تراژیدیای شکستی ڕیفراندۆم

ڕیفراندۆم بۆچی گەشت بە ۱٦ی ئۆکتۆبەر

تراژیدیای شکستی ڕیفراندۆم

738 خوێندراوەتەوە

لەشکر قادر ڕەسوڵ

دەوڵەت گرنگترین‌و باڵاترین ڕێکخراوی سیاسییە لە کۆمەڵگەدا، سەروەرییەکانی لە سەروی هەموو سەروەری ڕێکخراوەکانی دیکەوەیە، بەهۆی ئەوەی گرەنتی بەدیهێنانی بەرژەوەیەندییە گشتییەکانی دەوڵەت‌و گەل دەکات.

 
سەرەڕای ئەمە کاردەکات بۆ بەدیهێنانی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و تەندروستی و ئابووری و ڕۆشنبیری‌و پەروەردەییه‌كان، هەروەھا ئەرکی ڕێکخستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە لە ئەستۆدەگرێت، ئاسایش و ئارامی ناوخۆ دەپارێزێت. کاردەکات بۆ بەدیهێنانی ئەرک و مافەکانی هاوڵاتیان لەسەرجەم بوارەکان بەشێوازێکی سیستەماتیک.

بەدرێژای مێژوو، کۆمەڵگەی کوردی بەدیاریکراوی لەدوای شکستی کۆماری مەھاباد چەندان گروپی سیاسی‌و بزوتنەوە ناسیۆنالیستی باشوور لەھەوڵی بونیادنانی دەوڵەتی کوردیدابوون. ساڵی پار لەو قۆناغە دژوارەی کەڕۆژھەڵاتی ناڤین و ناوچەکە پێیدا تێپەڕدەبوو بەھۆی ھاتنی گروپی تیرۆرستی داعش‌و ناسەقامگیری ئاسایشی سیاسی و ئابووری ناوچەکە بەشێک لە پارتە سیاسییەکان بە بڕیارێکی سیاسی لەغیابی یاسادا بڕیاری ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەدەن.
لە کۆبوونەوەیەک لە پیرمام لەنێوان بارزانی و بەشک لەنوخبەی سیاسی بڕیاردرا لە (٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧) پرسی سەربەخۆی کوردستان بخرێتە ڕیفراندۆمەوە.

،،

ەدرێژای مێژوو، کۆمەڵگەی کوردی بەدیاریکراوی لەدوای شکستی کۆماری مەھاباد چەندان گروپی سیاسی‌و بزوتنەوە ناسیۆنالیستی باشوور لەھەوڵی بونیادنانی دەوڵەتی کوردیدابوون

لەگەڵ ئەوەی ئامانجی باڵای هەر کۆبوونەوەیەکی مرۆیی پێکهینانی سنورێکی جوگرافی و سیاسی و کۆمەڵایەتی‌و ئابووری سەربەخۆییە، تاکو لەوناوەندەدا بەهاو شوناسی هاوڵاتیبوونی پارێزراوبێ. بەڵام ئەم پرسە لای بەشێک لە وڵاتانی جیھان و هاوڵاتیانی کۆمەڵگەی کوردی کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا. بەدیاریکراوی جوڵانەوەیەکی مەدەنی لەچین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردی سەر ڕێگاخرا بۆ دروستکردنی کەمپینێک لەژێر ناوی ”نەخێر بۆ ڕیفراندۆم لە ئێستادا”. لەم نیگایەوە کۆمەڵێک ڕەهەندی گرنگی ئەم پرسەو ئاریشەکانی بەردەم پڕۆسەی ڕیفراندۆم لەچەند خاڵێکدا بەکورتی دەخەینەڕوو، تیایدا وڵامی ئەو پرسیارە دەدەینەوە (بۆچی ڕیفراندۆم شکستی ھێنا؟):

یەکەم: بەدرێژایی مێژوو لەناو زانستی سیاسیدا گەلێک تیۆرو ئەندێشەی سیاسی جۆراوجۆر سەریان هەڵداوە و بەگوێرەی زەمەن و کۆمەڵگە جیاوازەکان دەوریان بینیوە. لەم نێوەندەدا لەناو زانست و فەلسەفەی سیاسی چەند بیردۆزێک هەیە بۆ دروستبونی دەوڵەت لەوانە ( تیۆری فەلسەفەی ئەخلاق، تیۆری پەیمانی کۆمەڵایەتی، تیۆری ئاینی، تیۆری مێژوویی، تیۆری مارکس، تیۆری هێز). بڕیاری ڕیفراندۆم بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی ھیچ بنەمایەکی تیۆریزەکراو و پاڵپشتی و ڕەھەندی ئەکادیمی و زانستی سیاسی و فەلسەفەی سیاسی لەپشتەوە نەبوو. ئەمە یەکێک بوو لە خاڵە لاوازەکانی پڕۆسەکە و کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر ئەم پرسە ھەبوو.

دووەم: ڕاگەیاندنی دەوڵەت پێویستی بە زەمینەسازی و خوێندنەوەکی قوڵی مەعریفی و ئەکادیمی و سیاسی و جوگرافی گرنگ ھەیە، پێویستی بە چەندان دێبەیت و توێژینەوەی زانستی، کۆڕو سیمینار و ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئابوری و جوگرافیای سیاسی ھەیە. پێویستی بە شیکارکردنی ڕەھەندەکانی فەلسەفەی سیاسی و چەمکی دەوڵەت ھەیە، دەبێ کایەکان بە عەقڵانی بکرێن.


ئەم پڕۆسەیە پێویستی بەوە نەبوو لە دیوەخانی حیزبدا لەلایەن نوخبەیەکی سیاسی نەخوێندەوار بڕیاری لەسەر بدرێ، بەڵکو پێویست بوو ڕۆحێکی یاسایی بەبەردا بکرێ لەلایەن دەسەڵاتی یاسایەوە بڕیاری ئەنجامدانی پرۆسەکە بدرێ.

،،

ئەم پڕۆسەیە پێویستی بەوە نەبوو لە دیوەخانی حیزبدا لەلایەن نوخبەیەکی سیاسی نەخوێندەوار بڕیاری لەسەر بدرێ، بەڵکو پێویست بوو ڕۆحێکی یاسایی بەبەردا بکرێ لەلایەن دەسەڵاتی یاسایەوە بڕیاری ئەنجامدانی پرۆسەکە بدرێ

سێیەم: نەبوونی پلان لە سێکتەرەکانی ئابوری و سیاسی، نەبوونی کۆدەنگی نیشتیمانی لە نێوان پارتە سیاسیەکان و ھاوڵاتیان، بونی قەیران و چەندین کێشەی سیاسی و یاسای و کۆمەڵایەتی و ئابووری لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا. پچرانی پەیوەندی و متمانە لەنێوان ھاوڵاتایان و دەسەڵات. داخستنی پەرلەمان و شکستی سیستەم و نادادی یاسایی و کۆمەڵایەتی. ھەموو ئەمانە کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر پڕۆسەکە ھەبوو.

چوارەم: بەبڕوای ماکس ڤیبەر دەوڵەت بریتییە لە "ڕێکخستنی سیستەمی کۆمەڵایەتی لەلایەن کەسانی لێهاتوو بۆ بەدیهێنانی پێداویستیە کۆمەڵایەتییەکان". سیستەمی کۆمەڵایەتی پێکدێت لە سیستەمی "سیاسی، ئابووری، کولتووری، ئاینی".


لەم نیگایەوە پێویستە سیستەمی کۆمەڵایەتی لەلایەن کەسی پسپۆڕو لێهاتوو بەڕێوە ببرێن. لێرەوە دەوڵەت هەوڵ و چالاکیەکانی تاکەکان ئاراستە دەکات و بەرەو هێنانەدی ئامانجە تایبەتی و گشتیەکانی کۆمەڵگەیان دەبات، مەرجە ئەو هاوبەندیە لەبوونی سۆز و بیروباوەڕو بەرژەوەندیە هاوبەشەکانەوە سەرچاوەی گرتبێت.
بەڵام ئەندامانی بەشداربووی پڕۆسەی ڕیفراندۆم ھەڵگری پێوەری لێهاتوویی شارەزایی‌و تیۆری و مەعریفیی نەبوون، ھەڵگری ئەو پرۆژە و ئامانجە باڵایە نەبوون کە کۆی ڕەھەندەکانی پرسەکە بەشێوەیەکی واقیعبینانە بخوێنێتەوە، ئەوانەی بەشداری ئەم پرۆسەیە بوون ئەندامی پارتە سیاسیەکان بوون، بنەماو پێوەری پسپۆری سیاسی و ئیداری و ئەکادیمیان تێدا نەبوو.

پێنجەم: پایەکانی دەوڵەت بریتین لە: "١.بوونی سنوری جوگرافی دیاریکراو ٢.جوگرافیای دانیشتوان(دیمۆگرافیا) ٣.حکومەت ٤.سەروەری ٥.دانپیادانانی نێودەوڵەتی"
ئەگەر ئەم پایانە بکەینە پێوەر بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەبینین کۆمەڵێک کێشەی بنچینەیی بەدی دەکرێت. بۆنموونە، تاکو ئێستا سنورێکی جوگرافی دیاریکراومان نییە کە چوارچێوەی ڕسمی دەوڵەتی کوردی دیاری بکات. یەکێک لەپایە سەرەکیەکانی حکومەت کە "دەسەڵاتی یاسادانان"ە ئەوکات بەبڕیارێکی شەخسی و حیزبی داخرابوو. خاوەنی سەروەری نەبووین لەئاستی ناوخۆو دەرەکیدا، خاوەنی ھیچ دانپێدانانێکی نێودەوڵەتی نەبووین لەلایەن ھیچ وڵاتێکی دەوروبەرو جیھانیدا، لەیەکەم کاردانەوە ئەمریکا و عێراق و تورکیا دژایەتی خۆیان بۆئەم پرسە ڕاگەیاند.

شەشەم: نوخبەی سیاسی و پارتە سیاسییەکان پێش ئەوەی داوای دەوڵەت بکەن، پێویست بوو پاکسازیەکی کۆمەڵایەتی و خێڵایەتی ئەنجام بدەین، پێویست بوو سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆی کایەکان بەسیستەماتیک بکرێ. بەڵام ئەو نوخبە سیاسیەی داوای دەوڵەتیان دەکرد ئامانجیان پتەوکردنی بنکەی خێڵ و بەرفراوانکردنی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان بوو. لەبەرئەوە ئەم پڕۆسەیە زیاتر لە یاریەکی سیاسی ساختە دەچوو.

دواقسە:
نەبوونی خوێندنەوەیەکی قوڵ بۆ واقیع، نەبوونی پاڵپشتی مەعریفی و تیۆری و زانستی، نەبوونی توێژینەوە و دیبەیت وگفتوگۆ و شیکارکردنی ڕەھەندەکانی فەلسەفەی سیاسی بۆ ئەم پرسە. غیابی یاسایی لە بڕیارەکەدا، بوونی چەندان کێشەی ناوخۆیی لەڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی. نەبوونی دانپێدانانی نێودەوڵەتی. ئاڵۆزی بارودۆخێکی ڕۆژھەڵاتی ناڤین... ھەموو ئەمانەو چەندان ھۆکاری دیکە وایکرد ڕیفراندۆم بۆ دەوڵەتی کوردی زیاتر لەوەھم و یاریەکی سیاسی بچێت، ئەم پڕۆسە لە دەرئەنجامدا نەک دەوڵەتی کوردی بەدوای خۆیدا نەھێنا، بەڵکو بووە ھۆی ناسامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕوودانی ١٦ی ئۆکتۆبەر.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك