ئامادەكردنی: ئیسحاق عەلائەدین
جەمال خاشقچی سالی 1958 لە شاری مەدینە لە خێزانێكی بە ڕەگەز تورك لە دایكبووە، و بەردەوام ڕەخنەی لە حكومەتو دەستەڵاتدارانی سعودیە گرتووە، بەتایبەتی كە "محەمەد بن سەلمان" بوو بە وەلی عەهدی سعودیە، خاشقچی بە پێشەنگی رەخنەگری چاكسازی خۆی بە دەرەوە ناساند، بەڵام سعودیە ماوەیەكە شەپۆلێكی ڕەشبگیری لە دژی زانایانو پیاوانی ئاینیو چالاكوانانی ئافرەتو پیاو دەست پێكردووە، كە داكۆكی لە مافەكانی مرۆڤ دەكەن.
خاشقچی لە مانگی ئەیلولی ڕابردو لەسەر بارودۆخی رۆیشتنی بۆ دەرەوەی وڵات لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی نووسیو وتی:" وازم لە ماڵو خێزانو كارەكەم هێنا، من ئێستا دەنگم بەرز دەكەمەوە، چونكە بێدەنگی شەرمەزارییە، من ئێستا ئەتوانم قسە لەسەر زۆر شت بكەم كە كەسانی تر ناتوانن قسەی لەسەر بكەن".
خاشقچی بەشی ڕۆژنامەوانی لە زانكۆی ئیندیانای ئەمریكی خوێندووەو دواتر دەستی كردووە بە كاری پەیامنێری ڕۆژنامەوانی، دوای ئەوەی لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردودا سەركەوتنی لە كاری ڕوماڵی ڕژنامەوانی لە وڵاتانی (ئەفغانستانو جەزائیرو كوێتو ڕژهەڵاتی ناوەراست) بەدەست هێنا، ناو و ناوبانگێكی گەورەی بەدەست هێنا.
خاشقچی یەكێكبوو لەو كەسانەی كەوا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەردا تویتێكی وەكو پاڵپشتیو بەرگری بۆ (یوسف قەرزاویو ئیخوان) نوسیو جەدەلێكی گەورەو توندی لە ناوخۆ و دەرەوەی سعودیە دروستكرد، چونكە لەلای بەحرەینو میسرو ئیماراتو سعودیەوە (ئیخوان و د. یوسف قەرزاوی) خراونەتە ناو لیستی رەشی تیرۆرەوە.
خاشقچی لە كۆتایی نەوەتەكان پۆستی سەرنوسەری ڕۆژنامەی (ئاراب نیوز)ی وەرگرتووەو بۆماوەی چوار ساڵ بەردەوام بووە.
لە ساڵی 2004دا بوو بە سەرنوسەری ڕۆژنامەی (وەتەن)، بەڵام بەبئ ئەوەی هیچ ڕوونكردنەوەیەك بدات، دوای ماوەیەك لە دەست بەكاربوونی لە پۆستەكە كشایەوە.
وە لە هەمان ساڵدا وەكو ڕاوێژكاری ڕاگەیاندنی (توركی فەیسەڵ) دەست بەكار بوو، بۆ ماوەەی چەند ساڵێك كاری كرد، توركی فەیسەڵ لە (1977-2001) بەڕێوەبەری هەواڵگری سعودیە بوو، دواتر پۆستی گرنگی لە بواری دیبلۆماسیدا وەرگرتووەو پۆستی باڵوێزی سعودیەی لە بەریتانیا وەرگرتووەو دواتر باڵوێزی سعودیە بووە لە ئەمریكا.
لە ساڵی 2005دا بوو بە بەرێوەبەری گشتی كەناڵی ئاسمانی (عەرەبی) كە كەناڵێكی هەواڵییەو بارەگاكەی لە مەنامەی بەحرەین بوو، "وەلید بن تەلال" خاوەنی بوو، دواتر كەناڵەكە داخرا، بەڵام لەوكاتەدا حكومەتی بەحرەینی هۆكاری داخستنی كەناڵەكەی ڕوون نەكردەوە.
خاشقچی وەكو لێكۆڵەری سیاسی كاری لە كەناڵەكانی بەحرەینو سعودیە كردووە، وە ساڵی 2017 كۆتایی بە نووسین لە ڕۆژنامەی (حەیات)ی لەندەنی هێنا، دوای ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ خالد سوڵتان تێكچوو لەسەر ڕاگرتنی بابەتو نووسینەكانی لە ڕۆژنامەكەدا، چونكە سعودیە بابەتەكانی بە سوكایەتیو سنور بەزاندنو دژایەتی سعودیە ئەزانی.
خاشقچی و تاراوگە
خاشقچی پێش ئەوەی لە قنسوڵیەی سعودیە لە وڵاتی توركیا بڕفێندرێت لە تاراوگەو لە وڵاتی ئەمریكا دەژیا، ڕۆژنامەنووس "جاسۆن ڕەزائیان" لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست باس لە بارودۆخی سعودیە دەكاتو دەڵێت: "لەگەڵ هەموو چاكسازییەكان شەپۆلێكی گەورەی گرتن لەلایەن دەستەڵاتدارانەوە دەستی پێكردووە".
هەروەها وتیشی:" لەگەڵ هەموو ئەمانە، جەمال خاشقچی بە هەموو خوێنەرانی واشنتۆن پۆستی وت كە كەسێكی بە ئارامو لەسەرخۆیەو لەهەمان كاتدا رەخنەگرێكی توندیشە لەسەر خراپ تێگەیشتنی وڵاتەكەی".
گرنگترین دانراوەكانی
خاشقچی چەندین دانراوی هەیە گرنگترینیان بریتین لە"پەیوەندیە گوماناویەكانی سعودیەی دوای یانزەی سەپتەمبەر" و "بەهاری عەرەبی، سەردەمی ئیخوان موسلمین" و "داگیركردنی بازاری سعودی".
جەمال خاشقچی زۆربەیجار وا خۆی دەردەخست كە پسپۆری بارودۆخی ناوخۆی سعودیە، تەنانەت ڕۆیشتنی بۆ ئەمریكا لە ساڵی 2017دا بەهۆی توندی دژایەتی كردنی بۆچوونەكانی بووە كە پێچەوانەی بۆچونەكانی وەلی عەهدی سعودە بوو.