سێ حیزبه‌ ئیسلامییه‌كه‌ چی ده‌كه‌ن؟

ده‌بنه‌ ئۆپۆزیسیۆن یان به‌شداری حكومه‌ت ده‌كه‌ن؟

سێ حیزبه‌ ئیسلامییه‌كه‌ چی ده‌كه‌ن؟

469 خوێندراوەتەوە

ڕاپۆرتی، ئایارعلی

هه‌رچه‌نده‌ هێشتا ئه‌نجامی فه‌رمی هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌، سه‌رباری تۆمه‌تباركردنی دوو هێزه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌ ساخته‌كاری، پرسی به‌شداریكردن له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تدا هاتۆته‌ گۆڕێ‌و پێده‌چێت هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی‌و یه‌كێتی‌و هێزه‌ ئیسلامییه‌كان ببن به‌ ئۆپۆزیسیۆن.

 


ئه‌گه‌ره‌كان له‌به‌رده‌م یه‌كگرتوودا كراوه‌یه‌

شێرۆكۆ جه‌وده‌ت ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌موو ئه‌گه‌رێك له‌به‌رده‌م یه‌كگرتوودا كراوه‌یه‌، به‌ بایكۆتكردنی په‌رله‌مان‌و حكومه‌تیشه‌وه‌.

یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان كه‌ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ژێرناوی "لیستی به‌ره‌و ئیصلاح " به‌شداری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیان كردو 5 كورسیان به‌ده‌ستهێناوه‌و تا ئاستێكی زۆر ده‌نگه‌كانی پاشه‌كشه‌ی كردووه‌.

د. شێركۆ جه‌وده‌ت، ئه‌ندامی خولی چوراه‌می په‌رله‌مان‌و یه‌كێك له‌ كانیده‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی یه‌كگرتوو بۆ خولی پێنجه‌م، به‌ "دیبلۆماتیك مه‌گه‌زین"ی ڕاگه‌یاند " یه‌كگرتوو به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌م ئه‌نجامانه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌و له‌ كۆمیسیۆن (1050)سكاڵا تۆماركراوه‌، گه‌ر یه‌كلای بكرێته‌وه‌ گۆڕانكاری له‌ ئه‌نجامه‌كاندا ڕووده‌دات‌و ئه‌و كات قسه‌ی ترمان ده‌بێت".


یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌خوولی پێشووی په‌رله‌ماندا خاوه‌نی 10كورسی بوو، به‌ڵام به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان نزیكه‌ی 6كورسی له‌ده‌ست داوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ بایكۆتكردنی په‌رله‌مان شێركۆ جه‌وده‌ت وتی" به‌پێی په‌یڕه‌وی ناو خۆی یه‌كگرتوو ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ ناوخۆی یه‌كگرتوو ده‌خه‌ینه‌ راپرسییه‌وه‌و یه‌كلای ده‌كه‌ینه‌وه‌، وه‌ هه‌موو ئه‌گه‌رێك له‌به‌رده‌م یه‌كگرتوودا كراوه‌یه‌، به‌ بایكۆتكردنی په‌رله‌مان‌و حكومه‌تیشه‌وه‌".


شێركۆ جه‌وده‌ت، ئاماژه‌یشی به‌وه‌دا كه‌ ره‌نگه‌ ڕووبدات كۆبوونه‌وه‌ی چه‌ند قۆڵی له‌ نێوان هێزه‌ ناڕازییه‌كاندا بكرێت‌و چوونیشیان بۆ په‌رله‌مان به‌ یه‌ك فراكسیۆنی هاوبه‌ش، ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه‌".

 

شێرۆكۆ جه‌وده‌ت

یه‌كێتی و پارتی به‌ ساخته‌كاری خه‌ڵكیان بێهیوا كرد

"به‌م ساخته‌كاریه‌ی كه‌ ئه‌مجاره‌ كردوویانه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنیان ناشیرین كرد و خه‌ڵكیان بێهیوا كرد "، شوكریه‌ شێخانی ئه‌ندامی خولی پێشووی په‌رله‌مانه له‌ فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ وایووت .


شوكریه‌ به‌ دیبلۆماتیكی وت:" دووهێزی حكومڕان، لافی ئه‌وه‌ لێده‌ده‌ن كه‌ ئه‌وان براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنن، به‌ڵام باش ده‌زانن كه‌ئه‌وه‌ ئه‌نجامه‌ راستییه‌كان نییه‌".

هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌ی ده‌نگه‌كانی كه‌میكردووه‌، به‌ڵام به‌پێی ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردن، كۆمه‌ڵی ئیسلامی خاوه‌نی 7كورسی په‌رله‌مان ده‌بێت‌و به‌وپێیه‌یش گه‌وره‌ترین هێزی ئیسلامی ناو په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بێت.

شوكریه‌ شێخانی


شوكریه‌ شێخانی ده‌رباره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هێزه‌ ناڕازییه‌كان وتی" چه‌ند لایه‌نێك ده‌ست پێشخه‌ریان كردووه‌و ده‌شێت كۆبوونه‌وه‌ی فراوان ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام جارێ هیچ دیار نییه‌".


سه‌باره‌ت به‌ بایكۆتكردنی په‌رله‌مان، یاخود چوونیان به‌ یه‌ك فراكسیۆن له‌گه‌ڵ هێزه‌ نارازیه‌كانی تردا، شێخانی بۆ دیبلۆماتیك وتی:" له‌و باره‌وه‌ كۆمه‌ڵ كۆده‌بێته‌وه‌و بڕیاری خۆی ده‌دات‌و بۆ پێكهێنانی یه‌ك فراكسیۆنیش له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی تردا به‌هه‌مان شێوه‌".

 

به‌شدارینه‌كردن له‌ حكومه‌ت باشترین ڕێگه‌یه‌

ئاری عه‌بدولـله‌تیف سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا، به‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینی راگه‌یاند:" سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌و ئیصلاح سه‌رله‌به‌ری ئه‌نجامه‌كانی ئێستای هه‌ڵبژاردن ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌و ئه‌وه‌ قه‌باره‌ی راسته‌قینه‌ی نه‌ یه‌كگرتو و نه‌ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی نییه‌و له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو له‌ په‌یوه‌ندی جدیداین‌و هه‌ربریارێك بده‌ین پێكه‌وه‌ ده‌بین".

ئاری، به‌شدارینه‌كردن له‌ حكومه‌ت به‌ باشترین بژارده‌ ده‌زانێت‌و به‌ دیبلۆماتیكی وت:" باشترین بژارده‌ له‌ به‌رده‌م (به‌ره‌و ئیصلاح)دا نه‌ چوونه‌ حكومه‌ت‌و بوون به‌ ئۆپۆزسیۆنێكه‌ كه‌ ده‌نگی دلێر بێت به‌رانبه‌ر هه‌موو جۆره‌ نادادی‌و گه‌نده‌ڵییه‌ك"

ئاری عه‌بدولـله‌تیف

ئاری پێیوانییه‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌ نێوان هیچزه‌ ناڕازییه‌كاندا سه‌باره‌ت به‌ بایكۆتی حكومه‌ت بكرێت‌و ده‌ڵێت:" گومان ناكه‌م هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان هێزه‌ ناڕازییه‌كاندا بكرێت، چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌یان بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه‌و سه‌ربه‌ بلۆكێكی ئیقلیمین، ئه‌وه‌له‌ گۆڕان و ئه‌وه‌ له‌ نه‌وه‌ی نوێ كه‌ هێزێكی تازه‌یه‌و كۆمه‌ڵیش بۆچوونی جیاوازی هه‌یه‌، بۆیه‌ نه‌هاته‌ ناو هاوپه‌یمانی هێزه‌ ئیسلامییه‌كان".

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك