کامیان سەرۆکایەتی کۆمار دەبەنەوە؟

لەناو کاندیدە کوردەکاندا "بۆمبێکی چێنراو" هەیە

کامیان سەرۆکایەتی کۆمار دەبەنەوە؟

1287 خوێندراوەتەوە

کاتژمێر هەشتی ئەم شەو بڕیارە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن لەنێوان 24 پاڵێوراودا بۆ سەرۆکایەتی کۆمار لەناو پەڕلەمان بەرێوەبچێت. بەتیۆری و بەپێی رێککەوتن ئەبێ د. فوئاد حوسێن لەرێی هاوپەیمانێتی "البنا‌و" وە چانسی زیاتربێت و پۆستەکەی مۆسگەر کردبێت بەتایبەت کە پشتگیریی تەواوی بارزانی هەیەو ئەویش ئێستا بۆتەوە بەژمارە لەهاوکێشەکانی بەغدا، بەڵام لەئاستی تاک تاکی پەرلەمانتاران و نوخبەی سیاسی و رۆشنبیری بەغدا د. بەرهەم ساڵح رکابەرو مەترسییەکی زۆر گەورەیەو تا ئێستاش رێگربووە لەوەی فوئاد لەدەنگی خۆی دڵنیا بێت.

 
هەردوو کاندید کۆمەلێک کەمپینی هاوبەشیان لەدژ هەیە لەشەقامی سیاسی و رۆشنبیری عێراقی، هەردووکیان بەشداریی ریفراندۆمیان کردووە کە ئەمە لەعەقڵی عەرەبی عێراقیدا شیرکی ئەکبەرەو قاابیلی لێخۆشبوون نییە، بەڵام وردە وردە وا خەریکە بەرهەم لەم مەسەلەیە دەربچێت بەپاساوی ئەوەی بەناچاری کردوویەتی و یەکێک نەبووە لەرێکخەرانی و بگرە رەخنەشی لێگرتووە بەقسەی خۆی. فوئاد بەوە تۆمەتبارە کە پرسگەی بارزانییەو پێگەی هیچ بەهێز نییەو هەندێک نوخەبی عێراقی پرسیویانە ئەگەر پارتی بەوە رازی بن فوئاد حوسێن لەکوردستان سەرۆکی هەرێم بێت، ئەوە ئاسایی بەغداش بەسەرۆک قبوڵیانە.

،،

فوئاد بەوە تۆمەتبارە کە پرسگەی بارزانییەو پێگەی هیچ بەهێز نییەو هەندێک نوخەبی عێراقی پرسیویانە ئەگەر پارتی بەوە رازی بن فوئاد حوسێن لەکوردستان سەرۆکی هەرێم بێت، ئەوە ئاسایی بەغداش بەسەرۆک قبوڵیانە

بەرهەم ساڵحیش تانەی ئەوەی بەدواوەیە جیگۆڕکێ و ئەمبەرەوبەری کردووە لەپێناو وەرگرتنی پۆستەکە. فوئاد ئەوەشی زیاترە کە "کارۆلین"ی هاوسەری هۆڵەندییەو چۆن دەبێت خانمی یەکەمی عێراق کریستیان و ئەوروپی بێت؟!، ئەمە لەکاتێکدا هەندێ پەرلەمانتاری باشور داوای سەرۆک وەزیرانێکی شروگی دەکەن بۆ ئەوەی لەخەموژانی خواردنەوەی ئاوی سوێرو ژینگەی پیسی بەسرەو میسان و عەممارە بەباشی تێ بگات.


لەلایەکیترەوە هەردوو کاندیدەکەی یەکێتی و پارتی لەسەر سیستمی هاوپشکی حیزبی و سیاسی ئەژمارن کە نوێنەرایەتی دوو حیزبی حوکمڕان دەکەن کە لەساڵانی رابردوو تۆمەتباربوون بەگرنگیدان بەبەرژوەندییە تایبەتەکانی خۆیان لەسەر حیسابی گەلەکەیان لەچەشنی حیزبە حوکمڕانەکانیتری شیعەو سوننەو ئەم تۆمەتەش بڕێک بازاڕی لەناو پەرلەمانتارانی عێراق هەیە.


لەدەرەوە کاندیدانی پارتی و یەکێتی رەنگە ناسراوترین رکابەرەکان سروە عەبدولواحید بێت کە پشتیوانی رۆشنبیری و سیاسی زۆری هەیە بەوپێیەی یەکەم ژنە کاندیدە بۆ ئەو پۆستە، دەنگێکی بیستراوی دژە ریفراندۆم بووە، چالاکوانێکی مەدەنی بووە لەبەغدا، تەنانەت رەوتی حیکمە راپرسییەکەیان کردبوو 59% بەدەستهێنابوو تێیدا بەرانبەر کاندیدەکانیتر، بەڵام تەرجومەکردنی ئەم هاوسۆزییە مەدەنییە بۆ دەنگی ناو پەرلەمانکە سەفەقات بەسەریدا زاڵە قورس و رەنگە هەر مەحاڵیش بێت.

،،

لەناو کاندیدە کوردەکانیشدا "بۆمبێکی چێنراو" هەیە کە لەتیف رەشیدی ئاوەڵزاوای تاڵەبانییەو دەشێت هەر چرکەیەک بتەقێتەوەو بەتەواوی کۆنترۆڵی مەشهەدەکە بکات


لەناو کاندیدە کوردەکانیشدا "بۆمبێکی چێنراو" هەیە کە لەتیف رەشیدی ئاوەڵزاوای تاڵەبانییەو دەشێت هەر چرکەیەک بتەقێتەوەو بەتەواوی کۆنترۆڵی مەشهەدەکە بکات وەک چارەسەری مامناوەند، بەتایبەت پاش بەیاننامەکەی هێرۆخان. ئەگەر ئەوەش رووبدات ئەوە لەو کاتەدا خۆری بەرهەم ساڵح لەکۆشکی سەلام ئاوا دەبێت.


لەکۆتاییشدا نەگۆڕێک هەیە ئەویش ئەوەیە ئێمە لەعێراقداین، لەم وڵاتەش دیبلۆماسیەتی کاتژمێرەکانی کۆتایی و قسەی دەرو جیران پرسەکان دەبڕنەوە بەتایبەت سەرۆکایەتییەکان، بەشرۆڤەو لۆژیک و پێشبینی نییە.

 

author photo

نوسەر و ڕۆژنامەنوس