وه‌ك خۆی ده‌ڵێت داواش له‌ "گۆرانخوازان و دڵسۆزانی گۆڕان دەکەین پشتیوانمان بن بۆ راستەرێکردنەوەی گۆڕان، بۆ دەوڵەمەندکردن و جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیەی کە پێشتر لە لایەن هەڵسوڕاوانی گۆڕانەوە پێشکەش کرا".

عه‌بدوڵای مه‌لا نوری له‌ كۆتایی روونكردنه‌وه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ "وەک ئەرکێکی رێکخراوەی و ئەخلاقی وگۆرانخوازانە ئەوەی پێمان کرا کردمان بۆ سەرخستنی گۆران لە هەڵبژاردنەکان، ئێستا ئیدی ئەرکی سەرشانمانە بە دەنگی بەرز کار بۆ گۆرانکاری ریشەیی لە گۆڕاندا بکەین، هەر پاساوهێنانەوەیەک بۆ بێ دەنگی و دواخستنی گۆڕانکاری ریشەیی لە ناو گۆڕاندا هەوڵە بۆ لە ناوبردنی گۆران".

 

author photo

ماستەر لە پەیوەندیە گشتییە سیاسییەکان

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە بواری لێكۆڵینەوەی سیاسيی