فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی عێراق:      لەبەر هەڵەبجە، یاسای بودجەی 2019ی عێراق رەتدەكەینەوە

"بە عەبادیم گووت: هەڵەبجە نەبوایە تۆ نەتدەتوانی لەسەر كورسی حوكم دانیشیت"

فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی عێراق: لەبەر هەڵەبجە، یاسای بودجەی 2019ی عێراق رەتدەكەینەوە

608 خوێندراوەتەوە

 
بەهۆی ناو نەهێنانی هەڵەبجەی شەهید وەك پارێزگا، فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا، رەشنووسی یاسای بودجەی 2019ی عێراق، رەتدەكاتەوەو سەرۆكی فراكسیۆنەكەش رایدەگەیەنێت: " ئەم هەڵەیە چەندین جار حكومەتی بەغدا دووبارەی دەكاتەوە كە زوڵمكردنە لە خەڵكی هەڵەبجە".

 

د.موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە راگەیەندراوەكەیان و هۆكاری رەتكردنەوەی رەشنووسی یاسای بودجەی 2019 بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین دەدوێت.

 

د.موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق

 

،،

 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەموو جارێك بیانووی ئەوە دەهێننەوە، كە دەبێت لە ئەنجوومەنی نوێنەران یاسایەكی تایبەت دەربچێت سەبارەت بە دیاریكردنی بودجەی هەڵەبجە وەك پارێزگا.

 

 

موسەنا ئەمین دەڵێت:" ئەوە چەندین جارە بەغدا ئەم هەڵەیە بەرامبەر هەڵەبجە دووبارە دەكاتەوە و وەك پارێزگایەكی فعلی ناوی ناهێنێت، بۆیە ئێمەش دژی ئەمە وەستاینەوە و رەدی دەكەینەوە".

 
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو سەرسورمانی خۆی دەردەبرێت لەوەی پێی سەیرە لە هەندێ كات و شوێن بەغدا وەك پارێزگای تەواو مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە دەكات بەڵام نازانن بۆچی لە بودجەی هەموو ساڵێ ئەم ناهەقییە بەرامبەر خەڵكی هەڵەبجە دەكرێت.

 
بۆیە دەشڵێت: " ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەموو جارێك بیانووی ئەوە دەهێننەوە، كە دەبێت لە ئەنجوومەنی نوێنەران یاسایەكی تایبەت دەربچێت سەبارەت بە دیاریكردنی بودجەی هەڵەبجە وەك پارێزگا".

 
بەڵام موسەنا ئەمین دژی ئەمە دەوەستێتەوەو پێی وایە ئەوە بیانوویەكی زۆر لاوازە چونكە بەپێی دەستوور ئەو مافە دراوە بە هەڵەبجە و هیچ پێویست بە یاسا ناكات.

 

،،

 جارێكیان بە عەبادیم گوت، هەڵەبجە نەبوایە تۆ نەتدەتوانی لەسەر كورسی حوكم دانیشت و ئێمەش بێینە پەرلەمانی بەغدا، چونكە بەهۆی هەڵەبجەوە بوو رژێمی پێشوو روخا.

 

 
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو ئەوەش ناشارێـتەوە كە چەندین جار رووبەروو بە عەبادی و ئەندامی ئەنجوومەنی گوتووە كە دەبێت مافی هەڵەبجە بدەن و وەك پارێزگای فعلی مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و بودجەی بۆ سەرف بكەن.

 
" جارێكیان بە عەبادیم گوت، هەڵەبجە نەبوایە تۆ نەتدەتوانی لەسەر كورسی حوكم دانیشت و ئێمەش بێینە پەرلەمانی بەغدا، چونكە بەهۆی هەڵەبجەوە بوو رژێمی پێشوو روخا". موسەنا ئەمین وایگووت.

 
لەكۆتایدا موسەنا ئەمین دەڵێت سەرەرای وردە تێبینی دیكە لەسەر رەشنووسەكە كە هەندێ فراكسیۆنی دیكەش هەیانە، بەڵام ئێمە وەك فراكسیۆنی یەكگرتوو بابەتی هەڵەبجە زۆرتر نیگەرانی كردین و بەهۆی ئەمەشەوە بوو لەرێگەی راگەیەندراوێكەوە پرۆژەكەمان رەد كردەوە.

 

 
دەقی راگەیەنراوەكە:

بەهۆی ناونەهێنانی هەڵەبجە وەكو پارێزگایەك، ڕەشنووسی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق ڕەتدەكەینەوە،
لەكاتێكدا كە حكومەتی عێراق ڕەشنووسی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی ئامادە كردووە، ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە بۆجارێكی دیكە حكومەتی عێراقی ئامادەنەبووە وەكو پارێزگایەك مامەڵە لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجەدا بكات. ئەم مامەڵەیەی حكومەتی عێراق و پشتگوێخستنی پارێزگای هەڵەبجە ڕەتدەكەینەوە. ساڵی ڕابردوو لەكاتێكدا حاڵەتێكی لەمشێوەیە ڕوویدایەوە، ڕووبەڕوو لەناو كۆبوونەوەیەكدا بە بەڕێز حەیدەر عبادی سەرۆكوەزیرانی عێراقم وت: تۆ بە چ حەقێك وەكو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا ناكەیت؟ لەكاتێكدا بە حەقی دەستوور هەڵەبجە پارێزگایە.
هەربۆیەشە ئێمە ئەم ڕەشنووسەی بودجەی ٢٠١٩ ڕەتدەكەینەوە، و كاردەكەین لەپێناو جێگیركردنی ئیستیحقاق و مافە داراییەكانی هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە، و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازی.

 

دكتۆر موسەننا ئەمین
فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان