ئەڕۆل تەکین کێیە و چی بۆ میت کردووە؟

ئەڕۆل تەکین کێیە و چی بۆ میت کردووە؟

10918 خوێندراوەتەوە

ڕۆژی سێشەممە ۱٦ـی ئۆکتۆبەری ۲۰۱٨ لەتەلەفزیۆنی فەرمی گەریلا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە، تیایدا دەردەکەوێت کەسێک بەناوی "ئەڕۆل تەکین Erol Tékín" دان بەوەدا دەنێت کەچۆن پەیوەندی گرتووە لەگەڵ میتMIT ی تورکیا وهاوکاری دەوڵەتی تورکیای کردووە ودەستی هەبووە لەشەهیدکردنی هەشت گەریلاو دوو هاوڵاتی تری ناوچەکە کەیەکێکیان خەڵکی گوندی بەرمیزەیە وئەوەی تریشیان خەڵکی گوندی هەلانیایە.

 
ناوچەی برادۆست لەبەر ئەوەی پێگەیەکی جوگرافیای گرنگی هەیە وبەسێگۆشەی( عێراق ـ ایران ـ تورکیا) ناودەبرێت لەناوچەی کێلەشین، لەو ماوەیەشدا ڕژێمی تورکیا چەند ناوچەیەکی سنوری ناوچەی برادۆست (ناحیەی سیدەکان) دەبەزێنێت ئەوانیش هەریەک لەگوندەکانی(بناوانۆک، بەرمیزە، چیای گەلی ڕەش، گوندی هێشم یا ئیشەم، ڕەشەماڵ، کانیە ڕەش) بەردەوام لەڕێی فڕۆکەی جەنگی وسەربازیشەوە بۆردومانی هەریەک لە چیاکانی(کتکین، چیای ڕەش، ئاودەل کیوی ، گەلی ڕەش) ـی دەکرد، لەکۆتاییدا کارگەیشتە ئەوەی لە ئەنجامی بۆردومانەکان ڕۆژی ٥ـی ئایار هاوڵاتیانی ناوچەکە کە پێکهاتبوو لە ٦ گوند شوێن وماڵ وحاڵی خۆیان چۆڵکرد زەرەو قەزای سۆران، ئەو گوندانەش پێکدێت لە: (سیدا ، لیلكان، دایلا ، بنسەنان، خەلیفان، نەیا)

سەرەتای پێشڕەوی سوپای تورکیاش بەدرێژایی زیاتر لە ۱٥کم بۆنێو خاکی باشوری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ۱۱ـی مانگی نیسانی ئەمساڵ کاتێک ڕۆژی پێشتر سەرۆک کۆماری تورکیا بەبۆنەی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەوە لە ئەستەمبوڵ وتارێکی پێشکەشکرد وتیایدا ڕایگەیاند تورکیا پۆپەراسیۆنێکی زەمینی و وشکانی ئەنجام دەدات بۆسەر قەندیل کەماوەی نەوەد ڕۆژ دەخایەنێت بەئامانجی کۆتایی هێنان بەپارتی کرێکارانی کوردستان، ئەوەبوو بۆ ڕۆژی دواتر جوڵەو پێشڕەویەکانی سوپای تورکیا لەوناوچانەی سنوری ناوچەی برادۆست دەستی پێکرد، بۆڕۆژی پێنج شەممە بەرواری ۳۱ـی ئایار سوپای تورکیا بەتەواوی داخلی ناوچەی برادۆست ناحیەی سیدەکان دەبێت بۆ ناو "گوندی بەرمیزە"


لەلایەن هەندێ بەرپرسانی سوپای بارزانیشەوە پێشوازیان لێکرا، یەکێک لەو فەرماندە سەربازیەی سوپای بارزان کە هەڵسا بە پێشوازی کردن لەسوپای تورکیا ناوی (شەریف) بووە، هەروەها لەلایەکی تریشەوە (ئەڕشەد شێخ حسین لۆلانی) یەکێکی تربوو کەپێشوازی لێکردن و جگەلەوەش یەکێک بوو لەبەربژێرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان.

پێکهاتەی سوپای تورکیا بۆگوندی بەرمیز پێکهاتبوو لە(شەش باجەر، زیلێکی عەسکەری)، ئیتر دوای ئەوە لەچەند ناوچەیەک سوپای تورکیا دەستی کرد بەئامادەکردنی قەرەقول ودروستکردنی بینای سەربازی.

دوو ڕۆژ بەرلەئێستا ڕاگەیاندنی پەکەکەی تایبەت بەچاڵاکیەکان گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە دەردەکەوێت کەکەسێک بەناوی ئەڕۆڵ تەکین تەواوی ئەو پەیوەندیانەی لەگەڵ پیاوانی دەوڵەت ومیت بەستونی ودەیگێڕێتەوە، بەشی یەکەمی ڤیدیۆکە پێکدێت لە۲۳خولەک و٥٤ چرکە، لە سەرەتای ڤیدیۆکە خۆی دەناسێنێت وباس لەو پەیوەندیانە دەکات کەسەرەتا لەگەڵ هەڤاڵان پەیدای کردوە، دواتر پەیوەندی دەکات بە میتی تورکیاوە وڕایدەسپێرن بەدانەوەی GPS بۆئەو پێڵاوانەی بۆهەڤاڵان دەیبات، هەروەها بردنی ژمارەی مۆبایلەکانی هەڤاڵان بەتایبەت هەڤاڵ هەمزە بۆ دەوڵەتی تورکیا، باس لەجوڵەکانی دەکات لەهەریەک لەگوندەکانی بەرمیزە وهێشەم وهەلانیا هەیبووە لەگەڵ میت، هەروەها باس لەوەدەکات کە تائەودیو سنور ڕۆیشتوە بۆسنوری ئێران وحاجی ئۆمەران وهەندێک لەپەیوەندیەکانیشی لەقەزای سۆران جێبەجێکردووە.

بەرواری ۱۳ـی ۱۱ـی ۲۰۱۷ لەپشتی گوندی بەرمیزە سەردانی هەڤاڵان دەکات ودەگەڕێتەوە لەڕێی GPSی هێڵی پەیوەندی TURKCEL ەوە دوای ئەو فڕۆکەی جەنگی هەشت گەریلا دەپێکێت ولەناویشیان هەڤاڵ هەمزەەو هاوڵاتیەکی گوندی بەرمیزە خوێنکاری ئامادەییش بوو بەناوی "امداد عوسمان" شەهید دەبن، هەروەها بەرواری ۳۰ـی حوزەیرانی ۲۰۱٨ لەڕێی GPS وە جارێکی لەهەلانیا کچێکی چکۆلەی پانزەساڵان بەناوی "دونیا ڕەشید" لەئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەی جەنگیەوە دوای گەیاندنی بەنەخۆشخانە شەهید دەبێت، ئیتر هەڤاڵان دوای لێکۆڵینەوەیەک لەئەنجامی هەندێ گومانەوە بۆیان دەردەکەوێت کە ئەڕۆل تەکین پەیوەندی بەمیت ودەزگاکانی دەوڵەتەوە هەیە.

لەمانگی ئاب دەسگیری دەکەن بەڵام دوای هەشت ڕۆژ لێکۆڵینەوە هەموو زانیاری وپەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ میت ئاشکرا دەکات، لەگەڵ ئەوەشا خۆی هەندێ لەسیخوڕەکانی بەباجەری سەربازی تورک گواستۆتەوە، خۆی یەکێک بووە لەباوەڕپێکراوەکانی دەوڵەت تەنانەت ئیقامەی دەوڵەتی تورکیای بەئاسانی دەرهێناوە بۆهاوڕێکانی خۆی، لەدوای بەجێهێنانی هەر عەمەلیەیەک میت پەیوەندی پێوەکردووە وپاداشتی کردووە ودەستخۆشیان لێکردووە، لەتۆمارە ڤیدیۆییەکە ناوی هەندێ کەسی تر دێنێت کەئەوانیش هاوکاری بوون لەگەڵ دەوڵەتی تورک، بەپێویستی نازانم ناوەکانی لێرە بهێنم، لەئێستاشدا هەندێک لەوخزمانەی ئەڕۆڵ کەلەڤیدیۆکە ناویان دێنێت ڕایانکردووە بۆقەزای سۆران.

هەندێ لەزانیاریەکان باس لەوە دەکەن ۲۷ـی مانگی ڕابردوو بەسزای سەربازی خۆیان کوشتویانە، بەپێی چەند زانیاریەکیش باس لەوەدەکرێت هەندێکیش لەوخزمانەی لەڕێی پەیوەندی عەشایەری دەسەڵاتی کەریم خانی بردۆستەوە داوایان لەپەکەکە کردوە جەنازەکەیان بۆبگێڕێتەوە بەڵام پەکەکە تا ئێستا وەڵامی سەلامی کریم خانیان نەداوەتەوە، بەڵام تا ئێستا ڕاستی ئەو زانیاریانە پشت ڕاست نەکراوەتەوە کەباس لەوەرگرتنەوەی تەرمەکە کرابێت.

بەڵام وەک لەگرتە ڤیدیۆکە دەردەکەوێت باس لەهەندێ زانیاری گرنگ دەکات وچەند بەشێکی تر لەو دانپیانانە ماوە.