هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى پارتى‌ و یه‌كێتى كامیان ده‌بێته‌ ئۆپۆزیسیۆن؟

كام ئۆپۆزسیۆن شه‌ڕى په‌رله‌مانى داهاتوو ده‌كات ؟

هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى پارتى‌ و یه‌كێتى كامیان ده‌بێته‌ ئۆپۆزیسیۆن؟

918 خوێندراوەتەوە

له‌ناو 17 ڕۆژى كێشمه‌كێشمى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستاندا، ئه‌وه‌ى بانگه‌شه‌ى بۆ نه‌كرا بژارده‌ى ئۆپۆزیسیۆن بوون بوو، به‌جۆرێك هیچ لایه‌نێكى به‌شدار له‌ هه‌ڵبژاردن به‌ڵێنى پێشوه‌خته‌ى ئۆپۆزسیۆن بوونى نه‌دا، به‌ جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ-شه‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌م ئه‌زمونى به‌شدارى بوو له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان.


هه‌ر له‌دواى ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانى هه‌ڵبژاردن، زۆرینه‌ى لایه‌نه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى‌و پارتى خۆیان به‌ قوربانى ته‌زویراتى هه‌ڵبژاردن ده‌زانن، به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ بژارده‌ى ئۆپۆزسیۆن بوون تا ئێستا بێ خاوه‌ن كه‌وتووه‌.

ڕێبین هه‌ردى نوسه‌رو چاودێرى سیاسى یه‌كێك له‌و ده‌نگانه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕابردوودا به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ى له‌ په‌رله‌مانى بێ ئۆپۆزیسیۆن گرتووه‌ بۆ دیبلۆماتیك مه‌گه‌زین وتى:" په‌رله‌مانى بێ ئۆپۆزیسیۆن واته‌ په‌رله‌مانى بێده‌نگ‌و ده‌ست به‌رزكه‌ره‌وه‌ بۆ بڕیارى مه‌كته‌ب سیاسى حزبه‌كان، واته‌ نوێنه‌رایه‌تى نه‌كردنى سه‌دان هه‌زار ده‌نگى ناڕازى‌و بێده‌نگى‌و رازیبوون‌و نه‌هێشتنى هیچ فشارێك به‌سه‌ر زۆرینه‌وه‌".

،،

ڕێبین هه‌ردى: په‌رله‌مانى بێ ئۆپۆزیسیۆن واته‌ په‌رله‌مانى بێده‌نگ‌و ده‌ست به‌رزكه‌ره‌وه‌ بۆ بڕیارى مه‌كته‌ب سیاسى حزبه‌كان، واته‌ نوێنه‌رایه‌تى نه‌كردنى سه‌دان هه‌زار ده‌نگى ناڕازى‌و بێده‌نگى‌و رازیبوون‌و نه‌هێشتنى هیچ فشارێك به‌سه‌ر زۆرینه‌وه‌.

 

له‌ناو حزبه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى‌و پارتى ئه‌وه‌ى زۆر كشاوه‌ته‌وه‌و ده‌نگه‌كانى كه‌میكردووه‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان‌و یه‌كگرتووى ئیسلامین، به‌جۆرێك به‌پێى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان گۆڕان له‌باشترین حاڵه‌تدا ژماره‌ى كورسییه‌كانى له‌ 15 كورسى تێپه‌ڕناكات. به‌مه‌ش دوولاى ڕووى له‌ده‌نگده‌رو لایه‌كه‌ى ترى لێى كشاوه‌ته‌وه‌، یه‌كگرتووى ئیسلامیش به‌ به‌ده‌ستهێنانى 6 بۆ 7 كورسى یه‌كێكى تره‌ له‌زیانلێكه‌وتووه‌كانى هه‌ڵبژاردن.

 

er
جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ـ 2018.9.30


هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسانى ئه‌و لایه‌نانه‌ هۆكارى كشانه‌وه‌كه‌یان بۆ خراپى به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن‌و ساخته‌كارى‌و كه‌مى به‌شدارى هاوڵاتیان له‌ پرۆسه‌ى ده‌نگدان ده‌گێڕنه‌وه‌، به‌ڵام نایشارنه‌وه‌ كه‌ به‌ر قه‌باره‌ى كه‌مته‌رخه‌مى له‌ هه‌ڵوێسته‌كانى 4 ساڵى ڕابردوویان كه‌مبوونه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانیان چنیووه‌ته‌وه‌.

عه‌بدوڵا مه‌لانورى، هه‌ڵسوڕاوى گۆڕان له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان تاڵى كه‌مبوونه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانى حزبه‌كه‌ى پێ گه‌یشت، هه‌ر زوو له‌ ئه‌كاونتى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆِرى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوك له‌ ڕێگه‌ى په‌یامێكه‌وه‌ داواى له‌ ڕێكخه‌رى گشتى‌و خانه‌ى ڕاپه‌راندن‌و به‌شێكیتر له‌ سه‌ركرده‌كانى گۆران كرد كه‌ له‌پاى ئه‌و ئه‌نجامه‌ خراپانه‌ داواى لێبوردن‌و ئیستیقاله‌ بكه‌ن.

له‌باره‌ى هه‌نگاوه‌كانى گۆڕانیش بۆ به‌شداریان له‌پرۆسه‌ى سیاسى هه‌رێمى كوردستان، شۆڕش حاجى ئه‌ندامى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین-ى ڕاگه‌یاند:" چاوه‌ڕوانى یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى ئه‌و سكاڵایانه‌ن كه‌ له‌سه‌ر ساخته‌كارییه‌كانى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن تۆماریان كردووه‌، له‌ حاڵه‌تى ڕاستنه‌كردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ساخته‌كارییه‌كه‌ جڤاتى نیشتمانى بڕیار ده‌دات، به‌ڵام نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستادا له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان‌و لایه‌نگرو ده‌نگده‌رانیان ڕایه‌ك كه‌ كۆده‌نگى له‌سه‌ره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مدا سه‌رله‌به‌رى ئه‌نجامه‌كانى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌".

،،

شۆڕش حاجى: له‌ ئێستادا له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان‌و لایه‌نگرو ده‌نگده‌رانیان ڕایه‌ك كه‌ كۆده‌نگى له‌سه‌ره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مدا سه‌رله‌به‌رى ئه‌نجامه‌كانى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌.


بۆ داهاتووى كارى سیاسیشیان ئه‌و ئه‌ندامه‌ى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن وتى" ئێمه‌ پرۆژه‌ى سیاسى چاكسازیمان هه‌یه‌، له‌ناو حكومه‌ت بین، یان ئۆپۆزسیۆن، هه‌وڵى جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كانمان ده‌ده‌ین‌و سازشیان لێناكه‌ن".

هه‌ڤاڵ كوێستانى هه‌ڵسوڕاوى گۆڕان‌و ئه‌ندامى پێشوى ئه‌نجومه‌نى نوینه‌رانى عێراق به‌ ئاشكرا له‌ڕێگه‌ى په‌یامێكه‌وه‌ بایكۆتكردنى كارى په‌رله‌مانى به‌ پێوویست ده‌زانێ بۆ حزبه‌كه‌ى.

ئه‌مه‌ هه‌مان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یه‌ كه‌ نه‌وه‌ى نوێ وه‌ك هێزێكى تازه‌ به‌شدار له‌ هه‌ڵبژاردن پێیوایه‌ ساخته‌كارى له‌ هه‌ڵبژاردندا زیانى زۆرى پێگه‌یاندون‌و وه‌ك له‌ زارى سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌كه‌یان ڕایانگه‌یاند ( ناچنه‌ په‌رله‌مانێك كه‌ پارتى و یه‌كێتى به‌ ئاره‌زووى خۆیان كورسى تێدا ببه‌خشنه‌وه‌و به‌و ئه‌نجامانه‌وه‌ بایكۆتى كارى په‌رله‌مانى ده‌كه‌ن).


هه‌ڵوێستى ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا دروشمى گۆڕین‌و گرتنه‌ ده‌ستى لوتكه‌ى ده‌سه‌ڵاتیان به‌رزكردبووه‌وه‌ نه‌ك بایكۆت‌و بژارده‌ى ئۆپۆزیسیۆن بوون.

یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان كه‌ له‌ماوه‌ى 4 ساڵى ڕابردوودا زۆرترین ڕه‌خنه‌ى ئاڕاسته‌ كرا به‌وه‌ى كه‌ زۆر له‌ هه‌ڵوێسته‌كانى له‌به‌رژه‌وه‌ندى پارتى دیموكراتى كوردستان شكاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگاى تێڕامانه‌ كورسییه‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردن له‌ 38 كورسییه‌وه‌ بۆ سه‌ر و 40 كورسى زیاد ده‌كات، كه‌چى یه‌كگرتووى ئیسلامى ژماره‌ى كورسییه‌كانى كه‌مده‌كات!

 

ert
ده‌نگه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ـ 2018.9.30

عومه‌ر محه‌مه‌د ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێكارى یه‌كگرتوى ئیسلامى كوردستان له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ پاڵنه‌ره‌كانى ئۆپۆزیسیۆن بوون یان به‌شدارییان له‌ حكومه‌ت له‌ لایان به‌هێزتره‌ بۆ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین وتى: " له‌ ئێستادا هه‌ر قسه‌یه‌ك له‌و باره‌یه‌وه‌ بكات ڕاى شه‌خسى خۆیه‌تى، له‌باره‌ى بڕیارى كۆتایی حزبه‌كه‌شى وتى: "ڕاپرسى ده‌كه‌ن تا ئاستى مه‌ڵبه‌نده‌كان، به‌جۆرێك (به‌شدارى له‌ حكومه‌ت یان بایكۆتى پرۆسه‌ى سیاسى، یان بژارده‌ى ئۆپۆزیسیۆن بوون) ده‌خرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ زۆرینه‌ به‌لاى كام له‌و سێ بژارده‌یه‌دا كه‌وت ئه‌وان پابه‌ند ده‌بن به‌ ڕاى زۆرینه‌وه‌".

،،

وته‌بێژى كۆمه‌ڵى ئیسلامى : له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كى تایبه‌تیان نییه‌، بۆیه‌ به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵك‌و ده‌نگده‌رانیان بڕیارى به‌شدارى له‌ حكومه‌ت یان ئۆپۆزسیۆن بوون ده‌ده‌ن‌و هه‌ردوو بژارده‌كه‌ بۆ ئه‌وان ئاسانه‌.

 

كۆمه‌ڵى ئیسلامیش له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن بێ ده‌نگ نییه‌‌و به‌هه‌مان شێوه‌ى لایه‌نه‌كانى تر باس له‌ ساخته‌كارى هه‌ڵبژاردن ده‌كات، به‌ڵام ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ ئه‌وان تاڕاده‌یه‌كى باش گونجاوه‌، به‌وه‌ى كه‌ ده‌توانن به‌ به‌ده‌ستهێنانى 7 بۆ 8 كورسى ڕكابه‌ره‌ ئیسلامییه‌كه‌یان كه‌ یه‌كگرتووى ئیسلامییه‌ تێپه‌ڕێنن.

هه‌رچه‌ند ئه‌وحزبه‌ له‌ خولى پێشووى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ وه‌زیرێك به‌شدارى حكومه‌ت بوو، به‌ڵام وه‌ك وته‌بێژى حزبه‌كه‌یان ده‌ڵێت:" ئه‌وان وه‌ك پارتى‌و یه‌كێتى نین به‌بێ به‌شدارى له‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات هه‌ڵنه‌كه‌ن".


ڕێبوار حه‌مه‌د وته‌بێژى كۆمه‌ڵى ئیسلامى به‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ى وت:" له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كى تایبه‌تیان نییه‌، بۆیه‌ به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵك‌و ده‌نگده‌رانیان بڕیارى به‌شدارى له‌ حكومه‌ت یان ئۆپۆزسیۆن بوون ده‌ده‌ن‌و هه‌ردوو بژارده‌كه‌ بۆ ئه‌وان ئاسانه‌".

 

author photo

ڕۆژنامەنوس

بەكالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی كوردی

ئەزمونی 6 ساڵ كاری ڕۆژنامەوانی