وتەبێژی هاوپەیمانی:بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان كاندیدە دەرچووەكەی هاوپەیمانی وەكو لیستی هاوپەیمانی مامەڵە دەكات

دەمانەوێت كەسی یەكەم دیاری بكەین، بەڵام پێ ناچێت بەتەواوی جێگەی بەرهەم ساڵح بگرێتەوە

وتەبێژی هاوپەیمانی:بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان كاندیدە دەرچووەكەی هاوپەیمانی وەكو لیستی هاوپەیمانی مامەڵە دەكات

1159 خوێندراوەتەوە

 هەرچەندە هاوپەیمانی بایكۆتی هەڵبژاردنی كرد، بەڵام ئەگەری دەرچونی یەكێك لەو كاندیدانەیان كە سەربەخۆ چوونە نێو بانگەشەی هەڵبژاردن، هاوپەیمانی ناچار دەكات بریاری دیكە بدەن، وتەبێژی هاوپەیمانیش دەڵێت: بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان ئەو كاندیدەی هاوپەیمانی بەناوی لیستەكەیەوە دەستبەكار دەبێت، بەڵام زووەشە بریاری لەسەر بدەین.

 

 
عوسمان گوڵپی، وتەبێژی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری سەبارەت بە ستراتیژی هاوپەیمانەتییەكەیان لە ساڵانی داهاتوو وە ئەو كاندیدە دەرچووەیان بۆ پەرلەمان بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین دەدوێـت.

 

عوسمان گوڵپی، وتەبێژی هاویەمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری

 

،،

ئێمە بە فەرمی بایكۆتی هەڵبژاردنمان كردبوو و بەهیچ شێوەیەك هیچ كاندیدێكمان نەبوو بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەوانەشی لە بانگەشەدا بەشدار بوون بەناوی خۆیانەوە ئەو كارەیان كردووە.

 

 


"بەفەرمی بایكۆتی هەڵبژاردنمان كرد"

 
هەرچەندە ئەوان بە فەرمی بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان كردبوو، بەڵام ئەگەرەكانی دەرچوونی یەكێك لەو كاندیدانەیان كە سەربەخۆ چووبونە نێو پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، هاوپەیمانی رووبەرووی ئەو پرسیارە جدییە دەكاتەوە كە ئەوان ئایا لەداهاتوودا حاشا دەكەن لەو كاندیدەیان یاخود پشتگیری تاقە ئەندام پەرلەمانەكەیان دەكەن؟

 
گوڵپی، بە راشكاوانە ئەوە دەڵێت: " ئێمە بە فەرمی بایكۆتی هەڵبژاردنمان كردبوو و بەهیچ شێوەیەك هیچ كاندیدێكمان نەبوو بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەوانەشی لە بانگەشەدا بەشدار بوون بەناوی خۆیانەوە ئەو كارەیان كردووە".

 
و دەشڵێت: لەسەرەتادا ئەوەمان راگەیاندوو كە ئەوان پشتگیری هیچ كاندیدێك ناكەن كە بەناوی هاوپەیمانییەوە دەردەچێت، بەڵام دان بەوەدا دەنێت كە ئێستە باوەریان وایە زووە ئەو بریارە بدەن كە پشتگیری كاندیدەكە دەرچووەكە بكەن یاخود نا.

 
چونكە پێی وایە بەپێی پەیرەوی ناوخۆ هەركاندیدێك دەردەچێت لەسەر ئەو لیستە ئەژمار دەكرێت كە خۆی لێ كاندید كردبوو بۆیە كاندیدەكەی هاوپەیمانیش بەناوی هاوپەیمانییەوە تۆمار دەكرێت و مامەڵە دەكات.

 
ئەم رايەی گوڵپی نەرمی نواندنێكە بە بریارەكەی سەرەتایان كە بەتوندی وەڵامی ئەو كاندیدانەیان دایەوە كە خۆیان كاندید كرد بەبێ گەرانەوە بۆ سەركردایەتی هاوپەیمانی.

 

"هیچ رێكەوتنێكمان لەگەڵ یەكێتی و پارتی نییە"


سەبارەت بە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە گوایا دەسەڵات بەتایبەت پارتی هاوكاری كاندیدەكەی هاوپەیمانی كردبێت و دەنگی بۆ زیاد كردبێت تا دواجار لەبەرژەوەندی پارتی لە پەرلەمان كار بكات كە ئەمەش دەرەنجامی رێكەوتنێكی نهێنی بووبێت.

 

،،

هاوپەیمانی قەوارەیەكی سەربەخۆیەو پەیوەندی بە هیچ هێزێكی ناوخۆیی یاخود دەرەكییەوە نییە و خاوەنی بریاری سیاسی تایبەت بەخۆیەتی.

 

 
وتەبێژەكەی هاوپەیمانی دەڵێت: "ئێمە بەهیچ شێوەیەك هیچ رێكەوتنێكی نهێنیمان لەگەڵ پارتی و یەكێتی نییە بۆ ئەوەی هاوكاریمان بكەن یاخود دەنگی كاندیدێك بۆ هاوپەیمانی زیاد بكەن".

 
دەشڵێت:" هاوپەیمانی قەوارەیەكی سەربەخۆیەو پەیوەندی بە هیچ هێزێكی ناوخۆیی یاخود دەرەكییەوە نییە و خاوەنی بریاری سیاسی تایبەت بەخۆیەتی".

 

"رۆشتنی د.بەرهەم كاریگەری هەبوو، بەڵام ئێمە شوێن كەسایەتی نەكەوتبووین"


ئەو وتەبێژەی هاوپەیمانی ئەوەش ناشارێتەوە كە: "گەرانەوەی دكتۆر بەرهەم بۆ نێو یەكێتی و رێكەوتنی لەگەڵ حزبەكەی پێشووی، هەندێ گۆرانكاری لە كارەكانی هاوپەیمانی درووست كرد"

 
هەروەها دەشڵێت: رۆشتنی ناوبراو كاریگەری لەسەر هاوپەیمانی داناوە بەڵام ئەوان شوێن (شەخص) كەسایەتی نەكەوتوون و هاوپەیمانی بەردەوام دەبێت.

 

بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆكی پێشووی هاوپەیمانی

 

 

،،

ئێمە لە رابردوودا ساردوو سری دیار بووە بە كارەكانمانەوە بەڵام لێرە بەدوا بەجدی كاری سیاسی دەكەین و هاوپەیمانی گەورەتر دەبێت و ناهێڵێن لەبەر كەس و دووكەس لەناو بچێت.

 

 

 

"بەتەماین كەسی یەكەم دیاری بكەین"

 
وتەبێژەكەی هاوپەیمانی باس لە داهاتوویان دەكات و دەڵێت: " لە ئێستەوە كار بۆ ئەوە دەكەین و ئامادەكاری دەكەین چۆن كەسی یەكەمی حزبەكە دیاری بكەین"
ئەوەش ناشارێتەوە كە كەسانێك هەن لەناو هاوپەیمانی چاویان لەسەرەو دەكرێت لە داهاتوودا رۆڵی باش بگرێن بەڵام رەنگە نەتوانن بەتەواوی جێگەی دكتۆر بەرهەم بگرنەوە.

 
ئەو دەشڵێت:" ئێمە لە رابردوودا ساردوو سری دیار بووە بە كارەكانمانەوە بەڵام لێرە بەدوا بەجدی كاری سیاسی دەكەین و هاوپەیمانی گەورەتر دەبێت و ناهێڵێن لەبەر كەس و دووكەس لەناو بچێت.

هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری پار ساڵ لەسەردەستی بەرهەم ئەحمەد ساڵح و كۆمەڵێك كەسایەتی سیاسی دیكە دامەزرا، بەڵام زۆر بەخێرای ئەم هاوپەیمانییە رووبەرووی كۆمەڵێك تەنگەژەو قەیرانی جدی بوویەوە.

 

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان