ئه‌گه‌ر نه‌چنه‌ په‌رله‌مان، كورسییه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ، چۆن پڕ ده‌كرێنه‌وه‌؟

لە پێنج خولی پەرلەمانی کوردستاندا، حاڵەتی لەمجۆرە ڕووی نەداوە

ئه‌گه‌ر نه‌چنه‌ په‌رله‌مان، كورسییه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ، چۆن پڕ ده‌كرێنه‌وه‌؟

1939 خوێندراوەتەوە

هه‌رچه‌نده‌ كه‌ هێشتا یه‌كلای نه‌بووه‌ته‌وه‌ نه‌وه‌ی نوێ كاندیده‌ براوه‌كانی ده‌نێرێته‌ په‌رله‌مان یاخود نا، پرسی جێگرتنه‌وه‌ی كاندیده‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ‌و پڕ كردنه‌وه‌ی كورسییه‌كانی ئه‌و قه‌واره‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بووه‌ته‌ جێگه‌ی باس‌و خواس.

 

ڕۆژێك پاش هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی قه‌واره‌ی نه‌وه‌ی نوێ، ڕایگه‌یاند ئه‌وان ناچنه‌ په‌رله‌مانێك كه‌ پارتی‌و یه‌كێتی به‌ ئاره‌زووی خۆیان كورسی تێدا ده‌به‌خشنه‌وه‌و وتیشی نابین به‌ به‌شێك له‌و شانۆگه‌رییه‌ ناشیرینه‌ی كه‌ ڕووی داوه‌.


له‌یه‌كه‌م هه‌ڵوێستی نه‌وه‌ی نوێ دا به‌رانبه‌ر ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، سه‌رۆكی قه‌واره‌ی نه‌وه‌ی نوێ، مه‌رجی قه‌واره‌كه‌ی بۆ چوونه‌ په‌رله‌مان ئاماژه‌ پێداو وتی:" كاتێك به‌شداری په‌رله‌مان ده‌كه‌ین كه‌ ده‌نگه‌كانمان بۆ بگێڕدرێته‌وه‌، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی كه‌ ئه‌نجام دراوه‌، وه‌كو شانۆگه‌رییه‌كی بێمانا لێی تێده‌گه‌ین، پارتی‌و یه‌كێتی یاری به‌ ده‌نگی خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌كه‌ن‌و به‌ ئاره‌زووی خۆیان ئه‌نجام ده‌به‌خشنه‌وه‌، كورسی ده‌به‌خشنه‌وه‌، كورسی لایه‌نه‌كان دیاری ده‌كه‌ن، پێمانوایه‌ هه‌ر هێزو لایه‌نێك به‌شدار بێت له‌و په‌رله‌مانه‌دا، ئه‌وا شه‌رعیه‌تدانه‌ به‌ یه‌كێتی‌و پارتی‌و شه‌رعیه‌تدانه‌ به‌و شانۆگه‌ری‌و مه‌هزه‌له‌یه‌ی كه‌ پارتی‌و یه‌كیچتی به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن".

نه‌چوونی كاندیده‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ بۆ په‌رله‌مان، ده‌بێته‌ یه‌كه‌مین ڕووداوی سیاسی‌و دیارده‌ی له‌و جۆره‌و له‌ مێژووی پێنج خولی په‌رله‌مانی كوردستاندا ڕووی نه‌داوه‌ كه‌ هیچ هێزو لایه‌نێكی به‌شداری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، كاندیده‌ ده‌رچووه‌كانی نه‌نێرێته‌ په‌رله‌مان.

،،

نه‌چوونی كاندیده‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ بۆ په‌رله‌مان، ده‌بێته‌ یه‌كه‌مین ڕووداوی سیاسی‌و دیارده‌ی له‌و جۆره‌و له‌ مێژووی پێنج خولی په‌رله‌مانی كوردستاندا ڕووی نه‌داوه‌ كه‌ هیچ هێزو لایه‌نێكی به‌شداری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، كاندیده‌ ده‌رچووه‌كانی نه‌نێرێته‌ په‌رله‌مان.

سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی پڕكردنه‌وه‌ی كورسییه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، دكتۆر خامۆش عومه‌ر ڕاوێژكاری یاسایی په‌رله‌مان‌و پسپۆڕی ده‌ستوری، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌و ده‌قه‌ یاساییه‌ی ڕێگه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ كورسی به‌تاڵی لیستێك بدرێت به‌ پاڵێوراوێكی دیكه‌ له‌ لیستێكیتر، پێچه‌وانه‌ی ویست‌و خواستی ده‌نگده‌ره‌.


هه‌رچه‌نده‌ لێكدانه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی دیكه‌ش بۆ ئه‌م مادده‌یه‌ ده‌كرێت‌و ده‌گوترێت یاسایه‌ك نییه‌ بۆ چۆنیه‌تی پڕكردنه‌وه‌ی كورسییه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ‌و حاڵه‌ته‌كه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ناچێته‌ ئه‌و چوار چێوه‌یه‌وه‌، به‌ڵام دكتۆر خامۆش عومه‌ر ئاماژه‌ به‌و یاسا ده‌كات كه‌ چۆنییه‌تی كورسییه‌كانی نه‌وه‌ی نوێی پێ پڕ ده‌كرێته‌وه‌و ده‌ڵێت:" له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌می مادده‌ی شه‌ست‌و یه‌كه‌م هاتووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كورسییه‌ به‌تاڵه‌كه‌ هی لیستێك بوو، كه‌ پاڵێوراوی نه‌مابێت، ئه‌وا كورسییه‌كه‌ بۆ پاڵێوراوێكی دیكه‌ له‌ قه‌واره‌یه‌كی سیاسی دیكه‌ ته‌رخان ده‌كرێت كه‌ كه‌مترین ڕاده‌ی ژماره‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌ كه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورسیییه‌ك پێوویسته‌و به‌ پێچه‌وانه‌ش كورسییه‌كه‌ به‌ به‌تاڵی ده‌مێنێته‌وه‌".

ئومێد جاف، یاسا ناس‌و شاره‌زای بواری هه‌ڵبژاردن

 

دكتۆر خامۆش عومه‌ر باسله‌وه‌ش ده‌كات ئه‌و ده‌قه‌ یاساییه‌ی كه‌ ڕێگه‌ ده‌دات كورسی لایه‌نێك بدرێت به‌لایه‌ن‌و لیستێكیتر پێچه‌وانه‌ی خواست‌و ویستی ده‌نگده‌ره‌، ئه‌و ده‌ڵێت:" ئه‌و ده‌قه‌ یاساییه‌ پێچه‌وانه‌ی خواست‌و ویستی ده‌نگده‌ره‌، له‌كاتێكدا ده‌نگده‌ران ده‌نگیان به‌ كاندیدێك داوه‌ كه‌چی یاسادانر ده‌نگه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كانددیی قه‌واره‌یه‌كتر هه‌ژمار ده‌كات".

به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ شاره‌زایه‌كی بواری یاساو هه‌ڵبژاردن، باسله‌وه‌ ده‌كات هیچ یاسایه‌ك نییه‌ ڕێنمایی ئه‌وه‌ی تێدا بێت له‌ ئه‌گه‌ری نه‌چوونی كاندیده‌ ده‌رچووه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ دا بۆ په‌رله‌مان، كورسییه‌كانی ئه‌وان له‌ لایه‌ن لیسته‌ براوه‌كانه‌وه‌ پڕ بكڕێته‌وه‌.

ئومێد جاف، یاسا ناس‌و شاره‌زای بواری هه‌ڵبژاردن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ به‌پێی یاسا هیچ لایه‌نێك مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ كورسییه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پڕ بكاته‌وه‌.

،،

ئومێد جاف، یاسا ناس‌و شاره‌زای بواری هه‌ڵبژاردن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ به‌پێی یاسا هیچ لایه‌نێك مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ كورسییه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پڕ بكاته‌وه‌

ئومێد جاف بۆ " دیبلۆماتیك مه‌گه‌زین" ده‌ڵێت:" له‌ دوای ئاشكراكردنی ناوی كاندیده‌ براوه‌كان، ده‌بێت سه‌ركه‌وتووه‌كان بچنه‌ په‌رله‌مان‌و به‌پێی مادده‌ی 47 له‌یاسای هه‌ڵبژاردن سوێندی یاسایی بخۆن، به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌ته‌ی نه‌وه‌ی نوێ جیاوازه‌و ئه‌وان ناچنه‌ په‌رله‌مان تا سوێندی یاسایی بخۆن‌و دواتر به‌ پێی مادده‌ی 43 ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵدا بكرێت بۆ جێگرتنه‌وه‌ی ئه‌وان‌و پڕ كردنه‌وه‌ی كورسییه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ، ئه‌مان به‌ ئیراده‌ی خۆیان ناچن‌و به‌ پێی ئه‌و ماددانه‌ش ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵدا ناكرێت‌و كه‌س بۆی نییه‌ جێگه‌یان بگرێته‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ له‌ مادده‌ی 61 دا هاتووه‌و باسی جێگره‌وه‌و پڕكردنه‌وه‌ی كورسییه‌كان ده‌كات له‌ لایه‌ن لیسته‌ براوه‌كانه‌وه‌، ئومێد جاف ده‌ڵێت:" ئه‌و مادده‌یه‌ به‌و جۆره‌یه‌، ئه‌گه‌ر بۆ نموونه‌ لیستێك ته‌نها پێنج كاندیدی هه‌بێت‌و هه‌ر پێنجیان ده‌رچووبن‌و یه‌كێك له‌وان بمرێت یان ده‌ستله‌كار بكێشێته‌وه‌، ئه‌وا له‌و حاڵه‌ته‌دا ئه‌گه‌ر لیسته‌كه‌ نه‌یتوانی جێگه‌ی پڕ بكاته‌وه‌، ئه‌وا كاندیدی لیسته‌ براوه‌كان جێگه‌ی ده‌گرنه‌وه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ ناچه‌سپێت به‌سه‌ر كاندیده‌ ده‌رچووه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ دا".

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی